دۆخی بابەتی‌و شكستی شۆڕشی ئەیلول

مەلا بەختیار
  2019-09-13     1161
دۆخی بابەتی بۆ بەرپاكردنی شۆڕش چارەنوسسازە. بەبێ‌ دۆخی بابەتی، سەركەوتنی شۆڕش مەحاڵە. دۆخی بابەتی كوت‌و مت ئەمەی خوارەوەیە كە:

قەیرانی ئابوری و دەسەڵاتی سیاسی بگەنە ئاستێك، نەحكومەتەكان توانای چارەسەركردنیان مابێ‌و نەرای گشتیش چیكە لەبەرامبەر دەسەڵاتدا، دەستوەستان بوەستێ. لەدۆخی وادا، حیزب، یان چەندین حیزبی ئۆپۆزسیۆن هەبن، بەجیا یان پێكەوە، دەتوانن شۆڕش- راپەڕین بكەن. بەپێچەوانەوەن چارەنوسی شۆڕشەكان، مەترسی لەسەرە:

بێگومان، شۆڕشی ئەیلول، قوربانیەكی زۆری داوەو تاقە شۆڕشیشە، پێش شۆڕشی نوێ‌، لەمیژووی شۆڕشە چەكداریەكاندا (14) ساڵ درێژەی كێشابێ‌. سەرئەنجام، بەشەڕ لەناونەچوو، بەڵكو بە خیانەتنامەی 6ی ئازاری جەزائیر، جۆ بڵاوی لێكرا. ئەوسا و ئێستاش، پێمانوایە، دەكرا درێژە بەشۆڕش بدرایە. بەڵگەشمان ئەوەیە، لەهەمان بارودۆخی جیهانی و ئیقلیمی و ناوخۆیی عێراقدا، دوای ساڵێك، نەك هەر پارتی، بەڵكو یەكێتیش، بەدوو ئاراستەی جیاواز، شۆڕشیان بەرپاكردەوە. ئایە ئەم چارەنوسەی شۆڕشی ئەیلول، چ پەیوەندییەكی بەدۆخی بابەتیەوە، لەو هەلومەرجەدا هەبووە؟

حكومەتی عێراق، كێشەی سیاسی هەبوو. لە ناوخۆشدا، سەرانیان، ناكۆك بون. سێ ساڵ بوو 14ی تەمموز رویدابوو. سەرجەم كێشەكانی رژێمی قاسم (1961) هێشتا نەگەیشتبووە بنبەست و لە رادەی خەمڵینی دۆخی بابەتیدا نەبوو. واتا: رژێمی عێراق و سەرۆكەكەی، لەتوانایاندا بوو، كێشەكان چارەسەر بكەن. رای گشتیش لە حكومەت بە تەواوەتی نائومێد نەبوبون. ئەوەی هەبوو، ناكۆكی سیاسی و كاردانەوەی سیاسی و ئاستی نزمی سیاسی بوو.

لە بەرامبەریشدا، سەرۆك و سەركردایەتی پارتی، وەكو یەك، باوەڕیان بە بەرپاكردنی شۆڕش نەبوو. ئەمە جگە لەوەی، تاقە دەوڵەتێكیشیان بۆ پشتیوانی شۆڕش دابین نەكردبوو. چەك و تفاقێكی زۆر كەمیشیان هەبوو. تازەش لە عێراقدا، ریفۆرمی كشتوكاڵی ئەنجام دەدرا. ئەمەش، وایكردبوو، شۆڕشەكە، لە ناوەرۆكدا، مۆركی چینایەتی جوتیارانی نەبوو. دیاریشە، شۆڕشی چەكداری لە وڵاتانی دواكەوتودا، لە ناوەرۆكدا كێشەی جوتیارانە. تاقە فاكتەری سیاسی-كۆمەڵایەتی پارتی، لە دۆخی بەرپاكردنی شۆڕشدا، لە لایەكی دیكەوە پارتی تا دەهات، لە رووی رێكخستن و رێكخراوەییەوە، لەو هەلومەرجەدا پەرەی سەندبوو، لە لایەكی دیكەشەوە، هەستی نەتەوایەتی لەناو رای گشتیدا، لە چلەكانەوە هەتا شەستەكان، هەڵدەكشا. لەو دۆخەدا، سەركردایەتیی پارتی، لە رووی راگەیاندن و سیاسیەوە، چالاك بون و لە بەرامبەر حكومەت و بەرپەرچدانەوەی حیزبی شیوعی عێراقدا، كە خەباتی ناوكۆیی كرێكارانیان زاڵدەكردە سەر خەباتی نەتەوایەتی، كاریگەر بوون. بەڵكو حیزبی شیوعی، پێش ئەوەی شەڕی سیاسی لە تەك رژێمی قاسم و پاشان بەعسیەكان، بدۆڕێنی، شەڕی ئایدیۆلۆژی لەگەڵ پارتیدا، دۆڕاند. حیزبی شیوعی بە تیۆری پەتی ململانێیان دەكرد، پارتیش بە تیۆری و سیاسی و دنەدانی هەستی نەتەوایەتیەوە، دژیان دەوەستانەوە.

