ژانی (٢٠٢٠)و ژوانی (٢٠٢١)
عیماد ئەحمەد
2020-12-27   531
ساڵی 2020 بۆ ئەوانەی تەمەنێكیان هەیە و راست و چەپی خۆیان جیادەكەنەوە، یەكێكە لەساڵە شووم و نەگریسەكان، دنیای پێشكەوتوو و دواكەوتووی خستە بەردەم یەك چارەنوسی نادیار، هەموو مرڤایەتی خستەوە ژورەوە، ئەمە وای كرد مرۆڤ تۆزێك وردتر بەدیار خۆیەوە دابنیشێت و بە رابردوو و یادەوەری خۆیدا بچێتەوە، منیش بەهۆی دانشتین و خۆ كەرەنتینەكردن لەماڵەوە ،ناچار كەوتمە كۆكردنەوەی دڵۆپ دڵۆپی شەونمی مێشكم، پێش ئەوەی ببن بە هەڵم یان شۆڕببنەوە بۆ ژێر بنجە گیاكانی زەمەن و رەنج بەخەسار بم، لەو دڵۆپە شەونمانە مەرەكەبی رەش و شین و جاروباریش سوور پەیدابوو و جەند لاپەرەیەكم رەنگاو رەنگ كرد وەكوو سەرەقەڵەمێك بۆ نووسینی یادەوەریەكانم پێش ئەوەی مێشكم لە كار بكەوێ و تاقەتی بیركردنەوەی نەمێنێ...!!!
بۆیە وتم رەوای حەق نییە سی چل ساڵ لەمەوبەر باس بكەم و باسی ساڵی(٢٠٢٠) نەكەم كە ئیستا لە ناویدا سەر گەردان و وێڵین
ئەم ساڵە كاریگەری زۆری بە سەر هەموو جیهان بەگشتی و بە سەر كوردستان بەتایبەتی هەیە ، ساڵەكە هەر وەكوو ساڵەكانی ترە لە رووی پێوانە و پەیوەندی بە خشتەی ساڵنامەكان و (زەمان و مەكان)ەوە، بەڵام رووداوەكانی جیاوازن ، جیاوازیەكانیش بەندە بە ژیانەوە
گەورەترین و كاریگەرترین رووداوی ساڵی (٢٠٢٠) بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی كۆڤید(١٩)یە لەجیهاندا كە ژیانی كۆمەڵانی خەڵكی تێك و پێك داوە لە رووی تەندرووستی و ئابوری و سیاسی وكۆمەڵایەتییەوە شیرازەی زۆر شتی پچراندووە وهەموو دونیای توشی شۆك كردووە بۆ ماوەیەكی زۆریش كاریگەری نەرینیەكانی ئەو كارەساتە دەمینێننەوە
ئەم بەڵایە جیاوازی نێوان هەژار و دەوڵەمەند لە نێوان باڵەخانەكانی كەشكەڵانی فەلەک و خانووە قور و تەنەكەكانی لێواری شارەكان ناكات، وەك دەڵێن كەمێك دەس لە منداڵ و ژنان دەپارێزێت
هەر یەكەو لێكدانەوەی تایبەتی خۆی بۆ ئەم ڤایرۆسە هەیە، ئەم ئەڵێت ئەمە كاری چینە و بۆ دژایەتی ئەمریكایە و ئەو ئەڵێت ئەمریكا و ئەروپایە بۆ لە ناوبردنی پیر و پەكەوتەكانی وڵاتەكانیانە، ئەمەی تر ئەڵێت غەزەبی خوایە بە سەر فسق وفەسادی سەر زەمین، ئەوەیتریش ئەڵێت ئەمە تۆڵەی سروشتە دژ بە دڕەندەیی مرڤ.
