‎تراژدیای شەنگال و شۆككی كەركوك لەنێوان پارتیی و یەكییەتیدا

‎كاوە رەش
  2019-03-08     840

‎ئەگەرچی مئژووی دوورو نزیكی كورد، پڕیەتی لە خیانەت و تراژدیاو شۆك، بەڵام زۆربەمان  چ ڕاستەوخۆ یاخود لەڕێگای تۆمارە ڤیدیۆكانەوە، شایەدی تراژدیاو قەتڵ و عام و بەكۆیلە كردنی خەڵكی شەنگال و شۆككی لە دەستدانی كەركوك و، ناوچە كێشە لەسەرەكان بوین.
‎شەنگال و ناوچەكانی دەشتی نەینەوە، كە هەژمون و هێزی پدك تێدا باڵا دەست بوو، خەڵك و خاكەكەی لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا ، بۆ دڕەندترین و بێ بەزیترین گروپی تیرۆرستی نێودەوڵەتی  بەناوی داعشەوە، جێ هێڵدران. كارەساتێكیان بەسەر خەڵكی مەسیحی و یەزیدی هێنا، كە هەموو دونیای تێدا هێنایە دەنگ. لەو لاوەش بەهۆی سیاسەتی ناسیاسیەكانەوە لەكەركوك، ڕەوشێكیان هێنایە ئاراوە كە زەرەدمەندی یەكەم تێدا خەڵكی شارەكەو  ناوچەكانی ماددەی سەدوچل بون، ئەویش بەگەڕانەوەی سوپاو میلشیا شیعەكان، بەبێ بەرنامەو هاوئاهەنگی بۆ ناوچەكە. هەرلەسەرتاوە بەغدا هۆشیاری دابوو، كە دەسەڵاتی ڕەهای حیزبە كوردییەكان بەتایبەت لەكەركوك،  بێ هەژموونی بەغدا قبوڵكراو نیە. بەشێك لەو ڕێككەوتنەی نێوان عەبادیی بارزانیش، بەرلەگرتنەوەی موسڵ باس لە گەڕانەوە بۆ پێش هاتنی داعشی تێدا بوە.
‎ئیدی ئەوە دەكەوێتە سەر تێڕوانین و لێكدانەوەی جیاوازی حیزبەكان، كە شكان و هەڵاتنی شنگال و كەركوك،  بە خیانەت پێناسە دەكەن، یاخود ئەو لێكدانەوەی خۆیان  پێی هەڵدادەڵێن.
‎خۆ ئەگەر بەپێی دەستوری عێڕاق كار بكرێ، بەغداش هاوشێوەی هەلێر مافی خۆیەتی بەشداربێت لەئیدارەدانی ناوچەكانی ماددەی سەدوچل، ئیدی بۆ ئەوكات بەهەم ئاهەنگی ڕێتان نەدادا بەشێك لەهێزەكانی عێڕاق  بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە، وەك خۆتان دەڵێن پابەندی دەستورین. ئێ خۆ دەستوریش نەیگوتەوە تەنها كورد یاخود عەرەبەكان، دەبێ حوكمی ئەو ناوچانە  بكەن. 
‎هەربۆیەش هیچ ووڵاتێك و بەتایبەت  ئەمەریكاو بەریتانیا و ووڵاتانی دراوسێی عێڕاق، نەك هەر نیگەران نەبون لە هەنگاوەكانی عەبادیی بۆ ئەو ناوچانە، بەڵكو هاركاریش بون. كەواتە ئەگەر جارێك لەكەركوك خیانەت كرابێ لەكاتێكدا  دەسەڵاتی بەغداد فەرمیی و دەستورییە، كە لەهەر شوێنێكی عێڕاق  هەبێ، ناتواندرێ ڕێگری لێبكرێ. ئەگەر بەو دەستورەی  تاڵەبانی و بارزانی، دەستیان لەداڕشتنی دا هەبووە كار بكرێ،
‎كورد دۆڕاوی یەكەم دەبێ. دەستور تەنها ڕێگای بەڕاپرسی لەناوچەكانی مادەی سەدوچل داوە، خۆ سێ پارێزگاكەی هەرێم خۆیان زۆر لەسەربەخۆیی زیاتریا هەبوو. جیاوازی نێوان شەنگال و مەخمور لەگەڵ كەركوك ئێجگار زۆرە، كەركوك هێزێكی عێڕاقی  بۆ گەڕاوەتەوە، ئەگەرچی ئەویش لەئەنجامی نەبونی بەرنامەو پلانی سیراتیجی سەركردە نەخوێندەوارەكانی كورد بوە، بەڵام لەشەنگال جگە لەوەی هێزێكی نامۆ و تیرۆرستی  و كێوی غەیرە عێڕاقی و نافەرمی  خاكی كوردی داگیر كرد بێ بەرگری، بەڵكو هەزاران ژن و منداڵ و پیاوی كورد لاقەكران و كوژران، كە هەمو جیهانی توشی شۆكك كرد. دەبێ ئەم تراژدیا ناو بنێن چی؟
‎ینك و پدك و حیزبەكانی دیكەش، ئەگەر تۆزێك مۆڕاڵی سیاسی و بەرپرسیارو دۆزی نەتەوەی كوردبان، دەبو بەر لەوەی باسی بەڕێوە بردنی ئەو سێ پارێزگاییەی هەرێم بكەن و  شەن و كەوی پۆستی سەرۆكی هەریم سەرۆكێ وەزیران و پارلەمان بكەن، پێیان شتێكی شەرمەزاری با، ئەو خەڵكەی كەركوك و شەنگال و ناوچەكانی ماددەی سەدوچل واها پشت گوێ بخەن و چاوەڕێی حەشد و عادل عەبدول مەهدی  بن فەرموویان بكات. بۆ كوردستانیانی ئەو ناوچەیە نەك هەرپۆستی پارێزگار، بەڵكو پۆستی ژینگە پارێزی سەر شەقامێكش بایەخی خۆی هەیە.   ئەو سێ پارێزگایە پێوستی بە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم نیە، بەڵكو ئەوە پارتی دیموكراتی  كوردستان و خودی بنەماڵەی بارزانی  پێوستیان بەو پۆستەیە، ئەویش هاو شێوەی پارلەمان ڕۆژێك پارتی قفڵی دەداو ڕۆژێك   دەهێنەوە  مەیدان. ساڵێكە ئەو پۆستە نەماوەو كەسیش شێرو پڵنگ و ڕێوی نەیخواردوە. تەنانەت لەكاتی هەبوونیشدا چ لەسەردەمی یاسایی و ماوە بەسەرچونیشتدا، تەنها دەسەڵاتی لەزۆنی زەرد هەبووە هەروەك بینیشمان كەلە كەركوك و  شەنگال، كاتێك هێزەكان و بەرپرسەكانیان شكستیان هێنا، كەس گوێڕایەڵی فەرمان و بڕیارەكانی سەرۆكی بەناو هێزە چەكدارەكان نەبوو. ئێستاش هەر حیزبێك پشتگیری و هەوڵی زیندوكردنەوەی ئەو سەرۆكاتییە بدات، دەبێتە بەشێك لەو گەندەڵییەی لەقوتی خەڵك بۆ ئەو پۆستەو دامەزراوەیە دەڕوات.
