درۆن و ئێمە

ئەحمەدی مەلا
  2024-09-05     408

تایبەت بە ئاوێنە

 

بۆ ئەوەی بزانین تورک چی لە ئێمە دەوێ، دەبێ سەیری کتێبی "کورد" بکەین کە کامبریج، بە بەڕێوەبەرایەتی حەمید بۆزئەرسەلان، چاپ و بڵاویکردەوە. ململانێی تورک لەگەڵ کورد تەنها لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەتاتورک و دروستبوونی تورکیای نوێدا دەستی پێنەکردووە، بەڵکو زۆرە لەو کۆنترە. ئەم ململانییە، لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە، بە پلان و نەخشە بەڕێوەچوو، یەک لە دوای یەک میرنشینەکانیان لەناو دا، دوا میرنشین، میرنشینی بەدرخانییەکان بوو کە هەڵگری گەرای ناسیۆنالیسمی کوردیی بوو، هەم گۆڤار و رۆژنامەکانی ئەودەمە گەواهیی بۆ ئەمە دەدەن، هەم ئەو رێکخراو و یانانەی کە ئاماژەیان بۆ چەکەرەکردنی ئەم هۆشیارییە نوێیە دەکرد، نموونەی حەشاهەڵنەگرن.

بەڵام، لە ئەتاتورک بەدواوە، نەخشەکانی ئەم پلانە بە دەیان پیلان دەور درا، شەڕی ئیبریدیی دەستی پێکرد، واتە، لەشەڕی مەیدانییەوە بۆ شەڕەکانی دیکە، وەک شەڕی پڕۆپاگەندەیی، پەروەردەیی، تەنانەت لە بوارەکانی زمانەوانیی و زانستییشدا ئەم شەڕە بەردەوام بوو و بەردەوامە.

لەم سەردەمە دژوارەی ئێمەدا، تەکنەلۆژیای تەکنیکی و ژمارەیی لە هەڵکشانێکی بێوێنەدان، وردتر، دەبێ ئەوە بگوترێت کە ئەم شۆڕشە لە سەرەتای رەوتی دایە، ساڵ لە دوای ساڵ، هەنگاوەکان خێراتر دەبن و مشتوماڵتر دەردەکەون، ئامراز و ئامێرەکان پێشکەوتووتر دەبن و گواستنەوەی هەواڵ و دەنگوباسەکان، بە وێنەی و نووسینەوە خێراتر دەگەن، مەیدان و هەواڵ هاوتەریب دەبن.

یەکێک لەو دیاردانە، درۆنە، تورکیا زوو درکی بە گرنگیی ئەم ئامێرە کرد، شەڕی ئۆکرانیا و روسیا ئەوەندەی دیکە بایەخی ئەم فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەی زەقتر کرد،  گۆڕانکاریی لە هاوکێشەکانی عەرز و ئاسماندا دروستکرد، کۆی نەخشە سەربازییە کۆنەکانی خستە ژێرپرسیار، مێتۆدەکانی مەیدانی گۆڕی...

لەم رووەوە، تورکیا بە شێلگیرییەوە، ئەم هەوڵەی خستۆتە گەڕ، درۆنەکانی، سنووری دەوڵەتی خۆی تەی دەکەن، بە تایبەت، باشوور و رۆژئاوای کوردستانیانی کردوو بە مۆڵگەی چالاکییەکانی خۆی، ئەوەی بە پێویسی بزانێت، بە بێ ئەوەی هیچ لایەنێک ورتەی لەدەم هەڵوەرێ، هەوڵ دەدات لە ناوی بەریت. ئەوەی بە رواڵەت دەوترێت، شەڕی تورکیا لەگەڵ پ.ک.ک دایە، کەچی، کۆی ئەو کەسانەی کە لە باشوور بوون بە قوربانی دەستی درۆنەکان، پیچەوانەی ئەم بۆچوونەمان بۆ ساغ دەکەنەوە.

