شۆڕشگێرەكان، دەسەڵاتەكان، گۆڕانكارییەكان
مەلا بەختیار
2019-04-04   1225
1-بەهاری رۆژئاوای عەرەبی
بەهاری عەرەبی لەجوگرافیایەكی سیاسی شكستی هێناو، لەجوگرافیایەكی دیكە، سەرهەڵدەدا. شكستەكە بەشێكی بەرچاوی، پەیوەندیی بەنەبونی هێزی خاوەن ستراتیژی دیموكراسیەوە هەبوو. هاوكات پەیوەستی سیاسەتی دێرینخوازی ئیسلامگەراكانەوە بوو. ئەوەش فەرامۆش ناكرێت، كە تەواوی دەوڵەتانی رۆژئاوای لیبراڵ و سۆسیال-دیموكرات و دیموكراتەكان، تائێستاش، جیهانبینیەكی دیموكراسیان لەم سەردەمی جیهانیگیریەشدا، بۆ جیهان، بەتایبەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبوەو نییە.
بەهارەكە، لە یەمەن، سوریا، لیبیا و میسردا، هێزە دژە دیموكراسیەكان، هەڵیان گێڕا بۆ پایزی سیاسی. بەڵام لە رۆژئاوای عەرەبیدا، تونس تاڕادەیەك سەركەوت و دەستورێكی مەدەنی گەلپەسەندی تێپەڕاند. لە مەغریبیشدا هەندێ گۆڕانكاریی پۆزەتیڤ رویدا (ئەگەرچی زۆری ماوە) بەڵام تاقیكردنەوەكان، لەوسەری رۆژئاوای عەرەبیدا، وروژاند. جەماوەر كە دەبێتە خاوەن تاقیكردنەوەیەكی گونجاو، باشتر رادەچڵەكێ. بۆیە وڵاتی یەك ملیۆن شەهیدی كردە شانۆی گۆڕانكاری، بەبێ ئەوەی رێگە بدرێ، خوێن بڕێژرێ.
بەرەی رزگاریخوازی جەزائیر، لەسەرەتای شەستەكانەوە، حكومڕانن. لەم شەش دەهەیەدا، بەدەردی شۆڕشگێڕانی جیهان، ناو بەناو سەری شۆِرشگێڕانیان خواردوە، بەڵام حوكمیان هەر بەدەستەوە ماوە. بوتەفلیقە سەرۆكی پاشەكشە كردوو، لە لاوێتیەوە، شۆڕشگێڕ بوو. لەناوەڕاستی شەستەكانەوە پۆستی باڵای وەرگرتوە. بەهۆی كێشەكانەوە دوركەوتەوە، بەڵام لە هەشتاكانەوە هاتۆتەوە. دوو دەهەشە سەرۆكە.
2-گەندەڵی و شكستی دیموكراسی
زیاتر لەنیو سەدە حوكمڕانی و سەدەو نیوێك لەداگیركاریی كۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی، واتا: دوو سەدە، سیستمی سەپێنراوی كۆڵۆنیالیستی وڵاتێكی مۆدێرنیتە و نیو سەدەش حوكمڕانیی سەربەخۆیی- نیشتمانی- دیموكراسی، لەدوا سەرئەنجامدا، وڵاتێكی دەوڵەمەندی فرە نەتەوەی كەناری دەریای سپی ناوەڕاست، ئەو میللەتەی یەك ملیۆن شەهیدی بۆ ئازادی بەخشی، حوكمڕانیەكەی بەرەی نیشتمانی جەزائیر رەتدەكاتەوەو بە راپەڕینێكی هێمنانە، بەبێ ئەوەی هانا بۆ خەباتی چەكداریی بەرن، توانیان، سوپای وڵاتەكە بێلایەن بكەن و سەرۆك و حزبی دەسەڵاتدار ئاوای مێژووی شكستی حوكمڕانی بكەن.
