خۆپیشاندانه‌كان‌و توڕه‌ییه‌كی پیرۆز

د. کامەران مەنتک
  2020-12-08     570
خۆپیشاندان و ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین سه‌ره‌تای راپه‌ڕینێكی تر ده‌ستیپێكردووه‌، گه‌نجان رژاونه‌ته‌ سه‌رشه‌قام و تووڕه‌یی خۆیان به‌ داروبه‌رد ده‌رده‌بڕن و تۆڵه‌ی ئه‌و بێهه‌ستی و نابه‌رپرسیاریه‌تیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ هه‌موو شتێك ده‌كه‌نه‌وه‌،  چاویان هیچ نابینیت و ته‌ڕو وشك به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌سووتێنن.

له‌راستیدا ئه‌مه‌ ته‌نیا  تووڕه‌یی چین و توێژێكی گه‌نج نیه‌، به‌ڵكو تووڕه‌یی بێهیوا بوونی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌، كه‌ په‌ڕاوێز خراون، ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ناعه‌دالیه‌تیه یه‌‌، كه‌ له‌ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوودا له‌و هه‌رێمه‌ گوزه‌راوه‌، كه‌مینه‌یه‌ك ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا گرتووه‌و زۆرینه‌ی خه‌ڵكیش ، له‌ هه‌موو شتووك بێبه‌شكراوه‌ و به‌ ته‌واوی په‌ڕاوێز خراوه‌، ئه‌و چینه‌ باڵا ده‌ست و نابه‌رپرسه‌ له‌ پێناو هێنانه‌دی خه‌ونه‌ نه‌زۆكه‌كانی خۆیان خه‌ونی هه‌موو تاكێكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یان زینده‌ به‌چاڵ كرد، ئه‌وان له‌ دۆڵێكدا ده‌ژین و خه‌ڵكیش له‌ دۆڵیكی تر، بۆیه‌ هه‌رگیز ناتوانن له‌ ئازارو مه‌ینه‌تیه‌كانی ئه‌و گه‌نجه‌ تووڕه‌و یاخیانه‌ تێبگه‌ن، كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكیان نه‌ك بۆ رزگاركردنی ئێستایه‌ به‌ڵكو بۆ رزگاركردنی ئاینده‌و خه‌ونه‌كانیانه‌.

ئه‌و گه‌نجانه‌ چیتر به‌ پاساوه‌ بێسه‌رو به‌ره‌كانی ئه‌وان فریوناخۆن، ئه‌وه‌ ئه‌وان نین شته‌كان بێبه‌ها ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ ئه‌وان نین رێزی هیچ شتێك ناگرن و باره‌گاكان و ده‌زگاكانی حكومه‌ت ده‌سووتێنن، به‌ڵكو ئه‌و حزبانه‌ن، كه‌ به‌هایان بۆ هیچ شتێك نه‌هێشته‌وه‌و هه‌موو شتێكیان سووك كرد، ئه‌و گه‌نجه‌ تووڕانه‌ به‌سه‌ر كه‌لتوورێك داكه‌وتوون، كه‌ هه‌موو پیرۆزیه‌كانی ئه‌م نیشتمانه‌ی سووك كردووه‌، ئه‌وان به‌رامبه‌ر كه‌سانێك راپه‌ڕوین، كه‌ له‌ ماوه‌ی 30 ساڵدا به‌رده‌وام ئه‌و نیشتمانه‌ هه‌تك ده‌كه‌ن، ئه‌و گه‌نجانه‌ ئه‌گه‌رچی زۆر تووڕه‌ن، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك كار ده‌كه‌‌ن، كه‌ نابێت بیكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و گه‌نجانه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ قۆناغێكی نوێ داده‌ڕێژن، كه‌ چیتر باره‌گاكانی حزب و سیخوڕه‌كانی حیزب له‌ناو كۆلان و ته‌نانه‌ت له‌ناو خێزانه‌كاندا نه‌مێنێته‌وه‌.

ئه‌وانه‌ رێز بۆ نیشتمان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ به‌ها بۆ كۆمه‌ڵگا دروست ده‌كه‌نه‌وه‌، هیچ تووڕه‌ییه‌ك نیه‌ وه‌ك فریشته‌ ئاسا هه‌ڵس و كه‌وت بكات، ئه‌وان خۆپیشان ده‌كه‌ن و ژانه‌ بێسوێیه‌كانی خۆیان ده‌رده‌بڕن، هیچ كاتێكیش و له‌ هیچ كۆمه‌ڵگایه‌كیش ئه‌و تووڕه‌بوونه‌ فریشته‌ییانه‌ نابێت، هه‌رچه‌نده‌ گومانی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت، كه‌ كه‌سانێك بۆ نلشرینكردنی خۆپیششاندانه‌كان ئه‌و كاره‌ دزێوانه‌ بكه‌ن!. بۆیه‌ پێویسته‌ گوێیان لێبگیرێت و داواكانیان جێبه‌جێبكرێت، ده‌بێت لووله‌ی تفه‌نگه‌ ژه‌نگاویه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌و ئیراده‌ نوێیه‌ چۆكدابدات، ئه‌و تووڕه‌ییه‌ تووڕه‌ییه‌كی پیرۆزه‌، ده‌بێت رێزی لێبگیرێت.

ئه‌و تووڕه‌ییه‌ تووڕه‌یی خوێنێكی نوێیه‌، كه‌ خوێنه‌ پیسه‌‌كان هه‌موو ئاسۆیه‌كیان له‌به‌رده‌م داخستووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ داواكانیان جێبه‌جێبكرێت، جگه‌ له‌وه‌ چاره‌ی تر نیه‌، هه‌زاران هێز كۆبكه‌نه‌وه‌و بیجولێنن، تازه‌ ئێوه‌ ناتوانن چیتر ترس و تۆقاندن به‌رهه‌م بێنن، هێزه‌كان ئه‌گه‌ر بتوانن ده‌یان گه‌نجیش تیرۆر بكه‌ن، ئه‌وه‌ ئه‌و كڵپه‌یه‌ هه‌رگیز ناكوژێته‌وه‌، چونكه‌ كڵپه‌ی ئاگری سه‌رده‌مێكی نوێیه‌و سه‌ره‌تای قۆناغێكی تره‌، كه‌ تیایدا چیتر رێگه‌ نادرێت هه‌موو به‌هاو پیرۆزیه‌كانی نیشتمان هه‌تك و ریسوا بكرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×