مەترسی لەناوبردنی كورد...لە زاری تڕامپەوە
هیوا سەید سەلیم
2019-07-05   1225
لە وەسفكردنی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا، سەرۆكی
ولایەتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا دۆنالد ترامپ ووتی: (ئەو كەسێكی توندڕەوە هێزی بۆ لەناوبردنی
كوردانی سوریا كۆكردبووەەوە ئەگەر من نەمومایە، كە هۆشیاریم پێیدا تا ئەو كارە نەكات كە ئەو
دەیویست كورد لەناوببات)
دۆناڵد تڕامپ، كە لە ئێستادا لە هەڵوێستەكانی
هاوپەیمانەكەی (ئەردۆغان) نیگەرانە، بەوە ناسراوە كە هیچ كات ناتوانێت
نیگەرانیەكانی بشارێتەوە و ڕەخنەی دبلۆماسیانە ئاڕاستەی ئەو كەسانە بكات كە
لەگەڵیان جیاوازی سیاسی هەیە.
بۆیە لێدوانەكەی ئەمجارەی (تڕامپ) لەسەر( ئەردۆغان)، ئەگەرچی زانیاری تازەی تێدا نیە، چونكە دەیان جاری دیكە خودی (ئەردۆغان) ئەوەی
ووتوە: ( كە توركیا هێزی بۆ لەناوبردنی كوردانی رۆژئاوا ئامادەیە) بە تایبەت كاتێك هێزەكانی هەسەدە بۆ ڕاوەدونانی
تیرۆرستانی داعش چوونە رۆژئاوایی فوڕات.
ئەوەی كە لە لێدوانەكەی تڕامپدا تازەیە، وە دەكرێت وەك بەڵگەیەكی یاسایی و سیاسی سوودی
لێوەبگیرێت، بریتیە لەو شایەدیەی لە زاری سەرۆكی وڵاتێكی گەورەی وەك ئەمەریكا كە
دەڵێت ئەردۆغان دەیەویست كورد لەناو ببات.
كورد
بە گشتی و كوردانی رۆژئاوایی كوردستان بە تایبەتی، دەتوانن بە پشت بەستن بەو زانیاریانەی كە لەسەر
زاری سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرا كران، داوایی
پشتیوانی نێودەوڵەتی بكەن تا لە مەترسیەكانی پەلاماری توركیا بیانپارێزێت.
ئاشكرایە كە دوایی كۆتایهێنان بە بوونی
سەربازی چەكدارانی داعش لەسەر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات( هەسەدە) كە شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە سەركردایەتیان
دەكەن و رۆڵی سەرەكیان هەیە لەنێو ئەو هێزە، زۆر جار لە زاری هێزەكانی هاوپەیمانان
بە تایبەت ئەمەریكا باس لە دامەزراندنی ناوچەی ئارم لە رۆژئاوایی كوردستان كراوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی ئەو وڵاتانە و
یەكلانەبوونەوەی لە ئەستۆگرتنی پاراستی ئەو ناوچەیە لە نێوان خۆیان، تا ئێستا هەنگاوی كردەیی بۆ دامەزراندنی ئەو
ناوچەیە نەنراوە، بەڵام دوای لێدوانەی ئەم دواییەی سەرۆك ترامپ، دەتوانین بڵێین ئێستا باشترین كاتە كە كورد
داوای پاراستنی نێودەوڵەتی بكات تا لە هەڕەشەكانی توركیا بیپارێزێت.
وێڕای هەموو ئەو هەڕەشانەی كە لەسەر
رۆژئاوایی بوونیان هەیە بە تایبەت هەڕەشەی توركیا و هێزە تیرۆرستیەكانی نزیك لە
توركیا، خەریكە پرسی كورد لەو پارچەیەی كوردستان پێشكەوتنی بەرچاو بەدەست بێنێت،
بۆ ئەمەشیان رۆژئاوا پێویستی بە كاری
دبلۆماسی زیاتر و رێكخستنی نێو ماڵی كوردی
لە ناوخۆ، وە پشتیوانی زیاتری پارچەكانی
تری كوردستان دەبێت.
دوایین رێكەوتن هێزەكانی هەسەدە و رێكخروای
نەتەوەیەكگرتووەكان، سەبارەت بە بەرنامەی
كار بۆ رێگری لە چەكداركردنی كەسانی خوار تەمەنی یاسایی(18ساڵ)، دەتوانرێت وا
لێكبدرێتەوە كە ئەمەیان مامەڵە و دانپێنانی دەزگایەكی گرنگی وەك ئەنجومەنی ئاسایشە
بە هێزەكانی هەسەدە، كە لە ئێستادا ئەو
هێزە بۆتە سونبولی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە جیاتی هەموو جیهان.
لێدوانەكەی ئەو دواییەی ترامپ لەسەر
ئەردۆغان، لە كاتێك دایە كە ئەردۆغان و
وڵاتەكەی وێڕای بێ هیوا بوونیان لە بەدەستهێنانی چرای سەوزی ئەمەریكا بۆ
پەلاماردانی رۆژئاوایی كوردستان، خەریكە
پەیوەندی ئەمریكی – توركی لەسەر زۆر پرسی تری وەك مووشەكی S400 دەگاتە
بەرزترین ئاستی ناكۆكی دبلۆماسی، بۆیە قۆستنەوەی ئەو ناكۆكیانە بە لێدوانەكەی ئەو
دواییەی سەرۆكی ئەمریكاش لە بەرژەوەندی رۆژئاوایی كوردستان كاری جدی دەوێت.
دوا جار دەڵێن پەردە هەڵماڵین لەسەر خواست و
نیەتی ئەردۆغان بۆ لەناوبردنی كورد لە لایەن گەورەترین سەرۆكی جیهان هەموو ئەو
دەنگۆیانە ڕەتدەكەنەوە كە ئەردۆغان كەسێكی میانڕەوی ئاشتیخوازە، بگرە ئەو كەسەیە
كە لە هەر شوێنێك بۆی بلوێت دژایەتی كورد دەكات، ئەوە تەنیا ترس و گومانی ئێمە نیە
بەڵكوو قسەی سەرۆكی ئەمەریكایە.