كوردەكان بۆ تێكدەشكێن؟

‎كاوە رەش
  2019-10-18     1095

‎كورد ڕەنگە تاكە میللەتی سەر ڕووی زەوی بێت، كە ئەزمون لەشكست و تێكشكانی خۆی و خیانەتی دۆستەكانی وەرنەگرێت.
‎هەرئەوەش وایكردوە كەبەدرێژای زیاد لەسەدەیەك، نەتوانێت ببێتە خاوەن دەوڵەت. بەردەوام ناپاكی و دووبەرەكی ناوخۆیی وایكردوە، نێچیرێكی ئاسان بێت، بۆ ڕاوكردن لەلایەن دوژمنەكانیەوە.

‎كاتێك كوردەكان خۆیان نەتوانن متمانەو باوەڕ لەنێو خۆیان بنیاد بنێن، ئیدی چی پێویست دەكات، لۆمەو سەرزەنشتی دەوڵاتانی دژ بەكورد بكەن.

‎كوردانی باشور
‎دوای نزیكەی ٢٩ ساڵ لەحوكمی خۆ بەڕێوەبەریی و ڕەتبون بەچەندین قۆناغی جیاوازدا، دەبینن هێشتا باشور نەبۆتە خاوەن بناغەیەكی چەسپی و پتەو، لەڕووی ئابوریی و سیاسی و سەربازیی و فەرهەنگییەوە، كۆی سیستەمەكەی هێندە فشەڵە، كەهیچ داهاتویەكی گەشی لێ بەدی ناكرێ. هێشتا نەبۆتە خاوەن ئابوریەكەی نیمچە سەربەخۆش، كەتەنانەت بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و موچەی كارمەندانی هەرێم دابین بكات، بێ پشت بەستن بەدەسەڵاتی ناوەندی.
‎لەڕووی سیاسییەوە، هەرحیزبەو ڕووی نزاكانی بۆ دەوڵەتێكی دراوسێیە، كەهێشتا دیارنییە خۆشیان چ جۆرە گەمەیەك دەكەن.
‎ لەڕووی سەربازیشەوە، ئەوا هەرجێی باس نیە، كەچ جۆرە فرە چەكداریەك بەربڵاوە. هەرحیزبەو خاوەن چەكدارو پۆلیس و ئاسایشی خۆیەتی، لەوەش بەولاوەتر، لەناو چەكدارە حیزبیەكاندا، بەرپرسەكانیش خاوەن چەكدارو ئابوری و دەسەڵاتی تایبەت بەخۆیانن.
‎لەباری فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندندا مەیدانێكی وێرانەیە، هێشیا ڕاگەیاندنێكی نیشتمانی بونی نیە، بەڵكو دەیان دەزگاو ڕاگەیاندنی حیزبی وەها بێ كەڵك هەن، كەشیرازەی كۆمەڵگاو تاكی كوردیان تێكداوە. بونەتە هۆی هێنانی فەرهەنگی بێگانەو نامۆ بەداب و نەریتی كوردەواری. ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەوان و قەڵەم بەدەستەكانیان، كردون بەدەیان بەرەی دژبەیەك و بۆ مەرامی خۆیان بەكاریان دێن.


‎شكستەكانی باشور

‎دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس، دەرفەتێكی زێڕین بۆكورد هاتە پێشەوە، بەوەی هەرچی دەسەڵات و دامەزرەوای عێڕاق هەبوو هەڵوەشایەوە، تەنها كورد بوو كەهێزی یەكەمی نێو عێڕاق بن لەهەموو ڕوویەكەوە.
‎ سەرباری ئەزموونی شەڕی ناوخۆو دووبەرەكی نێو ماڵی كورد، بەڵام كوردەكان
‎چ لەڕووی سیاسیەوە یاخود سەربازیەوە، دەیانتوانی زۆر لەوە زیاتر بكەن ئەو كاتە، كەئێستا ناتوانن بیكەن.
‎لەغیابی تەڵەبانی لەمەیدانی هەرێم و سەقاڵبونی بەكورسی سرۆك كۆمارییەوە
‎هەردوك بارزانی مام و برازا، كەسی یەكەم و دووەمی هەرێم بون لەماوەی نزیكەی پازدە ساڵدا، ئەو هەموو كات دەرفەتەیان لەدەستداو نەیانتوانی سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێم دابمەزرێنن.
‎سوپاو هێزێك كەبیتوانیبایە شنگال لەداعش و ناوچەكانی ماددەی سەدوچل لەهێزێكی میلیشیای وەك حەشدی شەعبی بپارێزێت.

