ئەوكاتانەی شەقام تەنها كرا

محەمەد نوری
  2018-12-21     2342

(شكستخواردوەكان ناتوانن كەس دەربازبكەن، جۆرج ئەلیوت)

 ساڵێك لەمەوپێش كۆی دیمەنەكان لەیادەوەری هەمواندا ماونەتەوە، شەقام گڕی گرتبو، دۆخی دەسەڵات نەك لەوپەڕی لاوازیدا بو بەڵكو بەفویەكی بەهێز دەكەوت، هێزە تایبەتەكان لەتەنشیت ئاسایشەوە شارەكانیان تەنی بو، تەنانەت ئەوەندەش دەترسان هەمو گەنجێكیان لێ ببوە گیڤارا.

لەو ساتەدانەدا كە قوڕگەكان پڕبون لەهاواركردن بۆ كۆتاییهێنان بە جەورو ستەم، زۆربەی سەرۆكی ئەو حزبانەی خۆیان بە بەدیلی یەكێتی و پارتی دەناساند نەك هەڵوێستیان نەبو، تەنانەت تەلەفزیۆنیشیان نەدەكردەوە بۆئەوەی نەزانن چی رویداوە. لەوكاتەدا كە گەنجەكان بێ هیچ پشتیوانییەك هاواریان دەكردو بێدەنگیی شەقام و ترسیان شكاندبو، كەچی لەبەرامبەردا ئەوانەی خۆیان و حزبەكانیان وەك نوێنەری دەنگی خەڵك دەناساند، رستەیەك نا تەنانەت هیچ وشەیەكیان بەكارنەدەهێنا كە پیتی (خ)ی تێدابێت، لەوەدەترسان نەبادا بەوشەی خۆپیشاندان بكەوێتە بەر گوێی دەسەڵاتداران.

 

ئەوان قات لەبەرەكانی سیاسەتكردن بێ ئاگا لەخەم و داوای شەقام تەماشای خۆپیشاندانەكانیان دەكردو نوتقی قسەكردنیان بەتەواوەتی لەدەم بڕابو. با لەسەر ئەم ساتە ئەم چیرۆكەتان بۆ بگێڕمەوە: ئێوارەیەك لەسەرای سلێمانی بەمۆبایلەكەم وێنەی دیمەنی هاوارو ئازایەتی گەنجە خۆپیشاندەرەكانم دەگرت، تەقە لە هەمو رویەكەوە بەسەر خەڵكدا دەباری، هەر گەنجی خێرنەدیو بو رای دەكرد،  بەڵام هاواری روخان هەر لەسەر زاریان نەدەكەوت، پاسەوانەكانی پاراستنی ستەمگەریش ئەوانەی لەهەمو شەڕێك هەڵدێن تەنها لەكوشتنی هاوڵاتیاندا ئازایەتی دەنوێنن، بەدوی ئەو گەنجانە كەوتبون. گەنجەكان بێكەس، بێ گۆڕان، بێ كۆمەڵ، بێ یەكگرتو، بێ قسە گەورەكانی ئەوسای بەرهەم ساڵح بون. شەوەكەی تێلم بۆ دو سكرتێری حزب كرد، ئاوام پێ وتن: تكایە شەقام تەنها مەكەن وەرن لەپێشەوە بوەستن.

 

ئێوە بونتان هەبێت هەم سەنگ دەداتەوە بە خۆپیشاندانەكان، هەمیش ئەو گەنجانە بێكەسكوژ ناكرێن. یەكێكیان وتی: كاری من ئەوە نییە، تاقەتی شەڕی تری یەكێتی و پارتیم نییە. یەكێكی تر وتی: خۆ منداڵ نیم بێمە سەر شەقام و لەگەڵ گەنجەكاندا بوەستم، با شاسوار بێت. لەخۆمم دەپرسی: ئایا داخوازی خەڵك و دەنگ بەرزكردنەوەی گەنجان بەڕوی ستەم و بێكاریدا، ئەوە ناهێنێت ئەم سەركردەو حزبانە بۆی بچنە سەرشەقام؟ سەیرم لێدەهات ئەمانە چۆن بەخۆیان دەڵێن سەركردەو خەمخۆرو پشتیوانكەر لەهاوڵاتییان.

 

بۆم دەركەوت زۆربەی سەركردەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی دوركەتونەتەوە لەشەقام و دەیانەوێت هەرچۆنێك بێت ئەم دۆخە كۆتایی بێت، تا دڵسۆزی خۆشیان بۆ ئەو دو حزبە دوپات بكەنەوە. بەڵام گەنجێك بەبەراورد بە بەرهەم ساڵح و عومەری سەید عەلی و سەڵاحەدین بەهادین ئەزمون و تەمەنی سیاسیی زۆر كەمبو، لە ئەوروپاوە سەركێشانە گەڕایەوە، بۆ ئەوەی بەشداری خۆپیشاندانەكان بكات، سەیرم لەوە دەهات ئەوان لەسلێمانی و هەولێرن و نوزەیان لەخۆیان بڕیوە، بەڵام ئەو لەندەنەوە دێتەوە بۆ ناو خۆپیشاندانەكان، لە تەنیشت شاسوارەوە، بەرهەم ساڵح كە دەیوت ئیسلاح دەكەم و حورمەتی سیاسیی خۆم دەپارێزم، عومەری سەید عەلی كە لەسەر كورسی بوێرترین پیاوی مێژوی نوێمان دانیشتوەو مامۆستا سەڵاح كە دەزانێت پشتگیریكردن لەجەورو ستەم لادانە لەعەدالەتی خوایی، كەچی ئەمانە بێ دەنگ گوێی خۆیان لەو تەقانە داخستبو كە جەستەی گەنجەكانی شەق دەكرد. 

 

شكسپیرلەسەر زاری كەسایەتییەكەوە دەڵێت: بوێری بەتەمەن و ئەزمون نییە، بوێری بەسات و بێ منەتییەوە بەندە. لەدوای ئەم خۆپیشاندانانە بۆم رونبوە ئەمانە منەتباری یەكێتی و پارتین و بێدەنگ دەستیان بە كورسی خۆیانەوە گرتوە و نایانەوێت زەمەن هیچیان لێ بسەنێت، بێ ئاگان لەوەی لە ساتی هەستیاردا لەشكرێك گەنج و خەڵكی توڕەیان لەشەقام و لەبەردەم هێزەكانی پاراستنی ستەمدا تەنها كرد.

 

(نە بەرهەمی پێش حورمەتی سیاسیی لەوێ بو نە سەید عومەر نە مامۆستا سەڵاح نە مامۆستا عەلی كەسیان لەهەولێر، لەسلێمانی، لەدهۆك نەدەبینران). لەو ساتەوە بەتەواوەتی وەڵامی ئەو پرسیارەم دەستكەوت، دەنگە یاخییەكان و دەنگە توڕەكان و دەنگە پڕهاوارەكان بۆ كۆتایی ستەم چەندە تەنهان، لەوكاتەوە بۆم دەركەوت گەنجی هەولێر بێكەسترە لەگەنجی سلێمانی و گەنجی سلێمانی تەنهاترە لەگەنجی دهۆك و گەنجی هەڵەبجە بێ چارەترە لە گەنجی سۆران. لەدوای تەنهاكردنی شەقام ئێستا بۆتان دەركەوت بۆ خەڵك ناڕازییە لێتان؟ ئێستا بۆتان دەركەوت بۆ ئومێدییان بە دەنگدان نەماوە؟ 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×