كرۆكی سیاسه‌تی ئه‌مریكاو ساویلكه‌یی كورد
د. کامەران مەنتک
2019-02-03   1369
سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر كورد زۆر راشكاوانه‌یه، ئه‌مریكا كورد وه‌كو كارتێك به‌كارده‌هێنێت له پێناو فشار خستنه سه‌ر ركابه‌ره‌كانی و مسۆگه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی، (دۆناڵد ترامپ) سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مریكا له هه‌موو سه‌رۆكه‌كان و سیاسه‌تمه‌داره‌كانی تری ئه‌مریكی ئه‌و راسته‌قینه‌ی راشكاوانه‌تر ده‌ربڕی، كاتێك گوتی :" كورد گه‌لێكی ئازان، پێویسته به‌كاریان بێنین"، ئه‌مریكا به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌و سیاسه‌ته‌ی به‌رامبه‌ر كورد پیاده‌كردوه‌و هیچی بۆ كورد پێ نه‌بووه، له‌و هه‌موو جینۆسایده‌ی به‌رامبه‌ر كورد كراوه، ئه‌گه‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌بووبێت، نوقه‌ی لێوه نه‌هاتووه.
یه‌كێك له فاكته‌ره‌كانی رووخانی كۆماری مهاباد، فشاری ئه‌مریكا و رۆژئاوا بوو بۆ سه‌ر سۆڤیه‌ت، مێژووی ئه‌و مه‌هزه‌له‌یه‌ی كورد ناوی شۆڕشی ئه‌یلوول ته‌ماشا بكه‌ی، بۆت ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌مریكا چۆن وه‌ك كارتێكی چرووك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ستی وه‌كو كورد كردووه، له ساڵی (1988) هاوپه‌یمانه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ئه‌مریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست(سه‌دام حوسێن) كوردی جینۆساید كرد، ئه‌مریكا نه‌ك هه‌ر هیچی نه‌گوت، به‌ڵكو هه‌رساڵێك دوای ئه‌وه وه‌فدێكی كۆنگرێسی ئه‌مریكی سه‌ردانی سه‌دامیان كرد‌و پێیان راگه‌یاند، كه " ته‌نیا ئه‌وه ده‌توانێت مافی مرۆڤ له عێراق بپارێزێت!" .
بۆیه ناكرێت چاوه‌ڕوانی له‌مه زیاتر له ئه‌مه‌ریكا بكرێت، ئه‌مریكا زلهێزێكه‌و كار بۆ هه‌ژموونی جیهانی خۆی ده‌كات، ئه‌وه‌ی له‌و خاڵه‌دا له‌گه‌ڵی یه‌كبگرێته‌وه، ئه‌وه وه‌ك هاوپه‌یمان ده‌یبینێت، هه‌ر گۆڕانێك رووبدات، ئه‌وا لێی وه‌رده‌چه‌رخێته‌وه‌و ده‌بێته دوژمنی، بۆیه ئه‌مریكا ئه‌سپێكی تۆپیوه‌و كورد ناكرێت گره‌وی له‌سه‌ر بكات، ره‌نگ بێت لێره‌و له‌وێ پاڕانه‌وه نامه‌یه‌كمان له ئه‌ندامێكی كۆنگرێس به‌رگوێ بكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌مانه رووی راسته‌قینه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مریكا ناشارنه‌وه! سه‌یر له‌وه‌دایه كورد خۆشی نایه‌وێت ئه‌مریكا وه‌ك ئه‌وه ببینێت، كه هه‌یه، به‌لكو هه‌میشه وه‌ك ئه‌وه ده‌یبینیت، كه خۆی ده‌یه‌ویت، وه‌ك ئه‌وه‌ی حه‌زی له فریوخواردن بێت.
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌وگرته ڤیدیۆییه‌ی ئه‌ندام كۆنگرێسی ئه‌مریكا(جۆن كه‌نه‌دی) ده‌كه‌وێته دوو توێی ئه‌و بابه‌ته‌وه، راسته كه‌نه‌دی به‌رگری له كورد ده‌كات و بۆی ده‌پاڕێته‌وه، به‌ڵام كێشه سه‌ره‌كیه لێره‌دا نیه، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ی راسته‌قینه ئه‌وه‌یه هه‌مدیس ئه‌مریكا كوردی بێبه‌ش كردووه له‌و پڕۆژه یاسایه‌ی تاتوێی ده‌كات بۆ به‌رگریكردن له هاوپه‌یمانه‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌واته لێره‌دا ئه‌وه روون ده‌بێته‌وه ئه‌مریكا هه‌رگیز وه‌ك هاوپه‌یمانێك سه‌یری كوردی نه‌كردوه‌و ناكات، خه‌یاڵ پڵاویه ئه‌گه‌ر كورد به‌و شێوه‌یه له ئه‌مریكا تێبگات.
جێگای داخه خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت رۆشنبیرانیش پاڕانه‌وه نامه‌كه‌ی (كه‌نه‌دی) ده‌بینن و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، له كاتی ئێستادا كۆڕی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی گه‌رمكردوه، به‌ڵام خودی كێشه سه‌ره‌كیه فه‌رامۆش كراوه، كه ئه‌مریكا وه‌كو كۆتاییه‌كانی نیوه‌ی یه‌كه‌می حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م(ئه‌یلوول) خه‌ریكه كاری به كورد نامێنێت فڕێی ده‌داته‌وه به‌رده‌م گورگان، بۆیه ده‌بێت كورد له هه‌موو قۆناغێدا هوشیارتربێت چیتر به گۆرانیه قێزه‌ون و ئاوازی ناسازی ئه‌مریكا، نه‌كه‌وێته هه‌ولێری گوته‌نی هه‌له‌كه‌سه‌ما، ئه‌مریكا تا ئه‌و كاته له‌به‌رده‌ستی گورگانت ده‌پارێزێت، كه كاری پێته، هه‌ر كه كاری پێت نه‌ما خۆی ده‌بێته دڕه‌نده‌ترین گورگ و به‌پێش گورگه‌كانی تر ده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی كورد رزگار ده‌كات و ئازادی بۆ به‌ده‌ست دێنێت ده‌بێت ئیراده‌ی كوردی خۆی بێت، وه‌ك زۆر جاری تر نووسیومه‌و گوتوومه، ئه‌و میلله‌ته‌ی چاوه‌ڕوان بێت خه‌ڵكی تر رزگاری بكات و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی بۆ دامه‌زرێنێت، ئه‌و میلله‌ته له بنه‌ڕه‌تدا شایه‌نی رزگاری و بوون به خاوه‌نی هیچ قه‌واره‌یه‌كی سیاسی نیه.