‎ڕیفراندۆم
‎لەسەرو وەختی كۆتای داعش و پەرتەوازەی نێو ماڵی كوردو شەق تێهەڵدان لەدەرگای پارلەمان، بارزانی جاڕی ڕیفراندۆمی تاك لایەنەی هەرێمی ڕاگەیاند. ئەوكەسەرۆكی هەرێم و، برازاكەی سەرۆك وەزیران بوو، نەیانتوانی بەپێی دەستور كەركوك ناوچەكانی ماددەی سەدوچل بگەڕێننەوە، كەریفراندۆمیش كرا، چونكە دەبڵ بارزانی هێزو سوپای یەكگرتوی كوردیان بنیاد نەنابوو، نەیانتوانی چەند سەعاتێك بەرگری لەخاك و خەڵكی ئەو ناوچانە بكە، لەبەرامبەر هێزێكی فشەڵی میلشیاكانی عێڕاق.
‎بەپێچەوانەوە
‎لەعەفرین و خۆرئاوا، هێزەكوردییەكان شەڕ لەگەڵ توركیای دووەم گەورە هێزی ئەندامی ناتۆ و، فڕۆكەی هەرە پێشكەوتی سەردەم و چەكدارە توندڕەوەكابی سوریا دەكەن،. كەچی ئەوانەی باشور پاش ئەو هەموو ساڵە، نەیانتوانی بەرگەی شەڕی چەند سەعاتێك حەشد بگرن، كەهیزێگی میلیشیاو كەم ئەزمون بون.

‎چەمانەوەی سەركردەكان
‎لەجەنگی سەربازیدا، ئەوە ئازایەتی نیە كەژمارەی قوربانی دان زۆربێ، بەڵكو دەبێ زۆرترین زەڕبە لەدوژمن بدەیی و خۆت بێ زیان بی، كەچی سەركردە بەزیوەكانی بەرەی جەنگ، بەكوڕی خەڵی دەڵێن خۆ نەچەمێنن، بۆ ئەوەی گوللەی دوژمن بیان پێكێ و خۆیان پێ بكەنە پاڵەوان. لەكاتێكدا گرینگرین تاكتكی شەڕ ئەوەیە كەنەهەڵی دوژمن بت پێكی و خۆت قایم و مەڵاس بدەی لەسەنگەردا، بەڵكو تۆ ئەو بپێكی، نەك هەستیە سەرپێ، ببی بەنیشانەی چەكی دوژمن،
‎پێویستە ئەو سەركردانەی فەرمان دەدەن خۆ نەچەمێنن، كەمێك دەرس و ئەزمون لە فلیم و مەشقە سەربازیەكان وەرگرن، كاتێك دەنگی تەقینەوە یاخود دەكەونە بۆسەی دوژمنەوە، جەنگاوەرەكان فەرمان دەكەن خۆتان بەزەوی دادەن یان هاوار دەكەن get down .
‎لەكاتێكدا سەركردەكانی باشور، خۆیان دوای بەقوربانی كردنی كوڕی میللەت، لەبەردەم عەمامەبەسەرەكانی حەشدو بەرپرسەكانی بەغداد دەچەمانەوە، شان و مەچەكی بكوژی كوڕی خەڵكیان ماچ دەكرد. بۆیە لەجەنگدا دەبێ، جەنگاوەرو شەڕكەر بچەمێتەوە، بەڵام سەركردەی سیاسی نابێت لەكاتی گفتوگۆدا خۆ بچەمێنێتەوە.

