لە یادی ڕاپەڕین ... ئازادیتان باش ...!!
سۆران محەمەد غەریب
2021-03-07   498
مانگی ئازار هات .. وەرزی سەوز بون و ژیاندنەوە وا گەیشت ... بەرەو دەسپێکی وەرزی بەهار دەچین و ئاگری نەورۆز دەکەینەوە ... ڕەشەبای دواین ڕۆژەکانی ڕەشەمە و ڕاپەرین لە بەرامبەر ستەم و زۆرداری هەڵی کرد و دواجار بوە شنەی شەماڵی ئازادی ...
یادت پیرۆز ئەی ڕاپەڕین ... یادی ٣٠ ساڵەی ئازادی و بەختەوەریمان ...
یادی شانازی کردن بە ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی .. ئەو ڕاپەڕینەی لەسایەیدا هەموان یەکسان ..ئازاد و ماف پارێزراوین ...
کاتێک حیزبایەتی بوو بە ئامراز بۆ تێکشاندنی کۆیلایەتی و هێنانەکایەی مرۆڤی ئازاد ...
تەماشاکەن چۆن دام و دەزگا و دامەزراوەکان بونەتە پایە بۆ خزمەتکردن - بەرەوپێشچون - هەست بە بونی مرۆڤی کەڵکگر ..
ببینن چۆن نوێنەران لە پەرلەمان ...! لە پێناو خەڵکیدا هەراسان و بێداربون بڕیار لەدوای بڕیار یاسا دەردەکەن بۆ بەرژەوەندی گشتی ، تا چی دی هەژارەکانی نیشتمان برسی نەبن و لە خەونەکانیاندا خەون بە کولێرەوە نەبینن ...
ببینن حکومەت ..! خزمەت نەماوە بە خەڵکی نەگەیەنێت کارنامەی باش نیە جێبەجێی نەکات ..! هەموو خەمێکی دروستکردنی پەیوەندیە تا بەسواڵیش بێت لەم وڵاتە بێ سامانەدا خەڵکی وڵات تێروتەسەل بژێنێت .. نیشتمانمان ساڵ لە دوای بەرەوپێش دەچێت .. خراپ نەما چاکی نەکات .. وێران نەما بونیادی نەنێت .. ناشرینمان نەدی جوانی نەکات .. گیرفان نەما پڕی نەکات .. ماڵی سارد نەما گەرمی نەکات .. کەوتوومان نەدی هەڵی نەستێنێت .. بیابان نەما سەوزی نەکات .. ڕوت و داماو نەما پۆشتەی نەکات ..
ببینن چۆن ..! لەم هەرێمەدا داواکاری گشتی و دادگاکان چەندە سەربەخۆن ..! هەر لە پێناو دادپەروەریدا کار دەکەن و خەم دەخۆن ... داواکاری گشتی سکاڵا لە دژی گەورە دزان دەجوڵێنێت .. خاک فرۆشان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت .. دادگاش بێ دەستێوەردانی هیچ بەرپرسێ بوێرانە و بێ سڵەمینەوە سزای توند بەسەر تاوانکاراندا دەسەپێنێت ...
ئەی ئەوە نیە ...؟ کاربەدەستانی وڵات گەنجینەکانیان بۆ خەڵکی هەڵتەکاندوە .. بەختی ڕەشی ئێمەیە چارەنوسی ئەوانی وا سوتاندوە ... هەرچی سەرمایەی نێو ئەشکەوت وشاخەکان بوو بۆیان هێناین .. تا هاونیشتمانی نائومێد نەبن و خەڵکی پڕ لە پول و پارە بێت بەرک و گیرفانیان ...!
ئەی ئەوە نیە..! هەرچی تەلارە بۆمانیان بردوە بەرەو ئاسمان ..تا بتوانین لە کۆشکی بلورینەوە ببینین سەراپا وڵاتانی جیهان ...
ئەی ئەوە نیە ..! لەبەر ڕوناکی شارەکان .. شارۆچکە و گوند و چیاکان .. بیانیەکان بۆ وڵاتمان دێنە گەشت .. لە گەڕانەوەیان بۆ هاوەڵ و کەسیان بە ئیرەییەوە دەگێڕنەوە وڵاتێک هەیە پڕ لە پەند و وێنەی بەهەشت ..
