پرۆژەی نیشتمانیی هاوڵاتییبوون

د. رزگار ئاغا
  2023-11-24     396

رەوشی دەسەڵاتی حوکومڕانیی لە هەرێمی کوردستان لە سی و سێ ساڵ دا، پیشاندەرێک بووە لە گۆڕینی شوناسنامەی نیشتمانیی -کە لە سالی ١٩٩١ەوە، زۆریینەی خەڵکی کوردستان پشتییوانیان کردن و باوەڕیان پێ کردن- بۆ شوناسنامەی وەلائی تاکە کەسیی بۆ حیزبە سیاسییەکانیان.

وا باشە لە دوایین ئەنجامەکانی ئەم گۆڕانکارییەوە بدوێین، کە ئەم قەیرانە داراییەی کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵە درووستیان کردووە لە دوو توێی ئەو بەرنامە گۆڕانکارییەدایە کە لە جەوهەری گرێبەستی کۆمەڵایەتیی و رەوشتیی و ئینتیمای حزبیی و نیشتمانیی دایە، ئەنجامەکان ئەوە پیشان ئەدەن کە بەرنامەدانان بووە بۆ پێشێلکردن و سڕیینەوەی مافە هەمیشەییەکانی هاوڵاتییبوون، کە رۆژ دوای رۆژ کاڵبۆتەوە هەتا نەمانی بە شێوەیەکی تەواویی. بۆیە لە ئێستادا، هاووڵاتیی لەوە کشاوەتەوە تەنانەت ئینتیمای بۆ کوردستان هەبێت، سۆزێک دڵی رابچڵەکێنێت، خەمێک نیگەرانیی بکات بۆ نەمانی قەوارەکەش. لە هەمان کات دا، لە پاڵ فشاری تری وەک چەشەکردن و فریودان، هانی لایەنگرانێکی کەمیان داوە کە دەستبەرداری ئەو ماف و بەها هاوڵاتیببوونەیان ببن و، وەلائیان بۆ نیشتیمان و کۆمەڵگەی کوردیی وەربگێڕن و روو لە بەدەستهێنانی شوناسێکی جیا لە هاوڵاتییبوون بکەن کە شوناسنامەی حزبەکانیانە بۆ بژێویی و پلە و پایەی جۆراوجۆر و زۆرەڕەویی بەسەر هاونیشتمانییە بێ چارەنووسەکانیانەوە. ئەمەش دابڕانی نیشتمانیی درووستکردووە کە ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتیی و کۆمەڵگەیی لێک هەڵوەشاندووە و، کۆمەڵگە دوو رەنگی لە نێوان هاووڵاتیی فەرامۆشکراو و لایەنگرانی دەسەڵات دا  بە بەری هەرێمدا کردووە.ئەم دابڕانەش لە شێواندنی بەها و مافەکانی هاوڵاتییبوونەوە بەرە بەرە فراونتر بووە کە بە یەکجاریی نیشتمانێکە کۆمەڵگەیەک ناگرێتە خۆی کە پێکهاتەکانی هاوڵاتیی بەخۆیەوە بگرێت، بەو مانایانەی کە ماف و ئەرکەکانی لەگەڵ دەسەلاتدا لە گریبەستێکی یاسایی و کۆمەڵایەتیی دا کارلێک بکەن.

لە سەرێکی ترەوە، مانەوەی دیاردەی فرە-حیزبیی وەکو خۆی و زیاتربوونیان و، باربۆکردنی زۆریینەی ئەم حزبانە لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ دابڕانی کۆمەڵگەیی، خۆی لە خۆیدا سیاسەتێکی خراپ بەکارهێنراوە، بە ناوی ئازادیی و دیموکراسیی و مافی مرۆڤەوە. ئەم جەماوەر حزبییە بەرە بەرە دوای ونکردنی متمانەی هاووڵاتیی و چربوونەوەی لە فۆرم و تەرزی بەرژەوەندیی بنەماڵەیی دا زیاتر لە حزبیی، دابڕێنراوە لە خودی حزبەکانی خۆیان و لە خودی کۆمەڵگەش، بۆیە نیاز لێی وەک چەکێک بەکارهێنراوە بۆ گردکردنەوەی دەستەبژێرێکی جەماوەریی لە دەوری خۆیان کە ٢٠٪ی دانیشتووانیش ناگەیەنێت بە پێی دوا ئاماری هەڵبژاردن کە نەک بووە بە کێشە بۆیان بەڵکو ئامانج بووە بۆ لەکۆڵبوونەوە و دەستبەرداربوونی ئەو جەماوەرە زەبەلاحەی کە ساڵی ١٩٩١  لە دەوریان بوون. بەم شێوەیە دەسەلاتێکیان درووست کردووە، کە بارەگای حزب و خێڵ و دەستە و تاقمی دەستڕۆیشتوو هەمیشە پەناگە بێت بۆ لایەنگرەکانیان و ببن بە خاوەن ئەقڵێکی دەستەجەمیی کە زاڵببن بەسەر کۆمەڵگە و هاووڵاتییەکانیدا نەک بەسەر دەسەڵاتی سیاسیی خۆیاندا! ئەم ئەقڵە دەستەجەمییەی کە تەشەنەی کردووە، وایکردووە وەک "گۆستڤ لۆبۆن" ئەیڵێ بەدەمەوەچوون و پێڕەوکردنێکی نائەقڵانیی و قایلبوونێکی ناچاریی و کوێرانەگرتنەبەری کۆی کۆمەڵگە و دەستگا حوکومییەکانیەتی بەو مەرج و پلانانەی، کە ئەقڵێكی حزبیی و خێڵایەتیی زاڵ ئەیسەپێنێت، لە هەمان کات دا شانازیی و پیرۆزییەکی تری درووستکردووە کە جیا بێت لە پیرۆزراگرتنی نیشتمانیی و هاووڵاتێتیی. دواجار ئەم دیاردەیەش بووە بە بەربەستێکی تری سەخت لەبەردەم بونیاتنانی شوناسی نیشتمانیی و هاووڵاتییبوون،

