عیراقچیو كوردستانی، لەدیدی یٔێستاشەوە!
مەلا بەختیار
2020-09-03   1459
لەپەراوێزی سەردانەكەی ماكرۆندا
لەسەر قسەیەكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە گوتویەتی: كورد شانازی بە عیراق بونی خۆیەوە دەكات، سایتەكان وروژاون و رەخنەی جۆراو جۆر دەبیستین، بە پێویستی دەزانم لەم بارەوە كێشەكانی كۆن و نوێ لەسەر عیراقچی و كوردستانی باسبكەم، بۆچوونی خۆشم لە دیدی یٔێستاوە دەرببڕم.
سەدەیەك سەپاندن
عیراق... ساڵی ئایندە پێ دەنێتە سەدەیەك دامەزراندنی قەوارەیەك، كە بەدڵخوازی عەرەب و ناڕەزایی كورد، سەپێنرا.. ناویشی نرا عیراق، ناوی عیراقیش لەدێر زەمانەوە هەر هەبووە، بەڵام نەك لەچوارچێوەی قەوارەی سیاسی و یاسایی دوای كۆلۆنیالیزمی كلاسیكی بریتانیا! ماوەیەكیش، بەناوچەی خوزستانی یٔێران، گوتراوە عیراق!
كە یٔەم قەوارە نوێیە، لەسەر زەمینی عیراقی یٔێستادا داتاشرا، سەر زەمینەكە سێ ویلایەت بوو، ویلایەتی بەغدا، ویلایەتی بەسرە و ویلایەتی موسڵ...واتا: شیعەی باشورو سوننەی ناوەڕاستی عیراق و باشوری كوردستان، دانویان بەیەكەوە نەكوڵاوە.. بۆیە سـێ ویلایەتەكە پێك هێنراوە. دەشێ دانی پیا بنێین كە عوسمانیەكان بە تیوكراتی خۆیانەوە، دوای دوو سەدە لە كوشت و كوشتاری عوسمانی و سەفەویەكان، یٔەم سێ ویلایەتەیان لە سەدەكانی ناوەڕاستدا، گونجاوتر دامەرزاند. كەچی بریتانیا، كە لانكی یەكەمین شۆڕشی دیموكراسی جیهان بوو، چارەسەرێكی نەسازاوی بەناوی عیراقەوە سەپاند!
كە قەوارە داتاشراوەكە دامەزرا، كورد نەیسەلماند. هەتا سییەكانیش بەرهەڵستی كرد. بەڵام بریتانیاو شۆڤێنێتی عەرەب.. پاشان كەمالیەكان، لە دوای رێكەوتننامەی لۆزان -1923ەوە، بەرە بەرە خەونی كوردیان، كوشت!
لەوساوە.. عیراقچێتی و كوردستانی، لە كوردستان و عیراقدا، سەریهەڵداوە. لە عیراقدا، گۆڤاری (تێگەیشتنی راستی) سەكۆی عیراقچێتی بوو.. رۆژنامەكانی یٔومێدی یٔیستقلال و ژیانەوەی كوردستانیش، سەكۆی سەربەخۆیی كوردستانی بوون؛ شێخ مەحموود، دوا سەرداری پەرچەمەداری سەربەخۆیی باشوری كوردستان بوو، كە هەتا دوای راپەڕینی یٔەیلولی بەردەركی سەرا 1930، دەیشەكاندەوە!
پارتیو عیراقچێتی
تێزی ئۆتۆنۆمی، لەسەردەمی ئیتحادو تەرەقی توركیاوە، لەسەر دەستی شێخ عەبدولقادری نەهرییەوە، خزاوەتە ناو یٔەدەبیاتی كوردایەتیەوە.
پارتی 1946 یەكەمین حزبی سیاسی كوردستانە، لە ژێر كاریگەری سیستەمی شورەوی-ستالین و پارتی كۆمۆنیستی عیراق (نەك پارتی تودەی یٔێران كە دژی یٔۆتۆنۆمیش بووە) تێزی (دیموكراسی بۆ عیراق و یٔۆتۆنۆمی بۆ كوردستان)ی كردە ستراتیژ. یٔەمەش لەسەردەمێكدا .. بارزانی و بەشێكی بارزانیەكان، چوبونە شورەوی.. لە كوردستاندا، هەمزە عەبدوڵڵا و برایم یٔەحمەد لە چلەكان هەتا ناوەڕاستی پەنجاكان.. دوای یٔەوە مام جەلال-یش، فۆرمیلای یٔۆتۆنۆمیان قوڵ قوڵ یٔاوێتەی یٔایدیۆلۆژیەتی پارتی كردو توندیش لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عیراقدا، گرێیاندا. سەرەڕای جیابونەوەی جەلالی – مەلایی هەتا ساڵی 1975 ستراتیژی یٔۆتۆنۆمی، خایاندی. لە راستیدا.. جەلالی، بۆ عیراقچێتی، لەو دۆخەی دووبەرەكیەدا، لە یٔۆتۆنۆمیش كەمتری قبوڵكرد!
یەكێتی و كوردستانی .. عیراقچی
یەكێتی، لە (نامیلەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆچی دا؟)، یەكەمین لایەنی كوردستانییە، دوای كۆمەڵەی (ژ.ك) بە ڕۆشنی .. ستراتیژی كوردستانیەتی هاوتای ستراتیژی دیموكراسی بۆ عیراق و كوردستانی یٔۆتۆنۆم، لە یٔایدیۆلۆژییەتی خۆیدا چەسپاندو جەختی كردەوە، كە پەیوەندییەكی یٔۆرگانیكی لە نێوان خەباتی بەشەكانی كوردستانی داگیرو دابەشكراودا هەیە. واتا: یەكێتی، نەك هەر لە رووی فرەییەوە، بەڵكو لە رووی فەلسەفەی سیاسی نەتەوایەتیشەوە لەساڵی 1975، رێبازێكی نوێی كوردایەتی نەخشاد.
لەسەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەی ماركسی-لینینی- ئەندێشەی ماوتیسیتۆنگدا 1/6/1970 سەرەڕای یٔەوە كۆمەڵە ستراتیژی سەربەخۆیی كوردستانی نەبوو، بەڵكو هەر باسی یٔۆتۆنۆمی دەكرد، كەچی رەوتێكی عیراقچی هەتا ساڵی 1972یش لەناو كۆمەڵەدا هەبوو. یٔەم رەوتە دیموكراسیانەو یٔارەزوومەندانە، لە كۆمەڵە دروكەوتنەوە. یٔیتر لە مێژووی یەكێتیدا، جگە لە پڕوپاگەندەی بێ بناغە.. رەوتێكی عیراقچی لە یٔارادانەبووە. تەنانەت كە یەكێتی، لە دوای دووەمین كۆنفرانسی كۆمەڵەی رەنجدەرانیش، دروشمی كوردستانی ئۆتۆنۆمی (هاوینی 1982 –گوندی خەتێ) گۆڕی بە مافی چارەی خۆنوسین، سەرپای یەكێتی، بەڕەوتی جیاوازەوە، قبوڵیان بوو.
راپەڕینو عیراقچیو ریفراندۆم
كە راپەڕینی 1991 سەری گرت و حكومەتی عیراق لە ژێر فشاری نێودەوڵەتیدا بڕیاری 688ی قبوڵ كردو هێڵی (36) سەپێنرا، (11) ساڵی رەبەق، سوپاو دەزگاكانی موخابەراتی عیراق، كوردستانیان جێهێشت؛ یٔەو كاتە، پارتی لەگەڵ عیراقدا نەرم و یەكێتی توندبوو، هیچ لایەك بیریشیان لە جیاكردنەوەی كوردستانیش نەدەكردەوە، گەرچی بە كردەوە، سەر بە خۆش بووین!
كە رژێمی سەدامیش روخا، مام جەلال و بارزانی، پێش سەركردەكانی عیراق گەیشتنە بەغداو داوای عیراقی فیدراڵی یەكپارچەیان دەكرد!
كە بڕیاری ریفراندۆمیش درا.. سەرەڕای جیاوازییەكان.. ناكۆكیەكان.. مل ملانێكان، ئەو لایەنانەی بەشداری كۆبونەوەی حزبە كوردستانیەكانیان دەكرد، هەموشیان بڕیارەكەیان پەسەند كرد؛ تەنانەت یەكێتی.. لە دوا كۆبونەوەی سەركردایەتیدا، پێش دوا پەسەندی ریفراندۆم لەسەری رەشدا، كردی بە مەرج كە:
یەكەم: ریفراندۆم لە پێناوی سەربەخۆیی دا بێ.
دووەم: كەركوك و ناوچەكە كێشە لەسەرەكانیش بگرێتەوە (كاتی دێت ئەم راستیە روونتر باسبكەم).
