دیدگه‌لێك سه‌باره‌ت به گروپی په‌رله‌مانتاری هیوا
هه‌ردی مێد
2021-01-16   781
گروپی پانزه په‌رله‌مانتاره‌كه به ناو گروپی هیواوه له‌م رۆژانه خۆیان ناساند. مقۆمقۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه له داهاتودا په‌یڕه‌وێكی ناوخۆ بۆ ڕێكخستنی كار و چالاكیه‌كانیان و په‌یوه‌ندییان به گروپه‌كه دابڕێژن. هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه له ئاینده‌دا به یه‌كه‌وه‌ڕا به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن. ئه‌مانه ته‌نها كۆمه‌ڵێ باسوخواسن و چاوه‌ڕێ ده‌بین.
دروستبوونی ئه‌م گروپه و په‌یام و پراكتیكه‌كانیان له په‌رله‌مانی عێراق له هه‌مبه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێییه له په‌یوه‌ندی هه‌رێم و به‌غدا. له چیدا نوێ؟ بێگومان په‌یوه‌ندی كورد و ناوه‌ند هه‌میشه ته‌موومژاوی بووه. زۆرجار په‌یوه‌ندی كورد و به‌غدا به هه‌ڵه له روانگه‌ی دوژمنداریدا خوێندنه‌وه‌ی بۆكراوه، به‌ڵام له راستیدا هه‌ر دوژمنداری نه‌بووه، چونكه هه‌میشه به‌شێكی كورد له په‌راوێزی ململانێكانیاندا په‌نایان بۆ به‌غدا بردووه و له به‌رانبه‌ر ولائی كاتی و دۆستایه‌تی كاتی‌یان هه‌وڵی گه‌شتنیان به سه‌رمایه و سه‌رچاوه‌كانی ده‌وڵه‌ت داوه بۆ هاوسه‌نگردنی پێگه‌یان له ململانێكانیاندا له‌گه‌ڵ به‌شه‌كه‌ی تری نێو بزووتنه‌وه‌ی كوردی. به‌ڵام تا ئه‌مداوییه‌ش ئه‌م په‌یوه‌ندییه ته‌نها رایه‌ڵێكی سه‌ربازیی بووه، ئه‌و شته‌ی له زمانی عامدا پێیوتراوه جاشایه‌تی. به مانایه‌كی دی، ئه‌وانه‌ی پاڵیان به به‌غداوه داداوه بۆ به ده‌ستهێنانی هاوكاری و یارمه‌تی ته‌نها فۆرمێكی چه‌كداری هه‌بووه. به‌ڵام، نوێیه‌تی په‌یوه‌ندی گروپی هیوا به به‌غداوه له‌وه‌دایه كه چه‌كداری و سه‌ربازی نییه، به‌ڵكو ده‌ستگاییه و له په‌رله‌مانه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ن كه‌ڵك له سه‌رچاوه ده‌ستگاییه‌كانی به‌غداو و گه‌مه‌ی هاوپه‌یمانیێتی له‌گه‌ڵ لایه‌ن و گروپه شیعه‌كان وه‌ربگرن به ئامانجی راستكردنه‌وه و هاوسه‌نگكردنی په‌یوه‌ندی حزبه‌كانیانن له‌گه‌ڵ پارتی له سه‌ر ئاستی هه‌رێم.
بۆ من ئامرازه‌كانی كار، ئاخاوتن و پراكتیكی ئه‌م گروپه دوو ره‌هه‌ندی هه‌یه. یه‌كه‌م، وه‌ك وتم په‌یوه‌ندی به‌و ئامانجه‌وه هه‌یه كه ده‌یانه‌وێت له ڕێگه‌ی به‌غداوه لاسه‌نگی هێز له سه‌ر ئاستی هه‌رێم بگۆڕن، ئه‌مه‌ش به ناچاركردنی پارتی به ملدان بۆ داوای حزبه‌كانیان. به مانایه‌كی دی، له ڕێگه‌ی فشار و گه‌مه‌ی هاوپه‌یمانێتی له په‌رله‌مانی عێراق، ده‌یانه‌وێت ده‌ستكاری ره‌وتی رووداوه‌كان له سه‌ر ئاستی هه‌رێم بكه‌ن تا هه‌مواركردنه‌وه‌ی دۆخی لاسه‌نگی سیاسیان. ره‌هه‌ندی دووه‌مش بریتیه له مسۆگه‌ركردنی شانسی هه‌ڵبژاردنه‌وه و پاراستنی پۆست و پێگه‌ی په‌رله‌مانتارییان. ئه‌م ئامانجه‌ی دوایی تژیه له به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی. له كایه‌ی سیاسی‌دا ئه‌مه باوه، هه‌میشه پیشه‌مه‌نده سیاسیه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سییان له پاڵ به‌رژه‌وه‌ندی و خه‌می گشت‌دا ده‌شارنه‌وه و خۆیان وه‌ك خۆنه‌وسیت، لێبڕاو و به‌رگریكاری خه‌ڵك و ده‌نگده‌ریان نیشان ده‌ده‌ن. ئه‌مان له‌وه گه‌شتوون كه هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یان به‌نده به دژایه‌تیكردنی پارتی و بره‌ودان به <كولتوری-دژه-بارزانی>. ئه‌و ئه‌كته‌ر تاك و كۆمه‌ڵانه‌ی له بیست ساڵی رابردوو بره‌و به كارخانه‌ی دژایه‌تیكردنی بارزانیه‌كان ده‌ده‌ن، به قه‌ولی ماكس ڤێبه‌ر، <جڤاتێكی سۆزداری> وایان به ده‌وری خۆیاندا دروستكردووه كه ئیتر خودی خۆیان ناتوانن له ڕێسا و یاسای ئه‌م جڤاته ده‌ربچن و بونه‌ته ئه‌سیری ئه‌م دژایه‌تیكردنه. به مانایه‌كی دی، ئه‌م دژایه‌تیكردنه له یه‌ك كاتدا هه‌م بۆته سه‌رچاوه و سه‌رمایه بۆیان، به‌و پێیه‌ی له ڕێگه‌یه‌وه ناو و پێگه‌ی لێوه به‌ده‌ست ده‌هێنن، هه‌مش كۆمه‌ڵێ جه‌بر كه ناتوانن تاعه‌تی نه‌كه‌ن له هه‌ر دۆخێك‌دا.
