ئاڵای کوردستان و بـــبــک

سامانـی وەستا بەکر
  2019-12-02     898

ئاڵای کوردستان و بــــــبــــــــک*

ئاڵای کوردستان ئەو تەڵەیەی هەمیشە لەتورکیا قاچی هەرێمی تێئەکەوێ.
تورکیاو بەتایبەت سیاسیە باڵا دەستەکانی ئاک پارتی وەک حکومەتی ئەو وڵاتە هەر کاتێک گڵوڵەی ئابوری و دارایی وڵاتەکەیان ڕووی لەلێژی بێت ئەوا ڕاستەوخۆ تەڵەی ئاڵای کوردستان بەقاچی سیاسیە ساویلکەکانی هەرێما ئەتقێنەوەو لەو ڕێیەوە هەرچییەکیان بوێ بە حکومەتی هەرێمی ئەکەن.

پێشتر بینیمان لە سەروبەندی گرێبەستە ٥٠ ساڵەییەکەی نێوان و ئەنکەرەو هەرێم و ئەو کاتانەی کە کورد پشتگیری نێو دەوڵەتی زۆری هەبوو، لەکاتی سەردانی کردنی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانا مەسعود بەرزانی کە ئەو کات سەرۆکی هەرێم بوو بۆ پێشوازی لە فرۆکەخانەو کۆشکی کۆماری و حکومەتی ئەنکەرەیا ئاڵای کوردستان دائەنرا و لەو ڕێیەوە هەرچییەکیان ویستبێ بەدەستیان هێناوە، چونکە وەک ئەوەی باوە لەناو خەڵکا ئەوترێ، سیایەکانی کورد بەو جۆرە شتانە ڕووگیر ئەبن و ئەکەون بە ڕووا، ئیتر ڕوویان نایە داوای مافی کورد بکەن ئەگەرچی سیاسی بێت یان تەنانەت ئابوریش، ئاخر چونکە ڕێز لە شەخسی خۆیان گیراوەو ئیتر ئەوەی پەیوەستە بە کوردەوە لە ڕوویان نایەت پێداگری لەسەر بکەن.

لەکاتی تریشا ئەمان بینی و مێژووەکەی زۆر دوور نیە کاتێ تورکیا مەرامە سیاسی و ئابوری و داراییەکانی خۆی لە هەرێم دەستکەوت بوو ، لە کاتی سەردانی کردنی سەرۆکی حکومەت و تەنانەت سەرۆکی هەرێمیش نەک ئاڵای کوردستان بگرە ئاڵای عێراقیشیان لە پێشوازییانا بۆ دانەئەنان وەک ئەوەی بڵێی لەگەڵ یەکێک لەکاربەدەستەکانی خۆیانا کۆبوونەتەوە.

لەکاتی ڕێفرادۆمیشا هەر تورکیا بوو کە زۆرترین هەڕەشەی ئەکرد و لای خۆیەوە هەردوو فرۆکەخانەی سلێمانی و هەولێری بایکۆت کردو بۆ کردنەوەی فرۆکەخانەی سلێمانی زۆرترین مەرجی بەسەر دەسەڵاتدارانی سلێمانیا سەپان و بەجۆرێک ئێستا سلێمانی یەکێکە لەو ناوچانەی کە تورکیا بە ئاسانی ئەتوانێ کردەوەی تیرۆرستی و جاسوسی و ئیختیالاتی تیابکات، ئەوە هەولیر هەر باس ناکرێ.

ماوەیەکە هامۆشۆو سەردانەکان بۆ بەغای پایتەختی عێراق گەرموگوڕ ئەڕوات و شەقامی کوردانی هەرێمی کوردستانیش بە گەشبینیەوە لێی ئەڕوانن وەک دەروازەیەک بۆ ژیانێکی باشتر بۆ ساڵی داهاتوو بەجۆرێک کە کێشەی کەمی و پاشەوکەوتی مووچە کۆتایی بێت و مووچە لەکاتی خۆیا دابەشکرێ وەک مافێکی سەرەتایی هەر تاکێکی مووچەخۆر.

