په‌یامێك بۆ شێروان شێروانی رۆژنامه‌نووس

د. کامەران مەنتک
  2021-01-19     662

  چه‌نده‌ سه‌خته‌ ئه‌م رۆژگاره‌، وه‌كو گۆرانی شاعیر ده‌ڵێت، كا بۆ سه‌گ دانراوه‌و ئیسقانیش بۆ ئه‌سپ، چه‌نده‌ سه‌خت و فریوده‌ره‌ ئه‌م رۆژگاره‌، ئێمه‌ بۆچی خه‌باتمان كردو خوێنمان رشت، كه‌چی چی روویدا، ئێمه‌ نه‌مانده‌‌ویست زیندانێكی به‌عس به‌ زیندانێكی كوردی بگۆڕینه‌وه‌، ئێمه‌ نه‌مانده‌ویست جه‌لادێكی كوردی له‌ جێگای جه‌لادێكی عه‌ره‌ب دابنێین، ئێمه‌ نه‌مانده‌ویست دزێكی په‌رپووت به‌دزێكی پۆشته‌و بۆینباخ له‌مل بگۆڕینه‌وه‌، ئێمه‌ نه‌مانده‌ویست حزبێكی به‌عسی عه‌ره‌بی، به‌ حزبێكی به‌عسی كوردی بگۆڕینه‌وه‌، ئێمه‌ نه‌مانده‌ویست دایكان و باوكانی وڵات چیتر له‌ دووری رۆڵه‌كانیان فرمێسك هه‌ڵڕێژن و ماڵئاوایی بكه‌ن، ئێمه‌ هه‌رگیز نه‌مانده‌ویست نادادپه‌روه‌ریه‌كانی كوردی جێگای نادادپه‌روه‌ریه‌كانی به‌عس بگرێته‌وه‌، ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ خه‌باتمان نه‌كرد له‌داگیركه‌رێكه‌وه‌ رزگاربین و بكه‌وینه‌ باوه‌شی چه‌ندین داگیركه‌ری تره‌وه‌، ئێمه‌ بۆئه‌وه‌ خوێنمان رشت  وڵات جوانتر بێت،  مرۆڤه‌كان و هه‌موو بوونه‌وه‌رێكی ئه‌م وڵاته‌ به‌به‌خته‌وه‌ری بژین، ئێمه‌ بۆئه‌وه‌ خه‌باتمان كرد، زیندانه‌كان بكرێنه‌ باخچه‌و قوتابخانه‌و كتێبخانه‌، ئێمه‌ ویستمان له‌جیاتی شۆڕشگێڕو گه‌نجانی دڵسۆزی وڵاتپارێز، دزو تاوانبارو وڵات فرۆشان بخه‌ینه‌ كونجی زیندانه‌كانه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌مانویست ناشرینیه‌كانی زیندانه‌كانیش جوانتر بكه‌ین، ده‌مانویست فرمێسكی دایكان و حه‌سره‌تی باوكان به‌ بزه‌و خه‌نده‌ بگۆڕینه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌مانویست وڵات جێگای هه‌مووانی تێدا بێته‌وه‌، ئێمه‌ ده‌مانویست چیتر به‌هێز بێهێز قوت نه‌دات، ئێمه‌ ده‌مانویست له‌جیاتی یاسای دارستان، یاسای یه‌كسانی و مرۆڤ دۆستی و میهره‌بانی دابڕێژین، كه‌چی جێگای داخه‌ برای به‌ڕێزم، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ویستمان رێك ئه‌وان نه‌یانویست، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كردمان رێك ئه‌وان پێچه‌وانه‌كه‌یان كرده‌وه‌، وڵاتیان كرده‌ ئافره‌تێكی سۆزانی و هه‌رشه‌وه‌ی خستیانه‌ باوه‌شی دوژمنێكه‌وه‌، خوێنی خاكیان هه‌ڕاجكردو ملوانكه‌ی سه‌ربه‌رزیان خسسته‌ گه‌ردنی داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌، ئه‌وان هه‌موو شته‌ جوانه‌كانی وڵاتیان ناشرینكرد، ئه‌وان هه‌موو به‌ها به‌رزه‌كانی ئه‌و میلله‌ته‌یان بێبه‌ها كرد، ئه‌وان ئه‌و گه‌نجانه‌یان ناچار كرد، كه‌ ئاماده‌بوون خوینیان له‌پێناو وڵات بڕێژن، جه‌سته‌ی خۆیان بكه‌نه‌ خۆراكی ده‌ریاكان، ئه‌وان له‌جیاتی تاوانیارو بكوژو ئه‌نفالچییه‌كان، شۆڕشگێڕو دڵسۆزان و گه‌نجانی خێر له‌خۆنه‌دیویان سزاداو خسته‌ كونجی زیندانه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ تۆش وه‌ك گه‌نجێكی كۆست كه‌وته‌ی ئه‌م وڵاته‌ هه‌تككراوه‌، لات ئاسایی بێت له‌ كونجی زیندانه‌وه‌ فرمێسك بۆ دواماڵئاوایی باوكه‌ پیرو په‌ككه‌وته‌كه‌ت بڕێژیت، به‌ئه‌ندێشه‌ ته‌رمه‌كه‌ی بۆ سه‌ر گۆڕستانه‌ بێنازه‌كانی كوردستان به‌ڕێبكه‌ی، ئاساییه‌، تۆش وه‌ك هه‌زاران گه‌نجی تری ئه‌م وڵاته‌، نه‌توانی ده‌ست به‌ دواتوێشووی باوكه‌كه‌ دڵشكاوه‌ت بگرێت و دوا ماچی ئاگرینی كۆچی بێگه‌ڕانه‌وه‌ی لێبكه‌یت، ‌ئاساییه‌ له‌ وڵاتێكی هه‌ڕاجكراودا گه‌نجانی وه‌ك تۆ ناچار بن به‌فرمێسكه‌ مرواریه‌كانیانه‌وه‌، به‌ده‌سته‌ ئه‌فسووناویه‌كانیانه‌وه‌، ماڵئاوایی له‌ ته‌رمی باوك و خۆشه‌ویستانیان بكه‌ن و به‌ دزه‌نیگایه‌كیشه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و خۆره‌ بكه‌، كه‌ له‌ودیو رۆچنه‌ی زیندانه‌كاندا به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ هه‌ڵدێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×