وا یادی هەڵەبجەیە.. یادی كۆستكەوتنی (پێنج هەزار) گوڵە هەناری جەستەو خەمی قوڵترین زامی نەتەوەی ژێردەستەی كوردە.
بەداخەوە، كارەساتی هەڵەبجەو كیمیابارانكردنی شارۆچكەو دێهاتەكانی سۆرانو بادینان، هەتا كوەیت داگیرنەكرا، رای گشتی جیهانی نەهەژاند.
ئەمە لەكاتێكدا كوەیت تەنها (600) قوربانی داوە.. راستە تاڵانیش كرا.. بەڵام ژمارەی چاڵگە نەوتەكانی جیهانی دژی سەدام جوڵاند. نەك ئەركی مرۆڤایەتی!
من دەمەوێ جەخت بكەمەوە كە:
یەكەم: هەتا دوای بۆردومانكردنی هەڵەبجەو كوردستان بە چەكی كیمیاوی.. هێشتا زۆربەی سەركردەو لایەنە سیاسیەكان، ئومێدی مفاوەزاتیان لەگەڵ سەدامی فاشی هەبوو.. تەنانەت دوای راپەڕینیش. هۆی ئەمەش، لەلایەكەوە بۆ نەناسینی ناسنامەی ئایدیۆلۆژی بەعسی فاشیو لەلایەكی ترەوە، بۆ شوناسی وردە بۆرژوازیانەی سەركردایەتی سازشخوازی كوردایەتی دەگەڕێتەوە. هەربۆیە پاشەكشەش بە راپەڕینی بەردەوام كرا.
دووەم: هەتا ئێستا، ئەوانەی لەكاتی تاوانی هەڵەبجە، تاوانی تاڵانیان ئەنجامداوە.. ئەنگوستی ژنانیان بڕیوەو ماڵانیان بە تراكتۆرە شڕەكان بۆ بازاڕی هەرزانی ئێران باركردووە.. ئەمانە هێشتا وەكو بەرزەكی بانان بۆی دەرچوونو سەرشانیان ریزە ئەستێرەی ئەفسەری لەسەرەو پلەو پۆستی باڵاشیان هەیە.
سێهەم: هەڵەبجە.. راستە كراوەتە پارێزگا، بەڵام لە بەغداد كاری پێویستی بۆ نەكراوە كارە یاساییەكانو بودجەی پارێزگاكانی تەواو بكرێ.. لە كوردستانیشدا، كەمتەرخەمیی زۆرە.
چوارەم: هەڵەبجە.. شاری ئەدەبو هونەرو چالاكی هەمەچەشن بووە.. بە هۆكاری جیاجیا، جارێ شارە كارەساتبارەكە، نیوەی بەهرەكانی نەك نەبوژاوەتەوە، بەڵكو بە تۆتالیتاریزمی روحی.. خونچەكانی بەهرەی شارەكە.. رێی پشكوتنیان لێدەگیرێ.
پێنجەم: هەڵەبجە.. شایستەیەتی زۆربەی داهاتی گومرگی پشتەو تەوێڵە، تەرخان بكرێ بۆ ئاوەدانكردنەوەی، نەك رێ بدرێ بەرپرسو كوڕەكانیان ساڵانە ملیارەها دیناری لێ بدزن.
وا ئەم یادەش، وەكو یادەكانی دیكە، بەبێ رەواندنەوەی خەمەكانی هەڵەبجە.. شارەكەو كوردستان بەڕێی دەكەن. گەیشتۆتە رادەیەك كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، جیا لە رێوڕەسمی حكومەت، یادی هەڵەبجە دەكەنەوە.