ڕۆژی جیهانی سەلامەتی خۆراك و ئاڵەنگارییەكان لە كوردستاندا

د. بڕوا خالید شاکر
  2021-06-07     1002

د.بڕوا خالید شاکر/ پسپۆڕ لە زانستی خۆراك

ساڵانە لە جیهاندا  7ی حوزەیران دانراوە بەڕۆژی جیهانی سەلامەتی خۆراك و هەر ساڵێك دروشمێك دەبێتە ئەجندای كارو كارنامەكانی ڕێكخراوەكانی هەڵدەستن بەم یادە بەتایبەت ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHOو  ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی جیهانی ناسراو بە FAO . دروشمی ئەمساڵیان بریتیە لە (خۆراكی سەلامەت لەمڕۆدا زامنی داهاتویەكی تەندروستە)، هاوكات لەگەڵ ئەم دروشمەدا بە دەستەواژەیەكی تر هەموان بەئاگا دێننەوە كە دەوترێت (سەلامەتی خۆراك كاری هەمومانە). گرنگی و پەیامی ئەم ڕۆژو یادە بریتییە لە ڕاكێشانی سەرنج و كاركردن بۆ نەهێشتن و ئاشكراكردن و چارەسەركردنی ئەو مەترسیانەی دەكەوێتە سەر خۆراك  یان ئەگەری گواستنەوەی هەیە لەڕێگەی خۆراكەوە كە ئەم مەترسیەش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە تەندروستی مرۆڤ و ئاسایشی خۆراك و ئابوری و سێكتەری كشتوكاڵ و بازاڕی كار و تەنانەت كەرتی گەشتیاریشەوە. لە وێنە گەورەكەشدا ئەوەمان بۆ ئاشكرادەكات كە سەلامەتی مرۆڤەكان و ئاژەڵەكان و ژینگە پێكەوەبەستراون و هەر ڕوداوێكی نەخوازراو لە هەر یەكێكیاندا ڕوبدات كاریگەری هەیە بۆ هەمو جیهان. لەڕوی پراگماتیكیەوە بۆ ئەمساڵی ڕۆژی  جیهانی سەلامەتی خۆراك پێنج بانگەوازی گرنگی لە خۆگرتوە بۆ پێنج  لایەنی جیاواز لەسەر ئاستی سەرجەم وڵاتانی جیهان تا چۆن سەلامەتی خۆراك بپارێزرێت  كە بەكورتی بریتین لەمانە:

1-بانگەواز بۆ حكومەت: پێویستە خۆراكی سەلامەت و بەها بەرز دابین بكات بۆ هەموان.

2-بانگەواز بۆ بەرهەمهێنەرانی خۆراك و كشتوكاڵ: پێویستە پراكتیزەو پەیڕەوی باشترین ڕێنمایی و یاساكان بكەن.

3-بانگەواز  بۆ بازرگانەكانی خۆراك: دڵنیا بن كە خۆراكێكی سەلامەتە.

4-بانگەواز بۆ تیمەكانی سەلامەتی خۆراك: با هەمو بە یەكەوە هاوكار بین بۆ دابینكردنی خۆراكی سەلامەت و تەندروستی باش.

5-بانگەواز بۆ بەكارهێنەرەكان: پێویستە بەرچاوڕون بن لە هەڵبژاردنی خۆراكی سەلامەت و تەندروست.

ئەمە كورتەی پەیامی ئەمساڵی ئەم ڕۆژە جیهانییە بو كە لە دەیان ولاًتی پێشكەتو و گەشەسەندو و دامەزراوەیی زۆر بە بایەخەوە سەیر دەكرێت بەتایبەت كە هێشتا تارمایی و ترسی ڤایرۆسی كۆرونا نەڕەویوەتەوەو هەرچەندە سەرەتای سەرهەڵدانەكەشی لە بازاڕێكی خواردنە ئاویەكانەوە سەری هەڵدا لە وۆهانی چین بەڵام لە ڕێگای خواردنەوە نەدەگوازرایەوە. پرسیارێكی لۆجیكیش كە دێتە ئاراوە ئەوەیە باشە لە داهاتودا چۆن گرەنتی ئەوە دەكرێت نەخۆشی كوشندە لە ڕێگەی خواردنەوە نەگوازرێتەوە؟ بەتایبەت كە گۆڕانی كەشوهەواو ناهاوسەنگی ژینگەیی و زۆربونی نەخۆشی ئاژەڵ و پەلەوەر و فێڵی خۆراكی بەرۆكی جیهانی گرتوە.

