هەربژی گەندەڵی
محەمەد نوری
2019-08-19   1331
كە لەلاپەڕەی تایبەتی خۆت یەكێك لەچیرۆكەكانی سەردەمی پادشایەتی دەگێڕیتەوە، زۆربەی ئەوانەی توانج دەنوسن بەتەنزەوە دەڵێن ئەو چیرۆكە خەیاڵییەو دورە لەراستییەوە. كە باس لەوە دەكەیت مەلیك نەیتوانیوە ئۆتۆمبێلێك بكڕێت چونكە پارەی گەنجینە بەشی نەكردوە، كە دەنوسیت: نوری سەعید بۆئەوەی ژمێریارەكە متمانەی پێبكات كە دە دیناری داوە بەمێژونوسی عێراقی عەبدورەزاق حوسنی ئیمزای وەسڵی وەرگرتنی پارەكەی لێكردوە. كەدەنوسین دایكی فەیسەڵی دووەم بەقەرز پانزە دیناری لەگەنجینەی كۆشك وەرگرتوەو مانگانە بەقیست داویتەوە، دەیان چیرۆكی تر. لای نەوەیەك كە لەدوای راپەڕینەوە پێگەیشتون دەبێتە نوكتەو قسەی هەلەقو بێ مانا.
خەتای ئەوان نییە كە بەوشێوەیە دەڕواننە ئەو چیرۆكانە، گوناهی ئەوان نییە كە هەموو روداوێكی دەستپاكیان پێ خەیاڵبێت، تاوانبار ئەوان نین كە لایانوایە بەرپرسی پاكو گیرفان پاك نییە. ئەوان كە چاویان كردوە كۆمەڵێك گەندەڵیان بینی كە بەناوی شاخەوە شاریان وێرانكرد، بەناوی خەباتی دوێنییەوە ئەمڕۆیان هەلاهەلاكرد، بەناوی كورسی شۆڕشگێڕییەوە هەموانیان خستە سەر ساجی عەلیو لەو سەرەوە كوڕو كچو ممكزاو براو خاڵوزاو عەشیقەكانیان خستە ناو نیعمەتی دونیاییەوە.خەتای ئەم نەوەیە نییە بۆز بەپاكێتیەوە لێدەدا چونكە لەسەردەمی پیسیدا ژیاوە، خەتای ئەم نەوەیە نییە كە جڕت بۆ چیرۆكی دەستپاكی بەرپرسەكان لێبدات، چونكە ئەو لەسەردەمێك ژیاوە هەر لەرەشكردنەوەی قژ بۆ كڕینی ستیانی كەپڵەكان لەسەر قاسەی گشتی بوە.
گەندەڵی لەدونیای دوای راپەڕین هەموو چیرۆكەجوانەكانیان لێناشرینكردین ،گەندەڵی هەموو هەناسەیەكی بۆ چاككردن وباشكردن وهەنگاونانی دروستی تەفروتوناكرد.گەندەڵی لەم هەرێمەدا بووەتە كەلتوری جێگر، بەواتای گەندەڵكاران رۆژ بەرۆژ ئەستێرەی بەختیان لەئاسمانی دەسەڵاتدا درەوشاوەدەبێت ، ئەوانەشی باوڕیان بە بیركردنەوەی دروست هەیە بۆ گۆڕانكاریی لەژێرزەمینەكانی پەراوێزخستندا دەمێننەوە.
مێژووی دەسەڵاتداریی كوردی (دەسەڵاتداریی جیاوازە لە حكومڕانیی ،چونكە ئێستاش مەكتەبی سیاسییەك دەتوانێت وەزیرێك رەوانەی تونی بابا بكات) ئەم مێژووە لەدوای راپەڕینەوە چیرۆكی خۆدەوڵەمەندكردنی خۆی دەستپێكرد ،كە سەرەتایەكی هەبوو بەڵام كۆتاییەكەی ناروونە لەبەرئەوەی كوڕ وزاوا وكچەكانیان بەردەوامێتیاندا بە هەزارویەك شەوەی گەندەڵی .
ئاسانە ببیت بە هەموو شتێك بەس كوڕ یان كچ یان برا یان خزمی ئەدیداس لەپێیەكی شاخ بە كە ئێستا یەك فیشەكی شاخی ملیوەنەها دۆلار كەوتوە .بەشێك لەو پاڵەوانە درۆزنا لەشاخیش خەریكی فێڵ ودزی و جەردەیی بوون ،كە گەڕانەوە شارەكانیان بە موڵكی باوانیان زانی گرد ودەشت وبیر و تەنانەت هەر ئاسمان مابوو ئەوەشیان لەنیوان خۆیاندابەشكرد و لەوسەرەوە وایانكرد دەستپاكی و شەفافەیەت و راستگۆیی وحكمڕانی دروست نەك ببیتە نوكتە بەڵكو بەتەنزەوە باسبكرێت .
ئەوەی وایكرد نەوەیەك گاڵتە بەكوردایەتی بكات ئەوانە بوون كە بەناوی كوردایەتییەوە قسەیان كرد ،ئەوەی وایكرد نەوەیەك فشەی بە پاكێتی بەرپرسەكان بێت ئەوانەبوون كە بەناوی پاكییەوە میللەتێكیان خەڵەتاند ،ئەوەی وایكردكەنەوەیەك ئومێدی نەمێنیت و هیوای بەسبەی كاڵبێتەوە ئەو هەموو بەڵێنانە بوو كە بەناوی باشكردنی سبەینییەوە ئەمڕۆیان رەشكرد.ئەوان بەوە نەوەستان كە خۆیان لەسەر عەرشی مانەوەی خیروخۆشی وڵاتبن ،هەستان برا و كوڕ و كچ وئەحبابەكانیان بۆكردینە مەئمور `،بۆیە پێمان بڵێن دوای خۆشمان وەجاخمان روونە لەبردنی سامانی گشتی بۆ قاسەی تایبەت .