ئاشبه‌تاڵێك به‌تامی سه‌ركه‌وتن، ئاشبه‌تاڵێك به‌كپی‌و بێده‌نگیی

د. کامەران مەنتک
  2020-07-03     1130
ئه‌وه‌ی ئه‌‌مڕۆ ده‌گوزه‌رێت ئاشبه‌تاڵێكه‌ به‌بێده‌نگی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كرا، كه‌وا ئه‌لته‌رناتیڤی ئێراق توركیایه‌، ئه‌وا هێزه‌كانی سوپای ئێراق به‌نوێژی نیوه‌ڕۆ گه‌ڕێنرایه‌وه‌ ناوقووڵایی هه‌رێمی كوردستان و سنووره‌كانی داگیركرده‌وه‌، سه‌رۆكی پارتی خۆی له‌چیاكان شاردۆته‌وه‌و نووزه‌ی لێوه‌ نایه‌ت، نه‌باسی ده‌وڵه‌تی كوردی و نه‌باسی مافه‌كانی كورد ده‌كات، له‌هه‌وڵی پاراستنی سه‌ری خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌تی، تاڵه‌بانی و منداله‌كانی تاله‌بانی، كه‌ ئاماده‌بوون جگه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی شه‌یتانیش قبووڵ بكه‌ن، بۆچی تازه‌ له‌دوا چركه‌دا به‌ زه‌لیلی دێنه‌ هه‌ولێر، بۆئه‌وه‌ی رێكبكه‌ون له‌گه‌ڵ بنه‌ماله‌ی بارزانی و به‌ ته‌بایی هه‌موو شتێك ته‌سلیمی ئێراق بكه‌نه‌وه‌!  

وا باڵكردنی ئێران ده‌ستپیپێكردووه‌، هه‌ربزانه‌ به‌م زوانه سوپای ئێراق گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سه‌رسنووره‌كانی ئێرانیش، به‌ڵام ره‌نگبێت بۆ ئێران تۆزێك جیاوازتر بێت، سه‌ره‌تا هه‌وڵبدرێت له‌ به‌غداوه‌ رۆلی كه‌م بكرێته‌وه‌، ئه‌م گۆڕانكاریه‌ خێرایانه‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ دۆخه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ژموونی جیهانی ئه‌مریكاو ده‌ستپێكردنی سیسته‌می تاكجه‌مسه‌ری، واته‌ قۆناغی به‌هێزكردنه‌وه‌ی ئێراق و به‌ تامپۆنیبوونه‌وه‌ی كوردستان، بۆیه‌ ده‌بێت كوردستان بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی تر بچێته‌وه‌ قۆناغێكی تر له‌ بنده‌ستی و كۆیلایه‌تی، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی بیست و نۆ ساڵدا وڵاتێك ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌، وڵاتیكیان وێران كرد، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ناوچه‌ به‌عه‌ره‌بكراوه‌كانی كوردستان رزگاربكه‌ن، له‌به‌عس و هه‌موو رژیمه‌كانی تر خراپتر كوردستانیان ته‌عریب كرد.

ئه‌وه‌ی ئێستا جگه‌ له‌ ئاشبه‌تاڵێك هیچی تر نیه‌، كورد له‌ دانووستانه‌كان خراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و تاكه‌ ریگای له‌به‌رده‌میدا ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌زه‌لیلی خۆی بخاته‌وه‌ به‌ر قاپی به‌غداو داوای مه‌رحه‌مه‌تی لێبكات، به‌ڵام له‌دواجاردا به‌غدا به‌هیچ رازی نابێت ئه‌مه‌ش له‌پیناو كورد نا به‌ڵكو ته‌نیا له‌پێناو رزگاركردنی سه‌ری خۆیان و ئه‌و پارانه‌ی دزیویانه‌، فه‌رموو با ئه‌و ملوینان دۆلاره‌ی دزویتانه‌ جگه‌ له‌ ریسوابوون بتوانێت شتیكی ترتامن بۆ بهێنیت، فه‌رموون ئه‌و پارانه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا شه‌ڕتان له‌سه‌ر ده‌كردو مندالی كوردتان له‌پیناو به‌كوشتن ده‌دا، ده‌بێت به‌ مه‌منونیه‌وه‌ بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌غدای عروبه‌و پایته‌ختی ئێراق، فه‌رموون به‌ناوی چاكسازیه‌وه‌ میلله‌ت برسی و ریسوا و خه‌ریك بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی به‌یسواییه‌وه‌ بچنه‌ به‌غدا،  به‌ڵام  دڵنیابن ئه‌مجاره‌یان  وه‌كو ئاشبه‌تاڵی 1975 نابێت، ترسنۆكانه‌ تێیته‌قێنن و ئه‌وه‌ی دزیوتانه‌ بیبه‌ن و رابكه‌نه‌ ئه‌و دیو سنووره‌كان، چونكه‌ سنووره‌كانیشتان لێگیراوه‌، ئه‌مجاره‌ خه‌لكی كوردستانیش نه‌ك هه‌ر دواتان ناكه‌وێت به‌ڵكو، به‌پشوودرێژیه‌وه‌ چاوه‌روانی ئه‌وه‌ ده‌كات تۆله‌ی بیست و نۆ سال له‌جاشایه‌تیتان لێبكاته‌وه‌، ئێوه‌ هیچتان له‌به‌رده‌ست نه‌ماوه‌ ته‌نیا وه‌ك په‌یكه‌رێكی به‌تاڵ به‌كارده‌هێنرێن و مامه‌ڵه‌تان پێوه‌ده‌كرێت بۆ لیدانی مه‌سه‌له‌ی كورد.