ئەی ئەوە نیە ...! ڕێگا و بان و کوچە و کۆڵان سف و ڕێکە .. هەروەکو بڵێی : تەختی ئاوی مەنگە ...
ئەی ئەوە نیە لە سایەی پەروەردە و خوێندنی دروستمان لە خوێندنگا فێر دەبین ڕێبازی نوێ و بێ کەم کورتی .. لە دەرەوەی وڵات منداڵان دەهێنن تا بە شان بەشانی منداڵی ئێمە بخوێنن .. بە نازەوە قۆناغەکانی خوێندنیان دەگوزەرێنن ...
ئەی ئەوە نیە ..! لەسایە و سێبەری کردنەوەی دەیەها زانکۆ و سەدەها کۆلیج توێژینەوەی زانستیمان چۆن چۆتە پێش ... ناوی زانکۆکانمان چوەتە لیستی یەکەمینەکانی زانکۆکانی جیهانەوە هەتا بگوترێت بە سەنگ و کێش .. لە دەرەوەی وڵات بلیمەت و بەهرەدارەکانی خۆیان دەنێرن ..تا لێمانەوە فێری زانست بن سود لە تواناکانمان وەربگرن ..
ئەی ئەوە نیە ...! لەبەر سەوزبونی خاکمان .. بە سەوزایی و ژینگەی پاکمان .. چەندە لەبارە بۆ ژیانکردن .. لەبەر پاکژی ئاو و هەوامان .. هەموان تەندروستین .. ئەوەی نەخۆشی بێت نایگرین ...
ئەی ئەوە نیە ...! کەرتی تەندروستی .. ئەگەر ڕاست دەکەیت و زۆر بەهەستی ... ڕێک وەکو من دەیبینی .. کام دەرمانە بە باشترین شێوە لێرە بەرهەم دەهێنرێت و دەدرێت بە نەخۆش .. هەر هەموان لە خۆشی هەروەک سەرخۆش .. لەبەر باشی و پاکی نەخۆشخانە .. هیچ کەس ناچێتە نەخۆشخانەی تایبەتی وێرانە ..
ئەی ئەوە نیە ..! مامۆستا و فەرمانبەر بونەتە تەوقی عەزازیل و لەخۆڕا بەربونەتە گیانی حکومەت .. هەتا توانایان هەیە شەق ئەدەن لە ئاسایشی نەگبەت ...
ئەی ئەوە نیە ...! پارچەکانی تری کوردستان بە سیاسەتێکی زۆر ژیرانە .. بەبێ شەڕ و هیچ خوێن ڕشتنێ ڕزگارمان کرد و بوینە خاوەنی گەورەترین دەوڵەت و هێلانە ...
ئەی ئەوە نیە ...! دەستی چەپەڵی دوژمنانی کورد لەسەر خاکمان بڕا ... هیچ کام لەوان دەمیان گۆناکات تاکو بڵێن ئەوەی خاکی ئێمەیە ، چونکە گەلی کوردمان هەموو دەژین وەک برا ...
ئەی ئەوە نیە ...! پێشمەرگە و سوپامان نە لە دەست حیزبە نە چەند کەسێک هێندە ڕێكخراو - تۆکمە – یەکگرتو و بە هێزە .. لەسەرانسەری گێتیدا سەرکردەکانمان جێگای شانازی و ڕێزە ...
ئەی ئەوە نیە ..! یاسا سەروەرە جیاکاری ناکرێت بۆ هەموان هەروەک یەکە بۆ سەرکردە و بنکردە .. شۆڕشی کردبێ لە چیا و دۆڵ .. تەلاری بەرز ماڵی بێ یاخود ماڵە هەژارێ لە قوڕ و خۆڵ ...
ئەی ئەوە نیە ..! زیندانەکان پڕێتی لە بەکرێگیراو و خۆفرۆش .. ئەوانەش لە دەرن هێندە ئاسودەن لە خۆشیدا بون بە گوڵ فرۆش ...
کەواتا ئازادیتان باش ...
سڵاوت لێبێت ڕاپەڕین ...
بەخێربێیتەوە یادی ٣٠ ساڵەی ئازادی نەوژین ...