بۆچی لەو كاتەدا قەتەرو توركیا؟
هیوا سەید سەلیم
2019-10-29   1467
رۆژی دووشەمە نێچیروان بارزانی وەك سەرۆك هەرێم بەسەردانێك گەیشتە میرنیشینی قەتەڕ، بڕیاریشە هەر ئەم هەفتەیە مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی توركیا بكات، بەرپرسانی توركیا دەلێن (دەمێكە بەرنامەی ئەو سەردانەیان داناوە) بەڵام بۆچی سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم یان خستە ئەو كاتە ؟! ئەوەیان جێگای پرسیارە.
توركیا بەهۆی هێرشە دڕندانەكەی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، لە ئێستادا زۆرترین ڕەخنەی لە ئاستی جیهانی و ئیقلیمی تەنانەت كوردستانی لێدەگیرێت، ڕای گشتی كوردستانی لە ئاستی پەرلەمان و حكومەت و پارتە كوردستانیەكان هەریەكە و بە شێوەیەك دژ بەو داگیركاریەی دەوڵەتی توركیا وەستانەوە، پشتیوانی خۆیان بۆ رۆژئاوای كوردستان دەڕبڕی، ئەگەرچی شەقام چاوەڕوانی زیاتری لە هەموو لایەك دەكرد، بەڵام دیسانیش تا ئەو ساتە رۆژئاوا و كارەساتەكانی كە لە ئەنجامی ئەو داگیركاریە تووشی بووە، جۆرێك یەكڕیزی لە نێو ڕای گشتی كوردستانی درووست كردووە.
لەبەرامبەر پرۆتستۆكردنی داگیركاری دەوڵەتی توركیا لەسەر ئاستی جیهان، زۆر كەم بوون ئەو وڵاتانەی كە پشتیوانی خۆیان بۆ داگیركاری دەوڵەتی توركیا دەڕبڕی، لەنێو ئەو ولاتانەی كە بە هەموو شێوازێك پشتوانیان لە توركیا كرد، دەولەتی قەتەڕ بوو، ئەمەی دوایی جگە لە تەرخانكردنی دە ملیار دۆلار بۆ پشتوانی ماددی ئەو ئۆپراسیۆنەی سوپای توركیا بۆسەر رۆژئاوا، تەواوی ڕاگەیاندنەكەی خستبووە خزمەتی ئۆپراسیۆنەكەی سوپای توركیا، بۆ نموونە كەناڵی ئاسمانی جەزیرە كە بینەرێكی زۆری هەیە، زۆر نا بابەتیانە لە خزمەتی داگیركاری دەوڵەتی توركیا لایەنگیری دەكرد، تەنانەت وای لێهاتبوو كە (فەیسەل قاسم) كە بێژەرێكی دیاری ئەو كەناڵەیە لە تویتەرەكەی خۆی زۆرترین سوكایەتی بە كورد بكات.
لە ئێستادا رۆژئاوای كوردستان بە جێبەجێكردنی رێكەوتنامەی سوچی خەریكە بارودۆخی ئەو ناوچانە بەرەو هێوربوونەوە دەچێت، پێشوازی (ئەنقەرە و دۆحە) لە دوو سەرۆكە بارزانیەكە، گومانێك درووست دەكات، كە ئەم دوو پایتەختە مەبەستیان بێت كار لەسەر ترازانی ئەو یەكڕیزیە بكەن كە تراژیداكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستان بەرهەمیان هێنابوو.
دۆحە كەمتر لە ئەنقەرە گومانی لێدەكرێت كە سەردانی بارزانی بۆ فشار بپۆزێتەوە،ئەو دیدارە زیاتر بە ئاڕاستەی بزنسس دەچێت، بەڵام پێدەچێت توركەكان لە هەڵوێستەكانی هەرێم نیگەران بن، بۆیە بیانەوێت لەو دیدارە هەندێك پەیام بە هەرێمی كوردستان بدەن، بە تایبەتیش بە سەرۆكی كابینە تازەكەی هەرێم، جا هەرێم چەندە دەچێتە ژێرباری فشارەكانی ئەنقەرە؟ ئەوەیان ئایندە بڕیاری لێدەدات، با جارێ پێش رووداوەكان نەكەوین.
لە لایەكی دیكە گومان دەكرێت توركیا مەبەستی بێت كە چەكێك لە دەست كورد دەربێنێت، ئەویش ئەو هاوسۆزیە زۆرەیە كە كورد بەهۆی رۆژئاوای كوردستان بە دەستی هێناوە، وەك چۆن ساڵی 1991 كاتێك زوومی كامیراكانی رۆژنامەنووسان رووداوە ترژیدیاكانی كۆڕەوی ملیۆنیان بۆ رای گشتی جیهان بە گشتی و ئەوڕپا بە تایبەتی گواستەوە، لەسەر پێشنیاری وڵاتی فەڕەنسا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری 688 لە قازانجی كورد لە باشووری كوردستان دەركرد، ناوچەی دژە فڕین بووە چەترێك تا جیهان كورد لە دڕندایەتی (رژێمی سەدام) بپارێزێت، بەڵام كاتێك سەركرایەتی بەرەی كوردستانی بەرەو بەغدا كەوتنە رێ، تا گفتوگۆ لەگەڵ سەرانی رژێمی ئەوسا بكەن، ئیدی كورد هاوسۆزی دەرەوەی وەك جارن نەما، لە ئێستاشدا توركیا مەبەستیەتی مێژوو خۆی دووبارە بكاتەوە، ئومێد دەكەین خەونی توركان نێتەدی، هاوسۆزی و پشتیوانیەكان بۆ كورد بەرهەم داربن .