كاك عه‌بدولره‌زاق تكایه‌ راستیه‌كان مه‌شێوێنه‌‌!

سیروان ره‌شید
  2020-12-05     786
دوێنێ به‌رێز كاك عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف، نوسینێكی، بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تێیدا باسی ئه‌وه‌ده‌كات، كه‌ دوای سه‌ردانێكی ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان بۆلای كاك نه‌وشیروان، ره‌حمه‌تی كاك نه‌وشیروان: "رێنمایی كردم لە میدیای گۆڕان چیتر باسی خراپی پرۆسەی نەوت‌و ئابوری سەربەخۆ‌و گرێبەستە نەوتییەكان نەكەین، وتیشی تەنیا شتێ‌ لەوبارەیەوە باسی بكەن ئەوەیە كە بڵێن پارەكەی لە كوێیە؟".
من وه‌ك چاودێرێك و وه‌ك میدیاكارێك له‌ كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن، وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی پیشه‌يی و ئینسانی خۆم به‌ پێویستی ده‌زانم، كه‌ لێره‌دا به‌ به‌ ڵگه‌و دۆكیۆمێنت بۆ كاك ره‌زاق و خوێنه‌رانی رونكه‌مه‌وه‌، كه‌ سه‌رتاپا ئه‌و قسانه‌ی كاك ره‌زاق چه‌واشه‌كردنی مێژووه‌و پڕه‌ له‌ ناهه‌قی به‌رامبه‌ر‌ شه‌خسی كاك نه‌وشیروان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌م به‌ڵگانه‌:
یه‌ك: سه‌ردانی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان بۆ لای كاك نه‌وشیروان، له‌رۆژی 5- 6- 2012، بوو، كه‌ ئه‌وكات به‌رێز هۆشیار عه‌بدوڵا به‌رێوه‌به‌ری كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن بوو، نه‌ك كاك عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف. هه‌موو به‌ڵگه‌و دۆكیۆمێنتی رۆژی سه‌ردانه‌كه‌ له‌ ئه‌رشیفی من و كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن دا هه‌یه‌ و وێنه‌ی گیراوه‌. 
بۆ مێژوو ئه‌ڵێم ئه‌و رۆژو رێكه‌وته‌ی كه‌ ئاشتی هه‌ورامی سه‌ردانی كاك نه‌وشیروانی كرد، له‌ لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیه‌كانی په‌ڕله‌مانی كوردستان، دوو نوێنه‌ری ئۆپۆزسیۆن هه‌بوو (كاك عه‌بدوڵای مه‌لا نوری به‌نوێنه‌رایه‌تی فراكسیۆنی گۆڕان، خوشكه‌ ناسك تۆفیق له‌ یه‌كگرتوو- لیستی خزمه‌تگوزاری و چاكسازی)، ئه‌وه‌بوو خوشكه‌ ناسك له‌و كاته‌دا لێدوانێكی بڵاوكرده‌وه‌و پرسیاری له‌سه‌ر ئه‌و سه‌ردانه‌ی ئاشتی هه‌ورامی هه‌بوو " ناسك خان خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا له‌ ژیاندا ماوه‌و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووه‌".
دوو: كاك عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف له‌و به‌رواره‌ی سه‌ره‌وه‌و له‌و كاتی سه‌ردانه‌دا‌، لێپرسراوی راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بو، كاتی وازهێنانی له‌ یه‌كێتی له‌ هاوینی 2013 دابوو و دواتر په‌یوه‌ندی كرد به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌و له‌ هه‌ڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 بۆ په‌ڕله‌مانی عێراق كاندید بو، ئه‌و چه‌ند هاوڕێیه‌كی تر، ده‌نگی پێویستیان نه‌هێنا بۆ ده‌رچوون.
