دروشمی ناڕازیانی عێراق ‌و بایەخی بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2020-09-11     612
(نیشتمان) وەك چەمكێكی مۆدێرنەی سیاسی، خولگەی چەندین (بیرۆكە)‌و (هەست)‌و (ناسنامە)‌و هەڵوێستگرتنە. (نیشتمان) ژێرخانی كەرەسەی دوو چەمكی ترە ئەوانیش (نیشتمان پەروەری)‌و (هاونیشتمانی)ین . نیشتمان پەروەری ئاماژەیە بە هەڵوێستگرتن‌و ئاراستەیەكی پاك‌و دڵسۆزانە‌و ئەخلاقی ژیان‌و كاری سیاسی‌و خۆنەویستی.

(هاونیشتمانی)یش ئاماژەیە بە یەكسانی تاكەكان لە ماف‌و ئەركدا لەبەردەم سیستمی سیاسیدا لە سۆنگەی ژیانیان لەسەر نیشتمان‌و دەسەڵاتێكی سیاسی هاوبەشدا.
بۆیە بەشێكی بنەڕەتی خەبات لە پێناو هاوڵاتێتی ئازاد‌و یەكسان‌و شەڕكردن لەگەڵ جیاكاری لە سۆنگەی جیاوازەوە لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگەیەكدا، دەبێت ئاراستەی نیشتمانسازی‌و رواندن‌و بوژاندنەوەی گیانی نیشتمان پەروەریەتێكی پاك‌و راستەقینە بکرێت. كێشەیەكی قوڵی واقیعی سیاسی هەرێمی كوردستانیش، پەیوەستە بەم خاڵ‌وپرسەوە. پەیوەندی هەیە بە شێواندنی ناوەڕۆك‌و ئاماژەكانی چەمكی نیشتمان لە سۆنگەی دابەشبوونی هەرێم‌و هاتنە كایەی چەمكی (دەڤەر)‌و ناوچەی كۆنترۆڵكراوی حیزبی‌و كاركردن بە گیانی ناوچەگەری پاڵنەری دەستكەوتی ماددی ‌و گروپیی نانیشتمانیەوە. هەڵبەت بۆ ئەوەی (نیشتمان) مانای تەواوی خۆی پەیدا بكات‌و پرۆسەی نیشتمانسازیش سەركەوتووتر بێت، پێویستمان بە بوونی دەوڵەتە. بەڵام نەبوونی دەوڵەت نابێتە بیانوو بۆ لێكدانەوەی واقیعی نانیشتمانی‌و دژ بە سەرەتاكانی نیشتمان پەروەری ئێستای هەرێم. چونكە ئێمە لە (30)ساڵی رابردوودا نیمچە دەوڵەت بووین. دەمانتوانی شەڕی ناوخۆ نەكەین‌و كوردستان دابەش نەكەین‌و سنورێ‌ بۆ ناكۆكیە دواكەوتووەكان دابنێین‌و نەهێڵین گەندەڵی بەو جۆرە تەشەنە بكات‌و دام‌و دەزگا نیشتمانیەكانمان بەو جۆرەی ئێستا لاواز بن‌و ئەو ناعەدالەتیە هەبێت، كە لەئێستادابەرۆکی گرتوین و هەموومان دەیبینین‌و هەستی پێدەكەین.
