كه‌ركوك ئیسماعیله‌كه‌ی‌ كورد

لەتیف فاتیح فەرەج
  2019-04-22     1214
ئیسماعیل له‌ به‌رده‌م چه‌قۆی‌ باوكیدایه‌و كه‌س فریادڕه‌س نیه‌، كه‌واته‌ باوكه‌كه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ سه‌رده‌بڕێت و دواتریش هه‌ر هیچ نه‌بێت وه‌ك باوكی‌ یوسف به‌ كوڕه‌كه‌ی‌ ده‌ڵێت ئه‌م چیرۆكه‌ بۆ براكانت مه‌گێڕه‌وه‌، باشه‌ كه‌ ئێستا ئیسماعیل له‌ بن چه‌قۆكه‌دایه‌، كاتی‌ ئه‌وه‌یە براكان تاوانباربكرێن، یان كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ چۆن چه‌قۆكه‌ له‌سه‌ر مله‌كه‌ لابده‌ین، چواندنی‌ كه‌ركوك به‌و دۆخه‌ی‌ ئیسماعیل له‌وێوه‌ هات كه‌ ئێستا باوك و براكان كه‌سیان ئاگایان له‌ كه‌ركوك نیه‌ و پرسی‌ قودس و دڵه‌كه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی‌ كێبڕكێیه‌كی‌ حزبیانه‌بوو ئه‌وه‌نده‌ بۆ پیرۆزكردنی‌ كه‌ركوك نه‌بوو.

له‌ راستیدا كه‌ركوك هه‌م هه‌تیوه‌ هه‌م چه‌ند زڕباوكێكی‌ هه‌یه‌، زڕباوك به‌و مانایه‌ی‌ شه‌ڕكردنی‌ له‌ سه‌ر باوكایه‌تی‌ بۆ كه‌ركوك ئه‌وه‌نده‌ی‌ بۆ خێرو بێره‌كه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ بۆ خودی‌ شاره‌كه‌ نیه‌، ئه‌مه‌ بۆ زڕباوكه‌كانی‌ عه‌ره‌ب و توركمان و كورد ڕاسته‌، ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ له‌ خه‌می‌ خاوه‌ندارێتی‌ بۆشكه‌ نه‌وته‌كان و شكاندنی‌ یه‌كتران، ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌می‌ ئه‌وه‌دا نین كه‌ركوكیه‌كان چیان به‌ سه‌ر دێت، بۆ ئه‌وان كه‌ركوك بۆشكه‌ی‌ نه‌وته‌ نه‌ك ئه‌و درۆ باق و بریقانه‌ی‌ كه‌ وه‌ك شانامه‌ به‌سه‌ریدا هه‌ڵیده‌ده‌ن، هه‌ڵبه‌ت كه‌ركوكیش ئه‌وه‌نده‌ی‌ پێویستی‌ به‌ خزمه‌ت و ئاوڕ لێدانه‌وه‌یه‌، پێویستی‌ به‌ شانامه‌ نیه‌.

ئیسماعیل له‌ بن چه‌قۆدا چی‌ له‌ شانامه‌ بكات، با راستگۆ بین له‌وه‌دا كه‌ ئێستاهیچ زڕباوكێك مافی‌ به‌ سه‌ر كه‌ركوكه‌وه‌ نیه‌، نوێنه‌رایه‌تی‌ كه‌ركوك و خه‌ڵكه‌كه‌یشی‌ ناكات، مرۆڤ كه‌ ده‌بینێت له‌ خاڵێكی‌ پشكنین كه‌ركوكیه‌كان ریز ده‌كرێن، پرسیاری‌ ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌م جۆره‌ له‌ سوكایه‌تی‌ بۆ خه‌می‌ ته‌ناهیه‌ یان بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێكهاته‌كان رق له‌ بری‌ لێبورده‌یی‌ و خۆشه‌ویستی‌ تۆو بكه‌ن، كه‌ ده‌بینێت ده‌بێت به‌ چه‌ند پرسگه‌یه‌ك و له‌ ژێر پشكنینا بگاته‌ ته‌لاری‌ پارێزگاكه‌ی‌ خۆی‌، ده‌پرسێت ئایه‌ ئه‌گه‌ ر زڕباوكه‌كان و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانیان نه‌بن، كێ ته‌ناهی‌ تێكده‌دات، كێ ده‌ستی‌ ده‌چێته‌ خوێنی‌ براكه‌ی‌، كێ ئه‌وی‌ تر ده‌كوژێت، له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌ی‌ تۆوی‌ دوو به‌ره‌كی‌ رشتوه‌ زڕباوك و كوڕه‌ یوسف كوژه‌كانن نه‌ك ئه‌و كوردو عه‌ره‌ب و توركمانه‌ی‌ به‌ یانی‌ و ئێواره‌ سڵاو له‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن و له‌ یه‌ك مزگه‌وت و حوسینیه‌ داوای‌ ئارامی‌ له‌ خودا ده‌كه‌ن و له‌ ژێر گوێسه‌بانه‌ی‌ یه‌ك نه‌خۆشخانه‌ی‌ مناڵبوندا له‌ دایك ده‌بن.

كه‌ركوك ئێستا ته‌نیا ترین شاری‌ سه‌ر گۆی‌ زه‌ویه‌، زڕباوكه‌كان پیسی‌ ده‌كه‌ن و نه‌وته‌كه‌ی‌ ده‌دزن، زڕباوكه‌كان به‌ پێكهاته‌كه‌ی‌ ناوی‌ ده‌ڵێن، ئێوه‌ ده‌بێت له‌ ترسی‌ یه‌ك خۆتان بشارنه‌وه‌، ئێوه‌ هاوشاری‌ یه‌كتر نین و دژن، ئێوه‌ تاماون پێویسته‌ یه‌كتر بكوژن، ئه‌و وه‌ك ته‌نیاترین شاری‌ سه‌ر گۆی‌ زه‌وی‌ داره‌كانی‌ وشكده‌بن و پاره‌ی‌ بۆشكه‌ نه‌وته‌كانی‌ ده‌چنه‌ گیرفانی‌ خه‌ڵكی‌ تره‌وه‌، وه‌ك ته‌نیاترین شار رۆڵه‌كانی‌ به‌ به‌ركی‌ خاڵیه‌وه‌ جاده‌كان ده‌پێون و بازرگانه‌كانی‌ شه‌ڕو توند و تیژیش دۆلاری‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ له‌ په‌نای‌ سیاسه‌تی‌ و خاوه‌ندارێتیه‌وه‌ دابه‌شده‌كه‌ن، ته‌نیاترین شاری‌ دنیا هه‌موو شوناسه‌كه‌ی‌ ده‌شێوێنن و خۆیشی‌ به‌ دوای‌ شوناسه‌كه‌یدا ناگه‌ڕێت، وه‌ك ئیسماعیلی‌ ژێر چه‌قۆ .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×