به‌راستی گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی ئێوه‌‌ له‌و ماوه‌یه‌ی حوكمڕانیه‌ سه‌قه‌ته‌، سووك كردنی مه‌سه‌له‌ی كوردو هه‌ڕا‌جاكردنی نیشتمانیك بوو، له‌كوێن ئه‌وانه‌ی هێنده‌ حیسابیان بۆ هیچ كه‌س نه‌ده‌كرد، له‌كوێن ئه‌وانه‌ی له‌خۆبایی ببوون و وه‌ك قاره‌مانێكی راسته‌قینه‌ خۆتان به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌تان نیشان ده‌داو وه‌ك ترسنۆكیش له‌به‌رده‌رباری دوژمنانتان هه‌لده‌له‌رزین.

له‌كوێن ئه‌وانه‌ی هیچ حیسابیان بۆ رای گشتی كوردستان نه‌ده‌كرد، كوا ئه‌و سوپاو چه‌ك و تفاقه‌ی هه‌تانه‌، كوا ئه‌و هێزانه‌ی به‌ناوی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆتان به‌كارتانده‌هێنا، كوا ئه‌و هیزانه‌تان، كه‌ تا ئێستا ئاماده‌ نه‌بووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ ته‌قه‌یه‌ك به‌سه‌ركه‌وتوویی دژی هیچ دوژمنێك بكات، كوا ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ گه‌مژه‌یه‌ی به‌بێئه‌وه‌ی تێیبگات شه‌ڕی حوكمی په‌رله‌مانی و سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، له‌كوین ئه‌كادیمست و چڵكاوخۆرو كاسه‌لێسی حزبه‌كان، كه‌ ئه‌و به‌ناو سه‌ركرده‌ ترسنۆك و نه‌زانانه‌یان له‌ خه‌لكی كوردستان كردبووه‌ پێغه‌مبه‌ر، قاره‌مانی سه‌ر شاشه‌كان له‌كوێن، ده‌ی باهه‌مدیس ده‌ست به‌ده‌هۆڵ لێدان و حه‌كیمی سه‌رۆكه‌كانیان بكه‌ن، كه‌ چۆن و به‌چ زانایه‌كیه‌وه‌ سوپای ئێراقیان هێنایه‌وه‌ ناو قووڵایی كوردستان، باسی ئه‌و مناوه‌ره‌ سیاسیه‌ گرنگه‌ش بكه‌ن، كه‌ سه‌ركرده‌ پێشمه‌رگه‌و قاره‌مانه‌كانی ئه‌وان ده‌یكات و به‌غداو ئێران و تاران و ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كات به‌گژ یه‌كدا، باسی شێخ و به‌گ و سكرتێرو سه‌رۆكی كۆمارو ته‌ڕه‌ماشه‌كانتان بكه‌ن، ده‌ی دیسانتان ئه‌و ریسواییه‌ بكه‌نه‌ سه‌ركه‌وتنی بێوێنه‌وه‌ مێژووی ئه‌و میلله‌ته‌ی پێفریو بده‌ن.

فه‌رموون به‌رگری له‌كوردستان مه‌كه‌ن، ته‌نیا له‌و پارانه‌ بكه‌ن، كه‌ دزیوتانه، تازه‌ به‌نهێنی سه‌ردانی یه‌كتر ده‌كه‌ن و ده‌تانه‌وێ ئاشت بنه‌وه‌؟! وه‌ك كورد گوته‌نی " پاشی تڕی خه‌پشه‌ی بڕێ"، تازه‌ بۆچی ئاشت ده‌بنه‌وه‌!، تازه‌ بۆچی ئه‌و چاكسازیه‌ مه‌هزه‌له‌ ئامیزه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ 29 ساله‌ مێشكی خه‌لكی كوردستانتان پێكاس كرد، تازه‌ هیچ شتیك سوودی نه‌ماوه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌ی ره‌خسا، هه‌مووتان كرده‌ قوربانی خۆتان، ده‌بڕۆن  سه‌ركرده‌و بنكرده‌ خائینه‌كانی كوردستان، ده‌بڕۆن ئاو ئاو چن و به‌غدا نیوه‌ی رێتان بێت!.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×