كازمی .. دوادەرفەتی ئەمەریکاو ھەڵسانەوەی عێراق؟
ئهبوبهكر عەلی
2020-08-10   818
هاتنە پێشەوەی كازمی بۆ پێگەی كەسی دەسەڵاتداری یەكەمی عێراق، لێكدانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا . هەندێ پێیان وایە بەسەرۆك وەزیران بوونی كازمی ئاماژەیە بە بەسەرچوونی قۆناغێكو پێنانە ناو قۆناغێكی نوێوە.
قۆناغێ نەوەیەكی نوێی سیاسەتكارە عێراقیەكان دێنێتە پێشەوە و دەبنە شوێنگرەوەی نەوەی ئێستای سیاسەتكارە تەقلیدی و گەندەڵو مشەخۆر و مافیاكان. بەڵام بە بیروڕای ئێمە ئەم لێكدانەوە زیاد لە پێویست گەشبینانەیە، تا ڕادەیەك حەزو ئاوات تێكەڵ بە شرۆڤەو بەرەنجامگیرییەكان كراوە. چونكە بەرەنجامی خوێندنەوەیەكی هەمەلایەنە واقیعی مێژوویی و هەنوكەیی عێراقو ئالۆزیەكانی ناویو كێشەی بەدەوڵەتبوون لەم وڵاتەدا نیە.
بە حوكمی ئەوەی بەشێ لە كێشەكانی عێراق بونیادین و پەیوەندییان بە پێكهاتنومێژوو و ناهارمۆنی خودی قەوارەی عێراقو ناسنامە بەزۆر بەیەکەوەلکاوو پەرتبووەكەیەوەهەیە.
لە ڕوویەكی ترەوە مێژووی عێراق پێمان دەڵێت ، كە بڕینی قۆناغەكان و بوونی قۆناغێكی راگوزەر، بەو خەسڵەتانەی پێی دەناسرێتەوە لەم وڵاتەدا هەروا كارێكی سانا نیە، هەر بۆیە زۆرجار دەبینین قۆناغە بە كاتی و راگوزەرە وەسفكراوەكان بوون بە دۆخی ئاساییو بەردەوامو، كێشەكانیان لەڕیشەوە چارەسەر نەكردووە بەڵكو كێشەی نوێشیان خستۆتە سەر كێشە و ئاریشەكانی ترو قەوارەی عێراقیان بەرەو هەڵوەشاندنەوە بردووە. كازمی و رۆڵە چاوەڕوانكراوەكەشی دەبێت لەچوارچێوەی هەمان سیاقدا بخوێنینەوە. وەك رووداوێكی دابڕاوی سیاسی سەیری نەكەین و داوەری دەربارەی نەكەین . بۆ ئەوەی بنمیچی چاوەڕوانیەكان زیاد لەپێویست لەم كاراكتەرە سیاسیە بەرز نەكەینەوە و هەڵسەنگاندنی هەڵەی بۆ نەكەینو گرەوی هەڵەشی لەسەر نەكەین.
چونكە ئەگەر ئەگەرێكی بەردەمی تا ڕادەیەك سەركەوتن بێت لە ئەنجامدانی هەندێ چاكسازیو بەدیهێنانی بەشێ لە دروشمەكانی و بەوەش تەوزیفەكانی ناڕەزایی شەقامو پێویستی كۆماری ئیسلامی ئێران بە قازانجی ئەجینداكانی خۆی، ئەوا ئەگەرو سیناریۆیەكی تر شكستخواردنیەتی، چونكە ئەوەی ئەمی هێناوەتە سەر تەختی دەسەڵات تەنها شەقامو گەندەڵیو پێویستی عێراق بە چاكسازیو بنیاتنانەوە نیە، بەڵكو پێویستی هەریەك لە ئەمریكاو كۆماری ئیسلامی ئێرانیشە . دەكرێت شەقامیش بە ئاراستەی پێچەوانە دژی بەكار بھێنرێت. ئەمریكییەكان و بەتایبەتیش كۆماریەكان و ترەمپی پاڵێوراوی سەرۆكایەتیان پێویستیان بە هاتنە پێشەوەی كازمی بوو. بۆ ئەوەی لەڕێی ئەوەوە رێككەوتننامە ستراتیژیە كۆنەكەیان لەگەڵ عێراق نوێ بكەنەوەو وێنای سەركەوتنێكی ئەمریكاو پاشەكشەی نفوزی ئێرانیش لە عێراقدا وێنا بكەنو بەوەش بۆ هەڵبژاردنەكان سوودی لێ وەربگرن. یاخود لانی كەم عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبنە سەرچاوەی نیشاندانی لاوازیانو كاریگەری خراپی بۆسەر چارەنووسی ترەمپ نەبێت. یان ئەگەر بەرژەوەندیان لە زەبر وەشاندن لە ئێران بێت، دۆخە نوێکە بکەن بە پاساو. لەبەرامبەردا ئێرانیەكانیش پێویستیان بە كازمیە و چاو لەو دەستكەوتە مۆلەقو ناستراتیژییەی ئەمریكاییەكان دەپۆشن بەرامبەر بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ئابوریەكانیان لەڕێی مۆڵەتدان بە عێراق بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێرانو خستنە دەرەوەی سزا سەپێنراوەكان بەسەر تاراندا . ئەم لێكتێگەیشتنە ناڕاستەوخۆییەی نێوان تاران و واشنتۆنیش كاتیە. بەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاو بژاردە نوێكانی ئێران بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دەركەوتەكانی ئەو قۆناغە كاریگەری راستەوخۆیان بەسەر دۆخی عێراقو چارەنووسی كازمیەوە هەیە.
