بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا لەدیدارێکی کورتدا لەدەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتیجیی و توێژیینەوەی زانستیی

د. رزگار ئاغا
  2024-06-26     572

رۆژی یەک شەمە ٢٣/٦/٢٠٢٤ بەڕێز دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەردانێک تەشریفی هێنا بۆ دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتیجیی و توێژیینەوەی زانستیی بۆ پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی دەستە بەڕێز پرۆفیسۆر شوان کەمال رەشید.

باسەکەم لەسەر هەندێک لە وتەکانی بەڕێزیانە و، بە دیاریکراوی چەند خاڵێک بوون کە گرنگییەکی زۆری هەبوو لام، بە تایبەت لە زاری بەڕێزیانەوە وەک وەزیری خوێندنی باڵا.

 

یەکەم: شکۆی مامۆستای زانکۆ

بەڕێزیان زۆر جەختی لەسەر پاراستنی شکۆی مامۆستای زانکۆ کرد لە لایەن خودی مامۆستا خۆیەوە و زیاتریش ئەگەر بەرپرسیارێتیی هەبێت و پێگەی دیاری هەبێت. بەڕێزیان نیگەرانیی خۆی دەربڕیی کە بەردەوام گلەیی خوێنکار یان هاووڵاتیی پێ ئەگات سەبارەت بە رەفتار و گوفتاری مامۆستا و پێگەدارە گەورەکانی خوێندنی باڵا.

ئەم پێداگیرییەی بەڕێزیان لە دیداری مامۆستایانی دەستەدا، لە خەمی بەرزڕاگرتنی پێگە و رێزی زانست و زانکۆیە لە کۆمەڵگەدا کە مایەی تۆکمەبوونی بەها کۆمەڵایەتیی و نەتەوەییەکانە.

 

دووەم: ئیمپاکت فاکتەر

دیارە نمرەی ئیمپاکت فاکتەر بۆ گۆڤاری ئەکادیمیی مایەی گرنگیی زانکۆ و مامۆستا و توێژەرەکانە، کە رێنماییەکان بەهەندیان وەرئەگەن بۆ بەرزکردنەوەی پلەی زانستیی مامۆستایان و پاداشتی پارەی بەرامبەر، جگە لە شانازییەکی مەعنەویی بۆ مامۆستاکە یان دەستگا زانستییەکەی.

ئەم پێوەرە، زیاد لە پێویست کراوە بە مەرج و زیاد لە پێویست بووە بە خولیا و شانەخڕێی نێوان مامۆستایان. لە راستییدا، ئەو کاریگەریی و ئەنجامە بەرچاوەی نییە لە بەشدارییکردنی مەعریفە چ لە ئاستی ناوەوە یان دەرەوە. چونکە توێژیینەوە لەسەر ئاستی ناوەوە داواکراوێکی دەوڵەتداریی و هەروەها کۆمەڵایەتیی نییە. بەڵکو زیاتر ئەو لێکدانەوەیە هەڵئەگرێ کە لە سەرووتر نووسیومە. بۆیە بە بێ داواکارییەک لە حکومەت یان کۆمپانیایەکەوە تەنها نووسراوێکە و ئەچێتە ئەرشیفەوە و تۆزی رەفەکان چاوەڕێی ئەبن. لەسەر ئاستی دەرەوەش، زۆربەی توێژیینەوەکان بە داواکاریی جێبەجێ کراون و نووسراون، تەنانەت زۆریینەی دکتۆراکانیان سکۆڵەرشپن و بۆ چارەسەردۆزیینەوەی کێشەیەک تەرخانکراوە زیاترە لە لە خواست و خولیای کەسیی!

جەنابی د. ئارام وتەیەکی زۆر ماناداری فەرموو: "توێژیینەوەکانتان با لە خەمی ئیمپاکتی کۆمەڵگەی هەبێت نەک ئیمپاکت فاکتەر”!

