کیسنجەر، ئەوکەسەی کوردی لەخشتەبردو مەرگی پێنیشاندا

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2023-12-01     410

ئەمڕۆ هێنری کیسنجەر، بیرمەند و سیاسەتمەداری بە ڕەچەڵەک جوولەکەو ناسراوی ئەمریکاو جیهان، لە تەمەنی سەدساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.

ئەو بەیەکێک لەو تیۆرسین و سیاسەتمەدارانە دادەنرا، كه کاریگەریی لەسەر ئاراستەکردنی سیاسەتی جیهانی و بەڕێوەبردنی ململانێکان و ناو لێنانی دیاردەو گۆڕانکارییەکان و پاساو بۆ هێنانەوەیان، زۆر لە وەزیری دەرەوە گەورەتر بوو.

کاریگەرییەکەشی، تەنها پەیوەست نەبوو بە ئەوکاتانەی پلەو پایەی فەرمی هەبوو، چونکە هەتا مردیش تەنها زیندوو نەبوو بەڵکوو ژیا، بەو واتایەی بە هۆش خۆیەوە بوو بیری دەکردەوەو دەربارەی زۆر پرس و قەیران ،خودان ڕاو بۆچوونی تایبەتی خۆی بوو، ڕاوێژکاریی پێشکەش دەکرد و بەشداری لە خەمڵاندنی دیدگا سیاسییەکانی چەندین سیاسەتمەدار و دەوڵەتدا دەکرد.

کیسنجەر ،گەرچی هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو، بۆ ئێمەی کوردو بەتایبەتیش کوردی باشوور، رەمزی لەخشتەبردن و پڕاگماتیەکی دارنراو لە هەر بەهایەکی ئەخلاقی و دیموکراتی بوو. بەهۆی ئەوڕۆڵە خراپەی لەنیوەی یەکەمی هەفتاکانی سەدەی رابردوودا، دژ بە شۆڕشی ئەیلول و ناسیۆنالیزمی کوردی زۆر بەخوێن ساردانەو ویژدان مردووانە گێڕای.

ئەو خۆشی نکولی لەمە ناکات و لەوتەیەکیدا ئاماژە بەوە دەکات کە سیاسەتێکی نائەخلاقیانەیان دژ بە کوردەکان لەو سەروبەندەدا پەیرەو کردووە، بەجۆرێك هەروەك دەڵێت: نەئەوەندەمان چەک پێدان سەربکەون، نەلێشمان گەڕان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بگەنە ڕێکەوتن. بەحوکمی ئەوەی بڕوای وابوو دەبێت، تەنها ئەوەندە یارمەتی کوردەکان بدرێت تا نزیکی سەرکەوتن دەبنەوە، کەنزیکبوونەوە، پشتیان بەربدرێت، بۆئەوەی بەبەردەوامی وەك وەرەقیەکی فشاری سات و سەودا پێوەکردنی بەدەستیانەوە بمێننەوە.

لەڕاستیشدا ئەوڕۆڵەی کێسنجەر لەو کاتەدا دژ بەکورد و شۆڕشەکەی گێڕای، ترسناك بوو، لەبەرئەوەی سوودێکی خراپی لەمتمانەی بارزانی ڕێبەری شۆڕش و سەرکردایەتی کورد بە وڵاتەکەی واتە ئەمریکا وەرگرت، بەحوکمی ئەوەی هەروەك مەسعود بارزانی و د. مەحمود عوسمان و کەسانی تری شایەت بەسەر رووداوەکانەوە دەیگێڕنەوە.

بارزانی متمانەی بەشای ئێران نەبووە. پێشی وابووە بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی بۆ ئەوەی سەربکەوێت و بە ئامانجەکانی بگات، دەبێت پشتیوانی زلهێزێکی جیهانی و بەتایبەتیش یەکێك لە دوو زلهێزەکەی ئەوکاتە، واتە سۆڤییەت وئەمریکا بەدست بهێنێت؟ پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلییەکانیشی بەپلەی یەکەم هەر بۆ گەیشتن بەم مەبەستەو ئەمریکا بووە.

هەربۆیە، کاتێك ئەمریکا ئامادەیی بۆ یارمەتیدانی شۆڕشی ئەیلول و جوڵانەوەی نیشتیمانی باشوری کوردستانی لەخۆی نیشاندا، بارزانی و سەرکردایەتیەکەی، بەئومێدو متمانەو موژدەوە پێشوازیان لێکردو زۆر دڵیان پێی خۆش بوو. چونکە بەو چاوەوە سەیریان دەکرد و پێیان وابوو، گەیشتوون بەسەر چاوەی ئەو زەمانەتەی وادەکات، شا نەتوانێ خیانەتیان لێبکات و لەنیوەی ڕێگەدا پشتیان بەربدات و هەرەس بە جوڵانەوە چەکدارییەکەیان بێنێت؟!

لەکاتێکدا کیسنجەرو ئەمریکا، لەسەر داوای شاو لەچوارچێوەی ستراتیژ هەرێمایەتیەکانی ئەودا وەك هاوپەیمانێکی گرنگی خۆیان، تێکەڵ بەمەسەلەی کورد لەباشوور بوون.

لەچاوی ئەویشەوە دەیانروانییە و دەستیان بەیارمەتیدانی شۆڕش کرد. واتە هاوکێشەکە ڕێك بەپێچەوانەی ئەوەوە بوو، سەرکردایەتی شۆڕش و پارتی بۆی چووبوون و گرەویان لەسەرکردبوو. کەئەوەش بە خاڵی هەرە لاوازی ستراتیژیی شرۆڤەی سیاسی و تێگەیشتنی ئەو قۆناغەی سەرکردایەتی ناوبراو، لە سروشت وحەقیقەتی سیاسەتی ئەمریکاو نێو دەوڵەتی و جیهان و پەیوەندییان بە سیاسەتی هەرێمایەتی و سرووشتی یارمەتیدانی شۆڕشی کورد و سنورو ئامانجەکانی پشتی لەلایەن ئەمریکاو ئێران و ئیسرائیلەوە، لەقەڵەم دەدرێت.

ئەم بیرکردنەوەو لەوەهمدا ژیان و هەڵەکردنەش لە دیاریکردنی مەرامی یارمەتیەکان بۆ شۆڕش، کەلەجەوهەردا یارمەتیدانی شاو ئێران بوو نەك کوردو ناسیونالیزم و شۆڕشەکەی، کارێکی کرد ، لەگەڵ وەستاندنیان، سەرکردایەتی شۆڕش دووچاری شۆکێکی قووڵ ببێت، بوواری مانۆڕکردن لەبەردەم خۆیدا بەجۆرێك سنووردار بیبنێت، تاکە کاردانەوەی بەرامبەر بە دەست لێبەردانی شاو ئەمریکاو ئیسرائیل، بڵاوە پێکردنی شۆڕش ڕاگەیاندنی شکستی جوڵانەوە چەکدارییەکە بێت!

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×