رۆڵان بارت لەوەسفكردنی
یاری زۆرانبازییدا دەڵێت: بۆ ئەوەی پاڵەوانەكان نمایش پێشكەش بكەن پێوستیان بە چەپڵەی
جەماوەر هەیە، بێ بونی بینەرو چەپڵەی چەپڵەلێدەرەكان زۆارنبازەكان ناتوانن هیچ نمایشێك
بكەن.
لەهەمو بوارەكاندا
وایە، ئەوەی پاڵەوانەكان دەخاتە سەر نەشئەی بردنەوە چەپڵەكانە، ئەوەی نمایشەكان گەرمتردەكەن
هوتافی بینەرەكانە، ئەوەی گەرمی دەدەن بە دیمەنەكە هاواری جەماوەرەكەیە، ئەوەی ڕێ
دەدا كە سیاسییەكان و كاربەدەستەكان و حزبەكان قسەی گەورە بكەن بێ هیچ گوێدانێك بەوەی
دەیڵێن، گویڕایەڵی گوێگرەكانە.
ئەگەر دونیای ئێمە
دونیایەك نەبێت پاڵەوانی درۆزن دروستبكات، ئەی ئەو هەمو مەقەبایەی وەك پۆڵا دەیانەوێت
بیانناسین لەكوێوەوە هاتون؟ دونیای ئێمە دونیای نمایشی ساختەكان و خۆنواندنی پاڵەوانە
دروستكراوەكان و فرۆشتنەوەی درۆیە بە پێوەری راستی.
دونیای ئێمە دونیای
فوتێكردنە لەهەمو سیاسییەكان و گەورەكردنی بچوكەكان و ئەرزشدانە بە هەمو بێ ئەرزەشەكان
و پێدانی سیفەتی تەقوا و راستگۆیی و پاكییە بەهەمو درۆزن و ساختەچی و گەندەڵكارێك.
دونیای ئێمە دونیای
لەپڕ دەبیت بە كوڕ لەپڕ دەبیت بە سیاسیی لەپڕ دەبێت بەهەمو شتە.
دونیای ئێمە قەت
ناپرسێت ئەم هەمو درۆیە لەپای چی؟ ئەم هەمو بێ بەڵێنیە بۆ؟ ئەم هەمو ساختەكردنە چییە؟
ئەم هەمو مژدە بەتاڵە چۆن؟ دونیای ئێمە دونیای هەڵتۆقینی كەسانێكە بەناوی ساختەچیتەوە
خۆیان دەكەن بە سیاسەت و بەناوی ئایندەوە ئێستا دەدزن و بەناوی گۆڕانكارییەوە دونیامان
دەوەستێنن و بەناوی مەسڵحەتی گشتییەوە، مەسڵحەتی تایبەت دەبوژێننەوە. بۆیە ئاسانە
سبەی هەر كەسێك بمانبات بۆسەر ئاو و لەوسەرەوە بە تینوێتی بمانهێنێتەوە.
فلۆبێر دەمێكە دەپرسێت:
سودی گریان چییە لەناو دەستەیەك كە هەمویان پێدەكەنن؟
كەواتە سودی
رواندنی ئومێد هەیە لەناو كۆمەڵگایەك سی ساڵە دەخەڵتێنرێت؟