رژێمی قاسم كودەتای بەعسیەكانی كرایە سەر، بەعسیەكان كودەتایان كرایە سەر، هەمدیس، بەعسیەكان كودەتایان كردەوە. واتا: لە (1958)وە هەتا (1968) لە دەهەیەكدا، چوار رژێم گۆڕدران. بەڵام دۆخی بابەتی نەگەیشتە ئاستی خەباتی دیموكراسی سەرانسەری عێراق. حیزبی شیوعیش، بە ناچاری بونە بەشێكی خەباتی چەكداری و خەباتی چینایەتی كرێكارانیش، لە گۆشەیەكی مردودا مایەوە. شۆڕشی ئەیلولیش، هەتا ساڵی (1968) دوای ئەو هەموو كودەتایە، نەیتوانی لە شۆڕشی بەرگریەوە بگوازێتەوە بۆ هێرشی ستراتیژی و شارە گەورەكان رزگار بكات.

سەرئەنجام، بەعسیەكان بە كودەتای دوەم، بەڵام بە ستراتیژێكی نوێ، توانییان عێراق كۆنتڕۆڵ بكەن. كە زانییان، عێراق پێویستی بە دۆخێكی ئارامە، بەیاننامەی 11ی ئازاریان لەگەڵ پارتی مۆر كرد. لەگەڵ شورەوی و ئۆروپای رۆژهەڵات پەیوەندی ستراتیژیان بەست. بون بە دۆستی فەرەنسا. حیزبی شیوعیشیان كەمەندكێشی بەرەی درۆزنانەی نیشتمانی-دیموكراسی كرد. نرخی نەوت، لەوكاتانەدا، سەرسوڕهێنەر هەڵكشا. ئەمانە هەمووی، كاریگەری زیانبەخشیان لەسەر خەمڵینی دۆخی بابەتی لە عێراقدا هەبوو، بۆیە، عێراق نەك لاواز نەكرا، بەڵكو بەهێزتریش بوو. سوپا و داوودەزگاكانی پێشخست و كۆنتڕۆڵی كرد. بێكاری كەمكردەوە. سۆزی ناسیۆنالیزمی عەرەبی راكێشا. ئەمانەش تێكڕا وایان كرد، عێراق لە خۆی رابپەرموێ، پاشەكشە لە بەیاننامەی 11ی ئازار بكات، پارتیش، دیسان، بە ناچاری پشت ئەستور بە ئەمریكا و ئێران ئەمجارە، كەوتەوە بەرگری چەكدارانە.

پێمانوایە، راستە رژێمی بەعس، شۆڤێنی بوو، بەرەو فاشیەتیش هەڵدێرا. بەڵام كێشەی ناوخۆیی بەعس و رژێمەكەی، زۆر كەمتر بوو لە كێشەی ناوخۆیی قاسم و كودەتاچیەكانی دوای ئەویش. بەڵكو بەعس بەهێزتریش بوو. تەواوی ئەو لایەنانەی خۆشیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانی، بچوك ‌و لاواز بون، ئەمانەشی بۆ سوریا دەرپەڕاندبوو. حیزبی شیوعیش، كەوتبووە پاڵ رژێم و شەڕی شۆڕشی ئەیلولیشیان دەكرد. لە دۆخێكی ئاوادا، شۆڕشی ئەیلول، نە توانی لە رووی سیاسیەوە، دۆخی عێراق و هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكان جۆش بدات، نە توانیشی تەرازووی هێزی عەسكەری بگۆڕێ‌. بەڵكو رژێم، ستراتیژی جەنگی بە ستراتیژی هێرش بۆ سەر شاخە سەختەكان ‌و ناوچە رزگاركراوە گرنگەكان، گۆڕی، كۆڕەك و گەلی عەلی بەگ و ناوچە و چیای زۆری داگیركردەوە. ئەمەش، جارێكی تر، شۆڕشی ناچار كرد، بكەوێتەوە بەرگری نەگەتیف‌و قوربانیەكی زۆریش درا، بەڵام توانای تەكنەلۆژیای جەنگینی رژێم، زۆر لەو كۆمەكە عەسكەرییەی ئێران، یەكلاكەرەوە بوو. سەرەنجام، بەعس، دەیزانی سەرەڕای شوێنی سەخت داگیركردن، شۆڕش گەر بیەوێ‌، تاكتیكی دەگۆڕێ‌ و بە پارتی زانی، ساڵەهای تریش دەتوانێ‌ درێژەی هەبێ‌.. بۆیە، لە پاڵ نەخشە عەسكەریەكانی، لە جەزائیردا، لەگەڵ رژێمی شادا رێكەوت ‌و سازشی كرد. رژێمی شاش، ئەوەی رژێمی پاشایەتی بۆی نەكردن، بەعس بۆی ئەنجام دان. شۆڕشی ئەیلولیان فرۆشت لە بری بەرگری پارتیزانی، تراژیدیای شكست رویدا.

