ئەو پیاوەی شایستەی هەمو وشەیەکی جوانە کە بۆی بنوسرێت

ئارام قزلەری
  2019-03-08     2858

حاجی قادری مەزن ڕاستی فەرمووە کە دەڵێت:
مەرگ و ژین میسلی سێبەرو تاوە
ئەوەی دەمێنێتەوە باقی هەر ناوە 

با چیتر مردو پەرست  نەبین پێس ماڵ ئاوایی کردنیان لە ژیان ئەو تێکۆشەرانەی بەحەق  دڵسۆزن بۆ خاک و نیشتیمان و زوڕنا ژەن و ماستاو چی و پاسەوانی  زۆر دەوری نەداون چیتر فەرامۆش نەکرێن ..  

با ئەو کەسانەی بۆ تەنها ساتێکیش خیانەتیان لە میللەتەکەیان نەکردوە و بەڕۆح زیندون و لە ژیاندا ماون بەسەر بکرێنەو و دەستخۆشیان لێبکرێت و هەر وشەیەک شایستەی مەزنیان بێت بۆیان بنوسرێت و وەک مەدالیایەکی ڕیزلێنان لە گەردنیان بئاڵێنرێت ، با ئیتر خەڵکانی دڵسۆزو دەست پاک جیابکرێنەوە لەوانەی دزو گەندەڵ و دەستپیسن و خیانەتیان لە خاک و نیشتیمان کردوە و دەسەڵات وداهاتی  بەردەستیان  تەنها بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵ وکەسە نزیکەکانی خۆیان بەکار هێناوە بۆ تەنها ساتێکیش لە خەمی دڵسۆزان وهەژاراندا نەبون  .

خوێنەری  بەڕێز ئەوەی لە ژیانمدا بڕوام پێی هەبوبێت  بیڵێم و بینوسم هەرگیز لێی دودڵ نەبوم و سڵیشم لە هیچ ڕەخنەوگلەییەک نەکردۆتەوە  ئاڕاستەم بکرێت و لە ڕابردوشدا کرابێت  .. لەبەر ئەوەی هەموو کوردستان و سەروەت وسامانەکەشیم  پێ ببەخشرێت و تەنانەت  بەرگی  ڕێڕینیش لە بەرخۆم و پاشماوەی خێزانەکەم بکرێت . هێندەی تاڵێک لەموی شەهیدە  نەمرەکانم نە قیمەتی هەیە لامان و نە  تاکە پێڵاوێکی یەک لەو نەمرانە  ئەهێنێت کە گیانی پیرۆزیان بۆ خاک و نیشتیمان بەخشیوە ، بەندە هەرگیز بە بەرژەوەندی کەسم نەویستوە و منەتیشم بە کەس نەبوە و ناشم  بێت بە جەنابی ئەم پێاوە بەڕێزو تێکۆشەرەشەوە جگە  لە سوپاس گوزاری و بۆ هەمو کارە باشانەی کە کردبێتی ، بەندە  بە بڕوای تەواوەوەتی و خۆشەویستی  ناخی دڵمەوە  باسی کەسایەتیان  ئەکەم و شایستەی  زۆر لەوە  زیاتریشن و دەمیشم نە چەور کراوەو  نە پێویستیشم پێیەتی ،ئەوانەی ئەیڵێم و نوسیومن ڕاستی و حاشا هەڵ نەگرن سەبارەت بە کەسایەتی ئەو تێکۆشەرە بەڕێزە . هەر هەموی 

پیاوێک کە جەندین نازناوی لێنراوە و زۆر جار لە ڕاگەیاندنەکانەوە بە نازناوی گەنجینەی یەکێتی و جارێک بە نازناوی قاسە ڕەشەکەوە  ناوی دەبەن . بەڵام هیچیان نیەو تەنها بە ناوەکەی خۆیەوە جوان و خۆشەویستە  کە کاک دلێری سەید مەجیدە .
ئەم پیاوە خاکییەی کە مرۆڤێکی زۆر کەم دووە بە هۆی شوێنی کارەکەیی و ئەودەسەڵاتەی هەیەتی کە ی‌ڕیاردەرە  لەسەر داهاتی یەکێتی توانیویەتی بە هۆی سادەیی و دەستپاکی و دڵسۆزیەوە  ببێتە نمونەیەکی  جوان و دانسقە لەناو لە یەکێتیە بە ویژدانەکانداو وەک سەرکردەیەکی داست پاک و ناوو ناوبانگی دەرکردوە ..
 وەک بەڕێزیان چەندین جار لە زمانی خۆیانەوە  گوتویانە کاری زۆریان کردووەو لەناو بەڕێکردنی کارەکانیشیاندا وەک هەموو مرۆڤێک  شتی  باشیشیان کردوەو کاری هەڵەی  بێ مەبەستیش بەسەریاندا  تێپەڕیوەو  لە ناخیشەوە  دڵگران بون  بەهەر کارێک کە هەڵە بوبێت یاخود هەر تێکۆشەرێک  یان هاوڵاتیەک لێێ دڵگران بوبێت بە هۆی  جێبەجێ نەکردنی کارەکانیانەوە .


