کۆنسولەکەی ئێران لە سلێمانی و چەند بیرهێنانەوەیەکی سادە
محەمەد ئەمینی
2020-12-05   702
کۆنسولی ئێران لە سلێمانی لە نوسینێکدا بە ناونیشانی "تیرۆریزمی حکومی، گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان"، کە بە زمانی کوردی لە چەند ماڵپەڕێکی کوردی بڵاویکردوەتەوە، بە ئاماژەدان بە کوژرانی موحسین فەخریزادە کاربەدەست لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی وڵاتەکەی، ئەو کردەوەیەی بە پێشێلکردنی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەکان ناوبردوە.
کۆنسولەکەی ئێران داواشی لە وڵاتانی بانگەشەکاری مافەکانی مرۆڤ کردوە بە وتەی ئەو دەست لە دووفاقی هەڵبگرن و ئەو کردەوەیە سەرکۆنە بکەن.
ئەو قسانە و تەنانەت بڵاوکردنەوەشی بە کوردی مافێکی خۆیەتی وەک نوێنەرێکی ئێران بیکات، بەڵام پێویستە هەر بەو زمانە و بە ستانداردانەی خۆی لە نوسینەکەیدا باسی کردوون چەند راستییەکی بە بیر بهێنرێتەوە.
رۆژی ٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠، واتە هەمان ئەو رۆژەی کە فەخریزادە لە نزیک تاران کوژرا، لە بەلژیکا دانیشتنی دادگایی کردنی دیپلۆماتێکی پێشووی ئێران بەڕێوەچوو کە تۆمەتبارە بەوەی پلانی بۆ دانانی بۆمب لە گردبوونەوەیەکی موجاهیدینی خەلق لە نزیک پاریس داناوە.
هەر لەو ئەوروپایە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو چەندین سەرکردە و کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بەتایبەتی کورد لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانی ئێرانەوە تیرۆر کران، لەوانە هەردوو سکرتێری پێشووی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دکتۆر قاسملۆ و دکتۆر شەرەفکەندی، کە بە دیاریکراوی لە دۆسیەی میکۆنوسدا بۆ لێکۆڵینەوە لە شەهیدکردنی شەرەفکەندی بە روونی ئۆباڵی ئەو تیرۆرە درایە پاڵ بەرپرسانی هەرەباڵای ئێران.
دوور نەچین و هەر لە لە سلێمانی، ئەو شارەی کە ئەو تیایدا وەک کۆنسول ئەرکدارە بەدرێژایی ٣٠ ساڵی رابردوو زیاتر لە ٢٠٠ بەرهەڵستکاری کوردی رۆژهەڵات لەلایەن هێزەکانی ئێران و دەستوپێوەندەکانیانەوە تیرۆر کران.
هەر لە نوسینەکەیدا کۆنسولی ئێران باسی لە پەرۆشی خۆی بۆ ئاسایش و ئاشتی کردوەتەوە، بەڵام لەو پەڕی دونیاوە لە ئەرژەنتین لە ئەمریکای لاتین تا ئەفریقا و ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ئاسیا جێپەنجەی حکومەتی تاران لە کردەوەی تیرۆریستی، تۆقاندن و تەقینەوە و رفاندن دیارەبەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەماوەی چل ساڵی رابردوودا هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ٤٠ وڵاتدا زیاتر لە ٣٦٠ کردەوەی تیرۆریستیان ئەنجامداوە، بەشێکی زۆری کردەوەکانیش لە لایەن ئەو کەسانەوە دەکرێن کە لە ژێر پەردەی کاری دیپلۆماسی و پارێزبەندیدا کە یاسا نێودەوڵەتیەکان پێیان بەخشیون، ئەو تاوانانە دەکەن.
وێرانەکانی سوریا ، یەمەن، عێراق، لوبنان و فەلەستینیش شایەتی ئەوە دەدەن ئێران و پاسدارەکانی بەوێدا تێپەڕیون و بە دەیان و سەدان هەزار کەس بوونە قوربانی و بە ملیۆنانیش ئاوارەی دەستی شەڕانگێزیەکانی تارانن.