دەستور چییە؟ بۆچی گرنگە؟ ئەركی چییە؟ ئەمانە كۆمەڵە پرسیارێكی سادەو رەوان، بەر لەوەی هەر كۆمەڵەو لیژنەیەكی تایبەت بەنوسینەوەی دەستور، دەست بەكارەكانی بكات، دەبێـت بەقوڵی ئاگای لەوەڵامی ئەم پرسە سادانە بێت.
سوپاس هاوڕێ گیان راستە ئاڵنگاری زۆر لەبەردەم دەستوردا هەیە، بێگومان هەڵەیە پێمان وابێت دستور عەسای سیحری پێییو هەموو كێشەیەك چارەسەر دەكات، هاوكات وردیش نابین پێمانوابێت نەبوونی دەستور لەبونی باشترە. بەڵام گرنگیشە فشار بكەین دەستورێكی باش بكرێتە نسیبی ئەم هەرێمە.. سەبارەت بەئاینی ئیسلامیش لەراستیدا نابێت بەلوژیكی زۆرینەو كەمینە قسە بكەین، چونكە رەخنەی ئێمەو ئۆپۆزیشۆنیش لەدەسەڵات هەمووی لەوەدا چڕدەبێتەوە كە بەلۆژیكی زۆرینەو كەمینە وڵاتبەڕێوە دەبەن..بۆیە ناكرێت پارتە ئیسلامییەكان بەلۆژیكی زۆرینە شۆناسێك بسەپێنن بەسەر كۆی كۆمەڵگادا كە
دەستور چییە؟
دەستور لەسادەترین مانایدا بریتییە لەچوارچێوەیەك(كۆمەڵێك بنەماو پڕەنسیپ) بۆ چۆنیەتی فەرمانڕەوایكردنێكی باشو گونجاو. ئەمەش بەوە دەبێت كە بنەمادەستورییەكان لەپێناو كۆتوبەندكردنی دەسەڵاتی رەهای دەسەڵاتداراندا بێتو مافو ئازادییە گشتیو تایبەتییەكان بۆ هاوڵاتیان فەراهەمبكات.
ئەركی دەستور
بۆچی ئەم چوارچێوەیە گرنگەو لەبنەڕەتدا پێویستی بەخاوەنبوونی ئەم چوارچێوەیە لەكوێوە دێت؟ بێگومان لەوێوە دێت كە پێشتر جۆرێك لەنارێكخراویو فەوزا بوونی هەیەو ئێستا دەبێت ئەم چوارچێوەیە رێكمان بخاتو سیستماتیكمان بكات، ئەمەش بریتییە لەئەركی دەستور.
كەواتە پێشوەختە لەناو مەنزومەی كۆمەڵایەتیو سیاسیدا خەلەل هەیە، غیابی باڵانس هەیە، بۆیە دەستور زەرورەتی خۆی دەسەپێنێت، بۆیە ئەگەر دەستور جگە لەم ئەركە ئەركی تری پێبسپێرین، ئەوا سیحری بوونی بەتاڵدەبێتەوە، واتە هەرگیز دەستور نابێت بۆ ئەوە بنوسرێتەوە كەشەرعیەت بەو ناهاوسەنگیو نارێكیو ناشیرینیانە بدات كە پێشوەختە بوونیان هەیە، واتە رێككردنەوەی باڵانس لەئەركە بنەڕەتیەكانی دەستورە.
دەركەوتەكانی دەستور
دەستور دوو جۆر دەركەوتەی هەبووەو هەیە.
یەكەم دەوڵەت هەیە بەڵام خەڵك لەچۆنیەتی فەرمانڕەواییكردن رازی نین، وەك ئەوەی لەساڵی 1215 لەئینگلتەرا دەیبینین كاتێك شۆڕش Magna Carta(بەجۆرێك لەجۆرەكان دەستورە) بەسەر پاشادا فەرزدەكاتو دەسەڵاتەكانی كەمدەكاتەوەو 3 دەسەڵاتەكە لێكجوێدەكاتەوە.
