هەڵەبجە خنکاندنی نەتەوەەیەک لەژێر سایەی بێدەنگیدا

قارەمان مەمەند
  2019-03-19     913
هەڵەبجە خنکاندنی نەتەوەەیەک لەژێر سایەی بێدەنگیدا: پەیوەندییەکانی عێراق‌و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەردەمی کارەساتەکەدا

لەهەڵەبجە تراژیدیا ڕویدا، کەس نەیگووت ئەوە بۆ ڕویداو کەسیش بەهاوارمانەوە نەهات "شایتحاڵێکی کیمیابارانی هەڵەبجە" لەساڵی ١٩٨٨ چاوپۆشیانکرد لەتاوانی سەدام دەرحەق بە هەڵەبجە، چونکە ئەوکاتە سەدام دوژمنی ئێران بوو، بەڵام کاتێک سەدام بوو بە دوژمنی ئەوان، شارەکەم بەکاردە‌هێنن وەک پاساوێک بۆ جەنگ، ئەمە هەستێکی تاڵو ناخۆشە بۆ ئێمەو ئەوان کەڵکیان لەئازاری ئێمە وەرگرتووە" ڕزگاربویەکی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە.

یۆست هیڵتەرمان لەکتێبی "دۆسیە ژەهراویەکە: ئەمریکا، عێراق، و ژەهربارانکردنی هەڵەبجە"باسی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات لەکاتی جەنگی عێراق و ئێران. باسی ئەوە دەکات چۆن عێراق توانی چەکی کیمیاوی بەشێوازێکی بەرفراوان بەکاربهێنێ دژی ئامانجە سەربازی و سڤیلەکانی مەبەستی بووە، لە کاتێکدا ئەمریکا چاوپۆشی لەوە کردووە. 

یۆست هیڵتەرمان هەژمارێکی وردو باوەڕپێکراوی نوسیوە سەبارت بە ڕاستی بەکار‌هێنانی چەکی بەکۆمەڵ کوژ لەو سەردەمەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- بەکار‌هێنانی چەکی کیمیاوی بەشێوەیەکی بەرفراوان و گەورە لەلایەن سەدامی دیکتاتۆری عێراق لە جەنگی ئێران. توێژینەوەکەی ئەم نووسەرە دۆکیومێنتێکی تا ڕادەیەکی زۆر باوەڕپێهێنەرە نەوەکو تەنها عێراق تاوانبارە بەڵکو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە هاوکاری ئەو تاوانە بوون و هەروەها چاوپوشیشیان کرد لە تاوانەکە. 

نۆزدە ساڵ دوای کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە یۆست هیڵتەرمان لەو کتێبەدا، هەولێداوە تێشک بخاتە سەر کارەساتی هەڵەبجە، کە زۆر بەکەمی لە دەرەوەی کوردستان ئەو کارەساتە ناسراوەو گرینگی پێدراوە، هەوڵیداوە بەراوردی بکا بە کارەساتی هێرۆشیما و ناکازاکی و یانزەی سێپتیمبەر. 

نوسەر بەوردی شیکاری  پەیوەندیە تۆکمەکەی نێوان ئیدارەی ڕێگان و ڕژێمی سەدام دەکات و باسی چۆنێتی پێشخستنی چەکی کۆمەڵکوژی لەلایەن ڕژێمی سەدام و بەکارهێنانی لە دژی ئێران و خەڵکی سڤیلی کورد دەکات، هاوکات بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە تاوانی کیمیابارانکردن لەلایەن ڕژێمی سەدام- لەکاتێکدا بەڵگەی حاشا هەڵنەگر هەبووە بۆ ئەو تاوانە. هەر ئەم بێ دەنگییەی کۆمەڵگای نێودەوڵی سەبارەت بەبەکارهێنانی چەکی کۆمەلکوژ لەلایەن  ڕژێمی سەدامەوە، هانی ئێرانی داوە بیر لە پەرەپێدانو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بکاتە، کە ئەمڕۆ ئەمریکا ئەوە بە هەڕەشەیەکی گەورە لە سەر ئاسایشی جیهان لە قەڵەمدەدات.

 نوسەر گاڵتەی بەو دەنگۆیانە دێ کە باسی ئەوە دەکەن ئێران چەکی کیمیاوی لە هەڵەبجە بەکارهێناوە، لەکاتێکدا هیچ بەڵگەیەک بەردەست نییە سەبارەت بەوەی ئێران چەکی کیمیاوی بەکارهێنابی لە ماوەی جەنگی عێراق و ئێراندا. لەهەمانکاتدا تینوێتی ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەو زیانێکی زۆری بە چیرۆکی ڕاستەقینەی هەڵەبجە گەیاند، بە تایبەتی دوای ئەوەی هاوڕێکانی رژێمی سەدام لە واشینتۆن دەستیان بەکارکردن کرد لە خزمەتی ئەو ڕژێمەدا، بەرپرسە ئەمریکییەکان بەڵگەی ڕۆژنامەنوسی ساختیەیان بەکارهێنا بۆ ئەوی گومان بخەنە سەر تێوەگلان و بەرپرسیاریەتی عێراق لە ڕووداوەکە، لەبەر ئەوی بەشێکیان باوەڕیان وابوو کە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی یارمەتی عێراق دەدات سەرکەوێ  بەسەر ئێراند لە جەنگەکەدا.

هەر چەندە سەدامی دیکتاتۆر لەدواڕۆژەکانی جەنگی ئێران و عێراقدا جبەخانەی چەکە کیمیاوییەکانی بەرفراوانکردبوو و پەرەی پێدابوو، لەناویاندا، ڤی ئێکس و لەناویاندا چەکی بایۆلۆجی وەک ئەفلاتۆکسین، میکڕۆبی وەک ئەنتراکس، ئەمانەی لە هەڵەبجە بەکارنەهێنا، بەڵام بەڵگەی بەکارهێنانی گازی مۆستاردو سارینو گازە کوشندەکانی ترهەیە. 

دوای ٣١ ساڵ لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەو لە سێدارەدانی سەدامی دیکتاتۆری خوێنڕێژ و عەلی کیمیاوی ئامۆزای، لە ڕاستیدا تا ئێستا کەس بەرپرسیارنەکراوە لەسەر تاوانەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەو ناوچەکانی تری کوردستان. سەرەرای ئەوەی کە سزای لەسێدارەدان جێبەجێکرا لەسەر عەلی کیمیاوی، لەسەر تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، جینۆسایدو تاوانەکانی جەنگ، بەکار‌هێنانی چەکی کیمیاوی قەت نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی لێکۆڵینەوەبکرێ بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی قەزائی و پەیوەندیدار بەلایەنی عێراقی، ئەمریکی و ڕۆژئاوایی هەروەها  ووردەکاری وابەستەیی پەیوەندییە فەرمی و بازرگانییەکان بەڕژێمەکەی سەدامی دیکتاتۆر لە کاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەو ناوچەکانی تری کوردستان. 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×