‎ئەزموونی خۆرئاوا
‎ هەموو پارچەكانی كوردستان، گرێدراوی كوردستانی باكورن، بۆیە تا ڕەگی كێشەكان لەوێ چارەنوسیان دیاری نەكرێ، زەحمەتە ئەزموونی باشورو خۆرئاواو ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەتەواوی بچەسپن.
‎بێ دەنگی و مت بونی بیست ملیۆن كوردلەباكور، لەكاتی داگیركردنی عەفرین و ئەو داگیركارییەی ئەمڕۆش لەناوچەكانی دیكەی خۆرئاوا، وای لەتوركیای ئەردۆغانكردوە، بێ سڵەمینەوە لەشەقامی باكور هێواش هێواش بەناوی پاراستنی ئاسایشێ نیشیمانیەوە، هەرچی ئەزموونی خۆرئاوا و باشور هەیە، بەبیانوی بنەبڕكردنی تیرۆر لەباری بەرێ.
‎خۆ ئەگەر كوردانی خۆرئاوا ٥٢ ڕۆژ لەعەفرین و چەند هەفتەیەك لەشارو شارۆچكەكانی دیكە، بەرەنگاری پێشكەوتوترین تانك و تۆپ و تەیارەی توركیا بوبێتنەوە، مەگەر نەخوازە بگاتە باشور كە سەركردەكانی سەقاڵی بازرگانیی و بیرەنەوت و كۆمپانیای مەزنن، بەچەند ساعاتێك هاوشێوەی شەنگال و كەركوك، بێ تەقە ڕادەستی دەكەن.


‎كورد بۆ پلانی نیە؟

‎جێگای داخە كورد چونكە پلانی نیە، وەك هەمیشە هەنگاوە ناكامەكانی خستویەتیە نێو زەلكاوە قوڵەكانەوە. لەكاتێكدا دەبێ خۆی دان بەهەڵەكانی خۆیدا بنێت، بەڵام لۆمەی دەوڵەتان و زلهێزەكانی دونیا دەكات.
‎لەباشور سەركردەكان هێندە بێ پلانن، كەخۆشیان نازانن كاتێك شەو دەخەون، بەیانی چارەنوسی خۆیان و میللەتەكەیان چی دەبێ!
‎خۆیان عێڕاقیان بنیاد نایەوە، نەیانزانی دیسانەوە دەبێتە مۆتەكە بۆیان. خۆیان دەیانگوت ئێمە هەواڵی كەوتنی موسڵ و داعشمان بەبەغداد دابوو، كەچی بێ خەبەر لەوەی داعش بۆگیانی كورد دروستكرابوو.
‎دیسانەوە خۆیان جارێكی دیكە پێش لەشكری عێڕاق كەوتن و هاوكاریان بون، لەگرتنەوەی شاری موسڵ، بەوەش دیسانەوە عێڕاقیان بەهێزكردەوەو نیوەی خاكی هەرێمیان تێدا دۆڕاند.
‎دوو هەڵەی زەقی كورد لەباشورو خۆرئاوای كوردستان ئەوەبوو، كەكورد هاوكار بوو لەگرتنەوەی موسڵ لەعێڕاق و گرتنەوەی شاری ڕەقەو منبج و باهۆزلەسوریا.
‎ ڕاستە ئەو شوێنانە مۆڵگەی تیرۆرستان بون، بەڵام دەكرا كورد لەقازانجی خۆی سودیان لێ وەرگریت، بەوەی ئەو شوێنانە هێشتا مەترسی زیاتریان بۆ سەر حوكمەتی عێڕاق و دەسەڵاتی سوریا زیاتر بوو نەك كورد. بۆیە سوریاو عێڕاق وابەئاسانی دەستكراوە نەدەبوون بۆئەوەی دەسەڵاتی خۆیان بگەڕاندبایەوە، ناوچە كوردوستانیەكان.