بە راستیی ئەمە ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردیی پێویستیی گەورە و لەپێشی پێی هەیە، بۆ گەشەپێدانی مەعریفە و مامەڵە و کارپێکردنی لەڕێی دام و دەستگا هەمە رەهەندەکانەوە بە حوکومیی و تایبەتەوە. بۆیە جەنابی وەزیر پێداگیریی کرد لەسەر بەهەندوەرگەتنی گرنگییەکی تر، ئەویش:

 

سێیەم: گرنگییدان بە دیراساتە ستراتیجییە مرۆڤایەتییەکان

وەک لەسەرووتر باسکرا، کۆمەڵگە پێویستیی بە رۆشنبییربوون و رێنمایی زانستییانە و چارەسەرەکانە بۆ هەموو رەهەندە کۆمەڵایەتیی و دەروونی و یاسایی و ئابووریی و خێزانیی. بەڕێزی خواستی لەسەر  کارکردن و توێژیینەوە پیشاندا بە هەموو هاوکارییەکی مادیی و مەعنەوییەوە، وەک لایەنەکانی توندوتیژیی و ژنان و کێشە و چارەنووسەکانی لاوان. داواشی کرد کە ساڵانە چەندین کۆنفرانس لەسەر ئەو رەهەندانە بکرێت لە دەستەی کوردستانیی دا.

لێرەدا گرنگە سەرنجمان هەبێت لەبارەی چەندپرسیارێکەوە؛ یەکێکیان ئەوەیە ئایا توێژیینەوەی زانستە پەتییەکان و تەکنۆلۆجیا و پزیشکییەکان چەند کاریگەرییان هەیە لە ئارای کوردستاندا پەیوەست بەو پسپۆڕییانە؟ ئایا هییچ گۆرانکارییەک لە دنیادا ئەهێننە دیی؟ ئەگەر هەیە کوانێ؟

بێگومان هەموومان پرسیارمان هەیە لەسەر چارەنووسی نزیکەی دە هەزار توێژیینەوەی تێزەکانی ماستەر و دکتۆرای بەرنامەی تواناسازیی، ئەگەرچیی ئەو بەرنامەیە بە مەزنترین هەنگاوی راست و درووستی گەشەپێدانی وڵات بوو (کوردستان و عێراق) لە دەرووازەی خوێندنی باڵاوە، بەڵام ئەو بەرنامەیە هەر زوو خاڵی لاوازی تیا کاریگەرتر بوو، وەک نەبوونی بەرنامەی تواناسازیی بۆ دەستنیشانکردنی بوار و پسپۆڕیی ورد، خوێندن لە تەوەرەکانی تێپەڕاندنی باری نوێی حوکومداریی لە کوردستان و گەشەپێدانی کەرت و ناوەندە حوکومیی و تایبەتەکان. بێ بەرنامەیی لە رووتێکردن و هەڵبژاردنی زانکۆکان! بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستە، هێنانەوەی ئەو هەموو تێزانە و بەهەندوەرنەگرتنیان لە هەڵسووڕاندنی حوکومەت و کێشە و دەربارە کۆمەڵایەتییەکان، نەکران بە سەرچاوە لە سەقامگیرکردنی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی دا. بێگومانین کە ئەگەر هەموو تێزەکانیش کاریگەر نەبووبن، ئەوا رێژەیەکی گونجاویان تیایە و ئەتوانن زۆر کێشە چارەسە بکەن و، زۆر بوار بەرەو پێش ببەن و، زۆر ئاسۆی تر رووناک بکەنەوە. خاڵی مەبەست لێرەدا ئەوەیە، داواکاریی وەزارەت و زانکۆکان بۆ توێژیینەوەکردن و بەستنەوەی زۆر لایەنی زانستیی و خوێندن بە بڵاوکرنەوەی توێژیینەوە و هاندانی ماددیی و ئاسانکاریی لە رێكاریی بەرزکردنەوەی پلەی زانستیی بۆ ئەو توێژیینەوانەی لە گۆڤاری ئیمپاکت فاکتەری بەرز، جۆرێک لە شڵەژانی زانستیی درووست کردووە کە نە ئەو پێویستییانە دابیین ئەکەن و نە یەک هەنگاویش خوێندنی باڵا بەرەو پێش ئەبەن و نە رۆڵێکیان ئەبێت لە چارەسەرکردنی بچووکترین ئەستەنگ و کێشەدا.