بنەماكانی سەلامەتی خۆراك:

پێش هەڵسەنگاندنی دۆخی سەلامەتی خۆراك لە كوردستاندا پێویستە لەم نوسینەدا سێ چەمك هەیە بیناسێنین و ڕونی بكەینەوە كە بریتین لە:

1-سەلامەتی خۆراك: واتە ڕونەدانی زیان لە تەندروستی مرۆڤ كاتێك خۆراك دەخوات (خۆ ئەگەر زیانی پێبگات مەرج نییە ڕاستەوخۆ لێی دیاری بات، ڕەنگە دوای چەند ساڵێك كاریگەرییەكەی دەركەوێت وەك چۆن كەسی جگەرەكێش دوای ماوەیەكی دورمەودا كاریگەرییەكانی تیا دەرەكەوێت). لێرەوە پێناسەیەكی وردتر بۆ سەلامەتی خۆراك دێتە ئاراوە كە بریتییە لە پابەندبون بەسەرجەم ئەو پێوەرو پەیڕەو مەرجانەی كە دانراون لەلایەن دەزگاو ناوندە زانستیەكانی تایبەت بە سەلامەتی خۆراك لە كاتی (بەرهەمهێنان و ئامادەكردن و گواستنەوەو دابەشكردن و خواردنی خۆراك) بەمەبەستی دوربون لە پیسبون و ژەهراویبون و دەستكەوتنی خۆراكێكی تەندروست و سەلامەت.

2-مەترسییەكانی سەر خۆراك: مەترسی لەسەر هەر بابەتێك بۆ نمونە (خۆراك) واتە ئەگەری زیان پێگەیاندنمان هەیە لە ڕێگەی ئەو خۆراكەوە كەواتە پێویستە بێین دەستنیشانی مەترسییەكانی  (Hazards) سەر ئەو خۆراكە بكەین  و سەرچاوەكانی و قەبارەی مەترسییەكە دیاری بكەین، بۆ ئەمەش پێویستە قۆناغەكانی بەرهەمهێنانی خۆراك لە (كێڵگەوە بۆ سەر سفرە) جیا بكرێتەوە بەپێی جۆری بەرهەمە خۆراكییەكەو مەترسیەكانیش دیاری بكرێت لە هەر قۆناغێكدا كە بەم شێوەیە دەتوانین پۆلێنی بكەین:

یەكەم/ قۆناغی كشتوكاڵكردن و دروێنەو چنینەوە (سەرچاوە ڕوەكیەكان) یان بەخێوكردن و پەروەردەكردن (سەرچاوە ئاژەڵیسەكان).

دوەم/ قۆناغی گواستنەوەی بەرهەمە سەرەتاییەكە لە كێڵگەوە كە ئەمەش بە دو شێوەیە:

i. یان ڕاستەوخۆ بەكاردەهێنرێت لەلایەن بەكاربەرەوە وەك خواردنی ڕۆژانە (سەوزەو میوە).

ii. یان ناڕاستەخۆ كە پێویستی بە ئامادەكاری و پڕۆسێسكردن (Processing) هەیە، ئەگەر گەنم بە نمونە وەربگرین ئەوا پێویستە بهارڕێت بكرێت بە ئارد پاشان دەتوانرێت بەرهەمەكانی تری لێدروست بكرێت.

سێیەم/ قۆناغی بەرهەمهێنان و ئامادەكردن و تێكەڵكردن و پێچانەوەو سەرجەم ئەو پرۆسانەی كە دەچنە بواری پیشەسازی خۆراك و كارەكانی ناو كارگە خۆراكیەكان كە ئەم قۆناغە گرنگترین و چەقی مەترسیەكانە كە زۆربەی خۆراكەكان پرۆسەی زیادكردنی ماددەی جیاواز یان گۆڕانكاری لە پێكهاتە، یان مامەڵەی گەرمی و درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەیان بۆ دەكرێت یان وشك دەكرێنەوە یان كرداری بەستن (بەسەهۆڵكردن) بۆ دەكرێت یان .... دەیان كرداری تر كە لەم قۆناغەدا دەكرێت.

چوارەم/ قۆناغی گواستنەوەی خۆراك لە كارگەكانەوەو دابەشكردن و هەڵگرتن لە كۆگاكان.