‎چارەنوس بەرەوكوێ؟
‎تادێت ئەمانجەكانی توركیا ڕوونتر دەبێتەوە، بەوەی دەوێت ئەزموونی كوردەكان لەهەركوێیەك هەبێت، لەباری بەرێت. بێ گومان ئەویش بەهاوكاری ووڵاتانی دراوسێ و بێ هەڵویستی جدی كۆمەڵگای نێودەڵەتی.
‎نەشڵەژانی شارو شارۆچكەكانی باكورو پشتگیری نەكردنی بەشەكانی دیكە لەو ساتەوەختە هەسیارەدا، وای لەئەردۆغان كردوە، هەنگاو بۆدەرەوەی سنورەكانی بنێ بۆ جینۆسایدو سڕینەوەی كورد.
‎ بەپێی نەخشەو پلانەكانی توركیا، دوور نیە كەركوك و موسڵ و بەشێك لەشارەكانی هەرێم، نەكەونە بەر هێرشی داگیركاری توركیا ئەگەر لەسنوركانی سوریا نەوەستێندرێ.
‎ئەگەر لەخۆرئاوە بیانوی یەپەگەو هەسەدەیە، لەباشوریش بیانوی پەكەكەو بونی لەناوچەی شەنگال و هەرەها ئەو گرێبەستە نەوتیانەی لەگەڵ هەرێم كردونی ئەگەر بێت و نەوت ڕادەستی بەغداد بكرێ، ئەو تێدا زەرەندمەند بێت، دەیانكاتە ڕەوایەتی هاتنی بۆ باشور، هەرچەندە ئێستا بەچاوساغی حیزبێكی باشور، ووجودی هەیە.
‎لەجێی هەموو ئەو ئەگەرانە كەچاوەڕوان دەكرێ ڕوو بدەن، دەبێ ئەو حوكمەتە لەرزۆكەی باشور واز لەپشك پشكێنەو پلەو پۆستی زیاتر بۆ ئەم و ئەو بهێنێت. تۆزێك گەورەتر بیر بكەنەوە، كاتی شەڕی سۆشیال مێدیاو شەڕە گەڕەك و ڕێگری لەیەكتر كردن نیە. بۆ ئەوەی دیسانەوە توشی شكسێكی دیكەی وەك شەنگال و كەركوك نەبنەوە.
‎ڕۆژێك زووتر نیە، پارێزگارێك بۆ كەركوك هەڵبژێرن، ئەواتا دوێنێ پارێزگارێكك نوێ بۆ بەغداد هەڵبژێردرا. هێزەچەكدارەكان دەستەبژێربكەن و سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێم دابمەزرێنن.
‎ئیشی ئەو سوپایە دەبێت بەردەوام لەمەشق و ڕاهێنان دابێت. زۆرو بۆر نەبێت، بەڵكو بتواندرێت لەڕوی پێداویستی موچەوە ژیانیان فەراهەم بكرێت.
‎سوپای هەرێم ڕۆژانە سەرقاڵی لێدانی خەندەق و تونێل و دروستكردنی شوێنی خۆ حەشاردان و خۆ قایم كردن بێت لە سنورەكان و شوێنە ستراتیجیەكان، چونكە ئەگەری هەرهێرشێكی ووڵاتان بەتانك و تەیارە، كورد هێشتا هێزی بەرگری ئاسمانی و فڕۆكەو چەكی پێشكەوتونیە، بۆ بەرگری لەخۆ كردن. بۆئەوەی لەئەگەری هەرهێرشێك تا زیانی كەمتربێت، مەتەرێزو كونەشاخ و ڕێڕەوی ژێر زەوی باشترین شوێن دەبن.
‎چواردە ساڵ دەسەڵاتی كوردی لەكەركوك ناوچەكانی ماددەی سەدوچل بوو، دەبوو وەها سنورێكی قایمی دروست بكردایە لەسەر زەوی و ژێر زەوی كەنەك هەر سوپایەكی فشەڵی وەك عێڕاق و میلیشا شیعەكان نەتوانن بیبڕن، بەڵكو دەوڵەتانیش نەیانتوانیبا بەئاسانی نزیكی بكەونەوە.
‎ئیستاش دوو ساڵە كەركوك لەژێردەستی هێزە كوردیەكان نیە، دەبوو بەرنامەو پلانی سیاسی و سەربازی وەها دابندرایە، كەبەئاسانترین شێوە بتواندرایەدەسەڵاتی كوردی بگەڕێتەوە.
‎دەبوو دەیان خەندەق وبتونێلی سەربازی ژێرزەوی بۆ نزیك كەركوك و ناوچەكان مادەی سەدوچل لێدرابایە

