گرێبه‌سته‌كه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی

لەتیف فاتیح فەرەج
  2019-02-05     1424

ئێمه‌ ده‌بێت باوه‌ڕ به‌وه‌ بێنین كه‌ پارتی‌و یه‌كێتی به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری یه‌كتر نابن، پارتی‌و یه‌كێتی هه‌مویان نا، دوگروپی هاوبه‌ش‌و تێكه‌ڵ، كه‌ هه‌ندێ‌ جار لایه‌كیان واقسه‌ ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی لایه‌كه‌ی دیكه‌ قسه‌ بكات، به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، حساب بانكی هاوبه‌ش، بیره‌ نه‌وتی هاوبه‌ش‌و زۆر شتی دیكه‌ی هاوبه‌شیان هه‌یه‌، بۆیه‌ لاتان سه‌یر نه‌بێت كه‌ مه‌كته‌ب سیاسیه‌كی یه‌كێتی هه‌ندێ‌جار وه‌ك فازڵ میرانی قسه‌ بكات، یان مه‌كته‌ب سیاسیه‌كی پارتی وه‌ك هێرۆخان قسه‌ بكات، ئه‌وه‌شتان به‌لاوه‌ سه‌یر نه‌بێت كه‌ له‌ئاستی مه‌كته‌ب سیاسی و سه‌ركردایه‌تی له‌یه‌كێتیه‌وه‌ خه‌ڵك بڕۆنه‌ ناوپارتیه‌وه‌ نمونه‌ی ئازاد جوندیانی یان كه‌سانی تر، خۆ ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر مام جه‌لال له‌ ژیاندا بوایه‌و كاك مه‌سعود له‌ژیاندا نه‌با ئێستا شته‌كه‌ پێچه‌وانه‌با.

پارتی و یه‌كێتی گرێبه‌ستی گه‌وره‌ له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ كه‌ له‌ رێكه‌وتنی ستراتیژی گرنگتره‌، ئه‌وه‌ بۆبه‌ ده‌سبه‌رداری یه‌كتر نابن له‌وه‌ گه‌ڕێ‌ كه‌ یه‌كتر به‌ خائین و خۆفرۆش و خاكفرۆش تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و هه‌ندێك خه‌ڵكی به‌دبه‌ختیش له‌خواره‌وه‌ له‌ هه‌ردوو لا به‌ پاره‌یه‌كی كه‌م وتاری توند له‌ سه‌ر یه‌كتر ده‌نووسن .

من ده‌زانم گرێبه‌سته‌كه‌ له‌ نێوان گروپێكی زۆر كه‌م و دیاری كراودایه‌و زۆربه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگری هه‌ردوولا له‌ شیرینی ئه‌و گرێبه‌سته‌ بێبه‌شن و به‌شێكیش له‌و زۆربه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای خزمه‌تی حیزه‌به‌كانیان له‌ دۆخێكی زۆر خراپی ئابوریدان ، له‌ نێو گروپه‌ بچوكه‌كه‌دا كه‌ هاوبه‌شی گرێیداون به‌یه‌كه‌وه‌ تیایاندا هه‌یه‌ لای وایه‌ ئه‌وی پاره‌ی نه‌بێت هیچ نیه‌و هیچی بۆ ناكرێت، ئه‌و لای دۆستێك وتبووی پیاوه‌تی و پیاو بون واته‌ پاره‌و هێز منیش ئه‌و دوانه‌م هه‌یه‌و نامه‌وێ‌ به‌ هیچ جۆرێك ده‌سبه‌رداریان بم.

من وه‌ك خۆم هیچ كێشه‌یه‌كم له‌ ته‌ك ئه‌و گرێبه‌سته‌دا نیه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت له‌سه‌ر حسابی ئه‌وانی تر نه‌بێت و نه‌بێته‌ هۆكارێك بۆ دزی و گه‌نده‌ڵی و مافیا كاری و سته‌م له‌وانی دیكه‌، كه‌ ئێستا ئاوایه‌ به‌داخه‌وه‌، لێره‌وه‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ له‌ ته‌ك دروشم و په‌یڕه‌وو به‌رنامه‌ی ئه‌و دو حزبه‌دا نایه‌ته‌وه‌ ودروشمه‌كان ده‌بنه‌ درۆی زل له‌ دۆخی ئاوادا، بۆیه‌ یان ده‌بێت دروشمه‌كان بگۆڕن یان ده‌بێت شێوازی ئه‌م گرێبه‌سته‌ نائاكاریه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

راستیه‌كه‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌ نه‌ك رێگره‌ له‌وه‌ی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاكاریانه‌و ئۆپۆزسیۆن گه‌شه‌ بكات، رێگره‌ له‌وه‌ش كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ناو پارتی و یه‌كێتی خۆیاندا جیاوازی و گۆڕانكاری و دیموكراتی گه‌شه‌ بكات، یانی ئه‌و گروپه‌و گرێبه‌سته‌كه‌ له‌ ناو خودی حزبه‌كه‌شدا رێگرن له‌ ریفۆرم و چاكسازی و كۆنگره‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌مه‌ بۆ یه‌كێتی زه‌ق تر دیاره‌، چونكه‌ پارتی یه‌كلابوه‌ته‌وه‌ كه‌ تا هه‌بێت تاپۆكه‌ی هه‌ر به‌ناو ماڵباتی بارزانیه‌وه‌ ده‌بێت و ئه‌وانی تر په‌روانه‌ی ده‌وری ئه‌و ماڵباته‌ن و ناتوانن له‌ وه‌چه‌كانی ئه‌و ماڵباته‌ تێپه‌ڕێنن .

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×