بێوەژنەكانی داعش

هیوا سەید سەلیم
  2019-03-19     1222
لەو چەند ساڵەی شەڕی تیرۆرستانی داعش، یەكەمین جارە ئەو ژمارە زۆری چەكداری داعش خۆبەدەستەوە دەدەن، بە تایبەت ئەوانەی بوونە دیلی دەستی شەڕڤانان، لە ئێستادا كە شەری ئەو تیرۆرستانە لە باغۆز گەرمە، پێدەچێت كۆتا تەمەنی ئەو رێكخراوە تیرۆرستیە بێت، ژمارەیەكی زۆری ژن و منداڵی پاشماوەی چەكدارانی داعش شان بەشانی چەكدارەكانیان، كەوتونەتە دەستی شەرڤانانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان، لەنێو ئەو دیل و ژن و منداڵانەدا رەگەزنامەی جیاجیا هەیە، كە تا ئێستا نەدیارە ولاتەكانیان وەریانگرێتەوە نەهیچ رێكخراوێكی نێودەوڵەتیش خۆیان لێ بە خاوەن بكات.

مامەڵەی شەڕڤانان لەگەڵ چەكدارە دیلەكان دیارە چۆن دەبێت، ئەوان بە لەبەرچاوگرتنی یاسا نێودەولەتیەكان مامەڵە لەگەڵ دیلەكان دەكەن، كە ئەمەشیان رووی جوانی شەرڤانان نیشانی جیهان و ڕای گشتی دەدات، وەلێ ئەوەی تا ئێستا كێشەیەكی جدیە ئەوەیە، كە شەڕڤانان چۆن مامەلە لەگەڵ كەسوكاری داعشەكان بكەن،  بە تایبەت ئەو ژنانەی كە پیاوەكانیان لە دەستداوە و ئەو منداڵانەی كە تا ئێستا دیار نیە هی دایك و باوكیان كێیە و سەر بە چ نەتەوەیەكن.

هاوڕێیكی رۆژنامەنووسم بۆی گێڕامەوە وتی: لە رۆژئاوای كوردستان سەردانی كەمپی خێزانی چەكدارەكانی داعشمان كرد، ژنی وا هەبوو دەیوت ئەو منداڵانەی من پاشماوەی چوار پیاون، جا وەرە سەرەدەری لەو هەموو ئالۆزیە كۆمەڵایەتیە دەربكەیت!

 دیوێكی تری كێشەی ئەمانە بریتیە لەوەی كە هێشتان ئەو ژنانە باوەڕیان بە رێبازەكەی داعش و وەك ئەوەی خۆیان پێی دەلێن دەوڵەتی خەلافەت ماوە، ئەمەیان بە ڕوونی لە بەشێك لەو دیمانانە دەبینرێن كە راگەیاندنەكان لەگەل ژن و بێوەژنەكانی داعش ئەنجامی دەدەن.

كاتێك دۆسیەی داعش هەڵدەدرێتەوە كێشە بەدوای كێشە سەرهەلدەدەن،  لە كێشەی سیاسی بگرە تا كێشەی كۆمەلایەتی و ئەمنی، پاشماوەی داعش بە تایبەت ژن و مندالەكانیان،  دەبێت بە هەستیاری مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، دەبێت رێكخراوە جیهانیەكانی وەك نەتەوەیەكگرتووەكان و دادگا تایبەتمەندەكانی وەك دادگای باڵای تاوانی نێودەوڵەتی و دادگای ئەورپی دۆسیەكانیان لە ئەستۆی خۆی بگرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو یاسایانەی كە لە نەتەوەیەكگرتووەكان دەرچوونە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیروباوەڕەی داعش.

هەموو لایەك دەزانێت كە شەڕی بیروباوەڕی داعش،  زامنی  بنبڕكردنی ئەو رێكخراوە تیرۆرستیە دەكات و رێگری دەكات لە جارێكی تر سەرهەڵنەدانەوەی رێكخراوێكی لەو جۆرە،  ئەمەشیان بەوە دەكرێت كە رێگە نەدرێت بە بلاوبوونەوەی  پاشماوەكانی داعش،  لە بێوەژناكان و منداڵەكانیان و ئەوانەی كە رۆژێك هامۆش و تێكەلاویان لەگەل ئەو رێكخراوە هەبووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×