‎كوردو سیاسەتی ئیسڕائیل
‎كورد بۆ دەرس وەرگرتن لەشكست و دووبەرەكی ناوخۆ، پێویستە ئەزموون لەگەلی ئیسڕائیل وەربگرێ. ئەوان. هەرگیز شەڕی ناوخۆو خیانەت لەیەكتر ناكەن، لەكاتێكدا هاوشێوەی كورد، چواردەوریان بەنەیار دەوردراوە.
‎سەرباری بەردەوامی جەنگی ئەوان لەگەڵ عەرەبەكان، بەڵام ڕۆژێك ئەزموونی دیموكراسی خۆیان و حوكمی سەرۆك و بەرپرسەكانیان درێژ نەكردۆتەوە. جولەكەلەهەركوێیەكی سەرزەوی هەبێت، گرێ دراوی خاك و ووڵاتی خۆیانن. ڕۆژێك كەسێكیان لەسەر بیروڕای جیاواز ڕێگری یاخود شاربەدەر ناكرێت لەووڵاتی خۆیان.
‎هەموو جولەكەیەك هەرلەسەرەتای تەمەنیەوە، ڕادەهێندرێت كەچۆن بەرگری لەخۆی خاكەكەی بكات، بەرامبەر دوژمنەكانی. زۆربەی جولەكەی ناوچەكانی هاوسنور لەگەڵ عەرەبەكان، ڕاهێنان و مەشقی سەربازیان بینیوە، بۆئەوەی لەكاتی تەنگانەدا بتوانن بەرگری بكەن.
‎كورد ئەگەر وەك میللەتی جولەكە، بەرنامەڕێژیی و ستراتیجی دروست و درێژخایەنی خۆی ڕێك نەخات، هیچ گەرەنتیەك نیە كەدەسەڵاتی ناوەند بەهاوكاری ئێران و ووڵاتانی دیكەی دژە كورد، جارێكی دیكە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر باشوردا بسەپێننەوە.
‎دەستورو یاسا لەوڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لە ئیسرائیل، مەرەكەبی سەركاغەزە. ئەگەر بەو ئومێدەوە پشتی لێ بكەن.
‎هەروەك چۆن بەپێوەری دەستوری عێڕاق، ماددەی سەدوچل، تۆزقاڵێك حیسابی بۆ نەكراوە تائێستا.
‎كورد هاوشێوەی جولەكە، دەبێ بەرامبەر دوژمنەكانی، خۆی بەكەم تواناو خاوەن سۆزو بەزەی نیشان نەدات.
‎چیتر بەفەڕشی سورو مێزی ڕازوە، گوڵبارانی بێگانە نەكات.
‎لەولاشەوە دوژمنایەتی پارچەكانی دیكەی كوردستان دۆستەكانی نێوخۆ بكات.
‎تا ڕێڕەوی سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی نێو خۆی هەرچوارپارچەكە یەك نەخرێت، تای تەرازوی كورد، لاسەنگ دەبێت.
‎هەوڵ و هەنگاو بۆ دروستكردنی هەرێمێك، یاخود قەوارەیەكی سەربەخۆ، بە قسەی باق و بریقی سەركردەكان دروست نابێت، ئەگەر بەكردارو كردەوە لەسەر زەوی بناغەیەكی تەندروستی بۆ ڕۆنەندرێ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×