هه‌ینی, 10 ی کانونی دووه‌م , 2025

كاریگەریەكانی پۆست كۆرۆنا

مەلا بەختیار
  2020-03-27     942
ئادەمیزاد تێكڕا، دوچاری جەنگێكی جیهانی بێ تەقە، بێ هێرش، بێ پۆلە فڕۆكەی مەرگ چێن، بێ هەواڵگری‌و كۆبونەوەی جەنەراڵە ئەستێرە لەشانەكان، بۆتەوە. جەنگێكە، هەرچی سوپاو تەكنەلۆژیای جەنگین هەیە، بەكاربهێندرێ‌، ناتوانن، تاقە ڤایرۆسێكی نادیاری ئەم جەنگە، لەناوبەرن!

دەمامكەكانی زانست‌و تواناو قەڵمڕەوە زلهێزەكان، هەموو، لەبەردەم جەنگی كرۆنۆی جیهانیدا، دڕان. تەنها دەمامكی هەرزانی پاراستنمان لە ڤایرۆس، بۆتە سومبلی بەشەریەت.

پێم سەیرە، هەندێك جار، كەسانی وا قسە لە نەخۆشی كۆرۆنا دەكەن، كە جارێ‌، پسپۆڕە جیهانیەكانی بواری كیمیا و ڤایرۆس، ناتوانن، خۆیانی بەتەواوەتی لەقەرە بدەن!!

ئەوەی سەرنجی بەندەی راكێشاوە، قسەكردنی ئابوریناس‌و بیرمەندو سیاسەتمەدارە گەورەكانە، لەسەر كاریگەریەكانی ئەم بەڵای ناگاهانە، كە ئادەمیزادو حكومەتەكان‌و سەراپا ژیانی، خستۆتە بیركردنەوە لە مەرگی بەكۆمەڵ، تەنانەت، توندڕەوە ئیماندارەكان، لەبری ئەوەی بە خورافات‌و تورهاتی ئەندێشەی میتافیزیكیان (ئەودیوی سروشت) بچنەوە، سورن لەسەر جیهانبینی خۆیان، گوایە، رۆژگاری سزای خوداوەند هاتووەو تۆڵەی خراپەكاری‌و هەڵگەڕانەوە دەسەندرێتەوە. بێگومان بازاڕی ئەم نوشتەو نزایانە لە تاریكستانی ئەقڵیەتی بێ متمانەكان بە زانستی پزیشكی، هێشتا گەرمە؛ بەڵام دڵنیام، كۆرۆنا، راچڵەكینی ئەوتۆی لە هزرو روحدا خوڵقاندووە، گەلێ بۆچونی پروپوچ هەیە، تیشكی كزیان، دادەچۆڕێ‌!!

بەدڵنیاییەوە، ئەم ڤایرۆسە كۆمەڵكوژە، چارەسەری دەدۆزرێتەوە. كە چارەسەریشی دۆزرایەوە، هەنگینێ‌، نوشتەو مشتە، كڕیاریان كەم دەبێ‌.

لەم كورتە وتارەدا، تەنها بۆچونێكی سەرەتایی لەسەر كاریگەرییەكانی پۆست (دوای) كۆرۆنا دەردەبڕم. كە هەموو حكومەت‌و كۆمپانیاكانی كیمیایی‌و چارەسەری ڤایرۆس، هەتا ئێستا دەستەپاچەیی خۆیان سەلماندووە. بۆیە، بە تریلیۆن دۆلاری تەرخانكراوی حكومەتەكان، نەتوانراوە، نەك چارەسەر بۆ ڤایرۆسەكە بدۆزرێتەوە،بەڵكو متمانەی خەڵكیش نەهاتۆتە سەر خۆی. تەنانەت هزری رای گشتیش، لەمەودوا، بەشێكی بەرچاوی دەگۆڕدرێ‌! تایبەت كەمدەرامەتەكان.

لێرەدا، جێی خۆیەتی بپرسین رەهەندی كاریگەریەكانی پۆست كۆرۆنا، چی دەبن‌و چۆن دەبن؟

لەوەڵامدا، دەڵێین: خەمڵ لێدان بۆ روداوی جیهان هەژێنی ئاوهای لەناكاو، هەڵەیەكی زانستییە. بەڵام دیاردە و دەركەوتەكان پێماندەڵێن:

بەشێكی ستراتیژی چاوچنۆكی ئابوریی، كۆمپانیا كەتەو تەگەكان، دەگۆڕدرێ‌. هیچ نەبێ‌ بۆیان دەركەوتووە، كە پارەی مۆڵی دونیا، لەبەرامبەر ئەم نەخۆشییە كۆمەڵكوژیەدا، وەكو سیاسەتی رابوردوی ترسناكی ئابوریان چیكە دادیان نادا. كە قەوما، لە هەمویان قەوما. بۆیە ناچار دەبن، بەشێكی ستراتیژی تەكنەلۆژیای زەبەلاح، كە ئاشكرا سیستەمی ژینگەی لەگرێژنەی ژیان ترازاندووەو مەترسی لەسەر گۆی زەوی پەیداكردووە، بگۆڕن. لەمبارەوە، بانگەوازی زاناكانی ژینگە، لە چارەكە سەدەی رابوردودا، راست دەرچوو.