کێشەی نێوان هەرێم و بەغا لە ڕاستییا کێشە نیە بەڵکو سەرچاوەی کێشەکە  هەنگاوێکی بێ لێکدانەوە و دراسەکراوی کابینەکانی پێشووتری حکومەتی هەرێم بوو کاتێک بڕیارێکی تاک لایەنەیانا کە چیتر پشت بە عێراق نەبەستن و سیاسەتی ئابوری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان بەڕێوەئەبەن و لە داهاتی فرۆشی نەوت و داهاتە ناخۆی و گومرگیەکانی هەرێم پێویستییەکانی هەرێم دابینئەکەن.

سەرەنجام هەرێم بڕیارە قورسە لێکنەدراو دراسە نەکراوەکەییا و "پشت لە بەغا و ڕوو" لە ئەنکەرە کرد و لەیەکەم هەنگاو بۆ ئابوری سەربەخۆ کەوتە یەکەمین تەڵەی مێژووی خۆیە لەڕێی گرێبەستێکی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ تورکیایا کە تا ئێستاش بۆتە قۆرتی هەرە گەورەی هەرێم کە ناتوانێ هیچ هەنگاوێک بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لە ترسیی هەڕەشەکانی سوڵتانی نەوت ئەردۆگان.


هەڵبەتە هەر وڵاتێک گەر بۆ ئابورییەکەی پشت بە تاکە سەرچاویەک ببەستێ ئەگەرچی ئەو سەرچاویە نەوتیش بێت ئەوا هەمیشە لە کێشەیا ئەبێت لایەنی کەم بەهۆی بەرزو نزمی نرخی بازاڕاوە کەواتە هەرگیز ئەو ئابورییە سەربەخۆ نابێ بەڵکو ئەکرێ ناوی لێبنرێ بە "ئابوری گرێدراو" چونکە سەربەخۆ پاشگرێکە گەر بەهەر ناوێکەوە بلکێنرێ ئەوا ئەبێ بڕیار تەنها لای تاکە کەسێک یان لایەنێک یان دوڵەتێکا بێت.


بڕیاری ئابورییە سەربەخۆکەی هەرێم هەر زوو بوو بە دەستکەوتێکی مادی ئێجگار گەورە بۆ تورکیا و داڕمانێکی گەورەش بۆ ئابوری هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و وڵاتی عێراقیش بە گشتی. (داڕمان بۆ ئابوری عێراق لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان لەهەردوو لایەنی ئیداری و جوگرافیەوە بەشێکە لە عێراق، گرێبەستێکی ٥٠ ساڵەش بەبێ گەڕانەوە و ڕێکەوتن لەگەڵ بەغایا ئەبێتە هۆکارێکی گەورە بۆ تەپانی ئابوری کۆی وڵاتەکە چونکە پێشتر هەم نەوتی بە تورکیا ئەفرۆشت بە نرخی بازاڕەکانی جیهان هەم لەو ڕێیەشەوە ئەیتوانی نەوتەکەی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهانیش بکات بەڵام ئێستا هاوکێشیکە پێچەوانەیە.

کەواتە لێروە دەرەکەوێ ڕکابەرایەتییەکی ناوخۆی لەبەرژەوەندی تورکیا و بەپێی داواو خواستی تورکیا هۆکارێکی بەرچاوە بۆ ئەو پاشەکشی ئابورییەی لایەنی کەم لە هەرێم بوونی هەیە نەک ڕەوانە نەکردنی بودجە لەلایەن بەغاوە بۆ هەرێم وەک ئەوەی باوە ئەگەرچی بەشێ لە ڕاستیشی تیابێ بەڵام ناکرێ هۆکارە گەورەکەی تەپاندنی ئابوری و دارایی کە تورکیایە لەبیر بکرێ کۆی کێشەکە بە نەناردنی بودجەوە لەلایەن بەغاوە پێناسەکرێ.

