ئەو گۆڕانانەی ئێستاش یەکێتین..
سۆران محەمەد غەریب
2021-05-01   847
پەیام و بیری سیاسی لە هەر کات و شوێنکدا بایەخی خۆی هەیە ... چەند بارەی ئەمەش ئاستی تێگەیشتنی تاک و کەسێتی ناو ژینگەی سیاسەتکردن ڕۆڵ دەگێڕێت لە ئاراستە وەرگرتن بەرەو بونیادنان و بەرەوپێشچونی کۆمەڵگا یان داڕمان و پاشەکشەپێکردنی . لە هەر دەوڵەتێکدا زۆرینە بڕیاردەرن لەسەر ئەوەی ئایندەیەکی ئاسودە و بەختەوەر بۆ خۆیان و نەوەکانیان فەراهەم بکەن یاخود نەهامەتی و پاشەگەردانی ببێتە ناونیشان و چارەنوسیانیان .
ئەمە ئەو بابەتەیە پێویستە لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی ژیربێژیانەی لەسەر بکرێت ، بە تایبەتی لەم کات و قۆناغەدا کە دەبینین هاوڵاتیانی زۆربەی هەرەزۆری گەلانی گێتی لە ڕێگای حیزب و ڕێکخراوەوە ژیانیان ڕەنگڕێژ دەکەن و بە مافەکانیان دەگەن .
بەڵێ ڕاستە .. خۆببینەوە لە ناو هێز و حیزبی سیاسی گرنگە ، لێ لەوە گرنگتر ... بەکارهێنانی مێشک و بیرکردنەوەی دروستە بەوەی پێ ی دەوترێت (هۆشەنگی) . ئەگەر کارکردنی کەسەکان لە ناو حیزبێکی دیاریکراودا بە هەمان تێڕاوانین و هەناسەوە بگوازرێتەوە بۆ ناوجەرگەی حیزبێکی دی ئەوا چاکتر وایە هەر لە یەک سەنگەر هەنگاو بنێرێت نەک لە دوو سەنگەری یەک چەشن و هەمان بەردا.
ڕونتر بڵێم پێویست بەوە ناکات کەسێک ئاڵوگۆڕکێ لە حیزبدا بکات ئەگەر نەتوانێت یان لە خۆی ڕانەبینێت گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و هزریدا بکات . ئا ئەمە ئەو نەخۆشیەیە ئێمەی کورد بە دەستیەوە گرفتار و سەرگەردانین .
جەنگ بە تەنها ئەوە نیە لەگەڵ جەستەی فیزیکی یان بیرکردنەوەی بەرامبەردا بجەنگێیت ، بەڵکو جەنگی ڕاستەقینە ئەوەیە دەستپێکەکەی بەرپاکردنی کڵپەی شۆڕشێک بێت لە ناخ و هەناوی کەسێکدا دواتر گواستنەوە و دانانی کاریگەری تەواو لەسەر شێوازی بیرکردنەوە .. بەرئەنجامەکەشی بە گۆڕانکاری کۆتایی دێت ... دەشتوانین پێی بڵێین (جەنگان لەگەڵ خود) .
هەروەک چۆن ناتوانین پەیکەرێکی پتەو و بەهێز بە قوڕ دروست بکەین تا بپارێزرێت لە شکاندن ئەگەرچی تەقەلای زۆریشی لەگەڵدا بدەین بە هێنانی گڵی هەمە ڕەنگ و ئاوێتە کردنی بە مادەی جۆراوجۆر ، ئا بەو جۆرە و لەسەر ئەم بنەمایە پێوستمان بە ئاسن یان مس یان هەر کە کانزایەکی تری خۆگر و بەتین هەیە تا بتوانین پەیکەرێکی مەحکەمی لێ دروست بکەین .
بە هەمان هاوکێشە ... گۆرانکاری لە ناو تاک و کۆمەڵدا ڕونادات ئەگەر بیرکردنەوەی کەسەکان نەگۆڕدرێن ...!! هەرگیزاو هەرگیز دز ناتوانێت ببێتە دژە دزی ... لەبەر ئەوەی ناتوانێت لە دژی خۆی بوەستێتەوە ... هیچ ڕۆژێک هەلپەرستی خۆپارێز نابێتە بەرگریکاری هاوڵاتیانی ڕەشوڕوت و بێ پشت وپەنا لە کاتێکدا ئامانجی مانەوە و ژیانکردنی خودی خۆیەتی نەک خەڵکی ... لە فەرهەنگی بەرەنگاربونەوەشدا ئەو کەسانە نابینرێن کە لەسەرەتاوە بوێر و دڵسۆز نەبووبن ...