دەركەوت، شۆڕشی چەكداری چەند بەهێز بێ‌. پشتیوانیشی هەبێ‌. بەڵام لە نەبونی باری بابەتی دا، ناتوانێ‌ سەركەوتنی ئێجگارەكی بەدەستبهێنێ‌. كە نەش توانێ‌ سەركەوتن بەدەستبهێنێ‌، بێگومان، دوژمنەكانی هیچ هەلێك لەدەست نادەن، لەناوی ببەن. ئەگەر هەلومەرجی بابەتی بۆ راپەڕینی دیموكراسی لە سەرانسەری عێراق دا، یان لەوڵاتێكی ئیقلیمیشدا (وەكو ئێران) لەبەربا، خیانەتنامەی جەزائیر رویشی دابا، هەرگیز شۆڕشی ئەیلولی پێ‌ لەناو نەدەچوو. بۆ نمونە:

شۆڕشی نوێ‌، چوار روداوی گەورە، یارمەتیان دا سەربكەوێ‌. یەكەمین روخانی رژێمی شا، دوەمیان: جەنگی عێراق – ئێران، سێهەمیشیان داگیركردنی كوەیت، چوارەمیش راپەڕین. پێمان وایە، دوای تەواوی روداوەكان ئەگەر عێراق كوەیتی داگیرنەكردباو گەمارۆی نەخرابایەتە سەر، بەعس دەمایەوە و دوور نەبوو، شۆڕشی نوێش لەناوچوبا!! بەڵام ئەم روداوانە، سەرەنجام بەعسیان روخاند، گەرچی بەعس كە بۆی لوا، راگواستن، كیمیاباران ‌و ئەنفالیشی كرد. لە شۆڕشی ئەیلولدا ئەو تاوانانەش رویان نەدا. كەچی، لەبەرئەوەی روداوی ئیقلیمی و ناوخۆیی گەورە لە عێراقدا رویان نەدا، رژێم هەلی لەناوبردنی شۆڕشی ئەیلولی قۆزتەوە. بەڵام لە شۆڕشی نوێ‌ دا، هەم روداوی گەورەی چارەنوسساز رویاندا و، هەم رژێمی عێراق گەیشتە بنبەست ‌و چارەسەری لە دەست نەما. بۆیە، بە ئەنفال ‌و كیمیابارانیشەوە و بەتێكشكانی عەسكەریەكانیشەوە، شۆڕشی نوێ‌ مایەوە و هەموو لایەك لە راپەڕیندا، دەستكەوتی سەركەوتنیان، لە بری شكست چنیەوەو تا ئێستاش، رێرەوەكە بەردەوامە. كەچی:

لە باكوری كوردستاندا، دیسان لەبەرئەوەی دۆخی بابەتی لە توركیادا نەخەمڵیووە، دەبینین، سەرەڕای قارەمانێتی گەریلا و (35) ساڵیشە خۆیان گرتووە، بەڵام هەر لە بازنەی داخراوی پارتیزانیدا، قەتیس ماوون. بە پێچەوانەشەوە لە رۆژئاوای كوردستاندا، لە هیچ قۆناغێكدا و لە سایەی هیچ دۆخێكی سوریادا، بە چەندین كودەتاشەوە كە لە سوریادا كراون، هێزە سیاسیەكانی رۆژئاوا، توخنی شۆڕش و راپەڕین نەدەكەوتن. بەڵام كە هەلومەرجی بابەتی و خرۆشانی سەرانسەری سوریا رویدا، گەلی رۆژئاوا سەریان هەڵدا. بەڵكو كە باكوری كوردستانیش سەركەوتنی عەسكەری – سیاسی زیاتریان بەدەستهێناوە، تەنانەت بونەتە بەشێكی هاوكێشە ئیقلیمی و نێو دەوڵەتیەكانیش.

تائێستا، لە ئەدەبیاتی سیاسی پارتی و نوسەران و لایەنەكاندا، كاتێك یادی شۆڕشی ئەیلول دەكرێ‌، دۆخی بابەتی عێراق فەرامۆش دەكرێ‌. زۆربەی یاد و نوسینەكان، زانستی نین و پیاهەڵدانی رۆمانسین. كە بێگومان، شانازی پێوەكردنی شۆڕشەكە و قارەمانێتی بێ‌ درێغی پێشمەرگە، وەكو راستیەكی مێژوویی، جێگەی خۆیەتی.. بەڵام نەك لەسەر حسابی لێكدانەوەی زانستی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×