لەیادی راپەڕیندا، ئەوکاتەی هەمومان لەسەر سفرە دڕاوەکە بوین

د. رێزان هەردی
  2019-03-05     819
لەرۆژانی بەر لەراپەڕین‌و سەردەمانی دوای ئەنفال‌و کیمیابارانی هەڵەبجەدا، مقەڕی هەندێک لەحیزبەکان وەک (یەکێتی، پاسۆک) لەقاسمەڕەش‌و نۆکان جێگیر بوبون‌و زۆرینەی خێزانەکانی هەمو حیزبەکان لەشارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، وەک سەقزو مەهابادو سنەو بانە، نیشتەجێ بوبوین‌و زۆرینە شەکەت ماندوبون‌و چاوەڕوانیی‌و ترس لەداهاتویەکی نادیار بەسەرماندا زاڵ بو.

گەرچی هەندێک لەخێزانەکان بەرەو هەندەران رۆیشتبون‌و هەندێک پێشمەرگە لەنائومێدیدا خۆیان رادەستی حکومەتی فاشیستی ئەو سەردەمەی بەغدا کردبوەوە، بەڵام ئەوانەی کە مابوین لەوێ (لەشارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات‌و مقەڕی حیزبەکان دەژیان) هێشتا لەسەر زەوی دادەنیشتین‌و یەکی شەڕواڵێکمان لەپێدابوو لەسەر یەک سفرە نانمان دەخوارد.

ئەو سەردەمانە کەسمان هەستمان بەهیچ جیاوازییەک لەبەینی بەرپرسێک و خۆماندا نەدەکرد. هەمو خێزانەکان جگە لە یەک، دو بەڕە/ مۆکێت و چەند دەستەنوێنێک و هەندێک قاپ و قاچاغ و چرایەک/ عەلادینێکی بچوک بۆ چێشتلێنان و خۆگەرمکردنەوە هیچمان شک نەدەبرد.

سفرەکەمان بە هەندێک قاپی شێوەجیاواز (تاقم و دەستە نەبو) لەگەڵ چەند پەرداخێکی قەبارە جیاواز و خواردنێکی سادەی بەتام دەڕازاندەوە.

کتوپڕ بارودۆخی سیاسی جیهان و وڵاتانی دەوروبەر بە گرتنی کوەیت و پەلاماردانی عێراق لەلایەن هاوپەیمانانەوە گۆڕا. ئەم روداوانە بوە هیوایەکی گەورە بۆمان.

رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لەسەردەمانی داگیرکردنی کوەیتەوە تا دواتر سەرقاڵی پلاندانانی راپەڕین بو هەربۆیە بە ئەندازیاری راپەرین ناسرا، پلانەکانی و کارەکانی بونە هیواو تروسکایەک کە هەمو خۆمان پێدا هەڵواسیبو. بۆ ئەو مەبەستە وردە وردە زۆرینەی پیاوەکان بۆ بەشداریکردن لە ئازادکردنی یەک بەیەکی پارچە داگیرکراوەکانی کوردستانی باشور گەڕابونەوە.

من لێرەدا باسی ئەو هەمو شەهید و بریندارانە ناکەم (کە هەرگیز لەیادمان ناچن و هەزاران سڵاو لە گیانی پاکیان)، بەڵام یادی راپەڕین ئەمڕۆ ئەوکاتەی بیر هێنامەوە، کە هەمومان یەکسان بوین و ماڵەکانمان هیچی تێدانەبو.

بۆ سەردانی یەکتر بێ تەلەفون و هەواڵ ناردن بۆ یەکتری، بە کتوپڕیی سەردانی یەکتریمان دەکرد و بەیەکەوە خەونمان بە داهاتویەکی پڕ لە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەرییەوە دەدی و یەکسانیمان لەوێ هیوای داهاتویەکی گەشی دەداینێ!.

کوردستانی باشور لەدەستی حکومەتی بەعسی فاشی بە پلانە داڕێژڕاوەکەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و بە پاڵپشتی گەلە زیندوەکەمان و پشتیوانی پێشمەرگە قارەمانەکان، ئازادکراو هەمومان بە هیوای کۆتایی هێنان بە زوڵم و ستەم و زۆرداری گەڕاینەوە زێدی باوباپیرانمان.

ساڵ هات و رۆیی و هەمو بە یەکەوە سەرقاڵی دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بوین.

کاتێک ئاوڕمان دایەوە، دەبینین هەندێک لەو برادەرانەمان ئێستا نەک لەسەر زەوی و یەک سفرە بۆمان نیە نانیان لەگەڵدا بخۆێن و بەیەکەوە خەونی سەوزوسور ببینین، بەڵکو بۆ بینینیان دەبێت بە سێ پرسگە و چەندین بەربەستدا بڕۆین تا بۆ هەواڵپرسین و سڵاوێک دەیانگەیتێ! خۆ گەر پاش هەوڵدانێکی زۆر، شانسمان هەبێت و بەڕێزیان ببینین، ئەوا بەردەستەکەیان تەنها چەند خولەکێکمان بۆ دیاری دەکات، چونکە ئەم برادەرەی ئێمە ئێستا بەرپرسێکی گەورەیە و نە کاتی هەیە و نە بیرێتی تا دوێنی چۆن دەژیا و نە دەیەوێت ئەو رابردوەی بیر بهێنیتەوە؟!.

ئەو رابردوە تەنها و تەنها بۆ دروستکردنی رابرودویەکی زێڕین؟! و بۆ فرۆشتنەوەی بە خەڵکی هەژاری وڵاتەکەمان بەکاردەهێنرێت، دەنا بونی خەڵکانی وەک ئێمە نەک ئازاری خۆیان دەدات، بەڵکو ئازاری دەستوپێوەندەکانشیان دەدات، کە بەزۆر هەوڵی دروستکردنی رابردویەکی پڕ لە ناڕاستیی دەدەن.

پێکەنیێکی تاڵ دەمگرێت، کە هەندێک بەرپرسی حیزبی و حکومی هەن، بە بێ هیلاکی و ماندوبون پلەکانیان زۆر بەرزبۆتەوە؟! کە پێمان دەڵێن (ئەو نانە نانە ئەمڕۆ لەخوانە)؟ زۆر راستە ئەو نانەی کۆن و سفرە چەورەکە و مۆکێت و قاپە جۆرە جیاوازەکان، هەنوکە تاقمی کریستاڵ و مێزی مەڕمەڕ و جۆرەها خواردەمەنی کە سەردەمانێک ناویشیمان نەبیستبو جێگەی سفرە دڕاوەکەی گرتۆتەوە.

سەرباقی ئەوەش هەر لەسەر ئەو مێزە مەڕمەڕە ماستاوێکی خەست کە بەردەوام ساردەکرێتەوە و خەست دەکرێتەوە و لەبەردەم خاوەن خواندا دەخورێتەوە، بۆیە سفرەی ئەمڕۆ لە دوێنێ زۆر جیاوازە.

ئەمە ئەمساڵ یادی راپەڕینە بۆ من. نوقتە سەری دێڕ!.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×