حیكایه‌تی موڵكوماڵه‌كانی كۆمپانیای ووشه‌

سالار عه‌زیز
  2021-03-18     1190


سالار عه‌زیز

له‌ ساڵی ٢٠٠١دا كاك مولازم عومه‌رو كاك قادری حاجی عه‌لی و من بڕیارمان دا كاروباری حیزبی له‌ناو یه‌كێتیدا نه‌كه‌ین، هه‌ر وه‌ك ئه‌ندامێكی یه‌كێتی له‌ماڵی خۆمان دابنیشین و ته‌ره‌فداری هیچ ده‌سته‌و گروپێكیش له‌ناو یه‌كێكێتیدا نه‌بین. له‌هه‌ڵبژارده‌كانی ناو خۆدا بێلایه‌ن بوین و به‌رنامه‌كه‌ی كاك نه‌وشیروانمان پێ په‌سه‌ند نه‌بو. هه‌رچه‌نده‌ درێغیمان له‌ راو بۆچونه‌كانی خۆمان له‌ بواره‌ سیاسی و راگه‌یاندنه‌كاندا نه‌كردوه‌.

پاش وازهێنانی كاك نه‌وشیروان و وه‌رگرتنی گردی زه‌رگه‌ته‌ و ئه‌پارتمانێكی گه‌وره‌و ٢٨٠ دۆنم زه‌وی له ‌بازیان و ده‌ ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن مام جه‌لاله‌وه‌، ئێمه‌ یانی كاك مولازم عومه‌رو كاك قادری حاجی عه‌لی و من، به ‌چاكمان زانی له‌گه‌ڵ كاك نه‌وشیرواندا له‌مه‌ڕ پێكه‌وه‌ كاركردنێكی نوێ ئه‌م جاره‌یان به ‌شێوازێكی جیاواز له‌ناو یه‌كێتیدا، گفتوگۆ بكه‌ین. پاش چه‌ندین جار دانیشتن و وتووێژ، له‌ئه‌نجامدا ده‌سته‌یه‌كی پێنج كه‌سیمان وه‌ك سه‌ركردایه‌تی ئه‌م مینبه‌ره‌ پێكهێنا كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكراو دیموكراتیانه‌و سه‌رده‌میانه‌ له‌ پێناوی چاكسازی له‌ناو ڕیزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا درێژه‌ به‌خه‌باتی بدات.
ئه‌وه‌ی ئه‌بوه‌ به‌ربه‌ست له‌م كاره‌دا هه‌وڵی كاك نه‌وشیروان بو، كه‌ ئه‌یویست ئه‌م موڵك و ماڵه‌ ‌له‌سه‌ر كومپانیای وشه‌ تاپۆ بكات كه‌ هی خۆی بو. بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وت باشتروایه‌ به‌ناوی تۆوه‌ نه‌بێ، ئه‌م ڕێبازه‌ یه‌كێ له‌كاره‌ گرنگه‌كانی چونه‌وه‌یه‌ به‌گژ ئه‌وانه‌ی ته‌ماعیان له‌سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵك و ئه‌م نیشتمانه‌یه‌، با هه‌وڵبده‌ین ڕێگه‌كی دی بدۆزینه‌وه‌. كاك نه‌وشیروان وتی با به‌ناوی هه‌رپێنجمانه‌وه‌ی بكه‌ین. ئێمه‌ ره‌تمانكرده‌وه‌و رازی نه‌بوین و به ‌شۆخییه‌وه‌ وتمان یانی كه ‌مردین مناڵه‌كانمان بێن و بڵێن به‌شی باوكمانی پێوه‌یه‌!!!

چوینه‌ لای كاك ڕوشدی عه‌زیز، كه ‌له‌به‌شی یاسایی گرده‌كه ‌كاری ئه‌كرد، بۆ ئه‌‌وه‌ی بتوانێ ده‌رچه‌یه‌ك بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بدۆزێته‌وه‌و ‌تاپۆكه‌ی بخرێته‌ سه‌ر جه‌معیه‌تێك، یا رێكخراوێك، هه‌تا ئه‌م مینبه‌ره‌ش هه‌بێ و به‌رده‌وام بێت، یا ببێته‌ شتێكی دی بتوانرێ سود له‌و موڵك و ماڵه‌ وه‌ربگیرێ... دوای نه‌مان یا هه‌ڵوه‌شاندنه‌ی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ش ئه‌وا ببه‌خشرێت به‌ زانكۆ یا هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی خه‌یری، به‌ڵام سه‌ركه‌وتو نه‌بو!

دواجاركاك مولازم عومه‌ر چووه‌ لای كاك (دڵشاد عوسمان‌) كه ‌شاره‌زاییه‌كی باشی له‌و بوارانه‌دا هه‌بو... ئه‌و توانیبوی به‌رنامه‌یه‌ك یا سیغه‌یه‌ك بۆ گرفته‌كه‌ بدۆ زێته‌وه‌. كاك نه‌وشیروان ئاماده‌ نه‌بو ته‌ماشای بابه‌ته‌كه‌ش بكات. دواجار نیشانی دا كه ‌له‌سه‌ر كۆمپانیای وشه‌و تاپۆی ئه‌كات كه‌ هه‌مو پشكه‌كانی هی خۆی بون.

من چه‌ند جار ناچاركراوم كه ‌له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌و گه‌لێ مه‌سه‌له‌ی زۆر گرنگ قسه ‌بكه‌م و چه‌واشه‌كارییه‌كان ڕاستبكه‌مه‌وه‌، حیكایه‌ته‌كان وه‌كو خۆی چۆنه‌ بگێرمه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ڵوێستی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی گۆڕان له‌ مه‌ڕ پاراستنی ‌یه‌ك پارچه‌یی هه‌رێم و پارێزگاری ئه‌م قه‌واره‌یه‌ بێده‌نگیم لێكردوه‌ .

ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر چوو كاك مولازم عومه‌رو كاك قادر له‌گه‌ڵ مندا قسه‌یانكرد كه ‌چیتر نایانه‌وێ له‌گه‌ڵ كاك نه‌وشیرواندا بمێننه‌وه‌...، بەڵام به‌و‌ سیفه‌ته‌ی كه‌ ئێمه‌ سێ هاورێی هه‌میشه‌ پێكه‌وه‌ بوین و ماوه‌یه‌كی درێژمان له‌ ناو ئه‌م گێژاوو ڕوداوانه‌دا به‌سه‌ر بردبوو، زۆرهه‌وڵم دا په‌شیمانیان بكه‌مه‌وه‌ بێ سوود بوو. هه‌رچه‌نده‌ من دڵشكاوتر بووم، به‌ڵام ده‌ستهه‌ڵگرتن له ‌په‌یامێك كه ‌خۆمان نه‌خشه‌كێشه‌كه‌ی بوین لای من سته‌مێكی گه‌وره‌بو. ئه‌وان ڕۆیشتن... ئیتر چی ڕویداو چی به‌دوادا هات... لێره‌دا منیش باسه‌كه‌م ئه‌وه‌ستێنم و بۆ بیره‌وه‌ریه‌كانی به‌جێ ئه‌هێڵم.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×