‎ئەمە جگە لە زیندوكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لە ئێستادا تەنها بۆ ڕاگرتنی باڵانسی ناو خێزانی بارزانییە.
‎ڕێك كەوتن لەسەر شەرعیەتدان بەو پۆستە چی لایەنێك بیكات، پێوستە خەڵكی كوردستان سزای بدات. بۆ كورد ئێستا پۆستەكانی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان  گرینگن، لانی كەم لەڕووی دەرونیی و هەنگاوێكی بچوكیشەوە، دەشێ قەرەبوی ئەو خەڵكە زامدارە بكرێتەوە. 
‎بەهاتن و ڕۆیشتنی ئەندامانی یەك خێزان و یەك حیزب و خێڵ، هیچ لەژیانی خەڵكی ئەو هەرێمە ناگوڕێ، لەكاتێكدا ئەوان ٢٨ ساڵە بەڕاست و چەبدا، شاو شازادەی  مەملەكەتن.
‎ڕێكەوتنامەی نێوان حیزبەكانی كوردستان،  باشترە لەشەڕی ناوخۆو دووبەرەكی، ئەگەری بەرژەوەندی گشتی تێدابێت، بۆیە نابێت  ینك هاوشێوەی پارتی كێچ بكەوێتە كەوڵیەوە كاتیك گۆڕان و یەكییەتی  ڕێكەوتنامەی دەباشانیان واژووكرد. بەڵام دەبوو گۆڕان  و پارتیش پێش ینك، خەمی كەركوك و شەنگالیان هەبوایە، نەك  پۆستەكانی پارلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و  سەرۆك وەزیران. هەتا سەعات و ڕۆژێك  زووتر، خەمی  ناوچەكانی ماددەی سەدوچل بخورێت، باشترو گرینگترە لەپۆستەكانی سئ پارێزگاكە، چونكە لێرە خەمی تەعریب و سڕینەوەی كورد نادرێ، بەڵكو ئەو ناوچانەن كەوتونەتە گێژاوەوە ئیدی چۆن و كێ كردی، ڕەنگە لێدانەوەی  ئەو قاوانە و تێپەڕینی  كات، لەقازانجی كورد نەبێ لەم ساتەدا. هەموان باسی یەك ڕیزی و تەبایی دەكەن، بەڵام هەر لەولاوەش كاتێك یەك دوو لایەن لێك نزیك دەبنەوە، زۆرێك دەیانەوێ ڕەوشەكە ئاڵۆز بكەن، بەوەی هەرلەسەرەتاوە لۆمەو تۆمەتی بۆ دەكەن. دەبێ فێربین بەگیانی لێبوردەی و پشوو درێژیەوە درێژە بە دانیشتنی بەرهەمدار بدەین. حیزبەكان دەبێ واز لەچەكی سۆزو عاتیفە بهێن و چیدیكە یاری نەكەن بەسۆزو عاتیفەی جەماوەر.
‎هەردوو حیزبە سەرەكیەكە،  دیوی تاریك و ڕوونیان هەیە، ئیدی پێویست ناكات هیچ یەكێكیان ئەوی دی بە شەیتان و خۆی بەفریشتە بناسێنێ.
‎پارتی ڕەوشی كەركوك بەداگیركراو و نائاسایی و نایاسایی لەقەڵەم دەدات، بۆیە پێی وایە دانانی پارێزگارێكی كورد،  هیچ لەڕەوشەكە ناگوڕێ،خۆ قابیلە ڕەوشی مەخمورو شەنگال و موسڵ، وەك پاریس و لەندەن نییە، كە ئامادەیە بۆ پلەس پۆست، بگەڕێتەوەو لەهەڵبژاردنی ئەو ناوچانە بەشدار ی بكا، بەڵام لەو لاوە گرێنگترین شارێكی ستراتیجی وەك كەركورك،  جێ بهێڵێ بۆ پارێزگارێكی عەرەب و پێی ئاسایی بێ، بەڵام بۆ كوردێك نائاسایی بێ، 
‎بەو عەقڵیەتە تەسكەوە هەنگاوی ڕیفراندۆنم نرا، بۆیە چارەنوسی دەوڵەتی كوردی بۆ دواوە  هەنگاوی نا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×