كارشناس و توێژەران، زۆربەیان هۆكاری سەرەكیی ئەم روداوە بۆ نقومبونی كاربەدەستانی بەرەی رزگاریخوازی جەزائیر، لە گەندەڵی و مشەخۆری و دزی و گزی لەهەڵبژاردنەكاندا، دەگێڕنەوە. لەگەڵیشیدا رەخنە لە چەشنایەتی سیستمی دیموكراسی وڵاتەكە دەگرن، كە نەیتوانیوە، سیستمێكی دیموكراسی راستەقینە بێ، لەدەسەڵات و دەزگاكانی شەفافدا؛ لەگۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و گۆڕینی هزری رای گشتیدا؛ لەمتمانەی زۆرینە بە پرۆسەی دیموكراسی؛ لەچارەسەركردنی تەنگوچەڵەمەی چینایەتی- كۆمەڵایەتی و لەهەموشی گرنگتر، لەدابینكردنی لایەنی كەمی دادپەروەریدا. كەواتا:
سیستمی حكومڕانی خراپ، نەبونی دیموكراسی و دادپەروەری راستەقینە، گەندەڵی و نەبونی سزا، تێكڕا و پێكرا، چارەنوسی سیستمەكان و حزبەكان و دەسەڵاتەكان، دیاری دەكەن. نەك مێژوی خەبات و خوێنی رژاوی شۆڕشگێڕەكان. شۆڕشگێڕێتی و قوربانیەكان، بۆ قۆناغێك شكۆیەكی شۆڕشگێڕانەی كاریگەرن، بەڵام هەر سیستم و حزبێك، زیاتر لەمێژووی خەباتی و زۆرتر لەقوربانیەكانی، دەستكەوتی نەبێ و، كێشەی ئابوری و، سیاسی و حكومڕانی چارەسەرنەكا، بەردەوام، گەندەڵكاران سزا نەدا و یاسا سەروەر نەكاو، خزم و خوێش بكاتە مێمڵی گوزەرانی خەڵك و بازاڕ، بێگومان شۆڕشگێڕێتی و قوربانی، تەنها بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، دەتوانێ دادی ئەم حزبانە بدات، سەرئەنجام، كەسوكاری قوربانیەكان، پێش خەڵكی دیكە، لێیان رادەپەڕن. جەزائیر زەقترین و رەقترین نمونەیە، كە هیچ شۆڕشێك لەتەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقا، بەئەندازەی شۆڕشگێڕە جەزائیریەكان، قارەمان نەبون و قوربانیان نەدا، كەچی بەسەری شۆڕەوە دەبێت سەركردەكانیان شانۆی سیاسەت جێبهێڵن. ئەوەتا پارەیان بلۆك دەكرێ. پاسپۆرتیان لێدەسێنرێتەوەو ئەرز و ئاسمانی هەڵهاتنیان لێ دادەخرێ.
لەم دیمەنانەمان، لەشۆڕشی یۆلیۆی میسرەوە (1952) هەتا روخانی شای ئێران، دیوە، چۆن ستەمكارەكان وڵات بەدەر دەكران. بەڵام كاتێك روداوەكانی مێژوو وەردەچەرخێن و شۆڕشگێڕەكانیش دوچاری هەمان چارەنوس دەبنەوە، ئیتر مێژووی هەموو شۆڕشگێڕەكان، دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
3-نمونەی شكستی شۆڕشگێڕەكان
بەرەی رزگاریخوازی جەزائیر، جارێ دوا نمونەی شۆڕشگێڕە شكستخواردوەكانە، پێشتریش نمونە هەبون. لەم كاتەشدا فەنزەوێلای چەپگەرا، پێدەچێ هەمان چارەنوسی چەپەكانی دەریای كاریبیان هەبێ!!
میسری پێشەنگی شۆڕشگێڕان و ئاڵاهەڵگری یەكێتیی عەرەب، لەسەردەمی سەرۆك جەمال عەبدولناسرەوە، ئەستێرەی ناسریەكان، دادەكشا، ئێستا تەنها ئاسەواری سیاسیان ماوە. رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستین، لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نمونەی شۆڕشگێڕانی دوای جەزائیر بون، پشتیوانی تەواوی هێز و دەوڵەتە پێشكەوتوەكانیان هەبوو. كەچی دوای هاتنە سەر حوكمی دەسەڵاتی فەلەستینی و كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات و بازاڕ، بەرە بەرە، گەندەڵی وای لێكردن، هەڵبژاردنیان بە (حەماس) دۆڕاند و لە (غەززە)شدا قەسابخانەیان بۆ (فەتح) داناو دەریشیان پەڕاندن. ئیسرائیلیش بە پەراوێزخراوی دانوستانیان لەتەكدا دەكات!!
ئێستا دەسەڵاتی فەلەستینی، ساڵ بەساڵ روبەری حوكمڕانیەكەی كەم دەبێتەوە. گەندەڵی و مشەخۆری تەشەنەی سەندوە. بیرۆكراسیەت زاڵە. دەستكەوتی زۆر كەمتریان لەو پێشكەوتنانە هەیە كە لە ئیسرائیلدا بەدیهاتون. تەنانەت ناشوێرن هەڵبژاردن بكەن. چونكە لەدوا هەڵبژاردندا (فەتح) بەچەند لیستی ناكۆك بەشدارییان كردو دۆڕاشن.
توركیا، پارتی داد و گەشەپێدان، وەكو پارتێكی چەپی ئیسلامگەرا، جیابونەوەو لەدوو دەهەی رابردودا، گۆڕانكاری ئابوری و تەلارسازی باشیان بەدیهێنا. بەڵام ئەمانیش، بەهۆی پێشێلكردنی پرەنسیپە راستەقینەكانی دیموكراسی لەناو كۆمەڵداو، رێنەگرتن لە گەندەڵی و، بەرتەسككردنی ئازادیە سیاسی و میدیاییەكان... تاد. لەدوا هەڵبژاردندا چەقی سەركەوتنیان لەئەنقەرە و ئیستەنبول و ئیزمیرو ئەنتاڵیادا دۆڕاند. تێكڕاش لە (56%)ی دەنگدەر لێیان تەكینەوە. هەدەپەش سەرەڕای ئەوەی كەمتریان لە چاوەڕوانیەكانی خۆیان هێنا، بەڵام بەرگریەكی دیموكراسی و پشووی شۆڕشگێڕانەی باشیان نواندو لەدەیان شارەوانی گەورەو ناوەنجیدا سەریشكەوتن. پارتی كۆنگرەی هیندستان، لەو پارتە هەرە گەورەو چارەنوسساز و دیموكراتانە بوو، كە رابەڕی گەورەی وەكو (نەهرۆ) سەركردایەتیی دەكرد. سەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەو خراپ راپەڕاندنی ئەركە كۆمەڵایەتەكان، لەوڵاتێكی سەدان ملیۆن هەژاردا، پاشەكشێیەكی بێڕادەی كردوەو لەهەڵبژاردنەكانی رابردودا، بەردەوام پاشەكشە دەكات.
هاوكات لەرۆژئاواشدا، لەناو سۆسیال دیموكرات و هێزە دیموكراتەكاندا، لەدەهەی رابردودا پاشەكشەی ترسناك دەبینرێت. لەبەرامبەریشدا، پۆپۆلیزم و راسیزم، سەردەكەون.
تەواوی ئەو گۆڕانكاریە سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژیانە، بەڕای ئێمە لەبنچینەدا بۆ ئەم راستیانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:
4-كاریگەریەكانی گۆڕانكاریی سەردەم
هەزارەی دووەم و سەراپای هەژمونەكانی سەردەمی جەنگی سارد، لەزۆر بارەوە، ئەوپەڕەكەی لە دەهە، یان دەهەو نیوی ئایندە، كۆتاییان دێت.
