ئەمریکاو ئێران: ئەگەری رودانی شەر هەیە؟

د. نەوزاد هێتوتی
  2019-05-24     1542
تا دێت پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا  تووندتر و گرژتر دەبن، و بەشێک لە چاودێرانیش باسی ئەگەری پێکدادانی سەربازی لە نێوان هەر دوو دەوڵەتدا دەکەن. ئێستا بۆچون و دەنگێکی بەهێز هەیە، ئاماژە بەوە دەکەت، کە لەگەل ئەوەیدا کە ترەمپ نایەوێت ئەمریکا بخزینڕێتە ناو شەرێکی دێکەی خۆێناوی لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا ، بەلام لە ناو ئێدارەکەی و لە دەروەی ئێدارەکەیدا، کۆمەلێک کەس و دەۆلەت هەن کە بەمەستیانە ئەمریکا بەگژ ئێراندا ببەن. ئەم بۆچونە لە لایەن بەشێکی زۆری چادێران، مێدیا و رۆژنامەوانەکانی ئەمریکا و تەنانەت بەرپڕسانی ئێرانیش بە گەرمی باس دەکرێت.  جەواد زەریف وەزێری دەروەی ئێران لە دیداڕێکی تایبەتدا لەگەل کەنالی فوکس نێوزی ئەمریکی، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمەلێک کەس و لایەن هەن کە ئەو ناوی لێناوە B Team واتە (بولتون، بێنیامێن نەتەنیاهو، بن زائد و بن سەلمان) هەموو هەۆل و بزاڤێکیان ئەوەیە کە ئەمریکا و ئێران  بەگژ یەکتردا ببەن وترەمپ توشی شەرێکی هاۆشێوەی عیراق بکەن.

هەرچەندە زۆربەری بەڕپرسانی ئەمریکا بەئاشکرا باسی ئەوە دەکەن کە هیچ بەڕنامە وپلانێکیان نییە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بەلام لەگەل ئەوەشدا هێنانی کەشتی وفرۆکەی جەنگی و فروکەیB 52  ، موشەکی تۆماهوک بۆ ناوچەکە، جۆرێک لە گومان دروست کردوە، کە بارودوخەکە بە ئاراستەی جەنگەکی مەترسیدار دەچێت. بە تایبەت ئێستا زۆر پڕسیاری گرنگ لە ئاردان و وەلامیان تارادەیەک دیار نییە:  لەوانەش: ئەگەر گوشارەکانی ئابووری سەر ئێران بەرهەمی نەبوو، ئەو کات ترەمپ چێ دەکات؟ ئایا ترەمپ رازی دەبێت ، ئێران سیاسەتی کات کوشتن بگڕیتەبەر واتە (نە شەر و نە دانوستاندن) تا سالی  ٢٠٢٠، تاوکو سەروکی داهاتووی ئەمریکا هەڵدەبژێردرێت؟ ئەی ئەگەر ئێران هەڵوێستەکی دژبەڕانەی هەمبەر سیاسەتی ترەمپ گرتەبەر، یان دووبارە دەستی کرد بە چالاکی ئەتومی و بەرەو پێش بڕدنی توانایی هێزی موشەکی، ئەو کات ترەمپ چی دەکات و چ هەڵوێستەکی دەبێت؟

لە راستیدا، سەرەرای ئەوەی ئێران و ئەمریکا هەۆل دەدەن خۆیان  لە رووبەڕووی بوونەی سەربازی بپارێزن. بەلام دەکرێت ئاماژەش بەوە بکەین کە چەند حالەتێکدا لەوانەیە شەرەکە رووبدات وئەمریکا گورزی سەربازی سنووردار لە بنکە و بارەگاکانی ئێران، لەوانە بنکە سەربازییەکانی سوپاسی پاسداران، فروکخانە سەربازییەکان، بنکەکانی ئەتومیی و موشەکی  ئێران بوەشێنیت، ئەمەش بەهۆی ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