ئەوەی ئەم رەوشە نالەبارە ئەیگەیەنێت، ئەوەیە کە  گومان نەهێڵێتەوە بوترێت کە "پرۆژەی نیشتمانیی هاوڵاتییبوون" لە بەرنامەی هییچ پارتێکی سیاسیی دا راستیینەیی نەبووە هەتا ئەم ساتە وەختە، کە بتوانێت گۆڕانکاریی نەک ریشەیی بەڵکو جوزئییش  بهێنێتە ئاراوە لە داڕشتنی چوارچیوەیەک بۆ ماف و ئەرکە پارێزراوەکانی هاوڵاتییبوون، نەک  ئەمەش بەڵکو کورتیان هێنا یان هەر مەبەست نەبوو لایان ئیش بکەن لە بەرهەمهێنانی هاوڵاتیی شیاو و درووست و بە ئاگا و بوێر بۆ ئەرک و مافەکانی. ئەوەی کە ئیستە ئەبینرێت لە سەر شەقام و، لە ناخی کۆمەڵگەدا ئەگوزرەێ ئەنجامی بێ هیوابوونی هاوولاتییە لە بەرنامە و خەمی پارتە سیاسییەکانی دەوری دەسەڵاتی حوکومڕانیی، کە زیاتر ململانێی کەسیی و بەرژەوەندیی و دەستەگەریی بوون، بە درووشمگەلێکی بێ ئەنجام خەڵکیان کۆکردەوە بۆ ئەوەی خەسەڵەتەکانی هاوڵاتییبوون و نیشتمانییبوونیان لێ دابماڵێت و، دواجار دەسەڵات بە تەواویی دڵنیا بکەن لە سەلامەتییان لە ئەگەری هەڕەشەی "داواکاریی هاوڵاتییبوون" لە هەر داهاتوویەکدا کە بکەوێتەوە و، بەڵام دواجار خۆیان دزییەوە!

ئەوەی گرنگە بکرێت باوەڕبوونە بە هێنانەئارای "پرۆژەیەکی نیشتمانیی هاوڵاتییبوونی راستەقیینە" کە چەقی گرنگییدانەکە لەسەر "هاوولاتییبوون" بێت، بە بەشداریی حزبی سیاسیی و رۆشنبیران و شرۆڤاکاران کە جەخت لەسەر تۆکمەکردنی ئەم پرۆژەیە بکرێت، نەک هەر بە نووسین بەڵکو بە نواندن و پێشکەشکردنی بۆچوون و رەهەندە هزرییەکان بۆ ئامادەکردنەوەی هاوڵاتیی و کوێرکردنەوەی کونە رەشەکانی نائومێدیی و بێ هیوایی. دیارە ئەوترێت ئەمە مەحاڵ بووە هەر کەس بێت و بیکا و پرۆژەگەلێک بنووسنەوە وەک هەزاران لاپەرەی رەشکراوەی رابردووی تۆز لێ نیشتوو! ئەمەش بەوەی جارێکی تر ئەو متمانەیە نادرێتەوە بە هییچ لایەنێک بەوانەی دەسەڵاتیشەوە هەتا دوای بکەون!

بەڵام، دەستبژێرێکی ئەستۆپاک لە هەر شەبەنگێکی کۆمەڵگە بە دەستەجەمیی ئەتوانێت ئەو هیوایە بگێڕێتەوە، نەک لەرێی دووبارە هاتنەوە گۆی دەستەبژێرە بەسەرچووەکان، کە لە پرۆژەکانی پێشوودا زۆریان وت و شکستیان خوارد و راستگۆ دەرنەچوون!

پرۆفیسۆری یارییدەدەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی- وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان

 

نوسەری ئەم بابەتە سکرتێری نووسینی گۆڤاری کوردستانیی بۆ لێکۆڵیینەوەی ستراتییجییە (JKSS)

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×