خۆپیشاندان بەرەو كوێ؟

سەردار قادر
  2020-12-09     534

هەر خەڵك هاتە سەر شەقام و نارەزایى دەربڕى، هەمو ئەوە ئەبیستین دەستى دەرەكى هەیە؟ هەر بارەگایەك سوتا، هەڕەشە ئەبیستین؟

كەس نەیبیست بەرپرسێك خاوەن دەسەڵات بێت و بڵێت ئێوە مافى خۆتانەو داواكاریتان رەوایەو ئەبێت ئێمە بڕیار بدەین و كارى یەكەممان موچە بێت و حكومەت رێكبخرێتەوە و لەگەڵ بەغداد رێككەوین كە بەرژەوەندى هاوڵاتیان ئامانجى یەكەممان بێت .

هەمو پشتگیرى ئەكەن بەڵام هێزیش ئەنێرن بۆ سەركوتكردنى. ئەوەى ئەبێتە پرسیارى جدى ئایا خۆپیشاندان بەرەو كوێ؟

ئەم خۆپیشاندانە وەك ئەبینرێت :

تواناى خۆڕێكخستنى خۆى نییە زیاتر ناڕەزایى خۆڕسكە. ئەنجومەنى بۆ خۆى دروست نەكردوە لەسەر ئاستى شار و قەزا و ناحیە .

ئەم خۆپیشاندانانە زیاتر ناوچەییەو زۆرینەى شارەكانى نەگرتۆتەوە، ئەوەش بۆتە پرسیارى جدى ئایا لەم دەڤەرە روبەرێك بۆ ئازادى هەیەو سنورى ئەولا بۆتە زیندانێكى گەورە بۆ رادەربڕین؟

ئەم خۆپیشاندانە تا ئێستا دروشمەكانى رون و ئاشكراو دیارى نەكراوە، واتە داواكاریەكان خاڵبەندى بۆ نەكراوە، ئایا بێ ئومێدى لە دەسەڵات و حیزبەكان واى كردوە یان نەبونى خۆڕێكخستنى خۆپیشاندەران هۆكارە؟

ئەم خۆپیشاندانانە بۆ ئەوەى لە گرێژنە دەرنەچێت، ئەكرێت خاوەن دونیابینى خۆى بێت و نەخشەیەكى دیارىكراو بۆ خۆى دەستنیشان بكات و نە بە پەیمانى خەیاڵى دەسەڵات هەڵخەڵێت و نە ببێتە پرۆسەى داڕمانى گەورە بۆ بارودۆخەكە، بەڵكو نەخشەى زەمەنى خۆى هەبێت بۆ داواكاریەكان .

تاكى كوردى ناڕەزا، ناكرێت بە گێرەشێوێن وێنا بكرێت، مامۆستایان و موچەخۆران بە داردەستى ئەم و ئەو ببینرێت .

ناشكرێت خۆپیشاندان بەرەو بارێك بڕوات ئەوەندەى تر ئومێدو خەونى رەواى خەڵك بكوژێت .

قوربانیانى خۆپیشاندانەكان شەهیدى وڵاتن بۆ هێنانەدى دادپەروەرى. ئەم خۆپیشاندانانە خاوەن ئایدلۆجیایەكى دیارىكراو نیە بۆیە زیاتر رەوتێكى رادیكاڵەو كەمتر پاڵەوان دروست ئەكات، وەك جاران نیە لایەك، بزاوتێك خۆى بكاتە خاوەنى .

ئەبێت چى بكرێت، ئایا خۆپیشاندان بە ئیحتیواكردن تەنها چارە ئەكرێن؟ بۆ ئەوەى بەرەو بارى نەخوازراو نەڕوات چى بكرێت؟

ئاخۆ هەنگاوەكانى لاى دەسەڵات و حیزبەكان چى ئەبێت، لاى خۆپیشاندەرانیش رەوتەكە بەرەو كوێ ئەڕوات، هیواى گشتیش نەبونى قوربانى ترەو بەرفراوان بونى ئازادییەكانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×