كە هەموو ئەو دیاردانەی سەرەوە پێچەوانەی رێزگرتن لە ئاماژەكانی چەمكی (نیشتمان) ‌و بەهاكانی نیشتمانپەروەرین. بەوەش دەتوانین بڵێین (نیشتمانمان) بەناوەرۆك ‌و ئاماژە مەدەنیەكانیەوە ، بە واتای ئەو چوارچێوە جوگرافییەی هاوڵاتێتی یەكسان‌و دەسەڵاتێكی مەدەنی دادپەروەر دەگرێتە خۆ دزراوە. یاخود لانی كەم پێخوست كراوە‌و رێگا لە گەشانەوە‌و بوژاندنەوەی گیراوە. هەر بە گوێرەی ئەم پێشەكیەش سەرەتای هەموو بزوتنەوەیەكی گۆڕانخواز یاخود ریفۆرمخواز دەبێت لەم خاڵانە ژێرخانی‌و بنە ڕەتیەوە دەست پێبكات ، دەبێت سەرلەنوێ‌ پێناسەی (نیشتمان) بكاتەوە‌و بەها بۆ (ئینتیما) بۆ نیشتمان‌و (ناسنامەی نیشتمانی)‌و (بەهاكانی نیشتمان پەروەری) بگێڕێتەوە. رەخنە لە فۆرمی لە خۆبەخاوەنكردنی (نیشتمان)‌و (نیشتمانپەروەری كوردستانی) بگرێت كە دەیان ساڵە دەستەوسانە‌و بێ‌ ئیرادەیە لەوەی شار‌و دەڤەرەكانی كوردستان ، هێزە چەكدارەكانی یەكپێبگرێتەوە ‌و ستراتیژێكی نیشتمانی راستەقینەی بۆ دژایەتی گەندەڵی‌و رواڵەتەكانی ناعەدالەتی هەبێت، بۆ ئەوەی خەڵك هەست بە كەرامەت‌و كەسێتی پارێزراو‌و ئایندەی رۆشنی خۆیان بكەن. وە خۆبەخاوەنكردنێكی تازەی (نیشتمان)‌و بەها‌و لێكەوتەكانی بكاتە هێزێكی كۆكەرەوە ‌و جۆشدەر. بەمەش خەبات بۆ چاكسازی‌و حوكمڕانیەتی مەدەنی‌و دەستووری دادپەوەر‌و یاساسەروەری ‌و كۆتاییهێنان بە قۆرخكاری ‌و جیاكاری ،ببێتە فۆرمێكی نوێ‌ی نیشتمان پەروەریی كوردستانی.
بەدەر لەمە پشتكردنە (نیشتمان)‌و پەراوێزخستنی بیناكردنەوەی (ناسنامەی نیشتمانی)‌و (نیشتمان پەروەرێتی كوردستان) خەبات بۆ گۆڕانكاری لە بارودۆخەكەدا دەكات بە كارێكی نائومێدانەی بێهودە‌و هەڵچووانەی كاتی، تێكەڵ بە تۆڵە سەندنێكی بێ‌ ئاسۆ ‌و ناعەقڵانی . تەنانەت وریا نەبین دەمانخاتە خزمەت بەرژەوەندی دەرەوەی بازنەی هەرێم‌و خودی هێزە حوكمڕانەكانی هەرێمەوە. وە ئاو دەكەین بە ئاشی هێز‌و كەسانێكدا، جگە لە دروشمی فریودەر ،دەستكەوتێكی راستەقینەیان بۆ ئێمە پێ‌نییە.
لەم ڕوەشەوە گرنگە پەندێ‌ لە شەقامی ناڕازی‌و خۆپیشاندەرانی عێراق وەربگرین . هەموومان دەزانین هەڵوەشاوەیی‌و مێلیشیا‌و تایەفەگەری‌و گەندەڵی‌و ناعەدالەتی لە ناوەڕاست‌و باشووری عێراق لە هەرێم زۆرتر‌و گەورەتر نەبێت کەمتر نیە. تاكو ئێستاش زیاتر لە (600) خۆپیشاندەر‌و ناڕازی كوژراوەنو دەیان چالاكوان تیرۆركراون.كەچی سەرەڕای ھەمووئەوە دروشمی ناوەندی خۆپیشاندەرەكان (نیشتمانمان دەوێت)ە . واتە هەموو ئەو تاوان‌و واقیعە نەخوازراوە دەبەستنەوە بە دزینی نیشتمان ‌و سوكایەتی پێ‌كردن‌و پوكانەوەی ناسنامەی نیشتمانێتی عێراقی وەك چوارچێوەیەك بۆ بەیەكەوە گرێدانی ناسنامە‌و پێكهاتەكانی عێراق‌و پێش هەموویان عەرەبەكان خۆیان ‌و مامەڵە لەگەڵ كردنی تاكەكان وەك هاوڵاتی و گێڕانەوەی هەیبەت بۆ دەوڵەت وەك نوێنەری بەرژەوەندی هاوبەشی هەمووان.