ئەم سەردەمە، سەردەمی تەكنەلۆژیا و تەكنیك و پەیوەندیە نوێكانە. واتا: سەردەمی كۆنتڕۆڵی دەسەڵات و كۆمپانیا زەبەلاحەكان، لەناو تاك و كۆی كۆمەڵدا، كۆتاییان دێت. دیارە دەسەڵات و سیستەم دەمێنن، بەڵام هەردەبێت لەگەڵ گۆڕانكاریەكانی سەردەمەكەدا بسازێن.
تەكنیك و پەیوەندیەكان، بە ئۆنلاین بەچەشنێك ئاوێتەی ئابوری و بازاڕ و خواستەكانی ملیارەها تاكی سەرزەمین بوەو زیاتریش دەبێت، ئیدی بەتەواوەتی بنچینە كلاسیكیەكانی چینایەتی و كۆمەڵایەتی، تەنانەت بنەماكانی سیاسی و كولتوریش دەگۆڕێت. زۆربەی دیارەدەو دەركەوتە كۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت فەلسەفە و عەقیدەكانی كۆمەڵناسیش، گۆڕانكاریی قوڵیان بەسەردا دێت.
هیچ پەوەیندیەكی كۆمەڵایەتی و بیركردنەوەیەكی تاك و كۆ، نامێنن، نەكەونە ژێر كاریگەریەكانی گۆڕانكاریەكان و گۆڕانكاریەكانیش، راستەوخۆ، پەیوەندیان بە پەیوەندیە نوێكانی بازاڕ و تەكنیك و سۆسیال-میدیاوە، دەبێت.
ژێرخانی ئابوری، چینە كۆمەڵایەتیەكان، پەیوەندیە كۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەكان، عەقیدە و فەلسەفەكان، تەنانەت كولتور و داب و نەریتەكانیش، بەدەرنابن، لە كاریگەریەكانی گۆڕانكاریەكان.
سەرەتاكانی ئەم گۆڕانكاریانە، لەرۆژئاوادا بەچەشنێ و لەوڵاتانی دواكەوتوشدا بە چەشنێكی دیكە دەركەوتون. لەرۆژئاوادا ژێرخان، سیستەم، یاسا، دامودەزگایی و نەریتی دیموكراسی هەیە، بۆیە، سەرەڕای گۆڕانكاریەكان بەڵام روداوەكان هێشتا لەگرێژنە دەرناچن، دیارە رەوتی ناباوی سیاسی و كۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدەن. نمونەی زەقیان پۆپۆلیزمە، پۆپۆلیزمیش، هاوزای كۆچڕەوی ملیۆنەها روەو رۆژئاوا سەرهەڵدەدەن، بۆیە بەشێوەیەكی بابەتی لەتەك راسیزمدا، موتوربەی، هاوچارەنوس دەبن.
لەوڵاتانی دواكەوتودا، پێچەوانە دەكەوێتەوە، لەبەرئەوەی لە سەد ساڵی رابردودا، دەستەبژێری حكومەت و سیستم دامەزراندن لەسەردەمی جەنگی یەكەمەوە تا دووەم، دوای ئەوەش هێزە سیاسیەكانی چەپ و راست شكستیان خوارد لەدامەزراندنی دامەزراوەكانی سیستم و دەسەڵاتی دیموكراسی هەڵقوڵاوی بزوتنەوە كۆمەڵایەتیەكان، بۆیە، كاریگەریەكانی سەردەم، خێرا دەتوانێت لەناو سەردەمی خێرایی پەیوەندیەكان و سۆسیال- میدیادا، رۆبچنە ناو سایكۆلۆژیەتی رای گشتی، گەرچی هێزی پێشەنگی ئەم گۆڕانكاریانەش، هێشتا دروست نەبوبن و هێزە كلاسیكیەكانیش، لەبازنەی سیاسەتی سەردەمی رابوردودا، نەترازاوون. بۆیە، كاتێك كاردانەوەی نەوەی سەردەمەكە، لەسەر خراپی حوكمڕانی و دژواری گوزەران، لێوڕێژی سیاسی دەبن، رقی پیرۆزیان دەتەقێتەوە و هاوكێشەكان بەبێ دەستەبەری رابەرایەتی، دەگۆڕن. زۆر جاریش، دۆخەكە لەگرێژنە دەردەچن.