سەرەڕای كۆرۆنا لافاو وگەردەلول و بومەلەرزە و سوتانی جەنگڵستانەكان و جەنگی ناڕەوا وكەوتنەخوارەوەی فرۆكە و خنكانی خەڵك لە دەریای ئیجەو سوتاندنی بارەگای حزبی و بنكەی حوكومی و كوشتنی خۆپیشاندەران و هەڵبژادنی سەیروسەمەرە ...هتد
لە كوردستانی غەدرلێكراو و دابەشكراودا ساڵی (٢٠٢٠) سەرباری پەتای كۆرۆنا، ساڵێكی پر نەهامەتی و دەردەسەری زیاتر بوو. لە لایەك بێ مووچە و بێ كاری وبڵاوبوونەوەی هەندێ دیاردەی نامۆ و ترسناك ولە دەستدانی ژمارەیەكی زۆر لە ئەزیزان و بی متمانەیی خەڵك بە دەسەڵات، لە لایەكیترەوە دروست بوونی كێشە و گیروگرفت لە نێوان لایەنە سەرەكیەكانی سەر گۆرەپانی سیاسی كوردستان و بە لاكەوتنی تەرازووی هێز بە قازانجی نەیارەكان، بێجگە لە دەست تێوەردانی دەوروبەر بە شێوەی جیاجیا و فراوان لە كار و باری ناوخۆی كوردستاندا.
بە هۆی هەموو ئەمانەوە باری سیاسی و ئابوری كۆمەڵایەتی وڵاتەكەمان خەریکە لە گرێژەنە دەردەچێت و مەترسی گەورەش لە سەر قەوارەی هەرێم و فدراڵیەتەكەمان دروست بووە، دۆستمان كەم و دوژمنمان زۆر بووە، بەشێكی بەهۆی سیاسەتی ناڕاست و دروستی سەركردایەتی سیاسی خۆمانە، لە جیاتی دەسەڵاتی دەوڵەتداری دەسەڵاتی حزبی زاڵكرا، لە جیاتی كوردستانی سەرتاسەری ناوچەگەری و عەشیرەتگەری، لە جیاتی یەكتر قبوڵكردن سەنگەر لە یەكگرتن زاڵكراوە.
وا ساڵی (٢٠٢٠)سەری خۆی هەڵدەگرێت وجارێكیتر نایبینینەوە، بەڵام مەخابن كاریگەری و دەرئەنجامی روداوەكانی بە شێوەیەك لە شێوەكان بۆ ماوەیەك دەمێنێتەوە
ساڵی (٢٠٢١)یەكیش لە بەر دەرگایە و بە بێ ئیزن و ئیرادەی ئێمە ساڵێكی تری تەمەنمان ئەخوات....!!!
گرنگە دوای نەهامەتیەكانی ساڵی 2020 ئەزموون وەربگرین و ناخ و بیركردنەوەمان بگۆڕین، رەفتارو گوفتارمان گوزارشت بن لە نوێبوونەوەیەكی راستەقینە، جەند پێویستە لە ساڵی تازەدا واز لە جوانكاری و رتوشی عەیبەكانمان بێنین و دەست بخەینە سەر برینەكانمان و هەوڵی جدی بدەین بۆ ئاشتبوونەوەی كۆمەڵایەتی و دروست كردنەوەی متمانە و سەقامگیرکردنی یەكسانی، سەروەری یاساو، مسۆگەركردنی ئازادی سیاسی ومەدەنی و كاركردن وەكوو عیبادەت وفەلسەفەی ژیان بێت.
ئای چەند جوان و پیرۆزە ئەگەر: لەساڵی تازەدا ببینین راوكەر كرێكار بێت، خۆشبەخت جوتیار ، پاڵەوان پێشمەرگە ،مەلا فاروق بە سەوڵەجانەکەیەوە مامۆستا ، ئەیوب مجێوری مزگەوت،مەلاحەیدەر جامباز، بەندەش كارگوزاری قوتابخانەیەكی سەرەتایی بێت...
وا بكەین خەڵكی شیاو بۆ شوێنی شیاو بێت، پۆست ئەرك بێت نەك پاداشت، ئاسایشی گشتی قایم بكرێت و ئاسایشی شەخسی و تایبەتی كەم بێتەوە.
چەند خۆشە لەپاڵ ڤاكسنی دژە كۆرۆنا، ئێمەش ڤاكسینی عەدالەت و خزمەتكردنی خەڵك و چارەسەری كێشەو كەموكورتیەكان بەرهەمبێنین و دەسەڵاتی(هەرێم) پێ بکوتین، وابكەین بە كردەوە ساڵی تازە ساڵێكی خاڵی بێت لە ناخۆشی و نەهامەتی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان.