كوردستان لە بەردەم دامەزراندنەوەی عیراقدا

مەلا بەختیار
  2019-12-17     962

كەمترین دەرس وەرگرتن
دۆخی عێراق، لە قەیرانی سیاسەتی حوكمڕانیدایە. سەرچاوەی قەیرانەكەش، زاڵبونی تایفەگەری و شكستی سیاسەتی ئابورییە.. بەتایبەتی گەندەڵی، تا ئەو رادەیە تەشەنەی سەندووە، بەپێی راپۆرتی رێكخراوی نێودەوڵەتی دژایەتی گەندەڵی، عێراق لە پلەی هەشتەمی وڵاتانی گەندەڵە.

عێراق، لە دوڕیانی هات و نەهاتدایە؛ رێی هات تەنها ئەوەیە وڵاتەكە، لە وڵاتێكی مەزهەبگەراوە، ببێتە وڵاتێكی دیموكراسی مەدەنی.. كە ئومێدی دادپەروەری لـێ‌ چاوەڕوان بكرێ‌. رێی نەهاتیش ئەوەیە، هێزە دەسەڵاتدارەكان، بە پاساوی مەزهەبیەوە، چاوەڕێی هەلبكەن، راپەڕینەكە دابمركێننەوە. كە داشیان مركاندەوە، بێگومان، بە ئارایشتی سیاسی، گەوهەری تایفەگەری حوكمڕانی دەپارێزن و درێژە بە سیاسەتی نامەدەنی و نادیموكراسی دەدەن. ئەمەش، خەسڵەتی تەواوی هێزە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، كە زۆر كەم، ئەزمون لە شكستەكانیان وەردەگرن. بە كوردستانیشەوە.

هێزە كوردستانیەكان، كەمترین دەرسیان لە هەڵەكانی خۆیان وەرگرتووەو، شەرمنانە لەگەڵ گۆڕانكاریەكاندا سازاوون، نمونەشمان روداوەكانی دوای راپەڕینە. ئەگەر ئەزمون لە رشتنی خوێنی یەكتر لەشاخدا وەرگیرابا، هەرگیز نەدەبوو لە ساڵی (1994 – 1998) شەڕی جۆراوجۆری ناوخۆ لەشاردا بەرپا كرابا. كەچی نەك شەڕی یەكێتی و پارتی، بەڵكو شەڕی هێزە ئیسلامگەراكان و یەكێتی و پارتیش بەرپا كرا.
عێراق، ئێستا لە قەیراندایە. كوردستان دۆخێكی ئارامی هەیە. بەڵام دۆخێكی ئارامی لێوان لێوە لە دڵەڕاوكێی سیاسی و حوكمڕانیش. ئەمجارەیان، جگە لەوەی نێوان هێزە سیاسیەكان ناجێگیرە، دۆخی دوڕیانە هات و نەهاتەكەی عێراقیش، راستەوخۆ كاریگەری لەسەر جومگەكانی دەسەڵات، ئابوری، سیاسی و ئاسایشی كوردستان هەیە و دەشبێ‌!!

كەم گەل و كەم حوكمڕانی و كەم حزبی سیاسی لە ناوچەكەدا هەن، بە ئەندازەی كورد و لایەنە سیاسیەكان، هەروا حكومەتی هەرێمیش، ئەزمونی دانوستانی لەگەڵ حكومەتە مەركەزیەكاندا هەبێ‌.

لە سەدەی رابوردوودا، لە زەمانی شێخ عەبدولسلام بەرزانیەوە بۆ شێخ مەحمود، پاشان بۆ شۆڕشی ئەیلول، سەردار و سەركردایەتی سیاسی كوردستان، یان لە مفاوەزاتدا تێكشكێندراون، یاخود، بە تاكتیكی حكومەتەكان چەواشە كراون. هەربۆیە، ئاكامی قوربانیدانی راپەڕینەكانی كوردستان، زۆرجار شكستی سیاسی بووە.
لە دوای راپەڕینەوە، دۆخی سیاسی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیی گۆڕدراوە. بۆیە، لە سایەی بڕیاری (688)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (1991) ناوچەی (36) سەپێندراوە و دەستكەوتەكانیشی تا ئێستا دیارن.

كوردستانی ئارام و عێراقی شڵەژاو
عێراق پێشتر لە مێژوودا، سێ جار بونیات نراوەتەوەو تیایدا، تاڕادەیەك گوێ لە كورد گیراوە. یەكەمجار بریتانیا (1921) كە قەوارەی دەوڵەتەكەی دەسەپاند، گفتوگۆی لەگەڵ كورد كرد، بەڵام مافی نەدراو راپەڕینەكانی شێخی نەمریش شكستیان خوارد. دووەم جار (1958) حكومەتی كۆماری، عێراقی بونیات نایەوە، گفتوگۆ لەگەڵ كورد بە كزی كرا، بەڵام لایەنی كەمی مافی كورد نەدرا. سێیەم جار، دوای روخانی بەعس بوو. ئەمجارە (2003) كورد بە خەباتی خۆی هەرێمی فیدراڵی هەبوو. لایەنەكان قەرزاری بون. یەكێتی و پارتیش زوو فریای بونیات نانەوەی عێراق كەوتن و دەستكەوتە دەستوریەكان و پەیوەندی ئێستای هەرێم و بەغداد و پشتیوانە نێودەوڵەتیەكەشمان، زادەی ئەو دانوستانەن. سەبارەت بەو هەلومەرجە، مەخابن، زلهێز و دەوڵەتانی ئیقلیمی، جگە لەو مافە دەستوریانە و مادەی (140) رێگەی چارەخۆنوسینی دڵخوازیان نەدەدا. تەنانەت، بەهۆی فشاری نێودەوڵەتی و ئیقلیمیشەوە، ناوچە كێشە لەسەرەكان، كەوتە قوڕگی حوكمڕانی تایفیەوە. كاردانەوە بەرامبەر ریفراندۆمی كوردستان، باشترین بەڵگەی ئەو هاوكێشە سیاسیە جیهانی و ئیقلیمی و نێوخۆییە بوو، كە چارەنووسی قەوارەی ئیقلیمیشیان خستە لێواری مەترسیەوە. ئەو دۆخە، تاڕادەیەك لە سنوری دیاری كراودا، بە پشتیوانی جیهانی و سیاسەتی واقیع بینانەی حكومەتی هەرێم و هێزە كوردستانیەكانەوە، لە مەترسی هەڵدێرانەوە، گۆڕدرا بۆ هەڵسانەوە.

ئێستا، كوردستان ئارام و عێراق شڵەژاوە. بەڵكو لەژێر فشاری راپەڕینەكەی تشریندا عێراق لەدامەزراندنەوەدایە. پرسیار ئەوەیە، ئەركمان لە دانوستانی ئێستادا، چییە؟ ئایە رەوای هەقە هەمان سیاسەتی رابوردوو پەیڕەو بكرێ‌، یان جۆرێك گۆڕانكاری بەسەر سیاسەتی حوكمڕانی و دانوستانی نێوان هەرێم و بەغداد، بهێنرێ‌؟

ئەگەر هەرێمی كوردستان، لەم چوارچێوە ئیقلیمیە داخراوەدا، جگە لە چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغداد، بەدیلی دیكەی هەیە، با بەراشكاوی بیخاتە بەردەم رای گشتی و بیسەلمێنێ‌ كە بەدیلەكەی، لە رووی سیاسی و ئابوری و پشتیوانی نێودەوڵەتیەوە، دەستەبەرە، بە دڵنیاییەوە گەلی كوردستان بەدیلی وای پێ‌ خۆشترە لە هەر سیاسەتێكی دیكە؛ خۆ ئەگەر بەدیلی دیكەی نییە، جگە لە دانوستان لەگەڵ بەغداد، كەوابێ‌ پێویستە ئەمجارە دانوستانەكە، جیاواز بێ‌ لەگەڵ دانوستانەكانی رابوردوو. كە بەڕای ئێمە، هەر لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقدا، (ئەگەر شۆڤێنیانە هەموارنەكرێتەوە) هەلێكی باش رەخساوە، دانوستانی ئەمجارە، بەدەرس وەرگرتن لە دانوستانەكانی رابوردوو، سەركەوتووتر بێ. وەكو:
یەكەم: راستە باری ئابوری گرنگە و موچەی مانگانەش گرنگترە. بەڵام، لە زەمانی هەموو حكومەتەكاندا، بە فاشیەتی سەدامیشەوە، كێشەی كورد لەگەڵ بەغداد، كێشەی موچە نەبووە، جیاوازیش لە نێوان موچەخۆرانی زاخۆ و بەسرەدا، نەكراوە. كێشەی سەرەكی كورد، كێشە سیاسیەكان ‌و، مافە دیموكراسیەكان و، دیاریكردنی سنوری جوگرافیا و دەستەبەری مافە دەستوریەكان بووە.

دووەم: لە دەستوردا مادەی (140) هەیە، كە قابیلی هەمواركردنیش نییە. لە ساڵی (2009)ەوە، دەبوایە بڕگەكانی جێبەجێ‌ كرابان، كەچی تائێستا (10) ساڵ (نەك دە مانگ) بەسەر جێبەجێكردنی وادەی مادەی (140) تێپەڕیوە، بڕگەكانی نەك جێبەجێ‌ نەكراون، بەڵكو دۆخێكی میلیتاریستیش لە ناوچە كێشە لەسەرەكاندا سەپێنراوە، تەنانەت بارەگای حزبە كوردستانیەكان چۆڵ ناكەن.. خراپتریش لەوە، تەعریبی نوێش لەو ناوچانەشدا، شەپۆل شەپۆل دەسەپێنرێتەوە. ئیتر كاتی هاتووە هەم كاتی جێبەجێ كردنی مادەكە دیاری بكرێ و هەم ئالیەتی بەدیهێنانی بڕگەكانی.

سێهەم: كوێت كە داگیركرا، تەنها (600) هاوڵاتی كرانە قوربانی سیاسەتی تەعریقی ئەو وڵاتە، كیمیابارانیش نەكرا. تائێستا، بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش، كوێت، قەرەبوی مادی و مەعنەوی لە داهاتی عێراق وەردەگرێ‌. كەچی كوردستان، لە ساڵی (1961) ەوە، بەهۆی تەعریبەوە، دەسوتێندرێ‌، كاول دەكرێ‌، دەدزرێ‌، رادەگوێزرێ‌، ئەنفال و كیمیابارانیش كراوە، بەداخەوە، هێشتا، سیاسەتی جینۆسایدی (30) ساڵە (1961-1991) كە لە كوردستاندا حكومەتەكان سەپاندویانە، وەكو پرۆژەیەك كە بەشێك بێ‌ لە ستراتیژی دانوستاندن، پەسەند نەكراوە. بەڵكو وەكو ئەركێكی لاوەكی یان باسكراوە یان باس نەكراوە. ئەگەر پاساویش ئەوەبێ، گوایە حكومەتی عێراق گۆڕدراوە، هەڵبەتە بۆ كوێتیش وایە. ئیسرائیلیش زیاتر لە (70) ساڵە قەرەبوی هۆڵۆكۆست وەردەگرێ، كە هیتلەر گۆڕەكەشی دیار نییەو چەندین حیزبی جیاوازیش هاتونەتە سەركار.
ئیتر كاتێتی، زیانە مادی و مەعنەویەكانی كارەساتەكان، لەڕووی یاسایی و سیاسییەوە، بخرێنە ناو ستراتیژی دانوستانەكانەوە، دڵنیابن ئەگەر ئەم هەلەش لە دەست دەربچێ‌، هەلێكی دیكەی ئاوها، لەناو عێراقدا، بۆ دانوستانی سەرجەم مافە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكانی كوردستان، بە قەرەبوی قوربانیەكانی كارەساتەكانەوە، لەمەودای هاوكێشەكانی كوردستان و بەغداد پێشبینی ناكرێ‌.

بەرەو عێراقێكی دیكە
عیراق، دوای ئەم قەیرانەی تێی كەوتووە، جارێكی دیكە، نابێتەوە عێراقی پێش راپەڕینی تشرین. واتا: نە سیستەمی حوكمڕانی، نە دەسەڵاتەكان، نە خەباتی جەماوەری و مەدەنی.. تەنانەت، پرۆسەی هەڵبژاردن و بەڵكو دەستورەكەشی، لە رۆخی گۆڕانكاریدان. هەڵبژاردنی پێشوەختەش بكرێتەوە، نەخشەی سیاسیی ناو پەرلەمان و دەسەڵاتەكانی عێراق گۆڕانكاریان بەسەردا دێت. تەنانەت لەكوردستانیشدا.

دەمێنێتەوە لایەنە سیاسیەكانی عێراقی عەرەبی. ئەمانیش ناتوانن وەكو جاران، پشت ئەستور بە مێژوویان و كاریگەری مەزهەب و سەركردەكانیان، سیاسەت بكەن. لە دوا هەڵبژاردنی عێراقدا، تەواوی لایەنەكان لە (30 %) دەنگەكانی بەغدایان هێنا. ئێستا، دوای ئەم روداوانە ئەو پێگە جەماوەرییە كەمەشیان دابەزیوە؛ راپەڕینەكەی تشرینیش، زۆری ترساندون، سروشتی زۆربەی حزبەكانیش وایە، ناتوانن لەدوای روداوەكان دەستبەرداری عەقیدە و ئایدیۆلۆژیەتیان بن؛ بۆیە، لەدوا سەرەنجامی سیاسەتی ئێستادا، ئەم لایەنە سیاسیانە ئەستەمە ئایدیۆلۆژیەت و سیاسەتیان بگۆڕن. لە باشترین حاڵەتدا، تەنها چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەكرێ‌، بە سیاسەتێكی میلیتاریستی هەڵنەگەڕێنەوە لە خەڵك؛ لەم چاوەڕوانیە زیاتر، گۆڕانكاری لە عەقیدەی ئەم حزبانە، مەحاڵە!! بەتایبەتی كاتێك، لە عێراقی عەرەبی دا، دیموكراسی و گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی چەشنی رۆژئاوای دیموكراسی، نەگەیشتۆتە قۆناغێك، پارتە ئاینیەكان، ببنە پارتی مۆدێرن.

لە رۆژئاوادا، شۆڕشی پیشەسازی، ئاینسازی، رۆشنگەری و دیموكراسی، سەراپا كۆمەڵ و ژیان و هزری رای گشتی گۆڕی، پەیمانی كۆمەڵایەتی نوێ لەنێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتدا هاتەدی، بۆیە سەرئەنجام لایەنە مەسیحیەكانیش شكان و گۆڕدران. دیموكراسی و سیكولاریزمیان پەسەند كرد و ئاوێتەی ژیانی مەدەنی و دەستاودەستكردنی دەسەڵاتیش بون. تەنانەت، ڤاتیكان و پاپای كاسولیكیش، لە سییەكاندا، دانی بە شكستی سیاسەتی رابوردوویاندا هێنا، كە سەلەفیانە بەرگریان لە عەقیدە دەكرد، تاڕادەی پشتیوانی فاشیەكانیش، دژی دیموكرات و چەپەكان. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەرگیز، لایەنە ئیسلامگەراكان، توخنی رەخنەلێگرتنی سیاسەتی رابوردویان نەكەوتون. بەڵكو ئێستاش، بە شانازی دەزانن ببنە بەربەستی دیموكراسی و سیكولاریزم و رۆشنگەری. بەڵكو تاڕادەی تاوانی گشتی، بەرگری لە دۆگمی عەقیدەیی خۆیان و دەسەڵاتەكانیان دەكەن.

وەرنەچەرخانە كۆمەڵایەتیەكان
شۆڕشی دیموكراسی و، وەرچەرخانە كۆمەڵایەتیەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روی نەداوە، هەتا هزری رای گشتیش، وەربچەرخێ‌. لە هزری وەرنەچەرخاوی رای گشتیدا، بەگشتی سەلەفیەت و بەتایبەتیش بیری كۆنخوازی، كاریگەری قوڵیان دەمێنێ‌! لە بەرامبەر دۆخێكی وای حوكمڕانی و كۆمەڵایەتی و سیاسەتی لایەنە باڵا دەستەكاندا، كە لایەنەكان و حكومەتی عێراقیش، قەیرانەكانیان قوڵپ دەدەن، بە بەراورد بە عێراقی عەرەبی، كوردستان، ئەزمونی حوكمڕانی و ئەو رادە ئازادی و مەدەنیەی هەیە، (سەرەڕای هەڵەكان و كەموكوڕی و گەندەڵیەكان) بایی هێندەیە، گۆڕانكاری زیاتر لە كوردستاندا بكرێ‌، هەتا جارێكی دیكە، لەم دۆخەدا، هاوسەنگی سیاسی لە نێوان كوردستان و پێكهاتەكانی تری عێراق، هەروەكو دوای روخاندنی سەدام، بهێنرێتەوە كایەی سیاسەتی دامەزراندنەوەی عێراق. تەنها ئەم هاوسەنگیە، دڵنیایی سیاسی دەبەخشێتەوە پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداد. چونكە وڵاتەكە، بە چەمكە راستەقینەكەی دیموكراسی، لە دەسەڵات و لەناو رای گشتی دا، وەرنەچەرخاوە بۆ دیموكراسی و خوڵقاندنی رای گشتی مەدەنی.