ئەو گۆڤارانەی کە ئیمپاکت فاکتەریان بەرزە، بەدەر لە مەرج و پێداویستییەکان بۆ ئەو پلە و نمرانە، لە خۆیدا لەرێی ئەو توێژیینەوە رەسەنانەوە بەدەستهاتوون کە ئەوان گرنگییان بۆ گۆڤارەکە پەیدا کردووە نەک وەک ئەوەی لای ئێمە بەها بۆ توێژیینەوەکە لە رێی ئیمپاکتی گۆڤارێکەوە بدۆزنەوە! پاشان ئەو توێژیینەوانەی کە ئیمپاکت بۆ ئەو گۆڤارانە پەیدا ئەکەن توێژژینەوەی "زادەی خەیاڵ" نیین بەڵکو "کارکردنە لەسەر داواکاریی"، کە لە رێی کەرتی حوکومیی و کەرتی تایبەت لە هەموو بوارەکاندا سەرچاوە ئەگرن و گرفتە هەنووکەیی و ئاییندەییەکان ئەبرێنە زانکۆ و سەنتەرەکانی توێژیینەوە بۆ چارەسەر و رێکار و رێوشوێنی مامەڵەکردن و، پیشەسازیی و بازرگانی نوێ و فراوانتر. ئەم پێودانانە دوورن لە زۆریینەی توێژیینەوەکانی کوردستان و عێراقەوە و ناچارکردنی مامۆستای زانکۆ بۆ بەجێهێنانی توێژیینەوە و هەوڵدان بۆ ئەو ئیمپاکتانە جۆرێک لە شڵەژانی مەعریفیی درووست کردووە کە چ توێژەر و چ زانکۆکە و چ حوکومەت کە جۆرێک لە خەڵەتاندنی خود و دەرەوەی پێ نیشان بدات. ئەگیینا بەکارهێنان و بەشەداریی و ئیمپاکتی ئەو توێژیینەوەی ئیمپاکت بەرزانە لەسەر بازرگانیی و پشەسازیی و لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی هییچ دەوڵەتێکی پێشەکەتووی ئەم بوارنە نییە و نەبووە. بۆیە ئەگەینە ئەو راستییەی کە خوێندنی باڵا لە کوردستان پێویستی بە توێژیینەوەی زانستیی پەتیی و تەکنۆلۆجیا و پزیشكییەکان نییە لە گۆڤارەکانی دەرەوەدا بڵاوببنەوە کە نابن بە مایەی بەهەندوەرگرتنێکی بچووکیش! کەوابوو پێویستە زانکۆکانمان وەک زانکۆی زۆربەی زۆر وڵاتانی سەرزەویی، ئەرکیان چڕ بکەنەوە لە پێگەیاندنی پسپۆڕیی بوارەکانی ژیان، وەک؛ پزیشک، ئەندازیار، یاساناس، ئابوورییناس، ژمێریار، ئەندازیاری کشتوکاڵ، پسپۆڕانی زمان و وەرگێڕان، دەرووناسیی، کۆمەڵناسیی، پرسی توندوتیژیی و ژنان و خێزان و کۆمەڵگەی مەدەنیی و مێژوو و شوێنەوار و جوگرافیا و هونەر و مۆسیقا و ئەدەب و زمانە زیندووەکانی دونیا.

بگەڕێێنەوە بۆ لای ئیمپاکت "کاریگەریی"؛ ئەمە ئەو ئامڕازە مەعریفییەیە کە سنوور جیاکەرەوە دیاری ئەکات لە شوێن و جێگە و کات لە کوردستان، لە نێوان ئەوەی توێژیینەوەی ئێمە لە کوێ کار بکات و لە کوێ زیادەرەویی تیا نەکرێ. وەک ئەو دییدەی بەڕێز وەزیر خوێندنی باڵا ئەرکێکی مەعریفی پێ سپاردووە کە لێکۆڵیینەوە کۆمەڵایەتییەکان و مرۆییەکان شوێن و جێگەی کارکردنی چڕ و راستیینەن و ئەبێت هەوڵ و ماددەی تیا خەرج بکرێت. ئەو بوارانەی کە بنەمای دامەزراندنەوەی کۆمەڵگەن و چاکسازیی گرنگ بگرنەبەر لە نێوان گەنج و ژن و پیشەوەران، خێزان، پێداویستییە تایبەتەکان، توندتیژییەکان بڕەوێننەوە و ئاڕاستەی پانتاییەکەی بەرهەمهێن و بونیادکەر بکەن. ئەمە ئەوە لەبیر ناکات کە رێگریی سیاسیی و دارایی لەبەردەم خوێندنەوە و بەهەندوەرگرتن و پاشان خستنە بواری جێبەجێکردنی چەندین بەرنامە و پرۆژەی گرنگدا بەردەوام هەن و زاڵیشن.

