ساڵیادی جینۆسایدی یەزیدیەکان.. دەرفەتێك بۆ دوبارە بەتەحەداکردنەوەی پرسەکەیان

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2019-08-03     1311
بەبڕوای ئێمە پرسی یەزیدییەکان، هاوشێوەی پرسی کەرکوك ئاڵنگاریی‌و تەحەددایەکی بەردەم کوردو ناسیونالیزمی کوردییە لەباشور. ئەگەرکەرکوك لەگەڵ گەورەیی هێمابوون‌و هەستیاری پرسەکەیدا، وەپێش یەکلایی بوونەوەی چارەنووسی، لەساڵانی ڕابردودا بوبێتە کێشەیەکی کوردی-کوردی، وەهەرئەوەش زیانێکی گەورەی پێ گەیاندبێت، یەزیدییەکانیش دۆخێکی هاوشێوەیان هەیەو هێزەکوردییەکان لەململانێی توندی یەکتردابون بۆ بردنەوەی گەمەی یەکلایکردنەوەی وەلای حیزبی. بەڵام یەزیدییەکان جگە لەدابەشبوونیان لەم ئاستەدا، سەبارەت بەیەکلاکردنەوی ناسنامەی ئیتنی‌و نەتەوەییان، کێشمە کێشێکی ناوخۆیشیان هەیە. 

بەحوکمی ئەوەی سەرەڕای گوتارێکی کوردی کەپێ لەسەر ڕەسەن بوونی کوردبوونیان دادەگرێت، بەشێکیان خۆیان بەکوردنازانن، هەندێکیان خۆیان بەعەرەب وهەندێکی تریشیان یەزیدی بوون بەناسنامەیەکی سەربەخۆ دەزانن. بەوەش یەزیدییەکان لەکوردەوە دەبن بەکوردزمان. 

ئەم دۆخەش پرسیاری ناسنامە لەواقیعی یەزیدیدا، دەکات بەپرسیارێکی فرە ڕەهەند، لەوێنەی داخۆناسنامەی یەزیدی ئاماژەیە بەناسنامەیەکی دینی یاخود نەتەوەیی وئەتنیکی یان تێکەڵەیەك لەوان؟ یەکلابوونەوەی ئەم پرسە خزمەتێکی زۆر بەپرسی ئەم پێکهاتەی گەلی کوردسان وعێراق دەکات. 

کێشەیەکی تری پەیوەست بەم بابەتەش کەدوای وەحشیگەریەکانی داعش بەرامبەریان فرە ڕەهەند تربووە ، مەسەلەی فرە مەرجەعیەتی ئیداری و سیاسیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و پەکەکەو سەبارە بەهەرێمیش یەکیەتی و پارتیدا. 

ئەم واقیعەش لەگەڵ یەکگرتوویی مەرجەعیەتی دینی و دنیایی ناوخۆیان ،ڵلەڕابردوودا زیانی گەورەی لێداون و کێشەی فرەخاوەنی، کەلەجەوهەردا یەکسانە بەنەبوونی خاوەنێکی تەواو، بۆ خوڵقاندوون لەبەرتیشکی ئەم واقیعەش ئەگەرقسەکانمان بەئاراستەی هەرێمدا کورت بکەینەوە، دەڵێین (حکومەتی هەرێم) دەبێت خاوەنی ستراتیژێکی نیشتمانی هەمەلایەنەی داڕێژراو بێت، بۆچۆنیەتی مامەڵەکردنێکی یاسایی و سیاسی وەئیداری و خزمەتگوزاری و سەربازی و بەگشتی مەیدانی لەگەڵ ئەم پرسەدا. 

گرنگیشە یەزیدی بوون وەك ناسنامەیەکی ئاینی و یەزیدییەکان وەك پێکهاتەیەکی گەلی کوردستان پێناسەبکات، بۆئەوەی یەزیدییەکان لەڕووی نەتەوەییەوە، لەڕووی دەربڕینی ناسنامەی خۆیانەوە ئازادبن ،ەئەویەزیدیانەی خۆیان بەکورد پێناسە دەکەن، بەکوردە یەزیدییەکان بناسرێن، ئەوانی تریش هەردووناسنامەی یەزیدی بوون و کوردستانی بوون کۆیان بکاتەوەو ئاراستەو ناونیشانیان پێ ببەخشێت. 

گرنگە ئەوەش بزانیین کوردبوون لەنێو یەزیدییەکاندا ، دەبێت پاڵپشتی بکرێت، بەتایبەتیش دوای ئەوکارەساتە گەورەی لەساڵی٢٠١٤دا لەسەردەستی داعش بەسەریانداهاتوو برینێکی قوڵی کردە جەستەی متمانەیان و گومانی لەهەندێ ڕووی ناسنامەی پێناسەکراوو سیاسەتی پەیڕەو کراو دەرهەقیان بۆ دروست کردوون. لەڕابردووشدا هەژاری و بێ بەشی لەڕاددەبەدەری ئەم پێکهاتە و کەمی سەرەتایترین خزمەتگوزاری لەناوچەکانیاندا، وایان کردبوو بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی هەفتەنامەی ڕووداووی چەندساڵ لەمەوبەر، کەئێمەش وتارێکمان لەسەربڵاو کردەوە بەناونیشانی (مەینەتی کوردەڕەسەنەکان وبێباکی نوخبەی حوکمڕانی کورد) بیست هەزار کەسی ئەم بەشەی پەراوێزخراوی کۆمەڵگە، لەسۆنگەی نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوەوە، دووچاری نەخۆشی گورچیلەبوون و دەبێت گورچیلەکانیان بشۆن! لەدۆخێکی لەوجۆرەدا کەکوردبوون نەتوانێ هیچت بۆبکات، خۆشی لەبنەڕەتەوە ناسنامەیەکی ناجێگیرو نیگەران بێت، دروشم هەڵبڕین ولێدوانی نوخبەیەکی خاوەن بەرژەندیی حیزبیی ناو یەزیدییەکان، ناتوانن پانتایی نوێ بۆ گەشانەوەی ناسنامەو قوڵبوونەوەی متمانەو کارلێکی نوێ و گەشبینانە بخەنە ڕوو. 

بەکورتی ئەوەی ئێستا سەبارەت بەیەزیدییەکان لەگۆڕێدایە، ئاماژەنیە بەدیدو مامەڵەیەکی گشتگیرو کۆکردنەوەی کۆی ڕەهەندەکانی ئەم پرسە لەچوارچێوەی ستراتیژێکی نیشتمانی یەکگرتووی کوردستانیدا لەکاتێکدا ئەم کەیسە گەورە بەوجۆرە نەبێت وەك ئەوەی پێویستە چارەسەرناکرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×