دەركەوتەی دووەمی، ئەوەیە كە دەوڵەتێكی نوێ دروست دەبێت، بەر لەهەرشتێك دەستورێك دەنوسێتەوەو بەرمەبنای ئەو دەستورە خۆی بەڕێوە دەبات، ئەم جۆرەش لەدەستور بە راگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەست پێدەكاتو تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
دەستورو پڕەنسیپە گڵۆباڵو لۆكاڵیەكان
وەك وتمان دەستور هیچ نییە جگەلە كۆمەڵیك بنەماو پڕنسیپ بۆ دەوڵەتداریكردنێكی باش. بەڵام ئەم پڕەنسیپانەش دوو جۆرن، واتە ئەگەر سەیری كۆی دەستوری وڵاتان بكەیت، ئەوا دوو جۆر پڕەنسیپ دەبینی، یەكەمیان پڕەنسیپە گڵۆباڵەكان، دووەم پڕەنسیپە لۆكاڵەكان.
ئەوەی ئەركی ئەم نوسینەیە پڕەنسیپی جۆری یەكەمیان نییە، چونكە ئاسانو لەبەردەستن، هەر ئەوەندەی دەوێت لیژنەی نوسینەوەی دەستور خاوەن رۆحێكی دیموكراسیو نیشتیمانپەروەرو كراوەبنو دەتوانن بەشێوەیەكی گونجاو كۆی ئەو پڕەنسیپە نێودەوڵەتیانە جێبكەنەوە.
پڕەنسیپی لۆكاڵی چییە؟
بریتین لەو هەموو ئەو پڕەنسیپانەی كە مێژووو واقیعی كۆمەڵایەتیو ئابوریو سیاسیو رۆشنبیریو ئاینی هەر كۆمەڵگایەك دەیسەپێننو بۆ دەستوری دەوڵەتێكی دیكە پێویست نین.
دەستوری ئەڵمانیای فیدراڵو جەنگی هێرشكاری
بۆ نمونە لەدەستوری هیچ دەوڵەتێك، رەنگە رێت لەبەندێكی وەك ئەوە نەكەوێت لەماددەی 26 دەستوری كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵدا هەیە، كە باس لەوە دەكات "هەر كارو كردەوەیەك كە ئامانجی ئەوەبێت ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی جەنگێكی هێرشكاری بكات ئەوا دژی دەستورەو دەبێت لەسەری سزا بدرێت". بێگومان دەبێت لیژنەی نوسینەوەی دەستوری هەرێم، لەوە بگەن كە باگراوندی پشت ئەم بڕگەیە، ئەو جەنگە هێرشكارییانەیە كە ئەدۆڵف هیتلەر خۆی بۆ ئامادە دەكردو ئەنجامیدەدان، سەر ئەنجام بوونە هۆی كوژرانو ماڵوێرانی ملێۆنان كەس، موشەریعی ئەڵمانی بۆ رێگریكردن لەمە ئەم مادەیە دادڕێژێتو بەشێوەیەكی فیعلیش سوودی بەئەڵمانیای دوای ساڵی 1949 گەیاندوە.
بێگومان دەتوانرا ئەم مادەیە لەیاسای سەربازی ئەڵمانیدا جێگای بكرێتەوە، بەڵام لەبەر گرنگیەكەیو لەبەر ئەوەی رەهەندێكی دەستوری پێببەخشن، لەدەستوردا جێگای دەكەنەوە.
دەستوری وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاو پەسنكردنی میلیشیا!
ئەم حاڵەتەش لەدەستوری وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا دەبینین، بۆ نمونە لەهەمواری دووەمی دەستوری ئەو وڵاتەدا مافی ئەوەی بەهەموو هاوڵاتییەكی ئەمریكی داوە كە "چەكی هەبێتو هەڵیگرێت. هاوكات بوونی میلیشای باشیش بەپێویست دەزانێت بۆ پاراستنی ئاسایشی هەر ویلایەتیك". ئایا ئەمە بۆ وڵاتێكی پێشكەووتوو مەدەنیو خاوەن سوپایەكی بەهێزی وەك وڵاتە یەكگرتوەكان نەنگی نییە؟، كە پەسنی میلیشیا بكاتو چەكهەڵگرتنو خاوەندارێتی چەك بەئاسایی بزانێت؟ بێگومان وەڵامەكە هەرچۆنێك بێت، ئەو حەقیقەتە دەسلمێت كە زەرورەتی كۆمەڵگای ئەمریكی ئەمەی خواستووە لەرابردودا، رەنگە سەردەمێك بێت ئەوە بخوازێت ئەم بڕگەیە هەڵگیرێت.