ئەگەر لایەنی نەتەوایەتی و داگیرکاری لێکبدرێتەوە ئەوا هەر چوار وڵات کە کوردستانیان بەسەرا دابەشکراوە هێندەی یەک ناحەزو دوژمنی سەربەخۆیی کوردستانن، وە هەر پشتبەستنێک بەو وڵاتانە لە زەرەر و دۆڕان زیاتر هیچی لێ سەوزنابێ ، بەڵام لە ئێستایا ئەوەی ڕاستەوخۆ کورد کۆمەڵکوژ ئەکا و خاکەکەی زیاتر داگیرەکا ئەوە تورکیایە بۆیە ئەکرێ لەسەرەوەی ئەو لیستەیابێ کە دوژمنێکی مێژووی و ڕێگر لە هەر خواستێکی کورد بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی خاکەکەی تەماشاکرێ ئەگەرچی ئێرانیش بەموو لێی لانەیاوە.

بەڵام هەرچی عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان ئەو لایەنەیە کە ئەبێ هەرێم مامەڵەی لەگەڵا بکات و هەماهەنگی هەبێ لەگەڵیا لە پێناو باری گوزەرانی ژیانی خەڵکی هەرێما تا ئەو کاتەی هەرێم سەر بەو وڵاتەبێ.

جێی سەرنجە حکومەتی هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغا  وەزیرێکی گۆڕان و یەکێکی یەکێتی نارد کە هیچیان خاوەنی بڕیار نین و بۆ هەر پرسێک ئەبێ بگەڕێنەوە بۆ سێ کوچکەی دەسەڵات باوک و برازو کوڕ"بـــبـــک". کە تا ئێستا دانوستانەکان بەردوامەو تەنها ئومێدی گەشبینی لێوە باسەکرێ کە ئەکرێ لەچەن ڕۆژی داهاتووا واژوو لەسەر ڕێکەوتنێک بکرێ کە هەرێم پابەندبێ بە ڕادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەریمیل نەوت بە سۆمای عێراقی و لەبەرامبەریشا عێراق مووچەو شایستەی داراییەکانی هەرێم بنێرێ و لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ شوێنی بکرێتەوانێ.


دیسان ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەت کە یەکێکە لە "بـــبـــک" و خاوەنی بڕیارو واژۆی کۆتاییە پێش واژۆ کردنی ڕێکەوتنی هەرێم و بەغا سەردانی تورکیای کرد و لەوەش سەمەرەتر دانانی ئاڵای کوردستان بوو لە پشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە دوای ئەو هەموو سوکایەتییەی کە تورکیا بە هەرێمی کرد لەدوای ڕێفراندۆم و پاش داگیرکردنی عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی و کۆمەڵکوژی کوردی سڤیل و بێ چەک و مناڵ و هەڕەشە کردن لە هێرس کردنە سەر هەرێمی کوردستانیش ئەگەر لە داگیکاریەکەی ڕۆژئاوا سەرکەتوو هاتنە دەرەوە ، کەچی لەپڕ بە قودرەتی قادر تورکیا ١٨٠ پلە گۆڕاو جارێکیتر ئاڵای کوردستانی لەسەر خاکی خۆی بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم دانا! کە بێگومان لەپشتی ئەمەوە مەرام و بەرژەوەندی تورکیای لەپشتە.

تورکیا ئەیەوێ هەرێمی کوردستان بە مەرجی ئەوان و بەچاودێری و ڕێنمای و خواستی تورک لەگەڵ بەغایا ڕێکەوتن بکات بەجۆرێک تورکیا خاوەنی پشکی شێربێ لەو ڕێکەوتنەیا تا دەستکەوتی زیاتر لە ئابورییە داتەپاوەکەی هەرێم بەتایبەتی و عێراق بەگشتی بەدەستبێنێ و بەرژەوەندییە زۆرو زەوەندەکانی لە هەرێم پارێزراوبن.

ئەم سەردانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم جگە لەوەی کوردی بە گشتی و کوردی باشوری بەتایبەتی تووشی دڵتەنگی و بێ هیوای کرد لەوەی کە سەرۆکی ئەم کابینەیەش وەک ئەوەی پێش خۆی دیسانەوە ڕادەستی تورکیا و سەڵتەنەی سوڵتان ئەردۆگان بوون و  ڕژد لەسەر ئەوەش ئەکاتەوە کە هەرێم خاوەنی هیچ بڕیارێک نیە ئەگەر بڕیارەکە لەبەرژەوەندی حکومەتی تورکیایا نەبێ.