خاڵێكی تر ئەمێنێتەوە کە رەنگە لێك تێنگەیشتنێکی مەترسییدار و نائومێدیی بەردەوام و درێژخایەن (موزمن) هەیە؛ وا ئەزانرێت کە زانکۆکان سەرچاوەی بەرهەمهێنانی مەعریفەن و بەرپرسیارێیی ئەوانە بە پلەی یەکەم و، ئەوەی نەکراوە بریتیی بووە لە خۆدزیینەوەی زانکۆ و مامۆستای زانکۆ لە بەشدارییکردنی کێشەکان. ئەمە وەک وتمان لێک تێنەگەیشتنە لەوەی زانکۆکان بێ بەرهەمن، نەخێر وەک لە سەرووتر باس کرا، ساڵی هەزاران توێژیینەوە ئەنووسرێت یان جێبەجێ ئەکرێت، بەڵام جێ ناگرن، جووڵەیان نییە، دەنگییان نییە و نەبیستراوە،  چونکە بێ خاوەنی راستەقیینە ماونەتەوە. راستە ناوێک و دووان و سیان و زیاتری توێژەر بەسەر توێژیینەوەیەکەوەیە، بەڵام خاوەنی راستەقیینە ئەو لایەن و بوارەیە کە بابەتەکەی ئاڕاستەکراوە لەو توێژیینەوەیەدا! ئەو خاوەنە راستەقیینەیەش، حوکومەتە بە پلەی یەک، کە کەمترین باوەڕی بە توێژیینەوە هەیە لە زۆربەی بوارەکانی حوکومڕانیی و خزمەتگوزاریی و ئاسایش و سیاسیی دا.

ئەو داواکارییانە بۆ توێژیینەوە لە سەرەوەی حوکومەت و پێگە باڵاکانی دەسەڵاتەوە دەست پێ ئەکات، نەک لە زانکۆکانەوە. ئەمە رێ لەوە ناگرێت کە بابەت و کۆنفرانس و کۆڕ و توێژیینەوەش کاری زانکۆیە، بەڵام زۆرتر وەک وەڵامدانەوەی داواکاریی حوکومەت و کەمتر وەک خۆتەرخانکردنی خودیی و خۆبەخشانە بۆ هۆشیارکردنەوەی حوکومەت و کۆمەڵگە لە بەدەمەوەهاتنی ئەو بابەتانە، بەڵام لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئەو بەرپرسیارێتیی و هۆشیدارییدان و بەتەنگەوەهاتنە کاری حوکومەتە و، نەسپێراوە بە هەست و ویژدانی تاکە رۆشنبیر و زاناکانی کۆمەلگە! چونکە توێژەر مامۆستا نییە، توێژەر ئەدیب و رۆماننووس و شاعیر نییە!

ماوەتەوە بڵێێن، کە تێگەیشتنێکی ورد هەبێت لە حوکومەتدا بۆ دیاریکردن و پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر هەموو رەهەندەکانی حوکومڕانیی و، کەمکردنەوەی فشارێکی نادرووست و پێویست لەسەر زانکۆکانی بۆ نووسیینەوەی توێژیینەوەی خودکار و بێ ئامانج! ئەبێت حوکومەت لە سەر سکەی راستگۆیی حوکومڕانیی کار بکات نەک بەردەوام لە خولگەی" یاریی لۆمەکردن-Blame Game" کە هەمیشە بەرپرسیارێتیی و نوشوستیی و کەمتەرخەمییەکان بە تاکاکەنی کۆمەڵگەکەی، یان بە دەستی دەرەکیی پاساو ئەدات.

---------------------------------

 *نوسەری ئەم بابەتە سکرتێری نووسینی گۆڤاری کوردستانیی بۆ لێکۆڵیینەوەی سترایجیی (KJSS)

-پرۆفیسۆری یارییدەدەرە لەدەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتیجیی و توێژیینەوەی زانستیی/وەزارەتی خوێندنی بالا و توێژیینەوەی زانستیی- کوردستان

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×