رەنگە ئەم دوو نمونەیە بەس بێت بۆ پاڵپشتیكردنی زەرورەتی بوونی پڕەنسیپی لۆكاڵی ئەگینا نمونەی لۆكاڵی زۆرن.
لێرەوە بەپێوستی ئەزانم راستەوخۆ بچمە سەر ئەو پڕەنسیپە لۆكاڵیانەی كە زۆر گرنگە لەدەستوری هەرێمی كوردستاندا جێگایان بكرێتەوە، واتە بەدەق ئەم پڕەنسیپانە دابڕێژرێنەوە:
یەكەم: دیاریكردنی رۆژێكی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانو ئەنجومەنی پارێزگاكان:
بۆ نمونە رۆژی 16-3 هەر چوارساڵ جارێك، یان 14-4، یان هەر بۆ نمونە، رۆژی سێ شەممەی حەفتەی یەكەمی مانگی سێی ساڵی چوارەمی تەمەنی ئەوخولەی پەرلەمان. بێگومان ئەمەش نمونەی لەدەستوری وڵاتانی دونیادا هەیە، بۆنمونە لە دەستوری ساڵی 2010 ئۆكرانیادا بەدەق رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكی وڵاتی دیاریكردوە كە بریتییە لەكۆتا یەكشەممەی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی پێنجەمی(سەرۆكایەتی لە ئۆكرانیا بۆ ماوەی 5 ساڵە) سەرۆكایەتی سەرۆكی پێشتر. بێگومان گرنگیو پێویستی ئەم مادەیە لەدەستوری كوردستاندا زۆر رەهەندی هەیە، بەڵام زەقترینو گرنگترین رەهەندی ئەوەیە بەداخەوە لە٢٩ ساڵی رابردودا هیچ هەڵبژاردنێك لەرۆژو هەفتەو مانگو ساڵی خۆیدا ئەنجامنەدراوە. لەكاتێكدا هەڵبژاردنی خولی یەكێكە لەپایە سەرەكییەكانی دیموكراسیەتو هۆكارێكی بەهێزی سەقامگیری سیاسیو ئابوریو كۆمەڵایەتیشە، رێگریش دەكات لەوەی هەرحیزبو گروپێك بەئارەزوی خۆی یاری بەرۆژیو ساڵی هەڵبژاردنو ئەنجامدانو نەدانی بكات.
دووەم: جیاكردنەوەی یاسا دەستورییەكان لەرووی بابەتو روالەتەوە:
یاسا دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان(ئەو یاسایانەی رەهەندی دەستوریان هەیە) خاوەنی دوو كێشەی گەوهەرین: لەرووی بابەتییەوە، ئەم یاساییانە لەگەڵ یاسای ئاساییدا لێكجودا نەكراونەتەوە. لەرووی رواڵەتیشەوە، پێوەر دانەنراوە بۆ جیاكردنەوەیان لە یاسا ئاساییەكانی دی. ئەمەش هۆكاری سەرەكی ئەو كێشە سیاسیانە بوە لەدەیەی رابردودا روبەڕوی هەرێم بوەتەوە. چونكە گەر كێشەكانی بەر لەو مێژوە رەهەندی مێژووییو ئابورییان هەبوبێـت، ئەوا كێشەكانی دوای ئەو مێژوە زیاتر پەیوەندی بەغیابی هۆشیارییەوە هەیە سەبارەت بە گەوهەرو گرنگی یاسا دەستورییەكان، بۆیە پێویستە دەستوری هەرێم، جۆری ئەو یاسایانە رونو یەكلاییبكاتەوە كە رەهەندی دەستوریان هەیە، هاوكات ئەوەش بسەپێنێت كە نابێت ئەو جۆرە یاسایایانە بەزۆرینەی سادەی پەنجا كۆ یەك راییبكرێن، بەڵكو لانی كەم بە زۆرینەی رەهای دوو لەسەر سێ یان سێ لەسەر چوار راییبكرێ.