بۆیە هەروەكو رۆشنبیرێكی پێشەنگی ئێران (قالیباف)دەڵێت : راست نیە خراپە‌و گەندەڵی دەسەڵاتداران وامان لێبكات رقمان لە نیشتمان بێت. ئەم وتەیە بۆ ئێستای ئێمەش هەتا خوا حەزكات راستە، چونكە بەبێ‌ نیشتمان ‌و گەل سازی، بەبێ‌ بوونی ناسنامەیەكی نیشتمانی بەهێز‌و كۆكەرەوە لەنێوان گروپ وتاكەكانی كۆمەڵگە‌و تێپەڕاندنی دابەشبوونە دینی‌و نەتەوەیی‌و مەزهەبی‌و ناوچەیی‌و سیاسی‌و حیزبی‌و كۆمەڵایەتی‌و رەگەزییەكان، ئەستەمە حوكمڕانیەكی باش‌و دیموكراسی‌و دادپەروەر‌و خەڵكیی بینا بكرێت. چونكە حوكمڕانیەنیەكی لەوجۆرە، پێویستی بە دووبارە بوژاندنەوە ‌و كاراكردنەوەی بەها سیاسی‌و فیكرییە باڵاكانە. لە پێش هەمووشیانەوە بەهاكانی پەیوەست بە نیشتمان پەروەری ‌و هاوڵاتێتی ئازاد‌و یەكسان. بەڵكو هەر قسەكردنێك لەسەر دیموكراسی‌و گەشەپێدانی‌و باڵادەستكردنی بەهاكانی لەچوارچێوەی ئەزموونێكی حوكمڕانیدا ، لە دەرەوەی نیشتمانێكی ئازاد‌و بیناكراو، كارێكی بێ‌ هودەیە.
هەموو ئەمەش وامان لێدەكات ، نەبین بە قوربانی هەڵچوون‌و ڕقە كاتیەكانمان، ئەگەر چاكسازی‌و گۆڕانكاری‌و سەركەوتنی خەبات دژی قۆرخكاری ‌و گەندەڵی وبیناکردنی حوکمڕانی باشمان دەوێت،دەبێت لەبیری بوژاندنەوەی گیانی نیشتمانپەروەریەکی کوردستانی نوێدا بین. نابێت خۆمان بخڵەتێنین. ئێمە دوای سەد ساڵ هەست بە (ئینتیمامان) بۆ عێراق بۆ دروست نەبووە، دوای جیینۆسایدی گەلەكەشمان لە ئەنفال و وکیمیاباران ووێرانکردنی کوردستان وجۆرەھا سزای دەستە جەمعی تر، ئەستەمە ببێتە نیشتمانی جێگرەوە بۆ ئێمە. بەڵكو زەحمەتە ببێتە نیشتمان بۆ خودی عەرەبەكانیش، دیموكراسیش بەو ئاسانیە لەو واقیعە ئاڵۆزە هەلاهەلایەدا سەرناگرێت، مێژووش پێمان دەڵێت :هەمووزیندووبوونەوەیەكی هەستی نیشتمان پەروەری ‌و ناسیونالیزمی عێراقی، هاوشان دەبێت لەگەڵ كەڵكەڵەی ناوەند گەرایی‌و دەسەڵاتگەرایی‌و تەماح كردنە ئێمە. بۆیە ناكرێت‌و نابێت دڵمان بەوە خۆش بێت شتێ‌ لە دەست هەرێم دەرچێ‌ ‌و بكەوێتە دەست بەغدا. چونكە دواتر دەبێت شەڕێكی تر بۆ وەرگرتنەوەی بكەین. بەڵكو دەبێت هەوڵدەین ئەو دەستكەوتانە بكەونەوە دەست خاوەنە راستەقینەكە یان كە گەلی كوردستانە.ئێمەی ناڕازی شەڕمان لەگەڵا (نیشتمان) ‌و (گەلی خۆمان)دا نیە و نابێت هەمانبێت. راستیش نیە پێمان وابێت لە دەرەوەی یەكێتی ‌و پارتی شتێ‌ بەناوی (گەل) ‌و (نیشتمان) بوونی نیە. بۆیە واچاكە ئێمەش دروشمێكی هاوشێوەی دروشمەكەی ناڕازیانی عێراقمان هەبێت و بەرز بکەینەوە. بزوتنەوەی ناڕازی خەڵكی كوردستانیش یان بێ‌ئایندە دەبێت ،یاخوددەبێت نیشتمانی ریفۆرمخواز بێت

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×