یەکەم؛ داخستنی گەرووی هۆرمووز؛هەرهەۆلێکی ئێران بۆ داخستن یان کیشە  دروست کردن بۆ چوونی نەوت وگاز لەو ڕێرەوە ئاوییە بۆ بازارەکانی جیهان، بەبێ دودلی  ئێران رووبەڕووی وەشاندنی گورزی سەربازی  دەبێتەووە. چونکە گەرووی هۆرموز ڕێرەوێکی ئاوی زۆر ستیراتیژییە بۆ چوونی نەوت و گاز بۆ بازارەکانی جیهانی. نزێکەی ٤٠% نەوت وگاز لەو رێگەیەوە دەگاتە بازار. بۆیە داخستنی ئەو گەروویە زیانی گەورە بە سەقامگیری نرخی نەوت و گاز دەگەێنیت و بهای وزە زۆر بەرز دەکات. بەشێوەیەک ئەمریکا وهەموو ئەو دەۆڵەتانەی وزە هاوردە دەکەن، زیانی گەورەییان پێدەگەت. بۆیە ئەمریکا پابەندە بەوەی گەرووی هۆرمووز بە کراوەیی بمێنیتەوە. لەسەردەمی ئێدارەی کارتر لە سالی ١٩٨٠  جەخت لەسەر ئەوە کراووە کە هەرەشەیەیەک یان هەۆلێک بۆ داگیرکردنی کەنداوی فارس یان رێگە گرتن لە چوونی نەوت بۆ بازارەکانی جێهان، هەرەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر بەرژەوەندی ستراتیژی ئەمریکا، وئەو ولاتە هێز بەکار دەهێنیت بۆ لەناوبردنی سەرچاوەکانی ئەو هەرەشانە.  تاکو ئێستاش هەموو ئێدارەکانی کە هاتوونەتە سەرد ەسەلات لە ئەمریکا  پابەندی ئەو سیاسەتەی کارتر بوونە  . 

دووەم؛ پەنابردنی ئێران بۆ بەکار هینانی مێڵیشیاکان لە شەری بەوەکالەت دژی بەرژەوەندی و پێگەی ئەمریکا وهاۆپەیمانەکانی ئەگەری پێکدادانی سەربازی بەهێز دەکات. جون بۆڵتون لە رێگەی راگەیینراوێکەوە کە  لە ٥ ئایاری ٢٠١٩ لە کۆشکی سپێ بەلاوکردەوە،  زور بە راشکاوی جەختی لەسەر ئەوە کردووە، کە هەرەشەیەک یان هێڕەشێک بۆ سەر پێگە و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا یان هاۆپەیمانەکانی وەلامی تووندی ئێران دەدریتەوە. واتە راستەخۆ ئێران دەکرێتە ئامانج. ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا دوای ئەوە هات، کە دەزگا هەواڵگەرییەکانی ئەمریکا زانیارییان دەست کەوت، کە ئێران فەرمانی بە گروپە مێڵیشیاکانی لە عیراق و سووریا کردووە کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکا. کەواتە پەیامەکەی ئێدارەی ترەمپ بۆ ئێران ئەوەیە، سەردەمی شەری بەوەکالەت لە گەل ئەمریکا بەسەر چووە. ئێران چێتر ناتوانێت هاوشێوەی  سەردەمی بوشی کور لە عێراقدا، شەری بەوەکالەت دژی ئەمریکا بکات و خۆشی بەبێ کێشە لە مال دابنشێت. لە هەر حالەتیکدا مێڵێشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، راستەخۆی ئیران رووبەڕووی گورزی سەربازی دەبێتەوە. 