بێگومان نمونەی ئەمە لەدەستوری وڵاتە پێشكەوتوەكانی وەك دەستوری ساڵی 1958 فەڕەنسادا هەیە، لە مادەی 46 ئەو دەستورەدا، جگە لەوەی چەندین رێكاری دیكەی توندی گرتۆتەبەر بۆ راییكردنی یاسا دەستورییەكان(كە دەستورەكە بەیاسا بنەڕەتییەكان ناوزەدی دەكات)، هاوكات رەزامەندی هەردوو ئەنجومەنی پیرانو كۆمەڵەی نیشتیمانی بەمەرج گرتوە، پاشانیش دەڵێت ئەگەر هەردوو ئەنجومەنەكە لەسەری هاوڕا نەبوون ئەوا دەبێت بەزۆرینەی رەهای كۆمەڵەی نیشتیمانی راییبكرێت. هەروەها مادەی 123 دەستوری 1996 جەزائیر رێژەی 3/4 بەمەرج گرتوە بۆ راییكردنی یاسا ئۆرگانییەكان. بۆ رونكردنەوەی زیاتر گرنگە ئاماژە بەوە بكەین كە مادەی 123ی دەستوری 1996 جەزائیر ئەم بوارانەی دەسنیشانكردوە كە رهەندی دەستوری(دەستورەكە بەئۆرگانی ناوزەدی كردون) كە بریتیین لەمانە:"رێكخستنی دەسەڵاتە گشتییەكانو كارەكانی.2 – سیستمی هەڵبژاردن.3-یاساكانی تایبەت بەپارتە سیاسییەكان. 4-یاساكانی تایبەت بەراگەیاندن.5- یاساكانی تایبەت بەدادوەری.6- یاساكانی تایبەت بەدارایی.7- یاساكانی تایبەت بەئاسایشی نیشتیمانی. بێگومان گرنگی یاسا دەستورییەكانیش كاتێك بەرجەستەتر دەبێت كە دادگایەكی باڵای دەستوری پێكبهێنرێتو كاری سەرەكی چاودێریكردنی دەستوریبونی یاساكان بێت، دەبێت دەستوری هەرێمی كوردستان باس لەهێڵە گشتییەكانی ئەو دادگایە بكات.
سێهەم: "بۆ پەرلەمان نییە، هیچ یاسایەك دەربكات كە پێچەوانەی ئازادی رادەربڕینو ئازادی رۆژنامەگەری بێت"
داڕشتنی دەقی تایبەت بەئازادی رادەربڕین بەمشێوەیە"بۆ پەرلەمان نییە، هیچ یاسایەك دەربكات كە پێچەوانەی ئازادی رادەربڕینو ئازادی رۆژنامەگەری بێت"، ئەمەش ئەو داڕشتنەیە كە لە هەمواری یەكەمی دەستوری وڵاتە یەگكرتوەكانی ئەمریكادا هاتووە، وردترینو راستگۆترین گوزارشت بۆ بڕوابوون بەئازادییەكی راستەقینەی گوزارشت لەخۆكردنو ئازادی رۆژنامەگەرییە كە هاوشێوەكەی لەهیچ دەستورێكی دیكەی دونیادا نابینیتەوە، چونكە هیچ بیانویەكی نەهێشتۆتەوە بۆ كۆنگرێس كە یاسایەك بەپێچەوانەی ئازادی رادەبڕین دەربكات. بۆیە خوازیارم ئەم مادەیەو بەو داڕشتنە لەدەستوری هەرێمی كوردستاندا جێبكرێتەوە.
چوارەم: پایتەخت وەك موڵكی هەموان:
لەوە روەوە كە پایتەخت پێگەی سەرەكی بەڕێوەبردنو بڕیاردانە لەسەر چارەنوسی كۆی هەرێم. پێویستە هەموان بەكۆی دەنگو رەنگو پێكهاتە جیاوازەكانەوە خاوەنی بن. دەستوری هەرێمی دەق بدات لەسەر ئەوەی حكومەتی خۆجێی پایتەخت هەمیشە حكومەتێكی ئیئتیلافی پان بەڕێوەی بەرێت، بەمەش پایتەخت لەلایەك دەبێـتە خاڵی كۆكەرەوەی هەموان، واتە ئەگەر پارتو لایەنەكان لەهەرشتێكدا جیاوازبن ئەوا پایتەخت كۆیان دەكاتەوە. لەلایەكی دیش رێگری دەكەین لەدوو پارچەبونو سێ پارچەبوونی هەرێمی كوردستان، كەترسێكی ئامادەیە لای هەموو كوردستانییەكی نیشتیمانپەروەرو دڵسۆزی نەتەوەیە. ئەمە جگەلەوەی پێ بزانین یان نەزانین، یەكێك لەهۆكارەكانی یەكنەگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایشو هەواڵگریو پەیوەندییەكانی دەرەوەو دوو گیرفانی پەیوەندییەكی تۆكمەی بەم خاڵەوە هەیە، ئەگەر ئەمە بەرجەستە ببێت ئەوا یەكگرتنەوەی ئەو كایانە زۆر سانا دەبێت.
