رۆژێكی شوم
مەلا بەختیار
2020-01-14   1039
رۆژێكی شوم.. كوردستان لكێندرا بەعێراقەوە
ساڵانی جەنگی یەكەم، وەكو ئێستا، پڕن لە روداو، هیچیان بۆ كوردستان باش نین. وەكو:
یەكەم: 15/1/1915 عوسمانیەكان لەرێگەی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە، ئێرانیان داگیركردو دوای دوو رۆژ، تەورێزیان گرت. عوسمانیەكان هەتا خوا پێی ناخۆش بێ خراپەیان بەرامبەر كورد و ئازەری و فارس كردو كوشتن و بڕینێكی بێڕادەیان سەپاند.
دوەم: دوای بە دیل ناردنی شێخ مەحمود بۆ هیندستان، ئەمڕۆ (13/1/1922) بە پاپۆڕ هێنایانەوە كوەیت و لەناو پێشوازیەكی پڕ شكۆدا، گەڕایەوە كوردستان. بەڵام بریتانیا، هەر هێندەی خۆی سەپاند و سوپای دامەزراند، كەوتەوە پەلاماردانی باشوری كوردستان و بەڵێنەكانی بۆ دابینكردنی مافی كورد و جێبەجێكردنی پەیماننامەی سیڤەر، لەژێر فشاری شۆڤێنیەتی عەرەب و كەمالیەكان، دیزە بەدەرخۆنە كرد.
سێهەم: بریتانیا و عێراق، بە رەزامەندی كۆمەڵەی گەلان، ئەمڕۆ (13/1/1926) باشوری كوردستانیان لكاندە عێراقی عەرەبی. لەوساوە تائێستا نە كوردستان رازی بووە بەم لكاندنە زۆرەملێیە و نە عێراقیش كرایە وڵاتێكی نیشتمانی - دیموكراسی بۆ گەلان.
دوای 99 ساڵ (1921 - 2020) هێشتا بریتانیا دانی نەناوە بەو هەڵە ستراتیژییە و عەرەبی عێراقیش زۆریان ماوە ببنە خاوەن ستراتیژێكی دیموكراسی كە مافی چارەی خۆنوسینی كوردستان بسەلمێنن. بەڵكو هێزە عەرەبیەكان و مەزهەبیەكان، تا ئێستا ئامادە نین كەركوك و ژەنگار و خانەقین بخەنەوە سەر كوردستان..
سیستەمەكانی عێراق، تەنها رواڵەتیان دەگۆڕدرێ.. فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیەتیان لە سەدەی ناوەڕاست چەقیوە! تازە تازەش، تارمایی جەنگی ئەهلی – تایفەگەری نێوان شیعە – شیعە.. شیعە و سوننە، خەریكە دەردەكەوێ!!