ناخۆشترین سیاسەت، سیاسەتی دوو فاقییە. لەریفراندۆمدا.. هەڵە كرابێ.. یان دووچاری هەڵدێریش بوبین، پاشگەزبونەوە لە بڕیارەكان لەلایەن لادەرو بادەرەكانەوە، پەشمە!!
پێش دوا بڕیاری ریفراندۆم، لەسەر پێشنیازی من، كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی لە هەولێر كرا. كۆبونەوەكەم بۆ یٔەوە رێك خست، بەڵكو ریفراندۆم لە كەركوكدا، نەكرێ. هەندێك هەڤاڵ پێشیان ناخۆشبوو كۆبونەوەكەشم رێكخستوەو سور بوون لەسەر بۆچوونەكانیان.. پێیان وابوو، ریفراندۆم سەردەگرێ و سەربەخۆییش دێتە دی! كە واتا: با یەكێتی بێ بەش نەبێ. ناچار لە كۆبونەوەكەدا دوو بۆچونەكەم خستە دەنگەوە، ئایە:
-لەكەركوك و ناوچە كێشە لەسەركانیشدا، ریفراندۆم ئەنجامبدەین؟
-یان .. موزەكەرەیەك بدەینە لایەنە سیاسیەكان، لەناوچە كێشە لەسەرەكاندا، نەكرێ..
من و (5) هەڤاڵ لەگەڵ ئەنجام نەدانی بووین، لەكەركوك .. (6) هەڤاڵ لەگەڵ ئەنجامدانی بوون.. هەڤاڵ هێرۆ لەناو (6) هەڤاڵەكەدا دەنگی داو یٔێمە دۆڕاین!!.
دۆخی ئێستاو عیراق
هەمووان دەزانین، دۆخێكی مەترسیدار، سەرەنجامی كەڵكەبوونی هەڵەو كەموكوڕییەكانی (29) ساڵی رابوردو، لەرووی قەیرانی ئابوری و ناڕەزایی خەڵكەوە، لەئارادایە. هاوكات.. مەترسی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیش، ئەگەرێكی دوور نییە!
ستراتیژی چارەسەری ئێستا دیارە.. كە لەبەغدایە. ئەركمانە ئەم ستراتیژە، لەم قۆناغەدا، هەمە لایەنە فۆرمێلا بكرێ و بگەیەنرێتە رێكەوتنێكی تۆكمەش.. بەڵام، رێكەوتنەكە بەراستی هەمە لایەنە بێ.. مادەی (140) و.. بووجەو موچەش، بنەمای رێكەوتنەكە بێ..
ئایە، رێكەوتنی وا، خەونی سەربەخۆیی، لەناو هەست و هەڵوێستی كورددا، تا هەتایە، لەبار دەبات؟ بێگومان نەخێر . نمونەیەك بەگرنگ دەزانم، بۆ یٔەم مەسەلەیە بهێنمەوە..
لەدانوستانی 1984دا، مام جەلال، بە وردی باسی دیموكراسی بۆ عیراق و یٔۆتۆنۆمی راستەقینەی بۆ تاریق عەزیزی و وەفدی حكومەت دەكرد.. تاریق عەزیز، گوتی:
یٔوستاز جەلال؛ زۆر باسی دیموكراسی بۆ عیراق دەكەی.. یٔایە یٔەتوانی بۆمان واژۆ بكەیت، كورد هەرگیز لەعیراق جیانابێتەوە..؟!
مام فەرمووی... من، ئێستا نوێنەرایەتی كوردەكەم.. كـێ دەڵـێ، بافڵی كوڕم گەورە نابێ و بڕیارەكانی من رەت ناكاتەوە.. بۆیە، دەسەڵاتی نوسینی نامەی وام نییە..
ئێستاش.. كە وەفدی كوردستان، جەنابی ماكرون دەبینن و قسە لەوە دەكەن، كورد بەشێكی دانەبڕاوی عیراقە، قسەكەیان بۆ دۆخی ئێستایەو بۆچونەكەشیان دەرهەق بەدۆخەكەو قۆناغەكە، راست و دروستیشە.. نەك بۆچونی ئەوانەی، كە دەیانەوێ، ئەگەرەكانی روداوەكانی ئایندەش.. لەباربەرن..كاتێ بۆچوون تێكەڵاوی رقی سیاسی و كاردانەوە دەكرێ..ناتوانێ بابەتی بێ!
3/9/2020