پێنجەم: پەیوەستكردنی هەڵوەشاندنەوەی حكومەت بەیەكگرتنی هێزی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیو هەواڵگرییەكانو یەكگیرفانییەوە.
وەك تەواوكەری خاڵی پێشتر: لەو روەوە كە تا ئێستاش هێزی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیو هەواڵگرییەكان وەك پێویست یەكیان نەگرتوە، پێویستە دەستوری هەرێم مادەیەك لەخۆبگرێتو ماوەیەكی دیاریكرا(ساڵێك بۆ دوو ساڵ) دەسنیشان بكات، كە تیایدا یەكگیرفانی بكرێتە مەرجو ئەو هێزانە یەكبگرنو ببنە خاوەنی هێزیكی سەربازیو ئەمنیو هەواڵگری تۆكمە، ئەگەریش لەو ماوەیەدا ئەمانە روینەدا ئەوا پێویستە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت وەك سزا دابنرێت.
شەشەم: بەرەسمی ناساندنی زمانی كوردی
"بەرەسمی ناساندنی زمانی كوردی لەسەر هەموو ئاستەكانو لێپێچینەوەی توند بەرامبەر هەموو ئەو كەسو لایەنو دامودەزگا رەسمیو نارەسمیانەی كە كەمتەرخەمی دەكەن لەمبارەیەوە"، رەنگە بوترێت ئەم مادەیەو لەمەش زیاتر لەیاسای زمانە فەرمییەكاندا جێگای كراوەتەوە، ئەمە راستە، بەڵام بەداخەوە ئەو یاسایە نەك لایەنە رەسمیو نارەسمییەكان جێبەجێی ناكەن، بەڵكو خودی پەرلەمانیش كە ئەو یاسایەی دەركردوە جێبەجێی ناكات، تا ئێستاش دەقی عەرەبی یاساكان بەئەسڵ وەردەگیرێن، لەوەش كارەستبارتر ئەوەیە تا ئێستا نامەكانی ماستەرو تێزەكانی دكتۆراو توێژینەوە زانستییەكانی زانكۆو پەیمانگاكان كەمینەیەكی كەمیان نەبێت بەكوردی نانوسرێن، كەسیش نییە ئاوڕێك لەم كێشە گەورەیە بداتەوە، خەمی بخوات، بەكێشەی خۆیی بزانێت. بۆیە بوونی ئەم مادەیە لەدەستوری كوردستاندا بەتەنها رەهەندێكی سیاسی نییە، بەڵكو رەهەندێكی مەعریفیو كلتوریشی هەیە، بۆیە بەخشینی رەهەندی دەستوری پێی، زۆر پێویستە.
حەوتەم: نەوتو سامانە سروشتیەكانو وەبەرهێنانو بەتەنها موڵكی ئەمە نەوەیەش نین.
لەوە روەوە كە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت نەوتو سامانە سروشتیەكانی دی لەلایەن ئەویدیو خۆشمانەوە نەبۆتە مایەی خێر بۆ تاكو كۆمەڵو بۆ ئێستاو بۆ ئایندە، ئەمەش چەندنێك پەیوەندی بەرەهەندە سیاسیەكەیەوە هەیە، زیاتر لەوە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە بۆتە هۆی بەرفراوانتر كردنی جیاوازی چینایەتی، هۆكاری ئەمەش ئەوەیە كە ئەو سامانانە هێشتا بۆ بەكاربردن بەكاردەهێنرێت نەك وەك ئامڕازێك بۆ وەبەرهێنانو بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری لەبوارەكانی كشتوكاڵیو پیشەسازیو گەشتوگوزار....هتد.
