فیاسکۆ*

ئەحمەد ڕەسوڵ
  2024-10-14     204

کۆمەڵگای ئێمە لەسەر سێ ئاست لە هەرەسی گەورەی خۆیدا دەژی.

 

 یەکەم: ئاستی سیاسی

کۆمەڵگای ئێمە، لە دوای چەند دەیە لە ئەزموونکردنی دەسەڵاتدارێتییەک کە بە مانای ووشە ستەمکار، تاڵانکار، خێڵەکیی و دژە خەڵکییە، ئەڵتەرناتیڤەکەی ئەو خاشاکە سیاسیی و مێدیاییە بوو. هەرەسی فیکر و سیاسەت لە فەزای سیاسییدا و لە بەرامبەردا پۆپیولیزم، دیماگۆجییەت و ڤەڵگەریزم تانوپۆی فەزای سیاسیی و گوتاری سیاسیی تەنیوە.

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە فەزای سیاسییدا، جگە لە هەرەسی گەورە و داڕمان، ناتوانێت هیچیدی بێت.

شاخ، ژان گرتی و مشکی بوو.

 

دووەم: ئاستی فەزای دینی

کۆمەڵگای ئێمە لە دوای ئەزموونکردنی چەند ڕووداو و ڕەوتی ئاینی توندڕەو و تێرۆریست، دەبایە ڕەوتێکی فراوانی نوێکردنەوەی خوێندنەوە، تێگەیشتن و ڕاڤەکردنی تێکستە دینییەکانی لە نێو نێوەندی ئاینیی و مەلاکان خۆیاندا سەرپێخستبایە کە تا ئێستا قۆناغی باشی بڕیبایە، بەڵام ئەڵتەرناتیڤەکەی چی بوو، ئەم هەموو مەلا و باگخوازە خۆنمایشکەر و خۆ بە پێغەمبەرزانەی کە ئاینیان لە نێو دەست و مێشکی خۆیاندا کەلەپچە کردووە. لە ئاینێکی فرە ڕەهەند و کراوەوە دەیانەوێت بیکەن بە ئاینێکی تاک ڕەهەند و داخراو. لە ئاینێکەوە بۆ ژیان، ئارامیی و خۆشەویستییەوە دەیانەوێت بیگۆڕن بۆ ئاینێک کە فۆبیایەکی ڕووتە بەرامبەر ژیان و هیستیریایەکی شێتانە بۆ ڕقلێبوونەوە لە هەموو شتێک. ئەم داگەڕانە ترسناکەی تێگەیشتن لە دین، جگە لە هەرەس و داڕمان ناتوانێت هیچیدیکەی پێبێت بۆ کۆمەڵگا.

 

سێیەم: ئاستی ڕوناکبیری

جگە لە داڕمانی گەورە دەتوانێت چیدیکە بێت کە ڕۆشنبیر بیت و گوتاری فیکریی خۆت لەسەر گوتاری سیاسیی و مێدیایی ساختە و بەتاڵی حزب موتوربە بکەیت. ئەوەی کە بە پشکی گەورە یان بچووک، لایەنداریی و تەرەفگیریی ڕۆشنبیران و ئەدیبان لە نێوەندی ڕووناکبیرییدا بووەتە ئاسایی، جگە لە هەرەسی ئەم کایەیەش هاوشانی کایەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئێمە چیدیکەیە؟

...

* فیاسکۆ، بۆ یەکەم جار ئەم ووشەیەم لە فاروق ڕەفیقەوە بیست، ڕەنگە ٢٢ بۆ ٢٣ ساڵیک پێشتر.

* فیاسکۆ: بەتەواوەتی شکست. شکستی سەرتاپاگیر. داڕمانی گشتی یان شکستی گشتی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×