بارزانییەکان‌و حزبەکەیان‌و لێبوردەیی

لەتیف فاتیح فەرەج
  2019-06-14     1031
پێش ئەوەی دەستبکەم بەنوسینی ئەم وتارە بەڕێکەوت رۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆمارە لە دار دراوەکەی مھابادم لە بەر دەست بوو ، لە ٢ی مارسی ١٩٤٦ و لە لاپەڕە ٤ لە ژێر ناوی "ئەخباری نێو خۆمان " باسی گەیشتنی مەلامستەفا و بارزانیەکانی ھاوڕێی بە مھاباد دەکات، کە سێ رۆژ پێشتر گەیشتوون، تەنانەت لە ھەواڵەکەدا باسی سەعاتی گەیشتنەکەش کراوە " ساتی ٥ی پاش نیوەڕۆ واردی مھاباد بوون " باسی پێشوازی گەرمی حزبی دیموکرات و دواتر پێشەوا لەوان دەکات، لە بارەی بارزانیەوە دەنوسێ " پیاوێکی سیاسی و زەعیمێکی کوردی بارزانە " ھەروەھا دەڵێ " زاناو تێگەیشتووە موتەمەدن و نیشتمانپەرستە "لە ژمارەکانی تریشدا باسی سەردانی بارزانی بۆ شوێنەکانی مھاباد و سەربازگەکان دەکات، لە ژمارە ٣١ لە لاپەڕەی یەکەمدا ھاشم خەلیل زادە لە سەر مەلامستەفا وەڵامێکی توندی رۆژنامەوانێکی تورک دەداتەوە .

ئەم بیر خستنەوەیەم بۆ ئەوەیە بڵێم ھەمیشە بارزانیەکان بە چاوی رێزەوە لە ھەر چوار پارچەی کوردستان سەیریان کراوە، کێشە لە خەڵکدا نیە ئەگەر لێرەو لەوێ جیاوازیش ھەبووبێت، کێشەکە لە بارزانیەکاندایە بە تایبەت قسەی ئێستای من لەسەر ھەردوو سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتە، دوو ئامۆزاکە، ئاخۆ چۆن وڵات بەڕێوەدەبەن، چۆن برینەکان ساڕێژدەکەن، چۆن ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی دابین دەکەن، قسە لەسەر ئەوەیە ئایا ئەوان دەبنە سەرۆکی ھەرێم و حکومەتی ھەموو کوردستانی باشور یان سەرۆکی ھەرێم و حکومەتی پارتەکەی خۆیان و یەک ناوچە، ئەوان دەتوانن ھەمان ئەو خۆشەویستیەی خەڵکی مھاباد زیندوو بکەنەوە لە سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک و راپەڕین و ھەڵەبجە و شوێنەکانی تر، یان ھەردریًژە بەو نادادیە دەدرێت و بیانوەکەش ئەوە دەبێت کە سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە لای ئەوان نیە .

دادگەری و بە یەک چاوڕوانینە خەڵک و ناوچەکان ئەرکی ئاکاری دوو ئامۆزاکەیە، ناکرێت بودجەی قەزایەکی بادینان لە بودجەی قەزایەکی سلێمانی زیاتر بێت، ناکرێت سەرۆکی ھەرێم و حکومەت چاویان بەس پارتیەکان و لە ناو پارتیەکانیشدا ئەوانەی لە بەر دڵانن ببینن و ئاگاداری ئەندامەکانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ئەوانی تر نەبن، زەوی و پارە بۆ پارتیەکان ھەبێت، بۆ عەرەب و فڵان و فیسار ھەبێت، بۆ ئەوانی حزبەکانی دیکە نا، ناکرێت جیاوازی لە نێوان ھاونیشتمانیەکاندا بکرێت کە ئێستا بە بەربادی ھەیە، ناکرێت دوو ئامۆزا ھەر لە خەمی ئەوانەدا بن کە ماستاویان بۆ دەکەن و پیایاندا ھەڵدەڵێن و پشت بکەنە ئەوانەی رەخنەیان لێدەگرن و دەیانگرێنن، دۆست ئەوەیە بیانگرێنێت نەک ئەوەی ماستاویان بۆ دەکات .

ھەردوو سەرۆکی ھەرێم و حکومەت زۆر برین و کەلێن و کێشە ھەیە دەبێت چارەسەری بکەن، دەبێت جۆنلۆکانە بیر لە لێبوردەیی بکەنەوە، دەبێت وەک دھۆک سەیری سلێمانی بکەن، وەک زاخۆ سەیری چەمچەماڵ، وەک بارزان سەیری رزگاری، ئەرکی ئەوانە ئارامی وئاسایش بۆ ھەموو لایەک دابینبکەن بەوانەشەوە کە رەخنەیان لێدەگرن، بەوانەشەوە کە لە گەڵ ئەوان نین، ئەرکی ئەوانەژیانی ھاونیشتمانیەکان بپارێزن، داوای بوردن لە دایکی جگەر سوتاوەکان بکەن، ئەرکی ئەوانە تەمبێی جنێو فرۆشەکانی نێو حزبەکەیان بکەن ، تاخەڵکی تر ناچاری توند و تیژی وەڵام دانەوە نەبێت، ئەرکی ئەوانە خەباتی ناتوندو تیژی پەرە پێبدەن، لە سەر خەباتی ناتوند و تیژی قسەی ترمان دەبێت .

دوا قسەشم بۆ ئەوان ئەوەیە ئەوی بۆ پارە بە شان وباڵی ئەوانا ھەڵدەدات بە پارەی زیاتر بۆ دوژمنەکەی ئەوان سەما دەکات .

بە قسەی عەلی عەونی و ئاراسی حەسۆ میرخانیش مەکەن جیاوازی دوو ڕووی نیە ، نەبادا ئەمە سەرەتای دیکتاتۆریەت بێت .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×