كە بنەمای ئابوری‌و بۆڕبۆڕێنی كۆمپانیاكان گۆڕدرا، دیارە، سیاسەت‌و باجی ئابوری حكومەتەكانیش، بۆ بەرهەمی هەناردەو هاوردە، لە باجی گەورەوە بۆ باجی هاوڵاتیش، دەگۆڕدرێ‌.

لەمەودوا، كۆمپانیاكانی كیمیاو فیزیاو كاڵای تەندروستی، زیاتر لە كۆمپانیاكانی دیكە، بایەخیان دەدرێتێ‌. بەشێكی زۆری بودجەی حكومەەكان، تەرخانی داهێنانی دەرمان‌و سیستەمی تەندروستی وڵاتان دەكرێ‌. پەیوەست بەم راستییە، لەمەودا، رێكخراوی تەندروستی جیهانی، بەئەندازەی ئەنجومەنی ئاساییشی جیهانی، نەك دەسەڵاتی تەندروستی، بەڵكو دەسەڵاتی فراوانتری چاودێریكردنی كۆمپانیاكان‌و كۆنترۆڵی چەشنایەتی دەرمان‌و تەندروستی ئادەمیزادی گۆی زەویش دەكەن؛ لە وڵاتانی زەنگینەوە هەتا بەلەنگاز!!

پێشمانوایە، گەورەترین تاوان، لەمەودوا، تاوانی دەرمانی ئێكسپایەرو كۆمپانیای ساختەو ئامێرەكانی پیسكردنی ژینگە دەبێ‌. لە تەواوی جیهاندا.

هەڵبەتە، لەپاڵ ئەو هەموو تراژیدیای بۆ مرۆڤایەتی خوڵقا، لێكەوتەی سودبەخشیش سەریهەڵداوە. ئەمەش دەریدەخات، كە چەوساندنەوەو چاوچنۆكی سیستەمەكانی سەرمایەداری‌و بازاڕی بێ كۆنترۆڵی ئازادی بازاڕ، لەوەدەچێ‌ جەزرەبەیەكی ئاوهای وەكو كۆرۆنای دەویست، هەتا تەواوی سەركردەو سەرۆكەكانی جیهان، بێ رووپامایی، رۆژانە، پریس كۆنفرانس ببەستن‌و شەرمەزاری ململانێی چاوچڵێسی داهات بن، بێ گوێدانە چارەنوسی بەشەریەت. ئەمەش، مادام لوتی بەرزی لە ئەلحەدی مردن نزیك خستنەوە، ناچاریان دەكات، بەشێكی بەرچاوی هەڵپەی سامان‌و داگیركردنی بازاڕو قازانجی بازرگانی كەم بكەنەوە. هەربۆیە سەرۆكی چین‌و ئەمریكا، كێشەكانیان وەلا ناو بە (10 دەقیقە) قسەكردن، باشتر لە ساڵەهای گفتوگۆی بازرگانی رێكەوتن. هەروەها سەرانی وڵاتانی دیكەش. هەمووشیان بونەتە حاتەمی تەی لە تەخشانكردنی پارە!

بۆ یەكەمین جاریشە، لە رۆژئاوادا، دوای زیاتر لە سەدەیەك، خەریكە پەیوەندی خێزان دەگەڕێتەوەو سۆزی كۆمەڵایەتی‌و مرۆییش دەبوژێتەوە. ئەمەش زۆر گرنگە.

دەمێنێتەوە بڵێین: ئێمە بەدووری دەزانین، بەم كارەساتە مرۆییەش، لیبرالیزم بشكێ‌. یان جیهانگیری، كۆتایی بێت. بەڵام دڵنیاین رێبازی چەپی دیموكراسی‌و دادپەروەری، بەپێی ئەم زەمان‌و زەمینەیە (نەك چەمكە كلاسیكیەكانی چەپگەرایی) دەبوژێتەوە. راسیزم پاشەكشە دەكات. تاڕادەیەك ناسیۆنالیزمی دیموكراسی بەهێز دەبێ‌.. تەنانەت لە رۆژئاواشدا. بەڵكو، یەكێتی ئۆروپاش، ستراتیژێكی نوێ‌چەشن پەیڕەو دەكەن. هەروەها، كەڵەگایی جیهانی لەدونیادا نامێنێ‌‌و فرەجەمسەری جیهان بەندی زیاتر دەبێ‌.

ئەگەری سیاسەتی باشتر چارەسەركردنی كێشەی حكومەتە دیكتاتۆرەكانی ئاسیا-رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم پۆست كۆرۆنایەدا لەئارادا هەیە. بە چارەسەركردنی باشتری كێشەی دیموكراسی نەتەوە ژێردەستەكانی وەكو: كورد، بلوج، ئەمازیغی، تامیلی.. تاد.
گەلۆ! كۆرۆنا، پێوەرو پەیوەندیەكان دەگۆڕێ‌.. با چاوەڕوان بین!

كەرەنتینای دڵخواز
27/3/2020

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×