پێنجەم/ قۆناغی بەكارهێنان لە لایەن بەكاربەرەوە.

سەرچاوەكانی مەترسی لەسەر خۆراكەكان:

1-مەترسییە بایلۆجیەكان ( بكتریا – ڤایرۆس – مشەخۆرەكان – كەڕوەكان، جینی گۆڕاو ...)

2-مەترسییە كیمیاییەكان (ماددە قڕكەرەكانی مێروەكان – ماددە كیمیاییە زیادكراوەكان – تیشك پاشماوەی چارەسەرە كشتوكاڵیەكان – هۆڕمۆنات – ئەنتی بایۆتیك)

3-مەترسییە فیزیاییەكان (بونی ئەو شتانەی بە چاو دەبینرێن وەك مێروەكان یان پاشەڕۆكانیان ، پارچە شوشەیەك ، ئاسن  و كانزاكان ،.....)

4-مەترسی ئەو پێكهاتانەی كە هەستیاری( Allergy ) زیاد دەكەن (وەك هەندێك خۆراك یان پێكهاتەكانیان لە بەرهەمێكی تردا)

ئەم پۆلێنكردنانە بەشێوەیەكەی گشتی و ئاسانكراوە تاوەكو هەمو كەس بەئاسانی تێگەیشتنی بۆی هەبێت  چونكە لە ڕووە زانستیەكەیەوە وردەكاری زۆرتر لە خۆدەگرێت.

سەلامەتی خۆراك لە كوردستاندا:
نەبونی ئامار و داتای ڕاست و دروست بۆ هەر سێكتەرێك لە كوردستاندا گەورەترین كێشەی توێژینەوەو توێژەرانە بۆ بوارە جیاجیاكان كە زۆربەی جار بە نزیكی و خەمڵێنراوی دەگەینە ڕاستیەكان ، بۆیە ئەگەر لە ڕوانگەی ئاسایشی خۆراكەوە یان لە ڕوی بەرهەمهێنانی خۆراكەوە سەیری دۆخی هەرێم بكەین دەبینین زۆربەی بەرهەمە خۆراكیەكان هاوردەكراون دەتوانین بە ڕێژەیی و بەنزیكەی بە سەروو  70 % بیخەمڵێنین وە بەرهەمە ناوخۆییەكانیش بە ڕێژەی  30 %  دابنێین جگە لە چەند بەرهەمێكی كەم كە تاڕادەیەك گەیشتوینەتە ئاستی خۆژێنی (بۆ نمونە گەنم )  بەڵام پرسیاری جەوهەری و واقعی ئەوەیە ئایا :      كواڵێتی و سەلامەتی خۆراك لە كوردستاندا بۆ هەردوو جۆرەكە ( هاوردە و بەرهەمی ناوخۆی) چۆنە و لە چ ئاستێكدایە؟  وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان و سادە نیە بەڵام ئەستەمیش نیە ، ئەگەر شیكاریەك بكەین بۆ وەڵامدانەوەی بە پشتبەستن بە چەند فاكتێك با بزانین دەرئەنجام چی دەبینین:

فاكتی یەكەم/ كارەكانی لیژنەكان و دەزگاكانی كواڵێتی كۆنترۆڵ لەناو شارەكان و سەرمەرزەكان دەرخەری ئەو ڕاستیەن كە خۆراكی ناتەندروست و ناسەلامەت وەك بۆمبی چێنراو لە هەمو جێگایەك ئەكرێت هەبێت، بۆ نمونە ئاماری یەك مانگ تەنها لەشاری سلێمانی پیشانی دەدات نزیكەی 45 تەن خۆراكی ناتەندروست و ناسەلامەت دەستی بەسەردا گیراوە، لەكاتێكدا بەشێكی پەیوەندی بە خراپ هەڵگرتنەوەیەو زۆربەی ئەم پشكنینانەش تەنها بەهۆی هەستەوەرەكانەوە كراوە واتە (پشكنینی فیزیایی) بوە ئەی ئەگەر لە داهاتودا پشكنینی كیمیایی و مایكرۆبیش بەشێوەی ڕۆژانە ئەنجامدرا ئاخۆ چی دەبینین؟