زۆرێک لە بەرپرسانی یەکێتی خولیای دەرکەوتن و لێدوان و کۆڕو کۆبونەوە  بون لە تەمەنی دەسەڵاتدارێتیاندا ، بەڵام  بە پێچەوانەوە  ئەم پیاوە سەرسپیە  بەهۆی  دوری لە چاوپێکەوتنەکانی  میدیاکانەوە و نەبونی ئەرشیفێکی دەوڵەمەند سەبارەت بە کارەکانی ، کەم کەس ئاشنا بون لە کەسایەتیان تا بزانن چەند بوێرە چەند ڕاستگۆو دەست پاکە چەند هاوکاری و دەستی یارمەتی بۆ تێکۆشەران و خانەوادەی شەهیدان و تەنانەت ئەو لێقەوماوانەی کە  یەکێتیس نە بون  بە فریایانەوە چوە.  کاک دلێر یەکێکە لەو دەسەڵاتدارانەی  زۆر بێمنەتە لە هەموو گەندەڵیەک و خیانەتێک  کە کردبێتی لە حیزبەکەیی و نیشتیمانەکەی . 

باس کردنی ئەم سەربازە  ونەو پیاوە دەست پاکە وای کردوە  ترس و دڵە ڕاوکێیەکی لەناو دڵی زۆرێک  لە ئەندامەکانی یەکێتی و بگرە لەناو گٶڕانەکانیشدا  دروست  کردوە و باس کردن و وتنی ڕاستیەکان لەسەر ئەو بەڕێزە وەک ( تەلێکی کارەبای ڕوت ) وایەو کەم کەس دەوێرێت دەستی بۆبەرێت  . 
تەنها  دوو بەڕێز کە پێشمەرگەیەی  دێرینن  پێنوسی  ویژدانیان خستۆتە  گەڕو وەسفی  پاکی و ڕەوشت  جوانی و دڵسۆزی کاک دلێریان زۆر جوان و شایستە  پێناسە کردوە . 
هەر چۆنێک باسی ئەم پیاوە بکڕێت  یان دەوترێت  پارەی بەو کەسە داوە  یاخود ئەو کەسە بۆ پارە بە شان وباڵایدا هەڵ ئەدات . لێکدانەوەی هەڵە هەموو ڕاستیەکان  ئەخاتە گۆمێکی لیخنەوە و مێژووی  بێگەردی کاک دلێری سەید مەجیدش ئەخاتە گۆڕەوە و بۆ هەتا هەتایە بە نهێنی ئەمێنێتەوە .
 زۆر لەدەسەڵاتداران خوازیارن لەسەریان  بنوسرێت و باس بکرێن ،  بەڵام ئەم پیاوە سادەو ساکارە بە بەندەشەوە کە ڕاستەکانی کەسایەتیان  بخەینە ڕو بە نەزان و بە بێ ئەقڵیش  پێناسەمان ئەکات  ، هۆکارەکەشی  ئەوەیە کە ئەو ئەڵێت من هەرچیم  کردبێ وەک ئەرکێکی مێژویی ژیانم کردومە و پێویست  ناکات باس بکرێت و ناوم بهێنرێت .
بەڵام دوای مشتومڕێکی زۆر لەگەڵ چەند کەسایەتیەکی بەڕێزو چەند تێکۆشەرێکی دێرین کە هەر هەمویان هاوڕا  بون لەگەڵ نوسینەکەی  منداو پێیان وابو هەر شتێک لەسەر ئەم تێکۆشەرە  دێرین ودەست پاکە  بنوسرێت هێشتا هەر ناگاتە ئاست گەورەیی کەسایەتی و دڵسۆزیان .

لەسەردەمی شاخەوە  تا  ئەمساتە وەختەش بەڕێزیان هەر پێشمەرگەیەکی دڵسۆزو  و جێگای متمانەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  بون و دەست پاکترین بەرپرسی یەکێتیی  بون و یەکەم متمانە پێکراوی خوالێخۆش بو جەنابی مام جەلال  بووە تا بەڕێزیان لە ژیاندا مابون  بەڵام  بەداخەوە  ڕاستیان   وتووە  کە دەڵێن ( قەدری زێڕهەر بە لای زەرەنگەرەوەیە ) .

ئەو دەسەڵات و داهاتەی لە ژێر دەست ئەو پیاوەدایە لەژێر دەست هەر بەرپرسێکی تردا بوایە هەمووی  بۆ کوڕو کچ و زاواو ئاوە ڵزاوای خۆی  دابەش ئەکردو، کورد ووتەنی  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  ئەکەوتە سەر ساجی عەلی ، گەر هەر کەسێک  لە نزیکەوە  براکانیشی کەسوکارەکەی بناسێت   بناسێت ئەو ڕاستیەی  بۆ ڕوون  ئەبێتەوە کە  لەگەڵ  براو کەسوکاری  بەرپرسەکانی  تردا  ئاسمان و رێسایان بەینەو دورن لە هەموو سەروەت وسامانێک و کارێکی  بازرگانیەوە .