مادام گۆڕانكارییە ئابوری و تەكنیكیی و پەیوەندییەكان، بابەتین و جیهانگیرین، دیارە، روداوەكانیش بەردەوام، لە تەقینەوەدا دەبن. هیچ هێزێكی سیاسی، بەتایبەتی هێزە شۆڕشگێڕەكانی دەسەڵات، لەم سەردەمەی گۆڕانكارییەكاندا، هەتا گۆڕانكاری هەمەلایەنە بەسەر سیاسەت و پێكهاتەی حیزبایەتی و سیستەمی حوكمڕانیدا، نەهێنن، مەحاڵە بتوانن بەرواڵەت باسی گۆڕانكاری بكەن و لە گەوهەریشدا، سوربن لەسەر حوكمڕانی و حیزبایەتی رابوردوو، هەڵبەتە لە دوا ئاكامدا، بەرگەی روداوەكان و كاریگەری گۆڕانكارییەكان ناگرن.
لەهیچ سەردەمێكدا، دەسەڵات، بەئەندازەی ئەم سەردەمە، لەژێر فشاری رای گشتیدا نەبووە. رای گشتیش هەرگیز، بەئەندازەی ئەم سەردەمە لەژێر كاریگەری گۆڕانكارییەكاندا نەبوە. سەردەمەكانی پێشوو، پاساوی ئایدیۆلۆژی و نەتەوایەتی و ئاسایشی حوكمڕانی، كاریگەرییان زۆر بوو بۆ پاراستنی دەسەڵاتو حزبەكان. بەڵام لەم سەردەمەی جیهانگیری و پەیوەندییە خێراكان و سۆسیال میدیادا، پاساوەكان، بەشانازیەكانی شۆڕشگێڕانەشەوە، دەبینین، كە چیكە دادی لایەنە سیاسیەكان و دەسەڵاتەكان نادات. خەڵك لێیان رادەپەڕێ، ئەگەر هەلومەرجی خۆیی پێ گەیشتبێ یان پێ نەگەیشتبێ.
جەزائیر باجی دا. سودان، باج دەدات. فەلەستین هەرگیز ناگەڕێتەوە هەژمونەكەی جاران. ئاكپارتی توركیا، روی لەلاوازبونی زیاترە. هێشتا، گۆڕانكاریەكانی جیهان، زۆری بە بەرەوە ماوە، قوڵتر كاریگەرییان لەسەر وڵاتان و نەوەكان و ئاراستەكان هەبێ. ئەوەی رویداوە، بەردەوام، بەئەنجامی چاوەڕوانەكراوتر، رودەدەن.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەسەرجەم دەوڵەت و سیستەم و حزب و خەباتی رزگاری نەتەوەكانەوە، بەدەر نابن لە كاریگەری گۆڕانكارییەكان، گەرچی هێشتا سیستەمە دیكتاتۆرەكان ماون و هێزە كۆنەپەرستەكانیش، نەشكاون. ئەم ئەزمونانە تێكڕا، لەدەهەی رابوردوەوە، تاقیكردنەوەیەكی هێژای بۆ نەوەی سەردەم جێهێشتوە، بێگومان خەباتی دیموكراسی دەوڵەمەندترو بزوتنەوەی مەدەنی بەهێزترو گۆڕانكاریەكان تێكەڵاوی سیستەمو حزب و سەندیكاو رێكخراوەكانیش دەكات.