قوباد تاڵەبانی و دووبارە پێناسەکردنەوەی یەکێتی و لێکەوتەکانی

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2023-11-22     403

کاك قوباد تاڵەبانی لە ڕۆژی شەهیدی یەکییەتیدا، لەڕوانگەی ژمارەی شەهید و مێژووەوە، یەکێتی بەم دوو تایبەتمەندییەی خوارەوە پێناسەکرد:

١-حیزبی شەهیدان.

٢-موڵکی خەڵکی کوردستان.

ڕۆژی شەهیدی یەکێتیشی بە ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەقەڵەم دا. ڕوونە زمانەکە مۆرکێکی ناسیۆنالستانەی بەسەردا زاڵبوو، بۆنەکەش وا دەخوازێت. بەڵام ئەوەی بۆ تاڵەبانی و سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی گرنگە، وردکردنەوەو دیاریکردنی ئاماژەکانی ئەم دەستەواژانەو گۆڕینیانە بۆ نەخشە ڕێگەو دید و سیاسەتێکی ڕۆشن و چوارچێوەدار، چونکە دەستەواژەکان بە سەرنجدان لە واقیعی هەرێم و یەکێتی خۆی، نابێت مەبەست لێیان، تەنها وەسفکردنی ئەوە بێت کە هەیە، بەڵکو ئەوەش کە پێویستە هەبێت و بێتەدی، واتە دەبێت وێناکردنێکی تایبەتی دواڕۆژ و بەدیهێنانی کۆمەڵێ ئاوات و هەوێنی نەخشەڕێگەیەکی سیاسی بێت.

لێرەشەوە، ئەگەر دەستەواژەو وەسفەکان، وەك دیاریکردنی تەحەدای بەردەم یەکێتی (بە واتا توینبییەکەی) لە قۆناغی ئێستادا و پێویستی دووبارە خۆ بیناکردنەوەی فیکری وسیاسی ودەروونی و ڕێکخراوەیی، وەك بەرەنجامێکی سرووشتی خۆ پێناسەکردنەوە، سەیربکرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، کە ڕەخنە لەخۆگرتن و بەخۆداچوونەوەو خۆمشتووماڵکردنی جددی دەخوازێت، بۆ خۆیان و هەرێم و کوردستانیش گرنگی وجبایەخێکی گەورەیان هەیە. چونکە چەندین شت لە یەکییەتی، وەك یەکێ لە هێزە دەسەڵاتدارەکەی سی ساڵی ڕابردوومان، دەخوازێت، لەوانەش:

١- مامەڵەکردن بەڕۆحییەتی حیزبی شەهیدان، دیارە شەهید بەمانا نەتەوەییەکەی، کەئەوەش لێیدەخووازێت بەکردەوە هەڵگرو پارێزەری خەون و ئاواتی شەهیدانی ڕێی ڕزگاری کوردستان بێت، کە لە ڕزگاری کوردستان و سەربەخۆیی، سەرفرازی گەلەکەی و هێنانەدی ئاشتی و ئاسایش و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی، لەسایەی سیستمێکی دیموکراتی هاوچەرخدا بەرجەستە دەبێت، چونکە ئەوەی حیزبێ دەکات بە حیزبی شەهیدان لەگەڵ گرنگیدا، تەنها ژمارەی شەهیدەکانی نییە، بەڵکو پێش ئەوە، میراتگرتنی ڕێباز و ئاواتەکانیان و هەوڵدانە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە نێشتیمانی و ئەخلاقیانەی ئەوان لەپێناویاندا گیانی خۆیان بەخشیوە.

٢- خۆی بە موڵکی خەڵکی کوردستان بزانێ، واتە، ئەوە بکات خەڵك وهاووڵاتیان لێیدەخووازن وبەرنەوەندی ئەوانی تێدایە، کە بە جەوهەری سەرەتای نیشتیمانپەروەرێتی مافخواز و حیزب و حکومەتێکی دیموکراسی لەقەڵەم دەدرێت. ئەوەش دەخووازێت یەکێتی بەکردەوە ئامرازی خزمەتکردنی گەل ونیشتیمان وهاووڵاتیان بێت، نەك ببێتە ئامانج، خەڵکیش بەوجۆرە بڕووانێتە ڕەفتار و سیاسەتکردنەکەی و ئەو شایەتیەی بۆ بدەن.

٣- بڕوابوون بەوەی سرووشتی پەیوەندی نێوان ئەو و کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان، پەیمان و گرێبەستە، ناوەرۆکی پەیمانەکەش چەندین پرس و بەڵێن لەخۆدەگرێت، لەوانەش: پابەند بوون بە چەسپاوە نیشتیمانیەکان، وەڵامدانەوە بە خواستەکان ، پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان و گەشەپێدانیان، کۆتاییهێنان بە سەرچاوەی لاوازییە ستراتیژییەکان لەهەرێم وباشووری کوردستان، کە لە ناکۆکی سیاسی و دووبەرەکی، دابەشکاری، نادامەزراوەیی، گەندەڵی و ناعەدالەتی، نەبوونی ستراتیژێکی نیشتیمانی و دەستوورێکی مەدەنی و کۆمەڵگەیەکی سیاسی پێناسەکراو، دەسەڵاتێکی ناوەندی و هەرێم و دامەزراوەگەلێکی حوکمڕانی بەهێز و خەڵکسالاردا، خۆیان دەبیننەوە.

هیوادارم بەم وشانە توانیبێتم سەرنج بۆ ئەوە ڕابکێشم کە؛ قسەکردنی لەپێگەی لێپرسراوییەوە خستنەرووی دیدگاو وێناکردن و، لێپرسراوێتی لەئەستۆگرتنە. دەستەواژە بەکارهێنراوەکانی تاڵەبانیش چاوەڕوانی و چاودێری و پێوەردان بەدەستی بەرامبەرەوە بۆ هەڵسەنگاندن و داوەریکردن و دیاریکردنی مسداقییەت لە داهاتوودا، بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

بەو ئەندازەی یەکییەتیش لە دووبارە خۆپێناسەکردنەوەو هێنانەدی ئەم وەسف و تایبەتمەندی و بەڵێنانە سەرکەوتوو بێت، لە بەرژەوەندی کۆی دۆخە نیشتیمانی و چاکسازیخوازەکەیە، چونکە دیدمان بۆ یەکێتی هەرچی بێت، لەو ڕاستیە ناگۆڕیت بەهۆی بوونی هێز و هاوپەیمانی و قەڵەمڕەو و زۆنی کۆنتڕۆڵکراوەوە، لانی کەم لە چوارچێوەی پێدراوەکانی ئێستادا، بە باش یان بە خراپ زۆر شتی وابکات، پەیوەندی بە ژیان و چارەنووسی هەموومان و مەسەلە نەتەوەییەکەو ژیان و گووزەرانی هاووڵاتیانەوە هەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×