كە سونیەكان، لە ئەنبار و رومادی و سەلاحەدین، تێكشكان، لایەنێكی سێ‌ گۆشەی هاوسەنگیەكەی عێراق، (كورد، شیعە، سوننە) پێش ریفراندۆم تێكچوو، بۆیە، كاتێك سوپای عێراق (ئەویش بە هاوكاری پێشمەرگە و هەرێم) لە موسڵدا سەركەوت، لە خۆیان رابینی، بە بیانوی ریفراندۆم، پەلاماری كەركوك و شەنگال و مەخمورو خانەقین بدەن.. لە بەغدادیش پێگەی كوردستان لاواز بكەن، واتا: گۆشە هاوسەنگەكەی كوردستانیش تێكدرا. بەم دوەم تێكدانەی هاوسەنگیەكەش، دوای سوننە، ئیتر مایەوە دەسەڵاتداری رەهای شیعەگەرایی. كاتێك، هەندێك لایەنی شیعە، بینیان گۆشەی سونی تێكشكاوە و گۆشەی كوردستانیش لاواز كراوە، ئیتر جومگەكانی دەسەڵاتەكانیان كۆنترۆڵ كرد. بەم كۆنترۆڵەی شیعەش، دیاردەكانی حوكمڕانی تاكڕەوی شیعەگەرا، زەق و رەق دەركەوت، ئیتر بینیمان، كار و ئاكاری حوكمڕانی شیعەگەرایی، بەرە بەرە، لە لایەكەوە بەرەو پاوانی دەسەڵاتە سەرەكیەكان پەرەیسەند. لە لایەكی دیكەشەوە، گەندەڵیەكی بێرادە تەشەنەی سەند و بەرە بەرە دووركەوتنەوە لە رای گشتی، ئاشكرا بوو. سەرەنجامەكەشی پاشەكشەی لایەنە شیعەكان بوو لە دوا هەڵبژاردندا. بەڵكو لە ناو شیعەكانیشدا، بێ‌ متمانەیی فراوان بوو. تەنانەت نێوانی لایەنە شیعەكان تەواو ترازا، بەناچاری عادل عەبدولمەهدیان قبوڵ كرد، بەڵام چنگی گەندەڵییان لەشادەمارەكانی ئابوری، بەرنەدا. ئەمەش خەڵكی وروژاندو گەیشتە رادەی هەڵگەڕانەوە لە لایەنە سیاسیەكان، تەنانەت لە ناو خودی شیعەكاندا. سەرەتا بە خۆپیشاندانی خۆڕسكی لە بەسرە و بەغداد. بەمەش نەوەستا، گەیەندرایە ئەم راپەڕینە و لە راپەڕینەكەشدا، پەلاماری بارەگای شیعەكان زیاتر لە لایەنەكانی تر درا. حكومەتی (عادل) یان گۆڕی و هێشتا راپەڕینیش بەردەوامە بەرەو ئامانجەكانی تریان!

لە بەرامبەر دۆخێكی وای هات ‌و نەهاتدا، كوردستان، كاتێتی، بیرێكی هەمەلایەنە لە چۆنیەتی گێڕانەوەی هاوسەنگی بكاتەوە و ئەم جارەش، ناكرێ‌، وەكو جارەكانی تر، بە رێكەوتنی سیاسی بۆ دابینكردنی پشكی كورد لە بەغداد، رازی بین، بەڵكو.. پێویستە، كەموكوڕیەكانی پرۆژەی مفاوەزاتەكانی ساڵانی رابوردوو، لێكبدرێتەوە و پێویستیەكانی قۆناغە نوێكەش لەبەرچاو بگیرێ‌، هەموشی لەگەڵ چۆنیەتی دۆزینەوەی ئالیەتی نوێی سیاسی جێبەجێكردنی مادەی (140) و قەرەبوكردنەوەی قوربانیانی كارەساتەكان، بكرێنە پاكێجێكی دانوستانەكان. بەتایبەتی كورد، كارتەكانی بەهێزن و هەلومەرجی دوای روخانی سەدام، بەشێوەیەكی گونجاوتر، بۆ دانوستان و پێكهێنانەوەی عێراق هاتونەتە ئاراوە. دەبێ وەفدی دانوستانی ئەمجارەش، ئاوێتەیەك بێ‌ لە حكومەتی هاوبەش و پەرلەمان بەگشتی.. شەفافانەش ئەنجامی دانوستانەكان بخرێتە بەردەم رای گشتی.. راپرسیش لە سەر ئەنجامی دانیشتنەكان لەناو خەڵكدا پەیتا پەیتا سازبكرێ‌.. ئینجا، دوا رێكەوتن لەگەڵ بەغداد، پەسەندی نەتەوایەتی بكرێ‌. تۆ بڵێی وا بكەن؟!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×