لە نەورۆزدا وەڵامی داخستنی HDP درایەوە
هیوا سەید سەلیم
2021-03-22   414
زۆربوون ئەوانەی ڕایان وابوو کە دوای
شکستی پڕۆسەی ئاشتی، جارێکی دیکە HDP ناتوانێت گردبوونەوەیەکی ملیۆنی لە تورکیا و باکووری کوردستان
ئەنجام بدات.
ئەو قەناعتەی ئەوان لەوە سەرچاوەی
گرت بوو گوایە گردبوونەوە ملیۆنیەکانی نەورۆزی ئامەد، و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان، تەنیا بەرهەمی پڕۆسەی ئاشتی بووە، هەروەها لێرە
و لەوێش بە ناڕەوا HDP بە هۆکاری لەدەستدانی ئەو
دەرفەتی پڕۆسەی ئاشتی تۆمەتبار دەکرا.
ساڵانێکە لەسەر ئاستی دەسەڵاتدارانی تورکیا، بە تایبەت لە نێو هاوپەیمانی
حوکمڕانی ئەکەپە و مەهەپە، کار بۆ ئەوە دەکرێت کە جەماور و HDP لێکداببڕێن.
دوای سەرکەوتنەکانی HDP لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی تورکیا کە لە حوزەیرانی ٢٠١٥ ئەنجامدرا، هەروەها شکستی هاوپەیمانی ئەردۆغان- باخچەلی لە هەڵبژاردنی
شارەوانیەکان لە ٢٠١٩، بە تایبەت بە لەدەستدانی هەریەک لە شاروانی مەزنی (ئەستەنبۆڵ
و ئەنقەڕە و ئیزمیر)، دەسەڵاتدارانی
تورکیا بە پلان و بەرنامە کاریان کردووە بۆ دژایەتی HDP ، تا
کار گەیشتە ئەوەی لەو چەند رۆژە لە رێگای دادگاوە هەوڵبدرێت کە HDP وەک
سێیەمین هێزی تورکیا دابخرێت، و خەباتی
سیاسی لە هەزاران سەرکردە و کادیری HDP قەدەغە بکرێت.
جێگای هەڵوەستەیە لە ماوەی ئەو
چەند ساڵەی دواییدا، جگە لە زیندانیکردنی هاوسەرۆکەکانی HDP ،
سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەگداغ، چەندین پەرلەمانتاری HDP پارێزبەندیان لەسەر هەڵگیرا و خرانە زیندانەکان، دەیان سەرۆک شارەوانی دەستگیرکران
و قەیوم لە شوێنەکانیان سەپێندران، بە هەزاران کادیر و لایەنگیری HDP خرانە زیندان، بە شیوەیەک کە بە رای زۆرێک لە چاودێران لە ئێستادا تورکیا جگە لە
زیندانێکی گەورە هیچی دیکە نیە، بە تایبەت بۆ کوردان و لە نێویشیاندان بۆ
هەدەپەیەکان.
ئەگەر تورکیا بەرامبەر دۆزی میللەتێک ئەوە سیاسەتی بووبێت، کە HDP نوینەرایەتی دەکات کە ملیۆنان کەس لە هەڵبژاردنەکان دەنگیان پێداوە، ئەوا HDP ئەرکی بووە لەسەر چەندین ئاڕاستە شکەست بەو سیاسەتەی ئەردۆغان و هاوپەیمانەکەی
بهێنێت.
شایانی باسە زیندانیکردنی هاوسەرۆک و پەرلەمانتارەکان و سەرۆک شارەوانیەکان
نەک پاشەکشەی بە خەباتی سیاسی و مەدەنیانەی ئەو پارتە نەهێناوە، بگرە گەورەترین
شەرمەزاری بۆ تورکیا لێکەوتۆتەوە، بە تایبەت کاتێک لە ئاستی دادگای مافی مرۆڤی
ئەورپی چەندین جار داوا لە تورکیا کراوە کە دەمیرتاش ئازاد بکات.
هەروەها هەڵوێستی ئەو دواییەی کۆشکی سپیش بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش
دەچیتە چوارچێوەی رەوایەتی پرس و خەباتی HDP و شکستی پلانی نەیارانی.
لە ئاستی ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستانیش، بەرخۆدانی بەردەوامی HDP بە رووی فشارە نادیموکراسیانەی هاوپەیمانی
فەرامانڕەوا وایکردووە کە رۆژ بەرۆژ خەڵکی زیاتر بە دەوری ئەو پارتە کۆببێتەوە.
کۆکردنەوەی سەرجەم پارتە کوردی و
کوردستانیەکان لە باکووری کوردستان لە ژێر ناونیشانی ئیتفاقی نەتەوەیی، کە هەدەپە وەک چەترێک کۆیکردوونەتەوە، وەڵامێک
بوو بۆ ئەوانەی کە وەک تورکیا رەخنەیان لە بیرورباوەڕ و سیاسەتی HDP دەگرت، پێیان وابوو هەدەپ تاکڕەوانە لە باکووری کوردستان کاردەکات و نوێنەرایەتی دۆزی کورد ناکات.
دواجار HDP لە
چەژنی نەورۆزدا پەیامی بۆ دۆست و نەیارانی نارد، دۆستەکانی شادکرد و نەیارانی
زیاتر نیگەران کرد.
چەژنی نەورۆز ئەمساڵ، باشترین پەیام بوو بۆ هەوڵەکانی (ئەردۆغان و باخچەلی)، کە بە خەیاڵی خاوی خۆیان HDP دادەخەن، و ئەو پیلانەیان بۆ دەچێتە سەر.
بەڵام بینرا کە نەورۆز بۆ HDP کرایە گەرەترین
راپرسی، کە دەبێت ئەردۆغان لێی تێبگات کە HDP مادام ملیۆنان کەسی لە پشتە، بەتایبەت لە ئەو
خەڵکە ئازا و خۆڕاگرە، ترسی لە داخستن نیە، بۆیە لە زاری هاوسەرۆکەکان وتیان: HDP نا پارتێکی دیکە .