پارێزگا بێ نازەکە، نوێنەری لەحکومەت هەیە؟!

غالب محمد علی
  2019-11-15     1250

تیشک ئەخەمە سەرخاڵێکی گرنگ کەپێویستە هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، بەندە پێم خۆشە لەزاخۆ هەتا خانەقین خەڵکی هەرێم وەک یەک‌و یەکسان‌و دادپەرورانە خزمەت بکرێن‌و هەموو پاڕێزگاکان وەک یەکن لەلام، لەهەر پارێزگایەک غەدر بکڕێت پارێزگاری لێدەکەم، بەڵام ئەوەی کە دەبێنرێت ئێستا غەدر لەپارێزگای سلێمانی کراوە لەبودجەی پەرەپێدانی پاڕێزگاکان، ئێمە لەعیراق شەر دەکەین بۆ ئەوەی ڕێژەی کورد زیاد بکەین لەبودجە، بەڵام ناکڕێت لەهەرێم ڕێژەی سلێمانی کەمبکڕێتەوەو بێدەنگ بیین، کەواتا بەرونی باسی نادادپەروەریەکە دەکەم:

دابەشکردنی بودجەی پارێزگاکان لەهەڕێمی کوردستان بەسێ قۆناغ تێپەریوەو وردە وردە ڕێژەی پارێزگای سلێمانی کەمدەکرێتەوەو کەس خۆی ناکات بەخاونی ئەم پارێزگا بێنازە.

قۆناغەکان:

قۆناغی یەکەم: پاڕێزگای سلیمانی‌و قەزای کۆیە 49٪ لەبودجەی هەرێم‌و 51٪ بۆ پاڕێزگای دهۆک‌و هەولێر تەرخانکراوە.

قۆناغی دوەم (قۆناغی دو ئیدارەی): پاڕێزگای سلێمانی 47٪ ، پارێزگای هەولێرو دهۆک‌و قەزای کۆیە 53%.

قۆناغی سێیەم (ئێستا): پارێزگای سلێمانی کە پێکدێت لە (پارێزگای هەڵەبجە، ئیداری گەرمیان، ئیدارەی ڕاپەرین، پاڕێزگای سلێمانی ) ڕێژەکەی دەکاتە 40% لەبودجەی پاڕێزگاکان، 60% بۆ هەولێرو دهۆک!

کەواتا بەرپرسانی هەڕێم کە لەناو پاڕێزگای سلێمانی دەنگ دێنن لەبری ئەوەی ساڵیادی پاڕێزگای سلێمانی دەکەنەوە، شەڕبکەن لەپێناوی ئەم پاڕێزگایە کە چۆن بەعس غەدری لێ دەکردو نادادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرد چونکە دژی ستەمکاریی‌و شۆڤێنی حکومەتی ئەو کاتیی عیراق دەوەستایەوە، ئێستاش پیاوی بنەماڵەکان لەحکومەتی هەرێم کە کار بەو عەقڵێتەی بەعس دەکەن کار بۆ ئەوە دەکەن ئەم پاڕێزگایە پەراوێز بخرێت، چونکە دەنگی ئازادی تێدایەو شارێکی زیندوەو ئازادی خوازە.

لێرەوە دەڵێم شەرمە بۆ ئەو وەزیرو گزیرانەی بۆ ئەو بەرپرسانەی کە لەناو حکومەتی هەرێمن‌و خەڵکی پاڕێزگای سلێمانین یان لەحزبێکن کە دەنگەکانیان لەناو ئەم پاڕێزگایە بوە لەکۆبونەوەی ئەمجارەی حکومەتی هەڕێم بە(مەسرور بەرزانی) نەڵێن ئیتر هەتا ئێرەو بەسە!

قبوڵ ناکەین غەدر لەپارێزگای هەڵەبجە بکەن‌و قبوڵ ناکەین ناداپەروەرەی لەگەڵ گەرمیانی ئەنفال کراو بکڕێت‌و بەچی حەقێک نادادپەروەری لەگەڵ دەروازەی ڕاپەرین دەکەیت، لەپێناوی چی غەدر لەمەرکەزی ناوشاری سلێمانی دەکەیت؟

گەر ئەوەتان نەکرد حەق وایە ئیتر نەگەڕێنەوە بۆ ئەم شارەو خەڵکی ئەم پاڕێزگایەش ئێوە بەنوێنەری خۆی نەزانێت، ئاخر ناکرێت تۆماڵەکەت بەرەو داڕوخان‌و وێرانبون ببرێت‌و بێدەنگبیت، کەچی چاوت لەبینای جوان‌و بیرت لەپشتی مێزو ڕازیکردنی دڵی سوڵتەو خەونی داهاتوت کورسیەکی پایتەخت بێت!

وەسەلام

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×