لێرەوە بەپێویستی ئەزانم لەمبارەیەوە ماددەیەك جێبكرێتەوەك كە جەخت لەوە بكاتەوە (دەبێت لانی كەم لەسەدا پەنجای سامانە سروشتییەكان بۆ وەبەهێنانو بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری هەرێم تەرخان بكرێت) گرنگی ئەم خاڵە لەوەدایە چەندێك لەبەرژەوەندی گشتی ئێستای هەرێمدایە، بەهەمان ئەندازەش لەبەرژەوەندی گشتی نەوەكانی ئایندەدایە، حسابكردنیش بۆ نەوەكانی ئایندە جكەلەوەی حەقێكی شەرعی خۆیانە، هاوكات بەرجەستەكەری رەهەندێكی دیكەی دادپەروەری كۆمەڵایەتییە، چونكە بەهەندوەرگرتنی دادی كۆمەڵایەتی بەتەنها یەكسانی نییە لەنێوان رۆڵەكانی ئەم نەوەیەدا، بەڵكو یەكسانیشە لەنێوان نەوەی ئێستاو نەوەكانی ئایندەدا.
هەشتەم: خاڵیكردنەوەی پڕۆگرامەكان لەسەرجەم ئەو بیرۆكەو گوزارشتانەی كە توندەڕەوی بەرهەمدەهێنن:
لەو روەوە كە سیستمی پەروەردەو پڕۆگرامە پەروەردەییەكانی وەزارەتەكانی ئەوقاف، پەروەردەو خوێندنی باڵا گرنگییەكی میحوەرییان هەیە، بمانەوێتو نەمانەوێت سەرشارن لەكۆمەڵێك دەقو گوزارشت كە دژی پێكەوە ژیانی ئاینەكاننو سوكایەتیان تێدایە بۆ كەمینە ئاینییەكانی دیو هانی توندوتیژی دەدەن، زۆر گرنگە مادەیەك لەمبارەیەوە جێبكرێتەوە كە جەخت لەوە بكاتەوە پێویستە پڕۆگرامەكان خاڵی بن لەسەرجەم ئەو بیرۆكەو گوزارشتانەی كە توندوتیژیو توندەڕەوی بەرهەمدەهێننو دەبنە هۆی لێكترازانی كۆمەڵایەتیو سوكایەتیكردن بە ئاینو مەزهەبو كەمە نەتەوەكان.
نۆیەم: راگرتنی باڵانسی نێوان شارە گەورەكانو شارە بچوكەكانو گوندەكان
(گرنگیدان بە راگرتنی باڵانسی نێوان شارە گەورەكانو شارە بچوكەكانو گوندەكان)، گرنگی ئەم مادەیەو ناوەڕۆكەكەی چەندێك لەوەدا گرنگە كە هەوڵێكی دەستورییە بۆ دروستكردنی باڵانس لەنێوان شاروشارۆچكەو گوندەكاندا، لەنێوان هەژارو دەوڵەمەنداو جیاوازی ناوچەیی كەمدەكاتەوە، هاوكات ئەم مادەیە یەكێكە لەرەهەندە گرنگەكانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی كەلەزۆر دەستورو یاسادا بوونی هەیە، بەڵام وەك گوزارشتێكی بێناوەڕۆك ماوەتەوە، لەكاتێكدا ئەمە جگە لەوەی بوونی ئەم مەسەلەیە گرنگییەكی تریش هەیە كە خۆی لەئاوەدانكردنەوەی زیاتری كوردستاندا دەبینێتەوە، چونكە ئەگەر جیاوازی نێوان شاروشارۆچكەو گوندەكان كەمبویەوە، ئەوا خەڵك ناچار نابێت روو لەشارە گەورەكان بكاتو شارۆچكەو گوندەكان چۆڵبكات.
دەیەم: پێشخستنو بەرەوپێشبردنی بەرهەمی خۆماڵی (گرنگی دان بەپێشخستنو بەرەوپێشبردنی بەرهەمی خۆماڵی لەهەموو رویەكەوە، بەجۆرێك لانی كەم، پێداویستییە ناوخۆییەكان دابینبكات) زۆر گرنگە مادەیەك بەمجۆرە یان داڕشتنێكی دی كە ئەم ناوەڕۆكە لەخۆ بگرێت لەدەستوردا جێبكرێتەوە، چونكە ئەوەی ئێمەی روبەڕوی هەڕەشەی ترسناكو جۆراوجۆر كردۆتەوە لە٢٩ ساڵی رابردوداو باڵانسی كۆمەڵگای بەشێوەیەكی زۆر مەترسیدار لەهەموو رویەكەوە تێكداوە بریتییە لەبەرخۆریمان، ئەم بەرخۆربونەشمان(ئەگەر نەڵێم لەسەداسەدی) ئەوا رێژەی هەر زۆری بۆ دەسەڵاتی سیاسی دەگەڕێتەوە، بۆیە بوونی ئەم مادەیە پێویستە بۆ دروستكردنەوەی باڵانس.