کام لە بەرپرسەکانی  یەکێتی هەیە وەک ئەم کاک  دلێری سەید مەجیدە زۆر بە سادەیی  بژین ولەبەردەم  ماڵەکانیاندا  مۆلیدەیەکی کارەبای تایبەتیان نەبێت ؟ کام لە بەرپرسەکانی  یەکێتی دوسێ  قولەی  پاسەوان چەکدار لەبەردەم  دەرگاکانیاندا نیە ؟ کام لە بەرپرسەکان  وەک  ئەم  پیاوە بەتەنها بە شەقام و کۆڵان و بازاڕەکانی سلێمانیدا  بێ پاسەوان  بسوڕێنەوە ؟ تەنانەت لەناو فرۆکەخانەی سلێمانیشدا   وەک هەموو هاوڵاتیەک  لەسەرەدا ڕا ئەوەستێت و خۆی  جیاناکاتەوە لە هاوڵاتیان ، بەڵام زۆرینەی بەرپرسەکانی تر نەک  تەنها خۆیان  بەڵکو کوڕیان و کچیان و زاوایان  بگرە خزمە  نزیکەکانیشیان لە ( ڤی ئای پیەوە) نەبێت گەشتەکانیان ناکەن .  


 ئەم پیاوە بەدەر لەوەی  بەداخەوە کە لەڕوی تەندروستیەوە زۆر باش نیە بەڵام هەمیشە ورە بەرز بوە . لە وەرزی هاویندا کە پلەی گەرما لە کوردستان ئەگەشتە ٤٥ پلەی سەدی . کە نابێت لە کەشێکی گەرمادا ژیان بەرێ  بکات وتوشی هەناسە توندی ئەبێت و باری تەندروستی  تێک ئەچێت ، زۆر جار بەهۆی نەبونی کارەباوە  وەک هەموو مالێکی  ئاسایی گەڕەکەکانی  سلێمانی کە کارەبای  نیشتیمانی نامێنێت و چێ‌وەڕوانی  کارەبای  مۆلیدە  ئەکەن .  ئەم بەرپرسە  باڵایە و خاوەن  داهاتە زەبەلاحەی  کە  لەبەر دەستی  دایە ، باری تەندروستی تێک دەچوو چاوەڕوانی  کارەبای مۆلیدەی  دەکرد بێتەوە تا لەبەردەم  موبەڕیدە کۆنەکەی  ناو ماڵی خوشکە  بەڕێزەکەیدا  فێنکی ببێتەوە ڕزگاری  بێت لەو هەناسە توندیەو دڵە ڕاوکێیەی  کە ڕۆژانە  بەرۆکی  دەگرێت .

ئەم تێکۆشەرە دێرینە مێژویەکی تری سەروەری بۆ خۆی تۆمار کردوە کە ناسراوە بە پیاوی ئاشتی ناوبژیوان  .
لای هەموان ئاشکرایە زۆرێک  لە بەرپرسانی  یەکێتی و گۆڕان  تینی ئاگری ناکۆکی  نێوانیان جۆش ئەداو هیچ لە خەمی بەکوشتدانی  ڕۆڵەی  فەقیرو هەژاردا  نەبون ،  ئەم مرۆڤە  بەویژدانە  بۆ ئەوەی  شەڕێکی خوێناوی دروست نەبێت ڕۆژانە پێیەکی لە گردەکە و  پێیەکی لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی  بوو، گەر هەوڵ و کۆششی  ئەم پیاوە و چیند خەڵکانێکی تری دڵسۆز نەبوایە  یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان  بە هۆی ناکۆکی  نێوانیانەوە  گەورەترین  کارەسات  بەرۆکی  هەردولایانی  ئەگرت و بە سەدان  ڕۆڵەی  بێتاوان  دەبونە قوربانی  ئەو شەڕە  نەگریسەی  کە هەڵدەگیرسا لە نێوانیاندا.


ئەبێت ئەو ڕاستیەش  بلێێن کە خەڵکانێکیش لە تێکۆشەران هەن و گللەیی لێدەکەن ، پێێ ئەچیت لەناو ئەو بەڕێزانەشدا هەبن خاوەن حەق و غەدر لێکراو بن بۆیە لێێ دڵگران بوبن ، بەڵام مەرج  نیە هەندێک لەوانەی  لێێ  ناڕازین خاوەن  حەقبن ، زۆرێک  لە کەسوکاری   شەهیدان  زۆرێک  لە کەم  ئەندامان  زۆرێک  لە پێشمەرگە قارەمانە دێرینەکان هاوکاری  کراون و ئەم دەست  بەو دەستیشی  نەزانیوە ، بەڵکو بە دەیان خێزانی شەهیدیش و خێزانی کەم دەرامەت هەن  ئەم  پیاوە لە یادی نەکردون  بێدەنگ  مانگانە دەستی  یارمەتیان بۆ درێژ ئەکات وهاوکاریان  ئەکات . 

ئارام قزلەری
ستۆکهۆڵم
٢٨/٠٢/٢٠١٩

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×