به گشتی كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م گروپه و پراكتیكه‌كانیان له په‌رله‌مانی عێراق كۆمه‌ڵێ ده‌رهاویشته‌ی بووه و ده‌بێت له سه‌ر هه‌رێم كه به كورتی هه‌وڵده‌ده‌م له خواره‌وه ئاماژه‌یان پێبده‌م:
یه‌كه‌م: له ڕێگه‌ی ئه‌م گروپه‌وه به‌شێك له ململانێكانی كورد به ناوه‌ند ده‌كرێت به تایبه‌تی له ڕێگه‌ی په‌رله‌مانی عێراق. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له سه‌ر ئۆتۆنۆمی سیاسی هه‌رێم ده‌بێت. تا ئێره، هه‌رێم كایه‌یه‌كی سیاسی ئۆتۆنۆمی هه‌بوو و تاراده‌یه‌كی باش خۆی ئیداره‌ی ململانێكانی ناوه‌وه‌ی خۆی ده‌دا. به‌ڵام، ئیداره‌دانێكی جه‌بری. پارتی و یه‌كێتی له ڕێگه‌ی هێزه‌و و پاره‌وه ئیداره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دی داوه. بۆیه به‌رپرسی سه‌ره‌كی گواستنه‌وه‌ی به‌شێكی ئه‌م ململانێیانه بۆ ناوه‌ند له ئه‌ستۆی پارتی و یه‌كێتیه. بێگومان، ئه‌م به ناوه‌ندكردنه‌ی ململانێی كورد-كورد له هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێز سه‌رۆكی عێراقه‌وه (به‌رهه‌م ساڵح) له په‌رله‌مان ده‌ستی پێكرد. هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی عێراق كه تا ئه‌م وه‌خته له سه‌ر ئاستی هه‌رێم تاوتوێ ده‌كرا و ده‌بڕایه‌وه، لێره‌وه به ناوه‌ندكرا و كرایه گره‌وێكی ناوه‌ندگه‌ر و عێراقی.
دووه‌م: به‌هێزكردنی په‌رله‌مانی عێراق و گواستنه‌وه‌ی ململانێی كوردی-كوردی ده‌بێته هه‌روه‌ها مایه‌ی له ده‌ستدانی سه‌ربه‌خۆی ئیداری و جڵه‌وكردنی زۆر بواری دی له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه. چونكه پارتی بۆ لاوازكردنی ئه‌م گروپه و په‌راوێزخستنیان، به دووری نازانم له داهاتوودا ته‌نازولی زیاتر بۆ گروپ و لایه‌ن و حكومه‌تی شیعه بكات.
سێیه‌م: گواستنه‌وه‌ی ململانێی كوردی-كوردی و به په‌رله‌مانكردنی له به‌غدا تاراده‌یه‌ك به‌شداری كارایی و به‌خشینی گڕوتین به ده‌ستگاكانی ناوه‌ند ده‌دات به زه‌ره‌ری هه‌رێم. پێموایه، له‌م رووه‌وه ئه‌دگاره‌كانی به‌هێزی په‌رله‌مانی به‌غدا به‌ده‌ركه‌وتووه و زۆرجار به روونی ده‌یبینین.
سه‌رهه‌ڵدانی <گروپی په‌رله‌مانتاری هیوا> ره‌وتێكی نوێیه و له داهاتوودا ، به دووری نازانم، كاریگه‌ری و قورساییان له سه‌ر دینامیكی سیاسی و په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا روونتر ده‌ربكه‌وێت.