سێ: كاك عه‌بدولره‌زاق ده‌نوسێ له‌و سه‌رده‌مه‌ی به‌رپرسی كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن و میدیای گۆڕان بوو " كاك نه‌وشیروان رێنمایی كردم لە میدیای گۆڕان چیتر باسی خراپی پرۆسەی نەوت‌و ئابوری سەربەخۆ‌و گرێبەستە نەوتییەكان نەكەین، وتیشی تەنیا شتێك‌ لەوبارەیەوە باسی بكەن ئەوەیە كە بڵێن پارەكەی لە كوێیە؟ منیش ئەم رێنمایەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەم كرد بە پەخشنامەیەك‌و بەڕێوەبەری بەشەكانی میدیام لێ‌ ئاگاداركردەوە‌و ئەوانەشی پەخشنامەكەیان جێبەجێ كرد لەژیاندا ماون".
وه‌ڵامی من بۆ ئه‌م به‌شه‌ی نوسینه‌كه‌ی؟
جارێ وه‌ك پێشتر باسمكرد رۆژی سه‌ردانی ئاشتی هه‌ورامی سێ ساڵ پێش بونی كاك عه‌بدولره‌زاقه‌‌ له‌ناو گۆڕاندا، كاك عه‌بدولره‌زاق له‌ 1-3-2015، بوو به‌ به‌رپرسی كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن و میدیای گۆڕان، ئه‌و زه‌مانه‌ش گۆڕان هه‌شت مانگ بوو، چوبووه‌ حكومه‌ته‌وه‌ (كابینه‌ی هه‌شت له‌ 18-6-2014).
من كه‌ ئه‌وكات ئه‌ندامی بۆردی كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن بووم، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ زه‌مانی ده‌ستبه‌كاربونی كاك عه‌بدولره‌زاق رێنمایی له‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ باسی كردووه‌ نه‌یبووه‌و ته‌واوی بڕیار و رێنمایی جه‌نابیان ئێستا لای من و لای كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن و لای خۆی ماوه‌. 
زه‌مانی كاك ره‌زاق له‌ میدیای گۆران و كه‌ی ئێن ئێن، زه‌مانی به‌شداری گۆڕان له‌ حكومه‌تدا و ده‌ركردنی گۆڕان بوو له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌ڕله‌مان و حكومه‌تدا، ئه‌شێ جاروبار هه‌ڵمه‌تی میدیایی له‌سه‌ر ناشه‌فافی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی هه‌ڵبه‌زو دابه‌زی له‌ گوتاری میدیایدا هه‌بووبێت و كارێكی ناعورفی بوو گۆڕان له‌حكومه‌تدا بێت و به‌هه‌مان زمانی میدیایی سه‌رده‌می ئۆپۆزسیۆن گوتاره‌ میدیایه‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت. كه‌ پاشتر دوایی كوده‌تاكه‌ی 12ی ئۆكتۆبه‌ری 2015، توندتر له‌ پێش و هه‌ڵمه‌تی میدیایی دژی سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌ت و پارتی به‌رده‌وام بوو. 
کاک نەوشیروان مسته‌فا وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كورد بایه‌خی ستراتیجی نه‌وتی كوردستانی باش ده‌زانی بۆ به‌هێزبونی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ دژی دەرھێنانی نەوت نەبوو، دژی ئەو ھەموو گەندەڵی و ناشەفافیەتە بوو کە لە دۆسیەی نەوتدا هەبوو. بەتایبەت ئەو کات کە باسی شیرینی نەوت و ٥ ملیار دۆلارەکە زۆر دەکرا، بەڵام دیار نەبوو چی لێھاتوە و چۆن بەشکراوە.!
من خۆم له‌ ده‌یان دانیشتن و كۆبونه‌وه‌دا له‌شه‌خسی كاك نه‌وشیروانم بیستووه‌، ئه‌و تا مردیش ھێندە ناڕازی بوو لە سیاسەتی نەوتی ده‌سه‌ڵاتداران، بە وەزیری دارایی وتبوو كه‌ له‌ پشكی گۆڕان بوو: نابێت واژو لەسەر کۆنوسی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی ھەرێمیی نەوت و گاز بکەیت و نەیکرد.
بۆیه‌ دڵنیای خوێنه‌ران و كاك عه‌بدولره‌زاق ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ سه‌رتاپا ئه‌و قسانه‌ی نادروسته‌و هیوادارم له‌به‌ر چه‌واشه‌نه‌كردنی راستیه‌كان و مێژوو و ویژدانی خۆی، ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ كردوویه‌تی راستی بكاته‌وه‌.
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×