فاكتی دوەم/ دەرئەنجامی پشكنینی خوێن بۆ  ڕێژەی ئاسن، گروپەكانی ڤیتامین  B ، ڤیتامین D لە زۆربەی هاوڵاتیاندا (+ منداڵان) لە زۆرینەدا لە ئاستی پێویستدا نیەو هیچ هەڵوەستەیەك نەكراوە لەسەر ئەم خاڵە؟ ئایا تاچەند پەیوەندی هەیە بە كواڵێتی و بەهای ئەو خۆراكانەوە كە ڕۆژانە دەیخۆین؟

فاكتی سێیەم/ بازرگانی و هاوردەكردنی خۆراك لە كوردستاندا لەگەڵ كام وڵاتانە؟ و ئەو كۆمپانیا خۆراكیانە كامانەن و لە چ ئاستێكدان كە بازرگانانی كورد مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن؟ ئایا خاوەنی بڕوانامە نێودەوڵەتیەكانن و براندێكی بەناوبانگی جیهانین؟ ئەو خۆراكەی كە دەینێرن بۆ ئێمە هەمان خۆراك بۆ وڵاتی خۆیان بەرهەمدێنن؟ ئایا مەرجە هەرچی خۆراكێك لە وڵاتێكی ئەوروپیەوە هات ساخڵەم بێت؟

فاكتی چوارەم/ سەرنج و بۆچونی بەكارهێنەر ( Consumer )،  مەرج نییە كەسی بەكاربەری خۆراك خوێندەوار بێت یان خاوەن ڕۆشنبیری خۆراكی بێت بەڵام كاتێك سەرنجێكی هەیە لەسەر كاڵایەكی خۆراكی پێویستە بە هەند وەربگیرێت بۆ نمونە دەڵێت جاران كە شەوان (چا) دەخورایەوە خەومان لێنەدەكەوت بەڵام ئێستا وانییە؟ یان گۆشتی مریشك تامی نییە؟ یان...

فاكتی پێنجەم/ ئەو شوێنانەی خۆراكی تێدا پێشكەش دەكرێت تا چەند پاك و خاوێنی كەسی و گشتی تیا بەرجەستە بوە، خۆراكی لێنراو جیاكراوەتەوە لە لێنەنراو، تاچەند خۆراك ئەمێنێتەوە بۆ ڕۆژی دواتری؟ ئایا ئەو كەسانەی لەو شوێنانە كاردەكەن تا چەند شارەزاییان هەیە لەسەر پیسبون و ژەهراویبونی خۆراك؟ بەهەمان دەست كە خواردن ئامادە دەكات پارە وەردەگرێت و جگەرەش دەكێشێت؟ ئایا هیچ خولێكی بینیوە لەسەر سەلامەتی خۆراك؟ ئەگەر كارگەیەكی خۆراكییە ئایا شارەزایی هەیە لەسەر سیستەمی ( HACCAP)؟ هیچ پسپۆڕێكی زانستی خۆراك تیایدا كاردەكات؟ (وەڵامی ئەم پرسیارانە لە تاقیگەكان و پشكنینەكان و لای كەسانی پسپۆڕ دەست دەكەوێت لەو دەزگاو دامەزراوانەی تایبەتن بە بواری خۆراك)

چی بكرێت بۆ دابینكردنی سەلامەتی خۆراك:

لەسەر ئاستی بەرهەمە ناوخۆییەكان و بەرهەمە هاوردەكان لە وڵاتانی دەرەوەو لە بازاڕەكان پێویستە ڕەچاوی ئەم ڕێنماییانە بكرێت:

1-چاودێری و بەدواداچوون بۆ خۆراك و بەرهەمە كشتوكاڵیەكان لەلایەن حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە كە تایبەتن بەم كارە خۆ ئەگەر تا ئێستا دەزگاو دامەزراوەیەكی تایبەت نیە بۆ ئەم كارە یان هەیەو ئیش ناكات دەكرێت دابمەزرێت و چالاك بكرێت و بە جددی كاری لەسەر بكرێت  وە زیادكردنی ڕێژەی پسپۆڕەكانی تایبەت بەم بوارە لەو دامەزراوانەی كە كاردەكەن.

2-پەرەپێدان و بەرزكرنەوەی ئاستی زانستی ئەو فەرمانبەرانەی كە لە دەزگا جیاوازەكانی تایبەت بە بواری پشكنین  و چاودێری تەندروستی  و كوالێتی كۆنترۆڵ و شیكردنەوەی خۆراك كاردەكەن بەمەبەستی بەئاگابوونیان لە سەرجەم زانیاریە نوێكان و ڕێگاچارە مۆدێرنەكان لەو بوارانەدا.