بۆیە ئیدی، ئاسمانی باشوور پارێزراو نییە، ئەوەی ئاسمانی پارێزراو نەبێ، عەرزیشی پارێزراو نییە. لێکەوتەکانی ئەم بێدەسەڵاتییە زۆرن : نانەوەی دڵەڕاوکێ لە لای گوندنشین و شوان و جوتیاران، راگوستنەوەیان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، بەجێهێشتی خاک و زید و وەلاوەخستنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردەوە، گۆڕینی دیمۆگرافی ئەو ناوچانە و دواتر بوونیان بە ناوچە و مەیدانی سەربازیی و دابڕینیان لە بەشە کوردستانییەکانی دیکە و دواجار، باشوور دەخاتە ژێر رەحمەتی تورکیاوە.

ئەمە پلانی تورکیایە، ئەمە تەنها پەیوەندیی بە بوونی هێزی سەربازی پ.ک.ک ەوە نییە، چونکە، کاتێک کوردانی باشوور، بۆ گەشتوگوزاریش دەچنە تورکیا، وەکو گەشتیاری ئاسایی دیکە ناتوانن گەشتەکانیان ئەنجام بدەن، وەکو گەشتیاریی ئاسایی نابینرێن، بەڵکو ئەوانیش، بە دەیان نموونەی کردەیی، هەڕەشەیان لێدەکرێ، دەمکوتدەکرێن، تەنانەت دەکوژرێن. نموونەی هەڵگرتنی ئاڵای باشوور لە لایەن گەشتیارێکی کوردی باشوور لە شاری تەرابزون/تورکیا، تووشی سووکایەتیی پێکردن بوو، ئەمە لە حاڵەتێکدا، ئەو ئاڵایە لە دەستووری عێراقییدا باوەڕپێکراوە. یا ئەو گەشتیارەی لە یەکێک لە مێوانخانەکانی شاری ئەستەمبول درایە بەرچەقۆ و گیانی سپارد، تەنها لەبەر ئەوەی بە کوردیی قسەی کردووە. دەیان نموونەی دیکە شایەدیی ئەوەمان بۆ دەدەن کە ململانێی تورکیا، لەم شەڕە ئیبریدەی کە بەرپای کردووە تەنها هێزە چەکدارە بەرهەڵستکارەکانی تورکیا ناگرێتەوە، بەڵکو تەواوی کورد دەگرێتەوە.

کەواتە، دەبێ، دەسەڵاتی هەرێم، بە شێوەیەکی فەرمیی لەو رووەوە ناڕەزایی دەربرێت، رێکخراوە مەدەنییەکان بتوانن قسەی خۆیانیان هەبێت و ئازادکردنی هێزی جەماوەریی تاکو ئازادانە رای خۆیان لەو رووەوە دەربڕن. لە سەرووی هەمووییەوە، ئەگەر دەسەڵاتیش، بۆ هۆکاریی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆی، بێدەنگیی هەڵبژێرێت، دەبێ هاوڵاتیی لەو رووەوە ئاگادار بکرێتەوە، بواری بدرێتێ قسەی خۆی بکات، ئەگەر بایکۆتی تەواویی شتومەکی تورکییشی پێ نەکرێ، هەرنەبێ، بەلایەن کەم، راگرتنی گەشت بۆ وڵاتێک کە بەرنامە کار بۆ لەناوبردنی تۆ دەکات. میدیای کوردیی، بە تەواویی نەیتوانییوە جەخت لەسەر ئەم بابەتە ژیارییە بکات، بیکات بە بەرنامە، بە خستنە رووی بەڵگە و شایەد پەرە بەم گوتارە بدرێت.

چونکە، ئەنجامەکانی ئەم پیلانگیریی، وەک ئەوەی زۆر لەسەر هاوڵاتییان کەوتووە، بە تێپەڕینی کات کاردانەوەی نەرێنی زیاتری دەبێ. ئەوەی پێی وایە، لەم رووەوە سنوور دانانرێت بۆ تورکیا، بەهەڵەدا چووە، بە پێچەوانەوە، بێدەنگیی، تەنانەت چارەنووسی دەسەڵاتیش دەخاتە ژێر مەحەکەوە...

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×