مانگی داهاتوو، لە رۆژی ١٤ی ئایاردا، لە تورکیا هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار ئەنجام دەدرێت، ڕکابەریەکان لەو هەڵبژاردنەدا بەشێوەیەکی گشتی لە نێوان سێ بەرەی گەورەی دژ بەیەک دادەبن، جگە لە کاندیدە سەربەخۆکان، یان ئەو حزبانەی لە ترسی تێنەپەڕاندنی بەربەستی ٧٪ی هەڵبژاردن بە کاندیدی سەربەخۆ دەچنە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردن.
هاوپەیمانیەتی کۆماری دەسەڵاتدار کە پێکهاتووە لە (پارتی دادوگەشەپێدان AKPبە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا MHP بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی) وە چەندین لایەنی دیکەش پشتیوانی لێدەکەن، لە بەرامبەریدا بەرەی ئۆپزسیۆن کە بەناوی هاوپەیمانی میللەت کە شەش لایەن لەخۆ دەگرێت ئەویش ( جەهەپە بە سەرۆکایەتی کمال کلچدار ئۆغڵۆ، ئی پارتی بە سەرۆکایەتی مەڕاڵ ئاکشەنەر، دەڤاپارتی بە سەرۆکایەتی عەلی بابا جان، مستەقبەل بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەعادەت بە سەرۆکایەتی تەمەل کەڕەموڵا، دیموکرات بەسەرۆکایەتی گۆڵتەکین ویساڵ)، هەروەها بەرەی سێیەم کە لەسەر ناوی هاوپەیمانیەتی (کەد و ئازادی) کە پارتی دیموکراتی گەلان لە پاڵ لایەنە چەپەکانی سەرتاسەری تورکیا ژێر ناوی پارتی سەوزی چەپ لایەنە سەرەکیەکەی ئەو هاوپەیمانیە پێکدەهێنێت، وە لەسەر ئاستی باکوری کوردستانیش چەترێکیان لە زۆربەی لایەنە کوردستانیەکان پێکهێناوە، لە ژێر ناوی رێکەونتنامەی ئازادی و دیموکراتی کە ئەویش نۆ لایەنی کوردستانی لە خۆ دەگرێت .
لەو هەڵبژاردنەدا بە هۆی خراپی ئەدای سیاسی ئەردۆغان لە ماوەی ٢١ ساڵەی حوکمڕانی ئەکەپە، کاریگەری نەرێنی هاوپەیمانەکەی مەهەپەی نەتەوەپەرست لەسەر پرسە سیاسیەکان، بە تایبەت لە دژایەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، و هەموو ئەو کێشە سیاسی و ئابووریانەی کە لە سایەی ئەو دەسەڵاتە بەرۆکی تورکیای گرتووە، کاریگەریان دەبێ لەسەر ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەدا گۆڕانکاری ڕووبدەن، بەشێوەیەک کە پڕۆسەکە ئاڵوگۆڕ لە هاوکێشە سیاسیەکان درووست بکات، بە ئاڕاستەی سەرکەوتنی ئۆپزسیۆن بەسەر دەسەڵات.
هەموو ئەو ڕاپرسیانەی کە کۆمپانیاکانی راپرسی ئەنجامیان داوە، ئاماژە بە کەمبوونەوەی دەنگەکانی ئەردۆغان و پارتەکەی دەکەن، جگە لەو ڕاپرسیانە هەڵوێستی ئەمەریکا و ئەوروپا لە ساردوسڕی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا، پەیامی ناڕاستەوخۆن بۆ ئەردۆغان کە لەو هەڵبژاردنەدا باش لێی دەرناچی، پەیوەست بەو پرسە هەفتەی رابردوو باڵوێزی ئەمەریکا لە ئەنقەڕە سەردانی کەمال کلیجدارئۆغلوی کردبوو، ئەو سەردانە نیگەرانی لای ئەردۆغان درووستکردبوو.
لێرەدا مەبەستمانە بڵێین کە دەزانرێت باری ئەردۆغان لە هاوکێشە سیاسیەکانی تورکیا لاسەنگ بووە، حەق نیە لە ئاستی هەرێمی کوردستان دەستبار بۆ ئەردۆغان و حزبەکەی بگیرێت تا بارە لارەکەی راستبکرێتەوە.
ئەردۆغان، لە کاتی روودانی کارەساتی بوومەلەرزەی ئەمساڵ هەوڵی زۆریدا کە بە سوودوەرگرتن لە کۆمەکە مرۆییەکان بەشێک لەو رەخنانە لەسەر خۆی لابدات کە بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەتەکی لە بەهاناوەچوونی خەڵکە زیانلێکەوتووەکەی کارەساتی بوومەلەرزە لێیدەگیرا. بۆ ئەم مەبەستە دەبوو هەرچی کۆمەکە لە رێگای دامەزراوەکانی سەر بە حکومەت و حزبەکەی بگاتە تورکیا.
بەڵام لە ئێستادا دەبێت حکومەتی هەرێمی و کوردستان و تەنانەت حزبەکانیش هەر جۆرە هاوکاریەک بۆ تورکیا رابگرن، تا پڕۆسەی هەڵبژاردن لە تورکیا کۆتایی دێت.
هاوکاریکردنی وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لەو کاتەدا کە کۆگا و دەرمانخانەکانی نەخۆشخانەکانی خۆمان بەتاڵن و بەدەست بێ دەرمانی دەناڵن، دەچێتە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی بۆ راستکردنەوەی باری لاری ئەردۆغان دەدرێن. چونکە ئەردۆغان هاوکاریەکان دەقۆزترێنەوە بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لە قازانجی هاوپەیمانیەتەکەی.
شایانی باسە، راگەیاندنی کۆمەکەکانی وەزارەتی تەندرووستی لە کاتێک دایە کە هەفتەیەکە حکومەتەکەی تورکیا ئابڵوقەی خستۆتە سەر گەشتە ئاسمانیەکانی نیوەی هەرێمی کوردستان (سلێمانی)، بۆیە ئەگەرهەڵوێستێک وەرناگیرێت کە وەڵامێک بێت بۆ ئەو سزایەی کە تورکیا خستویەتیە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی ، با کارێک نەکرێت باری لاسەنگی ئەردۆغان راستبکرێتەوە.