3-كۆنترۆڵكردن و پێدانی ڕێنمایی و ڕاهێنانی جوتیاران  لەسەر بەكارهێنانی  ماددە قڕكەرەكان و چارەسەرە كشتوكاڵیەكان و پەینی كیمیای و هەر ماددەیەكی تری كیمیای لە كێڵگەكاندا وە كڕینیان لە لایەنی ڕەسمی كە گرەنتی بدات زیانبەخش نییە.

4-كۆنترۆڵكردنی ئاو و ڕێژەی كانزا قورسەكان و چارەسەركردنی پێش بەكارهێنانی بۆ پرۆژە كشتوكاڵیەكان.

5-پەیڕەوكردنی بنەماكانی سەلامەتی خۆراك: وەك نەهێشتنی پیس بوونی خۆراك و بە نەخۆشیەگواستراوەكان لە مرۆڤ و ئاژەڵ و مێروەكانەوە ، جیاكردنەوەی ماددەی خۆراكی خام و ئامادەنەكراو لە خواردنی لێنراو  ئامادەكراو بۆ خواردن وە بەكارهێنانی ئاوی پاك لەكردارەكانی ئامادەكردن ە بەرهەمهێناندا ، بەكارهێنانی پلەی گەرمی گونجاو بۆ خۆراك لە كاتی ئامادەكردنی كە ئەو بەكتریاو وردە زیندەوەرانە لەناو ببات  كە ئەبنە هۆی نەخۆشی ، پاشان هەڵگرتن و پاراستنی خۆراك لە پلەی گەرمی گونجاو و شیاودا.

6-چۆنێتی بەكارهێنانی پاكژكەرەوەكان و هەڵبژاردنیان و گرنگیدان بە پاكژی و پاك و خاوێنی كەسی (لەسەر ئاستی تاك)

7-پێدانی زانیاری و بەرچاو ڕوونی  لەسەر  یاساو پێوەرە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە هاوردەكردنی بەرهەمی خۆراكی و  دیاری كردنی جۆرو پێكهاتە و چۆنیەتی ناسینەوە ی بەرهەمی ڕەسەن و دوور لە گزی (غەش) تیاكراو بۆ ئەو بازرگان و كۆمپانیاو سەرچاوانەی خۆراك هاوردە دەكەن.

8-پێدانی ڕێنمایی لەسەر چۆنیەتی  عەمباركردنی خۆراك لە كۆگاكاندا و  بوونی مەرجەكانی شوێنی كارو پیشەی خۆراكی بە شێوەیەكی تەندروست.

9-تێگەیشتن لە شریتی زانیاری (لەیبڵ)ی خۆراكی و بەرواری دەرچوون و بەسەرچوون و زانینی پێكهاتەی هەرخۆراكێك و زانینی شوێنی بەرهەمهێنان و ڕاستی زانیاریەكانی سەری.

لە كۆتاییدا خۆراك گرنگترین ئامڕازی بەردەوامی ژیانە بۆ مرۆڤەكان سەرچاوەی سەرەكی  وزەیە، و گەورەترین كاری مرۆڤایەتیش دابینكردنی سەلامەتی و تەندروستی و نەهێشتنی مەترسیەكانی سەریەتی، لەهەمان كاتدا گەورەترین مەترسیشە لەسەر تەندروستی مرۆڤ بەهۆی توانای گواستنەوەی چەندەها جۆری جیاوازی نەخۆشی كە وەك رێكخراوی تەندروستی ئاماژەی پێداوە  خۆی زیاتر لە 200 جۆردا دەبینیتەوە ئەمەش وای كردوە لە هەر( 10 كەس/ 1 كەس) سەرچاوەی نەخۆشیەكەی خواردنی خۆراكی ناتەندروست بێت، واتە هەمو تاكێكی كۆمەڵگا ئەگەری توشبونی هەیە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ  ئەگەر هۆشیاری خۆراكی و تەندروستی و چاودێری پێویست نەبێت بۆیە پێویستە لەسەر هەمولایەك كە بەرپرسیارەتی سەلامەتی خۆراك بخاتە سەر شانی بۆ بەدیهاتنی ژیانێكی تەندروست.


© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×