تورکیا تا ئەم ساتەش لە داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و تووشی زۆرترین لۆمە و سەرزەنشتی وڵاتانی جیهان و ئازادی خوازانی جیهان بۆتەوە بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەواو نا بەرامبەرە بۆ سەر خەڵکی سڤیل و داگیرکارییە فراوانخوازییەی ئەردۆگان.

ئەردۆگان بۆ سپی کردنەوەی ڕووی خۆی و سیاسەتی داگیرکاری و فراوانخوازییەی سەردەمی سوڵتانە عوسمانمییەکان زۆر پێویستی بە هەر کوردێک هەیە، جا چ جای ئەو کەسە گەورەترین دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمبێ کە تاکە دەزگای فەرمی کوردی دانپیانراوە لەلایەن زۆرێک وڵاتانی جیهانەوە ئەوەش لەبەر دوو هۆکار:

یەکەم، تا وای پشان بدەن کە ئەوان واتە تورکیا دوژمنی کورد و نەتەوەکەی نین بەڵکو ئەوان دوژمنی "پەیەدە و شەڕڤانان" وەک درێژکراوەی باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە راستیا ئەمە تەنها بەهانەیەو ئەوان چاویان بە هیچ کیان و بوونێکی کوردا هەڵنایە ئەگەرچی لەوپەڕی دنیاشبێ بە قەولی خۆیا.

دووەم، تورکیاو ئەردۆگان پێویستییەکی زۆریان بەم حکومەت و کیانە سیاسیەی ئێستای هەرێم لە باشوری کوردستان هەیە کە ئەوان هەمیشە بە باکوری عێراق ناوی ئەهێنن، بۆئەوەی نەوتەکەی هەرزانکڕ بکەن و داهاتی فرۆشی نەوتەکەش لە بانکەکانی خۆیانا و لەژێر دەستی خۆیانابێ بۆ زەلیل و کردن و پاوان کردنی دەم و دسەتی هەرێم کە ئەگەر لەهەر کاتێکا ئەگەر هەرێم بە تەنانەت ووشەیەکیش سەرزەنشتی تورکیا بکات دەست بەسەر ئەو پارانەیا ئەگرن کە لە بانکەکانی تورکیان و هەرێم و بەتایبەت بەرپرسە باڵاکانی مایەپووچ ئەکەن.

تورکیا و ئەردۆگان پێویستیان بەم کیانەی ئێستای هەرێمی کوردستان هەیە تا ئابوری وڵاتەکەی خۆیانی پی بەهێز بکەن و هەم هەرێم باشترین بازاڕە بۆ ساغکردنەوەی کاڵا بێ پێز و خراپەکانی تورکیا کە لە هیچ بازاڕێکی تری دنایایا ساغناکرینەوە بەو  کوالیتیە خراپەی کە ڕەوانەی هەرێمی ئەکەن. هەم تورکیا بە مەرجی خۆی نەوتی هەرێم بە کەمتر لەنیوە قیمەتی بۆرسەی جیهانی لە هەرێم ئەکڕێ و ئابوری وڵاتەکەی زۆر پێ بەهێز کردووە کە ئەگەر کە ئەگەر سیاسەتی فرۆشی هەرێم و عێراق یەک و ڕێکخراو بوایە ئەوا هەرگیز تورکیا ئەو سوودەی لە دەست نەئەکەوت کە ئێستا ئەیکات.


پرسیار؟
ئــــــایــــــا ناردن و چوونی وەزیرێکی گۆڕان و وەزیرێکی یەکێتی بۆ بەغا کە مافی بڕیاردانیان نیە و ناردن و چوونی سەرۆک وەزیران کە پارتییە بۆ ئەنکەرە کە ماف و خاوەنی بڕیاریشی هەیە هەر لە خۆوە بوو یان هۆکارەکەی ئەوەیە کە بڕیاری ڕیکەوتنی هەرێم و بەغا لە ئەنکەرەوە ئەدرێ و دەرەچێ؟
بـــــبـــــــک/ کورتکراوەی باوک و برازا و کوڕ وەک ئاماژەیەک بۆ دەسەڵاتی کاک مەسعودو نێچیرو مەسرور بارزانی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×