رەنگە بوترێت ئەكرێت ئەم مادەیە لەیاسای وەزارەتە تایبەتەكانی كشتوكاڵو پیشەسازیو پلانداناندا جێبكرێتەوە، بەڵام لەراستیدا مەسەلەكە زۆر لەوە گرنگترو حەیاتیترە بەتەنها لەیاسادا ئەم مەسەلەیە ببینین، بەڵكو پێویستە رەهەندێكی دەستوری پێببەخشین.
یانزەیەم: یەكپارچەكردنی جەستەی كوردو كوردستان
لەو روەوە كە جەستەی كوردو كوردستان كراوە بەچوارپاچەوەو هەر پارچەیەكی جۆرێك لەسیاسەتی داگیركاری تەحەكومی پێوە دەكات، پێویستە لەدەستوری هەرێمدا بنەمای مامەڵەی هەرێمو پارتەكانی لەگەڵ سێ پارچەكەی تردا یەكلابكرێتەوە، بەوەی نابێت بەهیچ جۆرێكو لەهیچ دۆخێكدا دژیان بوەستینەوەو سیاسەتێك پەیڕەو بكەین كەلە بەرژەوەندی پارچەیەك لەپارچەكانی كوردستاندا نەبێت، بەپێچەوانەوە پێویستە بەگوێری تواناو هەلومەرج ئەو پەڕی هاوكاریان بكرێتو رۆحی برایەتی نەتەوەیی گەشەی پێبدرێت.
دوانزەیەم: هێزداركردنی دەسەڵاتی دادوەری
لەو روەوە كە دەسەڵاتی دادوەری یەكێكە لەسێ دەسەڵاتە گرنگو سەرەكییەكەی هەرێم، بەداخیشەوە تا ئێستا ئەو دەسەڵاتە نەیتوانیوە بوونی راستەقینەی خۆی وەك دەسەڵاتێكی سەربەخۆ بسەلمێنێت، پێویستە لەدەستوردا هەندێك رێكار جێیبكرێتەوە بۆ بەهێزكردنی، لەوانە بەخاوەنبوونی هێزێكی پاسەوانی تایبەت بەخۆیان لەپێناو تەنفیزكردنی بڕیارەكانی دادگاكاندا.
كۆتایی:
ئەوەی گرنگە ئەوەیە پڕەسیپی لۆكاڵی لە دەستوری هەرێمدا بەهەندبگیرێت، ئەم پڕەنسیپانەش لەپێناو راستكردنەوەی باڵانسە تێكچوەكانو قوڵكردنەوەی دیموكراسیەتو پێكەوە ژیانی مەدەنیانەدا بێت، نەك بەپێچەوانەوە، بۆ شەرعیەتدان بێت بە ناهاوسەنگیەكانو تۆخكردنەوەی كلتوری نادیموكراسی.
هیوام وایە شارەزایانی دەستورو سیاسەتی دەستوریو خوێنەری بەڕێز لەژێر رۆشنایی ئەم بڕگەیەی سەرەوەدا، بەشداری بكەن لەدەوڵەمەندكردنی ئەو پڕەنسیپە لۆكاڵیانەی پێویستە لەدەستوری هەرێمی كوردستاندا جێگایان بكرێتەوە، زۆر گرنگە لەمبارەیەوە بەرچاوڕونی زیاترمان هەبێت، لەوەی دەبینە خاوەنی چ دەستورێك، دەستورێك بۆ راستكرنەوەی ناهاوسەنگییەكان، یان بۆ شەرعیەتدان بە ناهاوسەنگییەكان؟ ئەگەر ئەمەی دووەممان پەیڕەوكرد، ئەوا دەستور بەشێكی زۆری سیحری خۆی بەتاڵدەكاتەوە.
نوسەری ئەم بابەتە هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لەیاسای دەستوری