سێیەم؛ دووبارە دەستپێکردنەوەی چالاکی ئەتومی و بەرەو پێش بردنی سیستمی موشەکی بالێستی. دەبێت بزانین کە ئەمریکا هەموو هەۆڵێکی بۆ ئەویە کە توانا سەربازییەکانی ئێران سنووردار بکات و کوتایی بە بەرنامە و چالاکی  ئەتومی ئێران بهینیت. بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە رەهەندی سەربازییەوە هەیە. ئەمریکا و هاۆپەیمانەکانی بە تایبەت ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک رازی نابن ئێران ببیتە خاوەن چەکی ئەتومی یان هەۆلی بەدەست هێنانی ئەم چەکە بدات. تەنانەت یەکێک لە خالە هەرە گرنگەکانی کشانەوەی ترەمپ لە ڕێکەوتنی ئەتومی لە گەل ئێران، بە هۆی ئەوەیە کە  ترەمپ دەیەوێت ئێران بە شێوەیەکی کوتایی دەست هەڵگرێت لە هەموو چالاکییەک کە رێخوشکەرن بۆ دروست کردنی چەکی ئەتومی و بەرەو پێش بردنی  مەشەکی بالێستی. بۆیە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ دووبارە دەستپێکردنی چالاکی ئەتومی، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە لە لایەن ئەمریکا وهاۆپەیمانەکانی بە تایبەت ئیسرائیل هێرشی بکرێتە سەر.ئەوەی ئەم ئەگەر بە هێزتر دەکات ئەوەیە، کە ئێران نزیکەی ٦٠ روژ دەرفەتی داووە بە دەۆڵەتە ئەوروپییەکان بۆ ئەوەی پابەندی ڕێکەوتنی ئەتومی لە گەل ئێران بن، بە پێچەوانەوە ئێران لە ڕێکەوتنەکە دەکشیتەوە و دەست دەکات بە پیتاندنی یۆرانیوم کە بۆ مەبەستی سەربازی بەکار دێت.

چوارەم: ئەگەر ئێدارەی ترەمپ سەرکەوتوو نەبوو لەوەی لە رێگەی گوشاری ئابووری و سیاسییەوە، ئێران لاواز بکات، سنوورێک بۆ فراواخوازییەکانی دابنێت و ناچاری بکات بگەرێتەوە سەر مێزی دانوستاندن، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی ١٢ داواکاری ئەمریکاوە هەیە.  دیسان دوور نییە ئەمریکا بۆ مڵکەچ کردنی ئێران و ڕاکێشانی بۆ سەر مێزی گفتگو، گورزی سەربازی سنووردار لە ئێران بدەت. دیارە یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە گوشار و گەمارووی ئابووری بۆ ئەوەیە ئێران رەفتار و سیاسەتەکانی خۆی لە سەر ئاستی ناوخۆی و دەرەکی بگورێت. هەر وەک وەزیری دەروەی ئەمریکا لە میانەی سەرەدانەکەیدا بۆ موسکو ئاماژەی پێکرد وراگەیاند، دەمانەوێت ئێران وەک دەۆڵەتێکی نورما سیاسەت بکات و واز لە سیاسەتی فراوانخوازی خۆی بهینیت. بۆیە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ترەمپ مەبەستیەتی لەم سالەدا پڕسی دانۆستاندن لە گەل ئێران یەکلایی بکات، و ئەگەر ئێران ئامادەی دانوستاندن  نەبیت، دور نییە لێ بدرێت. واتە ئەگەر لەم سالەدا ترەمپ نەیتوانی لە رێگەی ئەمرازەکانی ئابوورییەوە  ئێران ناچار بە دانوستاندن بکات، لەوانیە بژاردەی دووەم وەشاندنی گورزی سەربازی بێت.  

پێنجەم،: خاڵێکی دێکەش کە لەوانەیە ببێتە ئەگەری دروست بوونی شەری نێوان ئەمریکا و ئێران،  پەیوەندی بە خراپ ڵێکتێگەشتنی نێوانیان هەیە. کۆکردنەووەی چەک و هێزی سەربازی لە ناوچەی کەنداو ڵێک نزیک بوونی هێزەکانیان بە تایبەت لە عیراق سووریا دا، دەکرێت بچوکترین هەلە یان خود بە هۆی رووداوێکی نەخوازراو، ئاگری شەر لە نێوان هەر دوولا هەل بگرسێنی. بە تایبەت ئێستا هیچ موتمانەیەک لە ئەمریکا و ئێراندا  نییە وهەر دوولا خۆیان بۆ شەر و رووبەڕووبونەوەی یەکتر ئامادە کردووە.

⃰ پسپۆری: سیاسەتی دەروەی ئەمریکا هەمبەر روژهەلاتی ناوەراست وپرسی کورد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×