ڕۆژگار گەلێ پەندی پێ بەخشیوین تا بتوانین ڕاستی لە ناڕاستی جودا بکەینەوە ئەویش بە بیرکردنەوەی ژیرانە ، نەک بە لەنگەوقوچ تێگەیشتنی لێکەوتەکان و گەیشتنیان و وەرگرتنیان بە گێلانە ... ئەوەی دەبەخشێت دەتوانین چاوەڕێی ئەوەی لێ بکەین لێی وەربگیرێت ... ئەوەشی لێت دەستێنێت هەردەم ئەوەی لێ بەدی ناکرێت شتێکی لێیەوە بەدەست بهێنرێت ...
ئینجا ئەمە ئەو کلیلەیە دەرگا داخراوەکەی پێ دەکەینەوە :
کاتێک هێزێک لەناو کایەی سیاسەت کردندا دروست دەبێت دواتر لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکاندا هێزی دی لێ جیادەبێتەوە بە ناو و دەنگ و ڕەنگی جیاواز دێتە گۆڕەپان ... دەبێت هەنگاوەکانی کارکردن و ئامانجەکانی سەرکردایەتی و ژێرکردایەتی لە هێزی دوەم تەواو جیاواز بێت لەو شێوازەی لە هێزەکەی یەکەم بونی هەبوە . گەر وا نەبێت ئەوا کورد وتەنی :(هەمان تاس و هەمان حەمام) لێ دەکەوێتەوە.
تۆ ... کە لە ناوجەرگەی حیزبێکی وەک یەکێتی جیابویتەوە ، لە ناو حیزبەکەدا هیچ دەنگ و هەڵوێستەت نەبوە دواجار بویتە گۆڕان ... ئەوا تۆ هەر یەکێتیەکەی جارانیت ...
تۆ ... لە ناو یەکێتیدا بە هەلپەرستی و خۆپەرستی هاتویت و بویتە گۆڕان چاووەڕێی ئەوەت لێ ناکرێت هەلپەرست نەبیت و خەڵک پەرست بیت ... ئەوا هەر یەکێتیت ...
تۆ ... بە هەناسەی ڕوخانی هێزێکی وەک پارتی کاری سیاسیت کردبێت و جیاواز لەمە لە دوای گۆڕان بونت بە هەناسەی چاکسازی لەگەڵ یەکێتیدا کار بکەیت .. ئەوا هەر یەکێتیت ...
تۆ ... لە ناو یەکێتیدا هیچ بەرهەمێکت نەبوە و هەوڵێکت نەداوە لە پێناو چاکسازی و گۆڕانکاری دواتر بویتە گۆڕان ... کەواتا تۆ هەر یەکێتیت ...
تۆ ... هەتا توانیوتە لە ناو یەکێتیدا گەندەڵیت کردوە و دەست پیس بویت و نەتتوانیوە پاکێتی خۆت بپارێزیت و پەرێزت خاوێن نیە ئێستا هاتویت بویتە گۆڕان ... ئەوا تۆ هەر یەکێتیت ...
تۆ ... هەتا لە ناو یەکێتیدا بویت و هیچت پێ نەکراوە کەمێکیشت پێ نەگۆڕاوە هەستاویت بویت بە گۆڕان ... کەواتا ئێستاکەش هەر یەکێتیت ...
تۆ ... کە ئامادە بویت بە کۆیلایەتی و دەروێش تەکێیانە لە ناو یەکێتیدا کاری سیاسیت کردبێت دواتر بویتە گۆڕان ئەوا لە ناتوانیت ئازادبیت و هەر بەکۆیلایەتی دەمێنیتەوە ... ئەوە مانای ئەوەیە هەر یەکێتیت ...
تۆ ... کە یەکێتی بویت و چاوپۆشی و لە هەموو کەم و کورتی و خراپیەکان پۆشی بێت وئێستا هاتویت و بویتە گۆڕان مانای ئەوەیە ئەمڕۆش چاو لە کەموکورتی و خراپیەکانی گۆڕانیش دەپۆشیت ... کەواتا بەردەوام تۆ هەر یەکێتیت ...
تۆ ... کە پێشتر لە ناو یەکێتییدا بویت ... دواتر بویت بە گۆڕان ... دواجار ئامادە بیت ببیتەوە بە یەکێتی یان بچیتە ناو پارتی ... کەواتا تۆ هەر یەکێتیەکەی جاران بویت و گۆڕان بونیشت دۆڕاندبوە ...
لە مانەوە بۆمان دەردەکەوێت گۆڕانکاری بە کەسانێک دەکرێت لە بیرکردنەوە و ناخیاندا گۆڕان بن ، نەک بە تەنها خۆ ببینینەوە بێت لە ناو هێزێکدا ناوی گۆڕان بێت