‎سوپاس بۆ نەوت.. ترەمپ‌و كورد

‎كاوە رەش
  2020-01-24     875
‎بەداخەوە ئێمەی كورد زۆر جار لەجامە ئاوێكدا دەكەوینە مەلاوانیی، بەوەی هێندە خۆمان پێ بچوكە لەئاست سەركردەی وڵاتان، بۆیە هەر بەبینینیان شاگەشكەو خەم ڕەوێن دەبین، وەك ئەوەی دوای شادبون بەئەوان، كوردستان ببێتە خاوەنی دەوڵەت‌و گورگ‌و مەڕ لەهەرێمەكە ئاوبخۆنەوە.

‎خۆ پێشتریش هەریەكە لەمەسعود بارزانیی‌و جەلال تاڵەبانی لەكۆشكی سپی بەفەرمی پیشوازیان لێكراوە لەلایەن جۆرج بۆشی سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا. لەكاتێكدا كورد پێگەی لەعێڕاق‌و ناوچەكەش بەهێزتربو، بەوەی دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئەوناچانەدا هەبو كە ئێستا داگیركراون، بەڵام ئێستا دەبینین لەكوێن و ئەو كات لەكوێ بوین.

‎هەر لەسەرو وەختی جەنگی دژ بەداعش بەدەیان سەرۆك و بەرپرسی گرینگ دەهاتنە هەرێم، بەڵام هەموویان بێ باكانە پشتیان لەكورد كردو دژی ڕیفراندۆم بون. دواتریش بەرامبەر هێرشی حەشدو سوپای عێڕاق خۆیان كەڕو كوێر كرد.

‎بەرلەڕوخانی ڕژێمی بەعس و لە ٢٠٠٣، كاتێك بارزانی تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح دەچنە ویلاتی ڤێرجنیا، تا لەگەڵ سی،ئای،ئەی، كۆببنەوە، هەریەكە لەبارزانی‌و تاڵەبانی دەڵێن: زۆر ئەستەم بو بڕوا بەئەمریكا بكەین لەڕوخاندنی ڕژێم، پێمانوابو وەك جارەكانی دیكە لەنیوەی ڕێگا بەجێمان دەهێڵێ.

‎ئەگەر بۆ ئەوكات ئەوها تاڵەبانی بارزانی متمانەیان بەئەمریكا نەكردبێ، ئەدی كابرایەكی پارەپەرستی وەك ترەمپ، دەبێ چۆن جێی متمانەبێت.

‎نمونەی بێ متمانەی و ئەتوارەكانی ترەمپ، هێشتا لەكەركوك و سەریكانی و گرێسپی شایەدی بۆ خۆی دەدەن.

‎بوش‌و ئۆباما، هیچ نەكا  باسی  بنیادنانەوەی عێڕاق و چەسپاندنی دیموكراسیی و دادپەروەریان دەكرد لەپێشودا، بەڵام ترەمپ، بەوشەیەكیش باسی دیموكراسی بونیادنانەوەی عێڕاق و سوریای نەكرد، بەڵكو ئەوەی بۆ ئەو جێگای بایەخ بوو، بیرە نەوتەكانی سوریا بو.

‎ڕاستە ترەمپ سەرۆكی ووڵاتێكی زلهێزی جیهانییە، بەڵام  بەقەد زلهێزیەكەشی هێندێك جار گەمژەی دەنوێنێ. لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێڕاق كۆبۆتەوە، كەچی باسی  باكوری سوریا دەكات! گوایە كارێكی گەورەیانكردوەو نەوتەكەیان لەبەر دەستە، ئەو دەڵێ، سەركەوتوبون بۆ پاراستنی كورد، لەدروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لەگەڵ توركیا، بۆ خەڵكی ئەوێ، لەكاتێكدا دۆزەخیان دروستكردوە، بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە.

‎ئێمە كورد پێویستمان بەسوپاس و ستایش نیە، ئێمە پێویستمان بە خاكی عەفرین و كەركوك و سەریكانی و گرێ سپیە. پێویستمان بەوە نیە ترەمپ لە داڤۆس و، توركیا لە فڕۆكەخانەی ئەتاتورك، بەئاڵای هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لەبەرپرسانی كورد بكات، ئێمە دەمانەوێ لەژێر چنگی ئەواندا چیدیكە، پیلان و پلانی سڕینەوەی ناسنامەو  خاكمان جێ بەجێ نەكرێ. چیدیكە  كوردو مافە ڕەواكانی نەبێتە كارتی یاریی پێكردنی زلهێزو دراوسێكانی.

‎ئەگەر بەپێكردنی گڵۆپی سەوزی ترەمپ‌و دراوسێكانی كورد نەبایە، هەرگیز كەركوك و عەفرین و  گرێ سپی وەك ئێستایان بەسەر نەدەهات.

‎ئەگەر نیوەی هەڵەكان خۆمان بین، بێگومان نیوەكەی دیكەشی دەستی ڕەشی ئەمریكاو ڕوسیا، ئێران‌و توركیایە.

‎گەمژەی ترەمپ لەوەدایە، كاتێك نادیە موڕاد بەدیداری ترەمپ گەیشت لەكۆشكی سپی، نادیە باسی كوشتن و دەستدرێژی‌و ڕفاندنی خێزانەكەی بۆ ترەمپ دەكرد، لەوەی ئەوان كوژراون‌و نەماون، كەچی ترەمپ دەیگوت، ئەی خێزانەكەت ئێستا ‎لەكوێ؟!!
‎تۆ وەرە بەكەسێك بڵێی كەسوكارەكەت كوژراون. تۆ بڵێی ئەی ئێستا لەكوێن؟
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×