لەڕاستیشدا لەگەڵ مانەوەی رژێمی ئێستای ئێران لەسەر دەسەڵات، ئاسان نیە بیر لە عێراقێ بكەینەوە، گۆڕانكاری قوڵ تیایدا ڕوویدابێتو هەژموونی ئەوی بەسەرەوە نەمابێت . گەر ئەم كارە پێویستی بە تەقاندنەوەی گەڕێكی نوێی شەڕی ناوخۆش هەبێت، وەك دوا بژاردە بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان و بەسەر یەكدادانی هاوكێشەكان .
خودی شەقامی ناڕازیش كە ڕۆڵی هەبووە لە هێنانە پێشەوەی كازمی و خۆشی وا وێنا دەكات، دەكرێت لەڕێی تەگەرە دروستكردن بۆ سەرۆك وەزیرانو شكستپێهێنانی لە بەدەمەوەچوونی خواستە گرنگەكانی ئەوان و دروشمەكانی خۆی، وە لەباربردنی خەونی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی پاكو بێگەردو دادپەروەرانە ، دژ بە ئەو بەكار بێتو بەوەش ببێت بە كاراكتەرێك لەنێو كاراكتەرەكانی تردا ، ئەم ئەگەرەش بەدوور نازانرێت چونكە كازمی ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەژێر رەحمەتی فراكسیۆنە پەرلەمانیەكان و مێلیشیاكانی هێزە كۆنو نەریتی و گەندەڵیەكانی عێراقدایە. لەوپەڕی باشیدا بەشێ لە گەندەڵەكانیان یان كەمتر گەندەڵەكانی پشتیوانی لێدەكەن. وەك رێكارێك بۆ بەهێزكردنی پێگەی جەماوەری و هەڵبژاردنی خۆیان و وێنا لە خۆ نیشاندانێ كە لە ریزی ئەو هێزە كۆنانە بێنە دەرەوە کە داوای رۆیشتنو گۆڕەپان چۆڵكردنیان لێدەكرێت.
كەواتە ئەگەر لە روویەكەوە كازمی جێی ئومێد بێت، لە ڕویەكی ترەوە رەنگە نوێنەرایەتی دوایەمین هەوڵی شكستخواردووی چاكسازی و بیناكردنەوەی عێراق بكات. بە حوكمی ئەوەی عێراق تا ڕادەیەكی زۆر قۆناغی چاكسازیی تێپەڕاندووە و بە كردەوەش هەڵوەشاوەتەوە. ئەوەی ناهێڵێ بە فەرمی هەڵبوەشێتەوە خاوەن بەرژەوەندییە جیهانی و هەرێمایەتیەكانن ، چونكە ئەمریكیەكان لەكاتی خۆیداو لەسەر حسابی كورد هەمان گرەویان لەسەر عەبادی كرد، گەرچی ئەو نەگەیشت بە دەسەڵات، بەبڕوای ئێمە ئەم گرەو كردنەش مەرج نیە ئامانجەكانی بێنێتە دی ، چاوپۆشینی كاتی ئێرانو بەشێ لە میلیشیاکان و، نامە بۆناردنی لە ئێستادا كە هێڵە سوورەكان نەبەزێنێ . جگە لەوەی لە پێشەوە باسمان كرد رەنگە بۆ لەباربردنی دوایەمین ئومێدی ئەمریكیەكان بێت بە چاكسازی لە عێراقدا.
واتە كۆماری ئیسلامی ئێران و هاوپەیمانەكانی شكستی سەرۆك وەزیرانی ئێستا بكەن بە شكستی ئەمریكاو كۆتایی هێنان بە هەوڵەكانی لە پێناو بیناكردنەوەی عێراق لە دەرەوەی هەژموونی ئەوان و لەسەر بناغەیەكی نوێ. تاكە شتێكیش لەباریدا بێت ئەم ئەگەرە لاوازەكان و شانسێكی گەورەتر بدات بە كازمی گۆڕانی رژێمە لە تاران.